وشەیەک بۆ کارە دڕندانەکەی کووشتنی دونیا، لووتکەی بێوویژدانی ئەقڵیەتی پیاوسالاری
Monday, 09/06/2014, 12:00
سەبارەت بە تووندووتیژی دژیی ژنان و پێوویستی یاسای بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردە و کلتوورە هۆڤانەیە، هەوڵدانی یاسایی پێوویستی بە کارنامەیەکی بە جورئەت و ژێرخانێکی فکری و بیردۆزی هزری نوێ دەبێت، کە خۆی بسپێرێتە بنەمایی ئازادی ڕەگەزی و دیموکراتیک و بەهایی مرۆڤ بوون بێ جیاوازیی ڕەگەزی و باڵادەست ڕەگەزێک لە ژێر ناوی پاراستنی ڕەگەزی بەرامبەری و خۆی بە خاوەنی بزانێت، پاساوەکانی لەژێر ناوی نامووس و شەرەف و عوورف و ئایندا نەکرێتە بەهانەیەک بۆ شەرعیەت پێدانی تووند و تیژی جەستەی و دەروونی دژی ژنان هەر شێواز و چەمکێک بێت، کە لە بەها و ڕەگەزی ژن کەمدەکاتەوە و مەحکومی ژیانێک بێت بەردەوام خۆی بەکەم سەیربکات و لەبەرامبەر بە زووڵمی لێدەکرێت هەست بکات کە خۆی تاوانبار و هەڵەیە، گرنگیدان بە ڕووماڵکردنی سیاسی و ئەقڵیەتی دووفاقی و چاوەشەکاری لە ژێرناوی چەمکی ئاینی و عوورفیەکاندا لە مینبەری گووتار و ووتارەکان بە شێوەیەکی سیستەماتیک مێشکی کۆمەڵگا ژەهراوی دەکات، هێرشی کوێرانە و بێ وویژدانانە لەبەرامبەر بە ڕەگەزی ژن پەیڕەو دەکرێت و بچووک کردنەوەی کەسایەتی ژن و بەکەسایەتی دووەم ناودەکرێت بەبنەمادەگرێت وەک چیرۆکەکەی ئادەم، ئەمە وەک سوکایەتی بە ژنان پێناسە بکرێت، کە میدیا و گووتارەکانیان بەردەوام خوڵقاندنی تاوانکاری و خراپەکاری دەبەستنەوە بە کەسایەتی ژن، وەک شەریکی شەیتان بەناویان دەکەن، چونکە لە چەمکی دیندا شەیتان خاوەن خراپەکارترین کارەکتەرەی ژیانی و بەردەوام هەوڵدات کەساکان خراپ بکات، گوایە ژنیش ڕۆڵی دووەمی شەیتان دەبینێت. کاتێک کارێکی هۆڤانەش ڕوودەدات هەوڵ دەدەن خۆیانی لێبێبەریی بکەن، بە شێوازێکی سیستەماتیک لە هەر جێگایەک کاریی لەسەردەکەن و دەرئەنجامە خراپەکەشی بە کلتوور و کارێکی هۆڤانەی تاکە کەسێک پەیوەستی دەکەن و ئەم کۆمەڵکوژیە سیستەماتیکە وەک بیری و کرداری تاکێک بەناو دەکەن، بە کارێکی دژە ئایین بەناوی دەکەن و پایەی ژن لە ئایندا دەگەێننە ئاستێک کە تەواو دژیی بیروباوەڕەکەی خۆیانە، هەرچەند خۆیان خاوەن بوونیادی ئەم زەمینەی ژن کوشتن و لاقەکردن و چاوساندنەوەیەن.
پێوویستە هەوڵ بدریت شیکار و چارەسەری لۆژیکی و بەرفراوان خۆی بسپێرێتە جاڕنامەی مافی گەردوونی و یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە جیاتی شەرعیەتی ئاینی پێوەرەکانی دیموکراتی بکرێتە بنەمای داڕشتنەوەی دەستووری کۆمەڵایەتی، یاسای دیموکراتیکی کۆمەڵایەتی کە خۆی دەسپێرێتە دادیی کۆمەڵایەتی لە هەموو جومگەیەکی حوکمی و ئیداری و مەدەنی ڕۆڵی بەرچاو سەرەکی هەبێت و داڕشتنەوەیەکی نۆژەنی بۆ بکرێت و لە هەرجێگایەک سەروەر بێت، فۆرمیلاسۆنی بنەمایای یاسای وابەستە بێت بە بنەمایەی دیموکراتی و ئازادی ڕەگەزیی، یاسا هەوڵبدات یاساکانی پاراستنی مافی ژنان لە جومگەی سەرەکی ناو دەزگایی خێزاندا بەرجەستە بکات و لە هەموو داموودەزگاکانی ئیداریدا یەکینەکانی ژننان سەربەخۆ بکرێن و هەوڵبدرێت بە شێوەیەکی لەسەدا چل پۆستەکان و بەڕێوبەرایەتی ئیداریەکان و داموودەزگاکان داڕشتنەوەی بۆ بکرێت و هەوڵ بدرێت هاوسەنگی ژن و پیاو لە ئەرک و کاریی ئیداریدا هاوسەنگی بەخۆیەوە ببینێت، نەوەک وەک ئەوەی ئەمڕۆش لەناو داموودەزگاکان بەردەوام وەک کەسێتی دووەم ئەرکدار کراون، هەرچەندە لە پەرلەمان بەشداریی ژنان هەیە، بەڵام جێگای داخێکی گەورەیە کە هێشتا خاوەن ئەرکێک باڵا نین و هێشتا ڕێگەیان ئاواڵا نییە بۆئەوەی خاوەن بڕیاربن، نموونە چ دەبێت ئەگەر لایەنێک پۆستێکی گرنگی وەک سەرۆکی پەرلەمان یان سکرتێر و جێگر، یان سەرۆکی فراکسیۆنی لایەنێک دەست نیشان بکرایە. ئایا دەبێت لە پۆستە سیادیەکانی کابینەیی هەشتەمدا ژنێک ئەرکدار بکرێت؟
بنەمایی تەندروستی کۆمەڵگا و دادیی کۆمەڵایەتی، پێوویستی بە پەروەردە و هۆشیاری کۆمەڵایەتی هەیە لە بناغەی خێزانەوە کاری بۆبکرێت و وەک ئیشارەمان پێکرد لەسەرەوە، لە داموودەزگا و ڕێکخراوە حوکمی حزبی مەدەنیەکان ڕۆڵی ژنان بەکرداری چالاک و دەستەبەر بکرێت، دەرفەتی خۆپێناسەکردن و خاوەن دەرکەوتن لە مافە سروشتەیەکانی خۆیان وەک مافی خۆیانی کۆمەڵایەتی خۆێندنەوەی بۆبکرێت، نەوەک وەکوو دەرکەوتن لە ئەخلاق و ڕێسای ئایین و عوورفە کۆمەڵایەتیەکان بەناوبکرێت، ئەقڵیەتی پیاوسالاری بەلاوەبنرێت و ڕاستینەی ناسنەمەی کەسایەتی ژن وەک خۆی بناسرێت و خوێندنەوەی بۆ بکات، لێرەوە دادیی کۆمەڵایەتی دەستەبەر دەبێت. لە بەرامبەر پێشێلکاری مافی ژنان بەشیوەیی تەدریجی زەمینەی گۆڕانکاری هزری و فکری و هۆشیاری بخوڵقێنرێت، دەبێت کۆمەڵگا و دادیی کۆمەڵایەتی بکرێتە بنەمایەک بۆ ئەوەی کە کێشەی ئافرەتان وەک ڕاستی خۆی خوێندنەوەی بۆ بکرێت و هەوڵ بدرێت ئەقڵیەتی پیاوسالاری کە کەسایەتی پیاوی لە مرۆڤ بوونی خۆی دەرخستووە نامۆیە بە هەست و وویژدانی مرۆڤ بوونی خۆی، هۆشیار بکاتەوە و بیگەڕێنێتەوە دۆخی سروشتی خۆی.
کۆدەکانی ووشەی ئەخلاق و نامووس و شەرەف و زەعیفە و بوون شیکار بکرێت، کە هەڵگریی موڵکیەت و ناسنامەی دەسەڵاتی پیاو دادەسەپێنێت و کەسایەتی ژن دەکاتە پلەی دووەمین، بۆئەمەش پێوویستیمان بە شۆڕشێکی وویژدان و هزراندن هەیە کە لەکەسایەتی تاکەکاندا و کۆمەڵگا بەگشتی ئەنجام بدرێت، کە بتوانین ناسنامەی ئازادی و شکۆی کەسایەتی و سروشتی مرۆڤ بگەڕێتەوە دۆخی سروشتی خۆی، کێشەی ژن وەک کێشەیەکی بنگەیی کۆمەڵگایی مرۆڤایەتی سەیربکرێت لە مێژوو تاکوو ئەمڕۆ گەورەترین کێشەی کۆمەڵگایە، کە تووشی گەورەترین داگیرکاری و زووڵم بۆتە لە مێژوودا تاکوو ئەمڕۆ،هەرچەندە شیواز و میتۆدەکانی کۆیلەکردن بچووک کردنەوەی رەگەزیی لە کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکی تر جیاواز بێت یان هەندێک مافی ژنان زیاتر بێت، بەڵام ئەمە ئەو مانایە ناگەیەنێ کە زووڵم و زۆری سەر ژنان وەک بنەمایەکی فەلسەفی و بنەڕەتی کاری بۆکراوە تاکوو کۆتایی بە داگیرکاری سەرکەسێتی ژنان بێهێنیت، چونکە تاکوو ئەمڕۆش تابلۆکانی دونیا بینی لەسەر ژنان وابەستەیە بە لایەنێکی جەستەی و لە ڕوانگەی پیاوەوە تەنیا ژن وەک کەرەسەیەکی خزمەتکردن چاوی لێدەکریت و هەمیشە گرنگی دراوە بەلایەنی جەستەیی و هیچ کاتێک لایەنی ڕۆحی و ئیرادەیی ژن لەبەرچاو نەگیراوە، بۆیە لە هەموو جیهاندا نادادیی کۆمەڵایەتی زیاتر لەچارەسەری بەردەوام قووڵ بۆتەوە و ڕووی لە هەڵکشان کردووە، ناکۆکی کۆمەڵایەتی زیاتر گەشەی سەندووە، لە هەرجێگایەک نادادی کۆمەڵایەتی سەریهەڵدا بێت سەرەتا لە بەرامبەر بە ڕەگەزی ژن پەیڕەو کراوە، باڵادەستی پیاوسالاری لە سەردەمی شەمانیزمەوە کە فێڵبازیی و سەندنەوەی بەهاکانی ژن شیرازەیی کۆمەڵگای تێکدا و ئەقڵیەتی دەسەڵات و پاوەنخوازی خوڵقاند، بە کۆیلەکردنی ژن و بالادەست بوون بەسەر گەنجدا بووە دەزگایەکی کۆیلەکردن و لە دەوڵەتی ڕاهیبی سۆمەردا ناسنامەی خۆی فەراهیم کرد، لەم مێژووە بە دواوە کۆمەڵگا تووشی کێشە کۆمەڵایەتی و کۆیلایەتی بووە و مرۆڤ کەوتە بیری ئەوەی هەمیشە دەسەڵاتی خۆی بەرفراوان بکات و هەڵبدات باڵادەستی خۆی بەسەر کۆمەڵێکتردا داسەپەێنێت، شەڕوکاولکاری و کۆیلەکردن و داگیرکاری بۆ هەموو جێگایی پەلی خۆی هاویشت و تاکوو ڕۆژی ئەمڕۆ بەردەوام دەکات، دەرئەنجام تاکوو ئەمڕۆ مرۆڤایەتی بۆ رۆژێک نەیتوانی دادی کۆمەڵایەتی دەستەبەر بکاتەوە کۆتایی بە کاولکاری و ووێرانکاری بێنێت، چونکە بە ڕاستی دەسەڵاتی پیاوسالاری هیچ کاتێک ئامادە نەبوو لە خاڵی ناکۆکی و بنگەیی کێشەی کۆمەڵایەتی چارەسەری بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە و هەوڵ بدات کۆتایی بە ئەقڵیەتی دەسەڵاتخوازی و پاوانخوازی بهێنێت، هەمیشە هەوڵیداوە لە بنەمای ڕاستی چارەسەری کێشەکان خۆی دووربگرێت، چونکە گەڕانەوەیە بۆ خاڵی خۆپاکردنەوە لە کلتووری دەسەڵاتی منی پیاوی باڵا و خۆسەپێن و هەمیشە ژیانی خۆی وابەستەکردووە بە دەسەڵاتێکی باڵا، ئەم کلتووری دەسەلاتی باڵا لە خانەی کۆمەڵگا وو بنەمایی کۆمەڵگا دەستەبەر بووە، کوام پیاوی لاواز و دەستەوسان لە ماڵەکەی خۆیدا وەک سەرۆک دەوڵەتێک خۆی بە خاوەنی هەموو بڕیار و دەسەڵاتێک دەزانێت کە ئەندامی خێزانەکەی دەبێت گوێڕایەڵی بن و لە فرمانەکانی دەرنەچن، چونکە دەرچوون لە هەر فرمانێک وەک تاوان و خراپەکار و پچڕانی بنەمای خێزان چاوی لێدەکرێت، چونکە پەیمانی خێزان و پابەندبوون لەسەر بنەمای ئەقڵیەتی پیاوسالاری خۆی داڕشتووە و پیاو خاوەن هەموو مافێکە ژن و مناڵیش تەنیا موڵک و کەرەسەیەکی موڵکیەتی ئەون.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست