کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئێمە لەگەڵ ڕێکەوتنە ئەسڵەکەی دەباشانین !

Sunday, 19/05/2013, 12:00







لە ڕابردوو زۆر قسەمان کردووە لە سەر ئەوەی کە کورد لە باشوی کوردستان ئەوەی هەیەتی حزب نیە و وەخاوەنی ڕابەری سیاسییش نین . ئەوەی هەمانە لە ئێستا کۆمپانیای زەبەڵاحی بازرگانیە ،سیاسیەکانیشمان کۆمەڵێک بازرگانی ئەو کۆمپانیایانەن کاریان دزی و گەوجاندنی خەڵک و کۆیللەکردنیەتی.
لە هەر ووڵاتێک کاتێک کۆبونەوەی دوو سەرکردە یان دوو سەرۆک ئەبێت لە دوای کۆبونەوەکان دێنە بەر چاوی میدیاکان و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەبەستن ، باس لە هەموو دانیشتنەکان ئەکەن بێ شەرم و بەرەو ڕووی یەک قسە لەسەر هەموو ئەو شتانە ئەکەن کە لەسەری ڕیکەوتوون یان ڕێک نەکەوتوون ،نە کەس ئەگەوجێنن نە درۆ بۆ کەس ئەکەن و نە هیوای درۆ بە کەس ئەدەن . هەردوولایان ڕێکەوتنەکان ئاشکرا ئەکەن و ئەیخەنە بەردەست هەموو لایەک ، دەرگای پرسیاریش بۆ ڕۆژنامەنوسان ئەکەنەوە .
لای خۆشمان چونکە هەمووی فرت و فێڵ و درۆ و گەوجاندنی خەڵکە هەر خەریکی کۆبونەوەن ، کۆبونەوەکانیش چونکە لە قازانجی خەڵک نیەو بە قازانجی کۆمپانیا و بازرگانەکانیەتی کەس ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکان نازانن . نەک هەر خەڵک نایزانن بەڵکو ئەوانەی خوار برا گەورەی کۆمپانیاکەش نازانن ناوەڕۆکی کۆبونەوەکان چیەو براگەورەکان لە سەرچی ڕێکەوتوون ؟! تەنها دوو برا گەورەکە ئەزانن باسی چیان کردووە و لە سەر چی ڕێکەوتوون . ئەگەر تەماشایەکی ڕێکەوتنی ستراتیژی کۆمپانیایی پارتی و یەکێتی بکەیت ئەم ڕاستیە ئەزانیت کە دوو بنامەڵە ڕێکەوتوون نیشتیمان حەپەلوش بکەن ، بێ ئەوەی دەست و تاقمەکانیشیان ناوەڕۆکی ئەو ڕێکەوتن نامەیە بزانن .
هەموو ئەوانەی خۆیان گێل ناکەن و ڕابردووی نەوشیروان مستەفا و جەلالتالەبانی ئەزانن لێی بە ئاگان ، زۆر باش ئەزانن کە ئەم دووانە یەک کەسن لە دوو شەڕواڵی جیاوازدا . هیچیان بێ ئەوەیتریان هیچ نە ئەبوو ، وە هیچیشیان ئامادەنین لە بەر چاوی کاڵی هیچ کەسێک پشت لەوی تر بکات ، چەندین ساڵ هاو خوێنی یەک بوون ، هەر کاتێک هەرکامیان پیویستیان بەوی تر بووبێت بە هانای یەکەوە چوون . تەماشایەکی سەرەتایی نەوەدەکان بکەن نەوشیروان مستەفا خۆی ئەگێڕێتەوە ئەڵێت (باڵی کۆسرەت و جەبار فەرمان مەترسی بوون بۆ تاڵەبانی بۆیە لە ئەوروپا گەڕامەوە ئەگەر چی سکرتێری یەکێتیش نەبووم دانیشتبووم ، بەڵام مام جەلال ئەیبردم بۆ کۆبونەوەکان تا کۆسرەت و جەبار فرمانی پیبترسێنێت بڵێت هێشتا ئێمە یەکین)! بە جۆرێک لە ڕووداوێکی تەم و مژاویدا جەبار فەرمان ژەهر خوار کرا . کۆسرەتیشیان وا ڕسواکرد پاش ماوەیەک نامەیەک بۆ تاڵەبانی ئەنوسێت و ئەڵێت بۆ سەرە ڕۆییەکانم لە ئاست تۆدا داوای لێبوردن ئەکەم و سەرم دای لە بەرد . کاتیكیش نەوشیروان پیویستی بەو ئەبێت جەلال گردێک و 10 ملێۆن دۆلای ئەداتێ ! کاتێکیش یەکێتی بەرەو پوکانەوە ئەچیت دیسان لە فێلێکی دوو لایەنەدا کۆمپانیای گۆران دروست ئەکەن .
کاتێک کۆبونەوەکانی دەباشان بوو وتەبێژی کۆمپانیایی گۆڕان (شاهۆ سەعید)یش ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی نە ئەزانی بۆیە بڕیاری دەست لە کار کێشانەوەیدا ، کۆمپانیاکە نەک بەدوو دێڕ سوپاسنامەیەکی نەکرد کە لەوماوەیە لەو کۆمپانیایە کاری کردبوو ، بەڵکو زۆر بێباکانە دەست لە کارکیشانەوەکەیان قبووڵ کرد و هەموو دەزگایەکی ڕاگەیاندنیشیان لیداخست !
چونکە ڕێکەوتنەکە تەنها لە نێوان دوو برا گەورەی کۆمپانیاکەدایە (جەلال و نەوشیروان) کەس نازانێت ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکە چیە ؟ جەلال ئێستا کەنفت بووە و ناتوانێت قسەبکات تا بزانین کامە ئەسڵەکەیە کامە عادیەکەیە ؟! کۆمپانیایی گۆڕانیش جەخت لەوە ئەکاتەوە پابەندی ڕیكەوتن نامەکەی دەباشانن پیویستە کۆمپانیایی یەکێتی لەگەڵیان دابنیشن و پابەندبن !
دارو دەست و تاقمەکەی کۆمپانیایی جەلالیش هیچ لە ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکە نازانن ، بۆیە لە نەچاری ئەڵین ئێمە لەگەڵ ڕێکەوتنە ئەسڵەکەی دەباشانین نەک ئەوەی کۆمپانیایی گۆران باسی ئەکات !!!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە