داگیرکاری دەوڵەتی تورک و دروستکردنی میرنشینی بەرزان.
Sunday, 14/07/2024, 21:08
لەم چەند رۆژەی دوایی لە تیڤیەکان و سۆسیال میدیاوە هەواڵەکانی داگیرکاری تورک بە هاوکاری هێڵی خیانەت و تایبەت بنەماڵەی بەرزانی لە ڕۆژەڤدایە. ئەوەی جێگای داخە کە وەک ئۆپراسیۆنێک بەناوی دەکەن. لەکاتێکدا پرۆژەی داگیرکاری ئەردۆغانە لە دواتەمەنی دەسەڵاتی سیاسی خۆیدا کە پێداگری لەسەر دەکات.
بێگومان ئەوەی جێگای سەرنجە ئاڕاستەکردنی هەواڵەکەیە لەسەر بنەمایی بچووک کردنەوەی داگیرکاری تورک بەرامبەر بە لایەنێک یان چەند ناوچەو گوندێک لە دەڤەری دهۆک و زاخۆ و سەرسنوور بە ئۆپراسیۆن ناولێنانی.لەگەڵ ئەمەشدا هێرشی شیمانەبۆکراو هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر فرۆکەخانەی سلێمانی، کە چەندین ساڵە تورکیا دەیەوێت ئیرادەی سلێمانی تەسلیم بگرێت، کە بە هۆکاری پاڵپشتی لۆجستیکی ڕۆژئاوای کوردستان تۆمەتباری دەکات، لەکاتێکدا هەر هاوکاریەکی لۆجستیکی کە بۆ ڕۆژئاوا ڕەوانە بکرێت ڕاستەوخۆ ئەمریکا خۆی ڕەوانەی دەکات.
هەندێک لایەن و کەسایەتی بە ئاڕاستەی ئەوەی دەبێت پێش لە هێرش و پەلامارانەی دەوڵەتی فاشستی تورک بگیریت، داوای بەدواداچوون دەکەن بۆئەوەی ئایا فڕۆکەخانەی سلێمانی تێوەگلاوە یان نا لە پاڵپشتی لۆجستیکی!؟ بەڕاستی گەر مرۆڤ کەمێک هۆشیاری سیاسی و نیشتمانی و ئازادیخوازی هەبێت، خۆی بەرپرسیاری ببینێت، دەبێت بزانێت چی دەنووسێت چی دەڵێت، لەسەر دووپرسی دیاریکراو کە هەردوو پرسەکە وابەستەیە بە داگیرکاری، بە چ مەبەست! ئامانجێک دەنووسێت! لە پشتی ئەو لێدوانانە دەیانەوێت خزمەت بەکێ بکات!؟ کە دەڵێت با لێکۆڵینەوە بکرێت، بە ڕێگای بەغدا لیژنەی بەدواداچوون بنێرێت، گریمان وابوو کەوایە تورکیا مافی خۆیەتی کە بۆردومانی بکات!؟ لەکاتێکدا تورکیا بە ئاشکرا پشتگیری چەتەکانی داعشی کرد، بۆ خاوەن هەڵوێست نەبوون.
دەوڵەتی تورک و مەهەپە و ئاکەپە بەرنامەڕێژی داگیرکاری بەڕێوە دەبەن، دەیانەوێت هەموو دەسکەوتی گەلی کورد لەناوبەرن کورد پاکتاوی نەژادی بکەن، لە داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستان بەهاوکاری چەتەکانی داعش و پاشماوەکانی القایدە و تیرۆر و بۆردمانکردنی باشووری کوردستان و گرتنی هەزاران کەسی سیاسی لەناوخۆی تورکیا و هاوکاریە ڕاستەخۆکانی ئەردۆغان بۆ داعش دژیی کورد، ڕوون بەرچاوە، بەڵام ئەم کەسایەتی و لایەنانە خاوەن یەک ووشە نەبوون، تەنیا لێدوانێکی شەرمازارکردنیان نەبوو، خاوەنی هەڵوێستێکی نیشتمانی و سیاسی نەبوون لەدژی ئەو زوڵمەی کە دژیی گەلەکەیان بەڕێوەبراوە. ئەم کەسانە نەک بێهەڵوێست بوون! سەر بەهەمان مەدرەسەی فکری ئیخوان موسلیمینن ، کە ئەمڕۆ خەلیفەی ئەم فکرە ئیخوانیە ئەردۆغانی فاشستە. لەهەلومەرجی ئێستای باشوور کە بۆ هەڵبژاردن خۆی ئامادە دەکات، پرۆژە داگیرکاریەکەی فاشستی تورک، بەپێداگری زۆرەوە بەرفراوان دەبێت، لە کاتێک ئاوادا دەوڵەتی تورک فشار و هێرشەکانی چڕکردۆتەوە بە هاوکاری بنەماڵەی بەرزانی و هاوفکرەکانیان لەم پرۆژەیەدەیانەوێت چی بەدەست بێنن.!؟
ئەم پرسە بەندە بە کاتی هەڵبژاردن و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیستەمی حومڕانی هەرێم کە دوو ساڵە لە فەراخی یاسایدایە، چەندین ساڵە حوکمەت وەک ئامرازێک بەکاری دێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان، بۆیە ئەمڕۆ نایەنەوێت ئەم هەڵبژاردنە بکرێت، لە دۆخێکی وەهادا پارتی و یەکێتی ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان یاری بە دەنگەکان بکەن و کورسی پەرلەمان بۆخۆیان دیاری بکەن و نفووزی سیاسی تورکیا و ئێران لاواز دەبێت، لەسەردەمی حوکمی قەرەقووش ئاسای مەسرور بەرزانی سیستەمی حوکمڕانی گەشتۆتە لوتکەی دکتاتۆری و سەرکووتکردن بەرتەسک کردنەوەی ئازادی و برسیکردنی خەڵک بەگشتی هەڵوەشاندەنەوەی هەموو جومگەکانی حوکمڕانی. بنەماڵەی بەرزانی لە دوای پرۆسەی ڕیفراندۆم ساڵانی ڕابووردو لە سیاسەتی نێودەوڵەتی گۆشەگیربوون،لە ناو جەماوەریش توشی شکستی جەماوەری بوون، تەنانەت هێزی چەکداری خۆشیان لەدەستداوە و خۆیان باوەڕیان بە لایەنگران و ئەندامانی خۆشیان ناکەن.
پارتی پشتی بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و سوڵتانەکەی بەستووە،هەمیشە خۆیانیان بۆ دەچەمێنن لە پێناو مانەوەی دەسەڵاتیان، هەموو دەزانین چەندین جار دواخستنی هەڵبژاردن بۆ مەرامی سیاسی و بەهەندێک بەهانەی پووچ دواخراوە، چونکە ئەم هەڵبژاردنە لەلایەن عێراق و هەندێک ووڵاتی جیهانی سەرپەرشتی دەکرێت و میکانیزم و ئامرازەکانی ناکەوێتە خزمەت بەرژەوەندی بنەماڵەکەیان. بۆیە ئەم چەند مانگەش هەڵبژاردن دواخرا تاکوو زەمینەی شەڕ و داگیرلاری لە پراکتیکدا هەموو جێگای هەرێم بگرێتەوە و هەڵبژاردن نەکرێت. ئەمەش بەبەرنامەڕێژی دەوڵەتی تورک و جێبەجێکاری پارتی ئامادەسازی بۆکراوە.
دەوڵەتی تورک (ئەردۆغان+باخچەلی ) لەسەر بنەمایی گۆڕانکاری سەدە، دەیانەوێت جارێکی تر میساقی میلی بۆ سنوور کۆن و سەڵتەنەت زیندوو بکانەوە، باشترین هێزیش کە خزمەتیان دەکات بنەماڵەی بارزانیە، لەسەر ئەم بنەمایە سیاسەتی ئینکار و جینۆساید گۆڕانکاری دیمۆگرافیای کوردستان و لەناوبردنی هەموو دەسکەوتەکانی گەلی کوردیان کردۆتە هەدەف و بە پێداگری بۆ لەناوبردنی هەموو هەوڵێک دەدەن، بۆیە بەردەوام پێداگری لەسەر شەڕ و هەڕەشە و کاولکاری دەکەنەوە. بنەماڵەی بەرزانی لە بەڕێوەبردنی حوکمەتەوە دەیەوێ ڕۆڵی لە بونیادنانەوەی میراتی میرنشینی و کردنەوەی باشوور وەک وویلایەتێکی تورکیا بگێڕێ وسیستەمی میرنشینی زیندوبکاتەوە. لە ژێر چەتری میرنشینی و وەک میری میران بەردەوامی بەدەسەڵاتی خۆیان بدەن، بۆیە بنەماڵەی بەرزانی لەم پلانە بۆ مانەوەی دەسەڵات و بەردەوامی بنەماڵەکەیان لەدەسەڵاتدا هەموو شتێکیان پێشکەشی سوڵتانەکەیان کردووە و هاوکاریان دەکەن.
ئەمڕۆ بە ئاشکرا پارتی هێزی چەتەگەری کوردایەتی بەناوی پێشمەرگە کردۆتە کەواسووری بەلەشکری عوسمانی، کە پێکهاتەی ئەو کەسانەن لە ڕۆژئاوا هاوکاری داگیرکار عەفرین و سەرێکانی بوون، هەموو هەوڵێکیان ئەوەیە کە شەڕەکە بەرفراوان بێت. بۆیە ڕۆژانە گوێ لە هەندێک هەواڵی دەزگا جاسووسی و سەرکووتکارەکەیان دەبین کە چ سیناریۆی بێ ئەخلاقانە پێش دەخەن، بۆ ئەوەی مەشروعیەت بدەن بە شەڕوداگیرکاری، ئەو تیرۆرەی ئەمڕۆ لە باشوور پەیڕەودەکرێت بنەماڵەی بەرزانی و هاوفکرەکانیان هاوکاریانن، چەندین ووڵاتپارێز و خەڵکی سڤیلیان کردە ئامانج لەژێر ناوی گەریلای پەکەکە تیرۆر دەکرێن. بونیادنانی تۆڕی سیخوری دەزگایی میت لە هەموو شوێنێک کە گەرای ژەهراوی خۆی چاندووە، لەلایەن دەزگای پاراستنی پارتیەوە هاوکاری دەکرێن و گەشتۆتە ئاستێک هەر ئەندامێک پارتی لە پارتیدا ئەرکی دەزگایی پاراستنی پێدراوە بۆ هاوکاری دەزگای جاسووسی میت، تاکوو هەڕەشە و کوشتن و تەسلیمیەت و تیرۆر بەڕێوەبەرن. ئەمەش پشت بەستن بە لێدوانەکانی دەوڵەتی تورک خۆی کە باسی دەکات کە پارتی هاوکار و هاوپەیمانیانە.
لەلایەکی ترەوە دەوڵەتی تورک و ئێران و سوریا و بەشێک لە هێز و لایەنەکانی ئێراق پەیماننامەی لەناوبردنی دەسکەوتەکانی گەلی کوردیان واژۆ کردووە، هەموو لایەک بە پێی بەرژەوەندی خۆی هەوڵەکانیان بەگەڕخستووە، دەوڵەتی تورک بەردەوام لە دژیی بەهاکانی گەلی کورد پرۆژە پێشنیار و فشارەکانی خۆی لەناوچەکە و جیهان پێش خستووە بۆ لەناوبردنی دۆزی گەلی کورد. فشارەکانی دەوڵەتی تورک لە سەروبەندی عێراقی نوێدا بەردەوام چەکی ئاو ، پاراستنی سنوورەکان، کێشەی کەمپی مەخموور و مافی تورکمان و سونە و وەک بەرەیەکی دژە عێراقی نوێ گرتۆتە دەست، بەردەوام وەک کارتی فشار بەکارهێناون. تاکوو مافەکانی کورد لەناوبەرێت. لە عێراقی نوێدا ئەگەر هێشتا ئەقڵیەتی شۆڤێنی هەبێت بەڵام عێراق لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵیدا بونیادنراوەتەوە و هەرێمی کوردستانیش وەک کیانێکی کوردی ئیشارەیی پێکراوە، بەڵام بەهۆکاری گەندەڵی و فاسادی و تاڵانی دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵەکە ئەمڕۆ باشوور بە قۆناغێکدا گوزەرە دەکات کە دەستی عێراقی واڵا کردووە کە ڕاستەوخۆ دەستوەردان بکات لە ئیشی ئیداری حوکمی تاکوو سیاسی، چونکە دەبین بنەماڵەی بەرزانی چەندین ساڵە هەموو ژێرخان و سەرخانی ووڵاتیان خستۆتە خزمەتی داگیرکاری تورک، لە نەوتەوە تاکوو جەوت.
بۆیە دەبێت هەمیشە ئەو هەواڵانەی سازدەکرێت و ئەو شیکار و لێدوانانەی دەدرێت نەکەوێتە خزمەتی دوژمن و داگیرکار، چونکە هەموو کوردێک و تەنانەت بنەماڵەی بەرزانیش دەزانێت کە تورکیا لەم هێرشانەی کە بۆ سەرباشوور دەیکات ئامانج لێی داگیرکردن و لەناوبردنی کیانی باشوورە، بەڵام ئەوەی جێگای داخە تاکوو ئێستاش زۆر کەس کە لێدوان دەدەن یان دەنووسن وەک ئۆپراسیۆنێکی دیاری کراو دژ بەلایەنێکی سیاسی و چەکداری دەست نیشانی دەکەن. لە دۆخێکی وەهادا کە بەرەو هەڵبژاردن دەچین هەندێک لایەن و کەسانی بەرژەوەندی خواز بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و هەست و سۆزی خەڵکانی دڵسۆز وەک پروپاگەندە کاریی لەسەر دەکەن، ئەم پروپاگەندەیەش هیچ کەمتر نییە لە داگیرکاری دوژمن. بۆیە دەبێت خەڵکی کورد بە گشتی هەست بە بەرپرسیاری ئەم قۆناغە بکەن کە لەسەردەمی گۆڕانکاری جیهانی ناوچەیدا ژیاندەکەین، بۆیە گرنگە بونیادی ئازادیخوازی ڕۆح و ئیرادەیەکی بەهێز و ئاقڵی سیاسی پێش بخەین تاکوو دەگەین بە چارەسەری ڕیشەی دۆزی گەلەکەمان و داگیرکار تێکدەشکێنین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست