ژنە (پۆڵاینەکە) لە دوای مردنی 2 وانەی بۆ بەجێهێشتین !
Tuesday, 09/04/2013, 12:00
(Margaret Thatcher) یەکەم ژن بوو بوبە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پێئەچێت دواهەمینیش بێت ! نامەوێت لێرە ژیانی باس بکەم دەمەوێت یەکسەر بچمە ناو دوو وانەکەی ئەگەر بتوانین سودی لیوەربگرین !
1- کاتێک (مارگرێت) بووبە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئەوەی خۆی بڕوای پێبوو بڕیاری لە سەر ئەدا گرنگ نە بوو بۆی چەند کەس زەرەر مەند ئەبێت ، گرنگ ئەوە بوو خۆی بڕوای ۆێ بوو پێی وابوو بە قازانجی هەموو خەلکی بەریتانیایە .ئەوەی لە ناو کابینەی حوکمەتەکەی دژی بوایە دەری ئەکرد ، ئەوەی لە شەقەمەکان دژی بووایە بە دەستێکی پۆڵایین بەرەو ڕوویان ئەبۆوە . هەموو بڕیارێکیش هەمیشە کۆمەڵیک لێی سود مەند ئەبن کۆمەڵیکیش لێی زەرەر مەند ، بۆیە بڕیارەکانی دوژمنی زۆری بۆ دروست کردبوو لە ناو خەڵک . (مارگرێت) لە هیچ گەندەڵیەکەوە نە ئاڵا بوو دوژمنی نەهێناوەتە سەر خاکەکەی بازرگانی بە چارەنوسی میللەتەکەیەوە نەکردووە لە پیناوی کورسی و پارەو ناو ناوبانگدا وەک (جەلال تالەبانی) ، ئەوەی (مارگرێت) کردوە بە دوژمنی خەڵکانێک لە بەریتانیا بڕیارەکانی بوو ، هەمیشە وتوومە میللەتێک یادەوەری کویربێت شایەنی ئازادی نیە . کاتێک مارگرێت نەخۆش بوو دوژمنەکانی وەک ئەوانەی لای خۆمان شیفای چاک بوونەوەیان بۆ نە ئەخواست هاوخەمیان بۆ دەر نەئەبڕی بەڵکو هیوا خواز بوون زوو بمرێت ، ئەمڕۆش کاتێک کە مرد خێرا ئەو خەڵکانەی زەرەر مەند بوون پەیجێکیان لە (تویتەر) کردەوە بۆ ئەوەی خەڵکان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕن بڕیاریشە هەر ئەو خەڵکانە ڕۆژی ناشتنی خۆپیشاندان بکەن ئەمەیە میللەتی زیندوو ئەم زیندوویەی خەڵکی بەریتانیا ئەم ولاتەی کردووە بە یەکێک لە بەهێزترین ووڵاتەکانی سەرزەمین . خۆ مارگرێت وەک (تالەبانی) خیانەتی لە نیشتیمانەکەی بکردایە ، دەستەی مافیای هەبوایە ، دەستی سور بوایە بە خوێنی ڕۆلەکانی ، نیشتیمانێکی لە ولاتێکی تر مارە بکردایە لە پێناوی کورسی و ناو ناوبانگدائەوا بێگومان پێش مردنی و دوای مردنیشی بە نەفرەتیان ئەکرد . چاوەڕی بکەن کاتی (تاڵەبانی) ئەمرێت خەڵک چۆن شێنی بۆ ئەگێڕن ئەو خەڵکەی کەیادەوەر کوێرە ! تەماشای نوسەرو ڕۆشنبیرو سیاسی و دکتۆرو چاودێری سیاسی ڕۆژنامەنوسە بکەن چۆن ژیانی ئەهۆننەوە چەند کەس ئەکەونە پەشیمانی و پاکانەو شین کردن بۆی ، لەوەش ماڵوێرانتر تا 40 ساڵی داهاتووی کورد هەرچی بەسەربێت ئەڵێن (تاڵەبانی) بمایە ئەوە ڕووی نەئەدا ! لەوێوە تێدەگەیت بۆ میللەتێکی 40 ملێۆنی خاوەنی ئازادی نیەو هەمیشە داگیر کراوە، تێدەگەیت بۆ کۆمەڵگایەک دوای ئەو هەموو قوربانیە چارەنووسی بەدەستی کۆمەڵیک مافیاوەیەو یاریو بازرگانی بە چارەنوسو پیۆزیەکانیەوە ئەکرێت !
2- مارگرێت کاتێک بۆ جاری سێیەم لە لایەن خەڵکەوە دەنگی پێدرایەوە ، ئەو مارگرێتەی جاران نەبوو ژنێکی لاواز دەر ئەکەوت ، لەلایەن کابینەکەی خۆی و حیزبەکەی خۆی چەند جارێک داوایان لێکرد وازبهێنێت ئەگەرچی هێشتا وادەی سەرۆک وەزیری تەواو نە ببوو ، بەلام مارگرێت هێشتا لەناو خەونی دەسەلات و کورسی بێهۆش ببوو بە جۆرێک چیرتر (ژنە پۆڵاینەکە) نەمابوو وەک کەسێکی لاوازو عەقڵ لە دەست چوو دەهاتە پێش چاو ، دەرئەنجام ئەندامانی کابینەکەی خۆێ و حیزبەکەی بە شەق لە کورسیەکە لایاندا . (تالەبانی) چەندین ساڵە عەقڵی لە دەست داوە بە جۆرێک هیچ سەنگێکی سیاسی نەماوە بۆتە هۆی ئابڕوو چوونی میللەتێک جگەلە ئەو هەموو دەردو نەخۆشیەی ئەم چەند ساڵەی رابردووی ، کەچی یەک پیاو نەبوو لە ناو ئەو حیزبە بڵیت پیری ئاخر زەمان وازبێنە نەک هەر ئەوەیان نەکرد بەڵکو ئێستا (تاڵەبانی) کەنفت بووەو شەڕی مان و نەمان ئەکات کەچی ناوێرن کەسێک بخەنە شوێنەکەی ، ئێستاش خەو بە چاک بونەوەیەوە ئەبینن ! دڵنیام کە مردیش بتێک دروست ئەکەن لە (تاڵەبانی) و لە مەکتەبی سیاسی دای ئەنێن .
وانەیەک بۆ هەموو بازرگانە سیاسیەکان پێش ئەوەی رسوابن لەلایەن خەڵکەوە باشترین کات کە واز لە دەسەڵات و سەرۆکایەتی حوکمەت و حیزب بێنن ئەو کاتەیە کە هێشتا لە لایەن خەڵکەوە چەپڵەتان بۆ لێئەدرێت و وینەتان بەرز ئەکرێتەوە . مانەوە لە سەر کورسی و سەرۆکایەتی لە ڕسوابوون زیاتر هیچیتر بە دوای خۆیدا ناهێنێت .
تێبینی ، نازناوی (ژنە پۆڵاینەکە) دوژمەکانی ئەو نازناوەیان لێنا ، کە ئەو سەردەمە سۆڤێت بوو ، چونکە مارگرێت زۆر دژی کۆمەنیستزم و سۆڤێت بوو .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست