ئایا پرسی یەکێتی نەتەوەیی بە فۆرمی خانەدانێتی و شێخایەتی و عەشرەتی دەستەبەر دەبێت؟ (بەشی دووەم )
Monday, 10/06/2024, 20:11
گرنگترین خاڵ ئەم مێژووە ڕەشەی دەسەڵاتی خانەدانێتی لە سەدساڵی ڕابووردوودا کە هەبووە، بەردەوام خەڵکانی لێهات و ڕۆشنبیر و خاوەن فکرەکان تەسفیەکراون و یان لە نێوان بەردەشی دەسەڵاتی خۆیان وەک بووکەڵەیەک بەکارهێنراون، یان پەراوێزخراون و لەکەدارکراون لە چاوی کۆمەڵگادا، بۆ ئەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی پێشنەکەوێت، یان بە شێوازێک لە شێوازەکان بۆ بەرژەوەندی خانەدانی ئاڕاستەکراون. ئەوەی ئەمڕۆش دەگوزەرێ ڕەنگدانەوەی ئەو چینەیە کە دەستیان بەسەر هەموو بەها نیشتمانی و نەتەوەییەکاندا گرتووە، ئەو کەسانە باڵادەستن کە خاوەن هیچ نین و تەنیا ئەڵقە لەگوێی دەسەڵاتن. وەک نوێنەری کوردایەتی خۆیان دەبینن.
لە شەست ساڵی ڕابووردووی دۆزی کوردستاندا مێژووی ئەم بنەماڵانە دەبین چەندین جار دۆز و تێکۆشانی کوردستانیان کردۆتە قوربانی بەرژەوەندی بنەماڵەکانیان، هەر لەسەردەمی دوای شەڕی جیهانی کە مۆدێلی دەوڵەت نەتەوە وەک فۆرمێکی سیاسی نوێ لە ناوچەکە پراکتیزەکرا دۆزی کورد لە نێوان بەرداشی بنەماڵەکان و داگیرکەران بوو بە قوربانی، لەلایەک داگیرکەران هەموو هەوڵەکانیان ئەوە بوو کە ستاتۆی کوردستان بونیاد نەنرێت و لە ڕێگایی بنەماڵە و خانەدانێتی شێخ و مەلا وەک نوێنەری کورد لە کایەکانی سیاسی بەکاریان هێنان و هەندێکیش لەژێر کاریگەری ئایندا شەڕی سیاسەتی نوێیان دەکرد ئەم دابەش بوونە کەوتە خزمەت داگیرکەران. بۆیە بنەماڵەکان کەوتنە دژایەتی یەکتری و فکری گشتی و بەرژەوەندی گشتی کوردیان لەناوبرد و هەرلایەنێک دەیوویست وەک نوێنەر کورد خۆیبداتە قبووڵ کردن. بۆئەوەش هەموو بەها و دەسکەوتەکانیان لەناو برد، چونکە ناکۆکی نێوان بنەماڵە و خانەدانێتی لە پێش بوو، نەک بەهایی کۆمەڵایەتی نەتەوەی و ئازادیی.
چینی خانەدانێتی لەم قۆناغە بە دواوە لە فۆرمێکی نوێدا کە جەوهەرەکەی وەک خۆیەتی تاکوو ڕۆژی ئەمڕۆمان بەردەوامی هەیە، ئەویش لە فۆرمی حزبدا جێگای خۆیان گرت. بۆئەوەی لەگەڵ قۆناغەکاندا بەرژەوەندی خۆیان بپارێزن، لەژێر چەمکی کوردایەتی ساختەکە حزب نوێنەرایەتی دەکات، لە مێژوودا ئەم چینە وەک بۆژوازی و چینی ناوین هەمیشە لە هەردوو بەرەی دژبەیەکدا هەمەهەنگی و پەیوەندیان هەبووە. لەسەردەمی گۆڕانکار هزری نوێی چەپگەرایدا کە زۆرینەی گەلانی بندەست توانیم بگەن بە ئامانج و لەژێردەستی کۆلۆنیالیزمیدا خۆیان قوتار بکەن و ستۆکلتورێکی نوێی کۆمەڵایەتی بونیاد بنێن، ئەم ڕەوتە کوردستانی گرتەوە، بەڵام بە نەزۆکی و لەرزۆکی لە کوردستاندا شوێن پێی خۆی کردەوە، بۆیە هەوڵ و تێکۆشینی فکری نەیتوانی گۆڕانکاری جەوهەری بکات و بنەغایەک بونیادبنێت، ئەویش بە چەندین هۆکار. یەک لەوانە کە خانەدانەکان وەک چەکێک لە دژیان پێی وەستانەوە فکری دژە دین بوو، نەبوونی خوێندەواری و هۆشیاری کۆمەڵایەتی و دابڕاو داخراو لە جیهانی دەرەوە، کۆمەڵگا زیاتر دژبەری فکری نوێ بوو، لەژێر کاریگەری ئاین و فیوداڵی بنەماڵەکان جەبهەیەکی بەرفراوانیان دروست کردبوو.
بۆیە لە ڕۆژی ئەمڕۆدا دەسەڵات پشت بە چینی مەلا و خانەدان و عەشیرەت دەبەستێ. پێکهاتەکە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بۆ سەرکووتکردن و باڵادەستی دەسەڵات یەکیانگرتووە و پێکەوە پرۆژەی خۆسەپاندن جێبەجێ دەکەن، چونکە ئاستی هۆشیاری کرانەوە بە ڕووی جیهان و ئاستی خۆێندەواری ئەوانی ناچار بە یەکگرتووی بنەماڵەکان کردوەە، ناچارکراون لە
سیاسەتی دژیەکەوە، سیاسەتی یەکێتی خۆیان بونیاد بنێن و بەرژەوەندیەکانیان هاوبەش بکەن. لە زۆر خاڵی هاوبەشدا و پێکەوە کار لەسەر بەها و قیەمە کۆمەڵایەتی کلتووریەکان دەکەن، بە بەرنامە ئیش بۆ داڕمان و شکاندن و پەرتاوەزەی کۆمەڵگا دەکەن، دەیانەوێت تەنیا گۆڕانکاری لە شکڵدا بکرێت بۆیە زیاتر گرنگی بە باڵەخانە و ئەو جێگایەنە دەدرێت کە یان شوێنی داڕمانی تاک و کۆمەڵگایە یان ئەو جێگایە پیرۆزدەکرێن، تەکیە و دیواخان و مزگەوت و زیندووکردنەوەی عەشیرە.بۆیە لەناوەڕۆکدا داروخان و بێ هیوایی و بێ چارەسەری پێشکەووتووە.
ڕێگە نادەن پرۆسەی گۆڕانکاری و نوێ بوونەوە لە ڕووی فکر و زهنیدا بەرفراوان بێت بە هەموو شێوەیە ڕێگیری لێ دەکرێت، ئەویش بە ڕێگایی چەمکی کوردایەتی ساختە کە بۆتە چەکی هەڵخەتێنەر و چەوسانەوە کۆمەڵگا لەلایەن دەسەڵاتەوە. لێرەوەش ئەو سلۆگانەیی هەڵخەڵتێنەی یەکێتی و یەکڕیزی دەردی دەرمانە بۆچارەسەری لەبەرامبەر گۆڕانکاری زهن و فکر و هۆشیاری کۆمەڵایەتی کراوە بە سەری ڕمەکەو کلیلی چارەسەری، بۆیە کاتێک ئەم ختابە گەرمدەکرێتەوە و دەهورژێنرێ کۆلکە ڕۆشنبیر و سیاسیەکان و چالاکوانەکان بەم ئاڕاستەیە خۆێنیان گەرم دەبێت و شیکردنەوە هەموو بابەتەکان بۆ بەرژەوەندی کوردایەتی ساختە دەگرنە دەست. کۆمەڵگا دەخەنە ناوترس و دڵەڕاوکێ ئاڕاستەکانی کە لە ڕووی فکری و هۆشمەندی هەنگاودەنێت بچووک دەکەنەوە، لێرەوەش ئەو مەسیژە دەدەنە کۆمەڵگا، چەندە ئاستی هۆشیار و گۆڕانکاری زهنی و فکری بکات و هەوڵ بدات ناتوانێت چارەسەری کێشەی کورد بکات، لە دەرەوەی ئەم چینەی خانەدانێتی. لەکاتێکدا ئەم چەمک و سلۆگانە بۆتە کۆدیی کۆمەڵگایەکی نەزان و بێ پرانسیپ و نابینا و خەمسارد کە لێگەڕینی ئازادی و فکری لەخۆیدا کوشتووە یان قەتیس کردووە، ئەم چەمکە کە هیچ پێوان و ژیانێکی کۆمەڵایەتی و نەتەوەی و ئازادی لەخۆیدا ڕوون نەکردۆتەوە و هەموو بەها ئازادیەکانی بە نەوەپەرستیەکی بێ ناوەڕۆک گرێداوە بۆتە چەکێک لەدەستی بنەماڵەکاندا بۆ بەرژەوەندی خۆیان. ئایا ئەم چەمکە چەندە دەتوانێت ببێتە وەڵامی کۆمەڵگا و داخوازیەکانی بۆ ئازادی و دیموکراتی و چارەسەری کێشەی نەتەوەی و بونیادنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی.
بۆیە لە ڕۆژی ئەمڕۆدا بە هاوکاری دوژمنان و داگیرکەران بنەچەی خانەدانێتی شێخایەتی و مەلایەتی بەردەوامی پێدەدريت لە بەرامبەر بە ئیرادەی گەل و بە هەموو شێوازێک گەورە دەکرێن، بەهێزدەکرێێن، بۆیە سیاسەتی حزب و کەسانی دەسەڵاتی سەرەوەی حزب لە پێکهاتەی شێخ و سەرۆک عەشیرەت و مەلا و خانەدان پێک هاتووە و بە شێوەیەکی ستونی بەرەو خوارەوە و ناوکۆمەڵگا ڕەنگی شکڵی گرتووە، بە شێوەیەک خۆیان ڕێکخستووە چ لە ئاستی ناوخۆدا بێت یان لە سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی خۆیان وەک نواینەری ڕاستینەی کورد دەبینن، چونکە ئەو پاوەنخوازیەی بونیادیان ناوە بە زەبری هێز و چەک بە شێوەیەکی سیستەماتیک لە ژێر ئەزموونی برسیکردن و دەست بردن بۆ قوتی خەڵک دەیانەوێت بە تەواوی کۆمەڵگا تەسلیم بگرن. خۆحەشاردان لە ژێر سێبەری شۆڕشی چەکداری وبەردەوامی ئەم فۆرمە هەموو شتێک لە خۆدا کلیک کردن، تەنیا بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆیانە، چۆن لەسەردەمی فیوداڵیتی و دەرەباگەیەتی موڵک وەک چەکێک بۆ جڵەوکردنی کۆمەڵگا بەکارهاتووە ئەمڕۆش بەهەمان شێواز لە ژێر سێبەری شۆڕشی خوێن و چەکداری ووڵاتێکیان بۆخۆیان قۆرخکردووە.
لە پارچەکانی تریش سیاسەتی نەتەوەی و حوکمداری و شۆڕشگێری خۆی سپاردۆتە بنەماڵەی خانەدانێتی کە نۆرمێکی پۆپۆلیزمی سیاسی پەیڕەو دەکات بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بە هۆشی خۆی نەهێت، چۆن بیانەوێت کۆمەڵگا بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەکاربێنن، بۆئەوەش کەرەسەتەی پاشماوەی دینی و عەشیرەتی و نەتەوەپەرستەیەکی بێ ناوەڕۆک وەک باشترین کەرەستەی سیاسی پراکتیزە دەکرێت و جڵەوی کۆمەڵگای پێدەکرێت، بۆیە دەبین ئەو کەسانەی کە هیچ کاریگەریەکیان لە تێکۆشانی ئازادی نەبووە، بەڵام وەک نوخبەی سیاسی و لێوەشاوە لە جێگایەک کۆکراونەتەوە بۆ مەشروعدان بە هێڵی سیاسی وەک یەکێتی نەتەوەی و پێشەنگی کۆمەڵگا ناوییان لێ نراوە، لەکاتێکدا لە کوردستان تێوری فکری و سیاسەتێکی نوێ لەسەردەستی ئەمانە بوونی نەبووە. ئەم کەسانەی کە پاشماوەی سیاسەتی شەڕی چەکداری و نۆرمی میلگەراین ناتوانن لەسەردەمی ئەم گۆڕانکاریە گشتیەی گڵۆباڵدا هزراندن و نوێ بوونەوە، وەک هێزی چارەسەری ببین، بێگومان ئەم کەسایەتیانەی کە دەرهاویشتەی بنەماڵەکانن، ئەمڕۆش خۆیان وەک مافدار و نوێنەری ڕاستینەی دۆزەکە دەبینن. نموونەی زۆریش هەیە، کە لە فۆرمە نوێکەدا ئێستاش پارچەیەک بە موڵکی خۆیان دەزانن و لەسەر بنەمای میراس هەڵسوکەوت دەکەن.
کێشەیی نەتەوەی و ئازادی پەیوەست بە بەرژەوەندی خۆیانکردووە و بەردەوام بنەماڵەکانی دەسەڵات زیاتر لە پەیوەست بوون بە کۆمەڵگایەکی هۆشیار و هەمە ڕەنگ خۆی سپاردۆتە سیاسەتی بنەماڵە و خانەدانەکان ئەویش زیاتر بە تۆخکردنەوە و سلۆگانی چەمکی کوردایەتی ساختە و بێ ناوەڕۆکە، بۆیە ئەمڕۆ لە نێوان کۆمەڵگا و دەسەڵات و حزبەکاندا دوورکەوتنەوە هەیە و گەل باوەڕی بە هیچ گووتارێکیان ناکات.
بۆیە دەبێت بپرسین ئایا سلۆگانی یەکێتی نەتەوەیی و یەکڕیزی هێز و لایەناکان چەند خزمەت بە چارەسەری دۆزی کورد دەکات، لەکاتێکدا هێز و لایەن و کەسایەتیە بەناو سەربەخۆکان هێشتا هەموو هەوڵ و تێکۆشانیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خۆیان ڕێکخستووە و گوێ بۆ هیچ بیروبۆچوونێکی دەرەوەی خۆیان نادەن و ئەوەی خۆیان وبەرژەوەندی خۆیانی تێدا بێت بە ئەساس دەگرن.
کۆتایی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست