خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی چییه؟
Tuesday, 28/12/2010, 12:00
پێش ئێستا رێبه‌ری گه‌لی کورد رێزدار عه‌بدوڵلا ئۆجه‌لان له‌میانه‌ی دیداره‌کانی له‌گه‌ڵ پارێزه‌رانیدا و له‌رێگه‌ی بهرگرینامهکانییهوه سیسته‌می کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی وه‌ک سیسته‌مێکی ئه‌لته‌رناتیف بۆ سیسته‌می باڵاده‌ستی کاپیتالیزم، باسی لێوه کردووه و چوارچێوه‌یه‌کی گشتی بۆ داڕشتووه. له به‌رگرینامه‌که‌ی به‌ناوی سۆسیۆلۆژیای ئازادی'دا به شێوه‌یه‌کی زۆر کۆنکرێتی و به‌ته‌واوی چوارچێوه و پره‌نسیپ و بنه‌ماکانی ئه‌و سیسته‌مه‌ی داڕشتووه. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی رێزدار ئۆجه‌لان له‌میانه‌ی دیداره‌کانی له‌گه‌ڵ پارێزه‌رانیدا چه‌ندین جار باسی له پرۆژه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردن(خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر)ی دیموکراتی کرد و ده‌ستنیشانی ئه‌وه‌ی کرد که مۆدێلی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموکراتی، نه‌ک هه‌ر ته‌نها بۆ کوردان، به‌ڵکو بۆ چاره‌سه‌رکردنی هه‌موو کێشه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی ناوینیش مۆدێلی هه‌ره گونجاوه و مۆدیلی نه‌ته‌وه- ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ سروشتی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگاکانی خۆرهه‌ڵاتی ناوین ناگونجێت، ئیدی ئه‌م پرۆژه‌یه وه‌ک رۆژه‌ڤێکی سه‌ره‌کی و ستراتیژی گه‌لی کوردستان به‌تایبه‌تی له‌باکووری کوردستان - و ته‌ڤگه‌ره ئازادیخوازه‌که‌ی، پێویستی به هه‌ڵسه‌نگاندن و تاوتوێکردنی به‌رده‌وام هه‌یه تاکو له‌هه‌موو رووێکه‌وه ببێته مایه‌ی تێگه‌یشتن.
له‌م وتاره‌دا زیاتر هه‌وڵده‌ده‌م پووخته‌ی رامان و بۆچوونه‌کانی رێبه‌ری گه‌لی کورد به‌ڕێز عه‌بدوڵلا ئۆجه‌لان و لێدوانه‌کانی کۆما جڤاکێن کوردستان که‌جه‌که و کۆنگره‌ی جڤاکی دیموکراتی که‌جه‌ده بخه‌مه‌ڕوو، که کۆی راوبۆچوون و لێدوانه‌کانیان به‌یه‌که‌وه، پێناسه‌یه‌ک و چوارچێوه‌یه‌کی گشتی سه‌باره‌ت به خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی ده‌خاته‌ڕوو. هه‌وڵده‌ده‌م له‌داهاتوودا له‌میانه‌ی زنجیره وتارێکدا سیسته‌می کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی به‌گشتی باسی لێوه‌بکه‌م.
ده‌بێت سه‌ره‌تا ئه‌وه بخه‌ینه‌ڕوو که له‌بنه‌ڕه‌تدا خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی وه‌ک شێواز و فۆرمیلێکی چاره‌سه‌ری پرسی کورد له‌لایه‌ن ته‌ڤگه‌ری ئازادی گه‌لی کوردستانه‌وه وه‌ک پرۆژه‌یه‌کی چاره‌سه‌ری پێشیخستووه، هه‌روه‌ک به‌ڕێز ئۆجه‌لان سه‌باره‌ت به پرۆژه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دێموکراتی ده‌ڵێت:" پرۆژه‌ی من بۆ خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دێموکراتی، به‌واتای چارسه‌ره‌ی بێ شه‌ڕ دێت له‌نێو سنوره‌کاندا. ئه‌و پرۆژه‌یه له‌هه‌مانکاتدا هه‌ژمونی گلۆباڵ ڕه‌تده‌کاته‌وه، که زۆرجار پێی ده‌ڵێن:'ئیمپراتۆرییه‌ت'. گه‌ل بێ ئه‌وه‌ی له‌ناو ئه‌و ئیپراتۆرییهتهدا بتوێته‌وه، درێژه به هه‌بوونی خۆی ده‌دات. ئه‌و چاره‌سه‌رییه پرهنیسیپهکانی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیش له‌خۆ ده‌گرێ."
که‌واته له گه‌وهه‌ری خۆیدا خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی بریتییه له شێوازی هه‌نگاونان بۆ جێبه‌جێکردن و سه‌قامگیرکردنی سیسته‌می کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی که له ساڵی 2005 به‌دواوه له‌لایه‌ن به‌ڕێز ئۆجه‌لانه‌وه چوارچێوه و فۆرمێکی تیۆری و پراکتیکی پێداوه. بۆیه کاتێک باس له خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی ده‌که‌ین، ئه‌وا له‌هه‌مانکاتدا باس له شێوازی به‌ڕێوه‌بردن له نێو سیسته‌می کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی ده‌که‌ین.
خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی؛ که له‌سه‌ر بنه‌مای رێکخستنبوونی کۆمۆنه‌کان (یه‌کینه‌کان)ی گوند و کۆڵانه‌کان، ئه‌نجوومه‌نی گه‌ڕه‌که‌کان، شاره‌کان و هه‌رێمه‌کاندا پێشده‌که‌وێت و رێکخستهبوونه کۆنفیدراڵییهکانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی جه‌وانان، ژنان و ره‌نجده‌رانیش له‌خۆوه ده‌گرێت، به‌شێوه‌یه‌ک که هیچ که‌سێک بێڕێکخستن نه‌مێنێته‌وه، ئه‌وا له‌ناوه‌رۆکی خۆیدا مۆدێلێکی دیموکراتیانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه که گه‌ل و کۆمه‌ڵگاکان له هه‌رێمی خۆیاندا به‌ئیراده و داخوازی خۆیان گۆڕه‌پانه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی خۆیانی پێ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.
مسۆگه‌ر گه‌ل و کۆمه‌ڵگایه‌ک ده‌توانێت دیموکراتیانه خۆی به‌ڕێوه ببات که خۆی گه‌یاندبێته ئه‌و ئاسته‌ی که توانست و ئیراده‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردن نیشان بدات. بۆیه خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی شێواز و په‌یکه‌ری خۆبه‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و کۆمه‌ڵگا و نه‌ته‌وه‌یه‌یه که دیموکراتیزه بووه، یان له‌قۆناخی خۆ دیموکراتیزه‌کردن دایه. چونکه شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تگه‌رایی و سیسته‌می ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه بۆ نه‌ته‌وه و کۆمه‌ڵگا دیموکراتییه‌کان وه‌ک چوارچێوه‌یه‌کی زۆر به‌رته‌سک و خنکێنه‌ر وایه و ناتوانێت تێیدا گه‌وهه‌ری ئازادانه‌ی خۆی بپارێزێت. بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌ر گه‌وهه‌رێک شێوه و شێوازێکی راسته‌قینه‌ی خۆی هه‌یه، ئه‌وا نه‌ته‌وه و کۆمه‌ڵگای دیموکراتیش شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتیانه‌ی خۆی پێویسته، که خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی گوزارشتی لێده‌کات و شێوازێکی ده‌ره‌وه‌ی شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌یه.
هه‌ر هه‌روه‌ک به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:" ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌ی دیموکراتی ڕۆح بێت، خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتییش جه‌سته‌یه‌تی. چۆن جه‌سته بێ ڕۆح نابێت، ڕۆحیش بێ جه‌سته نابێت. هه‌ر ئاواش، نه‌ته‌وه‌ی دیموکراتی به‌بێ خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی نابێت و خۆبه‌رێوه‌بردنی دیموکراتییش به‌بێ نه‌ته‌وه‌ی دیموکراتی نابێت... خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی، ره‌وشی کۆتایی بونیادنانی نه‌ته‌وه‌ی دیموکراتییه. ره‌وشی یه‌کلاییکه‌ره‌وه و بهرجهستهکردنهکهیهتی. هه‌ڵبه‌ته بونیادنانی نه‌ته‌وه‌ی دیموکراتی، به‌واتای بونیادنانی نه‌ته‌وه - ده‌وڵه‌ت نایه‌ت. هه‌موو لایه‌ک ره‌وشی فه‌له‌ستین ده‌بینن. فه‌له‌ستین ته‌نانه‌ت وه‌کو باشووری کوردستان، نه‌ته‌وه ده‌وڵه‌تیش نییه. کوردانی خاوه‌ن ئه‌م فیکره‌یه ده‌ڵێن' ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تێکی بچووکیشمان هه‌بێت به‌سمانه' ئه‌م هه‌ڵوێسته به واتای مردنی سه‌دان هه‌زار که‌س دێت. بۆچوونی' نه‌ته‌وه‌کان به بونیادنان و بوونیان به خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت ده‌توانن داهاتووی خۆیان دابین بکه‌ن' یه‌کێکه له هۆکاره بنچینه‌ییه‌کانی رووخانی سۆسیالیزمی بونیادنراو. مارکس، ئه‌نگلس، لینین و هه‌موویان به‌هه‌ڵه ئه‌مه‌یان شرۆڤه کرد. من بۆچوونی خۆم ده‌رباره‌ی بونیادنانی نه‌ته‌وه‌ی دیموکراتی له پارێزنامه‌که‌ی خۆمدا به‌ناوی 'سۆسیۆلۆژیای ئازادی' به‌به‌رفراوانی باس کردووه."
مسۆگه‌ر به‌بێ تێگه‌یشتن له راستینه‌ی زهنییه‌تی ده‌وڵه‌تگه‌رایی و چه‌مکی ده‌وڵه‌ت - نه‌ته‌وه ناکرێ له راستینه‌ی خۆبهبهڕێوهبردنی دیموکراتی و سیسته‌می کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی تێبگه‌ین. هه‌ر به‌کورتی ده‌توانم وه‌ها گوزارشت له جیاوازی نێوان هه‌ر دوو سیسته‌م بکه‌م؛ له‌فه‌لسه‌فه‌ی به‌ڕێز ئۆجه‌لاندا ده‌وڵه‌ت له‌به‌رامبه‌ر دیموکراتییه، ده‌وڵه‌ت - نه‌ته‌وه له‌به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌ی دیموکراتییه، مۆدێرنیته‌ی کاپیتالیزم له‌به‌رامبه‌ر مۆدێنیته‌ی دیموکراتییه، شارستانی کاپیتالیزم له‌به‌رامبه‌ر شارستانێتی دیموکراتییه...
به‌ڕێز ئۆجه‌لان به ئاماژه‌کردن به بۆچوونه‌کانی ئیمانوێل والرشتاین که ئه‌ویش له‌و باوه‌ڕه‌دایه؛ له تورکیا سیسته‌می نه‌ته‌وه - ده‌وڵه‌ت ئیدی کۆن بووه و ماوه‌ی به‌سه‌رچووه، ده‌ڵێت:" منیش هه‌میشه ده‌ڵێم مۆدێلی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه مۆدێلی هه‌ره دواییه که ماوه‌ی پێنج سه‌ده‌یه سیسته‌می کاپیتالیزم بۆ کۆنترۆڵکردنی گه‌لان به‌کاریهێناوه. ده‌بێ مرۆڤ باش له ڕاستی نه‌ته‌وه - ده‌وڵه‌ت تێبگات، ئاستی هه‌ره بڵندی ده‌وڵه‌ت - نه‌ته‌وه، فاشیزمه. ئه‌وروپا ئه‌مه‌ی له‌کاتی باڵاده‌ستێتی هیتله‌ر له ئه‌ڵمانیای نازیدا بینی. له‌ڕاستیدا هه‌روه‌کو پێشبینی کراوه، هه‌تا ئێستا زهنیه‌تی فاشیزمی هیتله‌ر کۆتایی نه‌هاتووه. تا زهنییه‌تی ده‌وڵه‌ت - نه‌ته‌وه به‌رده‌وام بێت، مه‌ترسی فاشیزمیش کۆتایی نایه‌ت، له‌وانه‌یه هیتله‌ری نوێش بخوڵقێنرێت."
به‌ڕێز ئۆجه‌لان جه‌خت له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنی زهنییه‌ت و مۆدێلی 'ده‌وڵه‌ت - نه‌ته‌وه'ی سه‌دان ساڵه‌ی کرده‌وه، چونکه ده‌وڵه‌ت -نه‌ته‌وه، نه‌ک هه‌ر چاره‌سه‌ری له‌گه‌ڵ خۆیدا ناهێنێت، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه، سه‌رچاوه‌ی کێشه‌کانه. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشان کردووه که مۆدێلی نه‌ته‌وه - ده‌وڵه‌ت بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوین نابێت و ده‌ڵێت:" ئه‌و ته‌نگه‌تاوییه‌ی که ئه‌مه‌ریکا له خۆرهه‌ڵاتی ناویندا تێیکه‌وتووه، په‌یوه‌ندی به‌مه‌وه هه‌یه. ئه‌مه‌ریکا یه‌کێکه له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که له خۆرهه‌ڵاتی ناویندا مۆدێلی ده‌وڵه‌ت - نه‌ته‌وه به‌ڕێوه ده‌بات، ئه‌وان ناتوانن ئه‌و مۆدێله له ئێراق به‌ڕێوه ببه‌ن، له ئه‌فغانستانیش به‌هه‌مان شێوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی که ناکرێت."
سه‌باره‌ت به‌و پێداگرییانه‌ی که‌وا رژێمه باڵاده‌سته‌کانی خۆرهه‌ڵاتی ناوین له‌سه‌ر مۆدێلی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه ده‌یکه‌ن رێزدار ئۆجه‌لان ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو که به‌م پێداگریکردنهیان خۆیان له‌ناو ده‌به‌ن و ده‌ڵێت:" له ئێران ده‌وڵه‌تی شیعه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ئه‌و مۆدێله به‌کاربێنێت ده‌یه‌وێ خۆڕاگری بکات، به‌ڵام ناتوانێت. گه‌لانی هه‌رێمه‌که‌ش خۆڕاگری ده‌که‌ن. رژێمی شیعهپهرست ده‌بێته هۆکاری کۆمه‌ڵکوژی. ئه‌گه‌ر ئێران له‌وباره‌وه پێداگری له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆی بکات، ئه‌وا زیانمه‌ند ده‌بێت. به‌هه‌مان شێوه نه‌ته‌وه‌په‌رستی عه‌ره‌ب و مۆدێلی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه رێ له‌به‌رده‌م فاشیزم و کۆمه‌ڵکوژی ده‌کاته‌وه. خۆی له‌خۆیدا ڕه‌وشی تورکیا له‌پێش چاوانه، ئه‌و رێگا و رێبازانه‌ی که فاشیزمی 'تورکی سپی' به‌کاری دێنیت، حیساب بۆ جیاوازییه‌کانی کۆمه‌ڵگا ناکات، ته‌نانه‌ت نازییه‌کانی ئه‌ڵمان، له‌ناوبردنی ئه‌رمه‌نیه‌کانیان له‌سه‌رده‌می ئیتیحاد و ته‌ره‌قیدا کرده نموونه‌یه‌ک بۆ خۆیان. هیتله‌ر له‌وانه‌وه فێری فاشیستی بوو، به‌و هۆیه‌شه‌وه ئێمه پێشنیاری خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموکراتی ده‌که‌ین، نه‌ک ته‌نیا بۆ کوردان، به‌ڵکو بۆ هه‌موو گه‌لان و بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوین. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌فغانستانیش هه‌ر ئه‌م مۆدێله پێشنیار ده‌که‌ین."
به‌ڕێز ئۆجه‌لان له روانگه‌ی ئه‌وه‌ی سیسته‌می باڵاده‌ستی ئێستا وه‌ک سیسته‌مێکی دژ به ڕاستیه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی ناوین و تورکیایه و سیسته‌می تورکیا به‌و دۆخه‌ی ئێستای، ناتوانێت وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی داخوازییه‌کانی کۆمه‌ڵگا بێت، ده‌ڵێت:" تورکیا به‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی ئێستای ناتوانێت، هیچ چینێکی کۆمه‌ڵگا ڕازی بکات. ئێمه، خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی، ته‌نها به‌خۆمانه‌وه سنووردار ناکه‌ین. ئه‌و پرۆژه‌یه، ته‌نیا له‌سه‌ر پێگه‌ی ئێتنیسیته‌ی کورد نییه، کوردان ئه‌مڕۆ پیشه‌نگایه‌تی ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌وه پرۆژه‌یه‌که بۆ سه‌رتاسه‌ری تورکیا، بۆ ئێراق و ته‌واوی خۆرهه‌ڵاتی ناوینیش به‌و شێوه‌یه‌یه. مرۆڤ ده‌توانێت، لێره‌وه پێکیبێنێت و په‌ره‌ی پێبدات."
کۆنگره‌ی جڤاکی دیموکراتی' که‌جه‌ده' که پێکهاته‌یه‌که له هه‌موو داموده‌زگاکانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له باکووری کوردستان، له رۆژانی 7 و 8ی مانگی ئابی 2010 چواره‌مین کۆنگره‌ی ئاسایی خۆی به‌ڕێوه‌برد و تێیدا بابه‌تی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی تاوتوێ کرد و رایگه‌یاند که شێوازی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی، پرۆژه‌یه‌کی مێژووییه، به‌و راده‌یه‌ی توانستی پرسی گه‌لی کورد چاره‌سه‌ر ده‌کات، به‌هه‌مان شێوه‌ش توانستی چاره‌سه‌رکردنی کێشه مێژووییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوینی هه‌یه.
له کۆنگره‌که‌دا به مه‌به‌ستی گه‌ڕان به دوای چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه و گێژاوه‌ی که نه‌ته‌وه - ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناویه‌ته ئاراوه، خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی وه‌کو چاره‌سه‌رییه‌کی مێژوویی و هه‌نووکه‌یی ده‌ستنیشان کردووه. له کۆنگره‌که‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه کرایه‌وه که "خۆبهڕێوهبڕدنی دیموکراتی نه هه‌وڵدانێکه به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی و نه ده‌زگایه‌کی گرێدراوی ده‌وڵه‌تیشه."
که‌جه‌ده پێناسه‌یه‌کی به‌و شێوه‌یه بۆ خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی کردووه:" له‌نێویدا ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارییه‌کی جیاواز جێگای تێدا ناگرێت، شێوازێکه ئاوێته‌یه‌که له نێوان شێوازی ده‌وڵه‌ت و شیوازی دیموکراتی. په‌یوه‌ندییه‌کانی وه‌کو په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و ده‌وڵه‌تی هه‌رێمی نییه. شێوازێکی په‌یوه‌ندییه که ده‌وڵه‌ت ناچار ده‌کات به هه‌ستیارییه‌وه هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ دیموکراتی بکات. خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی به‌واتای خۆبهرپرسیارێتی و خۆبهخۆبهڕێوهبردنه. له کو‌لتوور و کۆمه‌ڵگای جیاوازدا، هه‌ر کو‌لتوور و کۆمه‌ڵگایه‌ک خۆی بڕیار له‌سه‌ر خۆی ده‌دات. شێوازی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی، پرۆژه‌یه‌کی مێژووییه، به‌و راده‌یه‌ی توانستی پرسی گه‌لی کورد چاره‌سه‌ر ده‌کات، به‌هه‌مان شێوه‌ش توانستی چاره‌سه‌رکردنی پرسه مێژووییه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی ناوینی هه‌یه."
کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵگای دیموکراتی له کۆنگره‌که‌ی خۆیدا چوار خاڵی سه‌ره‌کی بۆ خۆی به بنه‌ما ده‌گرێ ئه‌و چوار خاڵه‌ش به‌مشێوه‌یه‌یه:" نه‌ته‌وه‌ی دیموکراتی، وڵاتی دیموکراتی ، کۆماری دیموکراتی ، ده‌ستووری بنچینه‌یی دیموکراتی".
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و چوار خاڵه که‌جه‌ده ئه‌وه به‌ئامانج ده‌گرێ که له تورکیادا ناسنامه، چاند و باوه‌ڕییه جیاوازه‌کان بتوانن تایبه‌تمه‌ندی و خۆبه‌ڕێوه‌بردنی خۆیان به‌شێوه‌یه‌کی جودا ده‌رببڕن. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تیشدا له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندی دیموکراتیانه‌دا، پاراستنی ناسنامه‌ی جودا و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری شێوه ده‌گرێت.
که‌جه‌ده جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه که چاوه‌ڕێی ده‌وڵه‌ت ناکات، خۆی به‌خۆی چاره‌سه‌ری پێشده‌خات. دامه‌زراندنی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی به‌بنچینه وه‌رده‌گرێت و ئه‌و خۆبه‌ڕێوه‌بردنه له‌هه‌مانکاتدا پرۆژه‌ی دیموکراتیکردنی تورکیاشه."
که‌واته خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی وه‌ک شێوازێکی تێکه‌ڵه‌ی دیموکراتی و ده‌وڵه‌ته، له قۆناخێکی راگوزار(مرحلە أنتقالیە)دا واته شێوازێکه ئاوێته‌یه له سیسته‌می ده‌وڵه‌ت و سیسته‌می کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی، واته ده‌وڵه‌ت هه‌یه و باڵاده‌سته، به‌ڵام کۆمه‌ڵگا دێت به ئیراده‌ی ئازادانه‌ی خۆیه‌وه خۆی به‌رێکخستن ده‌کات و خۆی به‌ڕێوه‌ده‌بات.
له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێز ئۆجه‌لان وه‌ها ده‌ڵێت:" له ئێستادا له قۆناخی ڕاگوزاریدا ده‌ژین. من بۆ کوردان خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی، وه‌ک گۆڕه‌پانی ئازادی هه‌ڵده‌سه‌نگێنم. خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموکراتی، پشت به چوارچێوه‌ی ئه‌تنیکی یان سنووری جوگرافی نابه‌ستێت. به‌ڵکو له‌سه‌ر بنه‌مای خۆبه‌ڕێوه‌بردن دێته‌کایه‌وه. کوردان له میانه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتیدا، به‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتیانه‌ی خۆیان ئاواده‌که‌ن. ئه‌مه راگه‌یاندنی شه‌ڕ و شتی وه‌ها نییه، به‌ڵكو ئه‌مه چالاکی ئاواکردنی دیموکراتیانه و رێکخسته‌کردنی دیموکراتییانه‌یه. ئه‌وه هه‌موو گۆڕه‌پانه‌کان له‌خۆ ده‌گرێت. له وه‌رزشه‌وه بگره، تا هه‌موو ناوه‌نده هاوبه‌شه‌کان له‌خۆ ده‌گرێت و ڕێکیان ده‌خات."
که‌جه‌ده‌ش له کۆنگره‌ی ئه‌مدواییه‌ی خۆیاندا وه‌ها ده‌ڵێن:" خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی؛ له‌سه‌ر بنه‌مای رێکخستنبوونی کۆمۆنه‌کانی گوند و کۆڵانه‌کان، ئه‌نجوومه‌نی گه‌ڕه‌که‌کان، شاره‌کان و هه‌رێمه‌کاندا پێشده‌که‌وێت. رێکخستهبوونه کۆنفیدراڵییهکانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی جه‌وانان، ژنان و ره‌نجده‌رانیش له‌خۆوه ده‌گرێت، به‌شێوه‌یه‌ک که هیچ که‌سێک بێڕێکخستن نه‌مێنێته‌وه. له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تدا که‌وا پرسی کورد چاره‌سه‌ر ناکات، خۆی به‌خۆی چاره‌سه‌ری پێشده‌خات. ئه‌مه به‌مشێوه‌یه ده‌شبێته پرۆژه‌ی دیموکراتیکردنی تورکیاش. هه‌رچه‌نده ده‌وڵه‌ت خۆی ناخاته ژێر باری چاره‌سه‌رکردنی پرسه‌که، به‌ڵام له‌به‌رده‌م ئه‌و چاره‌سه‌رییه‌ی که‌وا ئێمه پێشیدهخهین نابێته کۆسپ. بۆیه له‌میانه‌ی گۆڕانکاری رادیکاڵانهوه؛ ئێمه چه‌نده دیموکراتییه‌تی خۆمان پێشبخه‌ین، ده‌وڵه‌تیش ئه‌وه‌نده ناچار ده‌بێت که‌وا به‌ره‌و دیموکراتییه‌ت هه‌نگاو بنێت."
ڕێبه‌ری گه‌لی کورد عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان له‌میانه‌ی تیشک خستنه سه‌ر پرۆژه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتیدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه که پرۆژه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌نیا ئه‌تنیک و جوگرافیا و ته‌نانه‌ت ته‌نیا ئایینیش له‌خۆ ناگرێت، به‌ڵکو له‌سه‌ر بنچینه‌ی گه‌لان و کۆمه‌ڵگا جیاوازه‌کان و له‌سه‌ر بنچینه‌ی دیموکراتییه. که ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا تێپه‌ڕاندنی زهنییه‌تی ده‌وڵه‌ت - نه‌ته‌وه‌یه.
یه‌کێک له خاڵه گرنگه‌کانی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی په‌یوه‌ندییه‌تی به ده‌وڵه‌ته‌وه‌یه، خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی شێوازێکی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته بۆ به‌ڕێوه‌بردن که گه‌ل و کۆمه‌ڵگاکان له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌وڵه‌تدا کاروباره‌کانی خۆیان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. به‌مه‌ش خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی له ناوه‌رۆک و فه‌لسه‌فه‌ی به‌ڕێوه‌بردندا له شێوازی ئۆتۆنۆمی (حوکمی زاتی) پهیڕهکراو جیاوازه. چونکه ده‌سه‌ڵاته ئۆتۆنۆمییه‌کان؛ له‌هه‌رێمێکی دیاریکراودا سیسته‌مێکی به‌ڕێوه‌بردنی خۆجێی سه‌ر به ناوه‌ندی ده‌وڵه‌تن و له‌ناو ده‌وڵه‌تدا فۆرمیلهیان وه‌رگرتووه. نه‌ک له‌ناو کۆمه‌ڵگادا. واتا ده‌سه‌ڵاتی ئۆتۆنۆمی بۆ خۆی نوێنه‌ری ده‌وڵه‌ته له‌و هه‌رێمه‌ی که‌وا تێیدا باڵاده‌سته. به‌ڵام له خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتیدا له سێ خاڵدا خۆی له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تدا ده‌هێڵێته‌وه؛ یه‌که‌میان: خۆی به‌ناوه‌ندی ده‌وڵه‌ته‌وه په‌یوه‌ست ناکات و ته‌نانه‌ت له‌میانه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پێداویستییه‌کانی کۆمه‌ڵگا و خۆ رێکخسته‌کردنی له‌هه‌موو گوند و گه‌ڕه‌ک و شارۆچکه و شار و هه‌رێمه‌کاندا هه‌وڵده‌دات ناوه‌ندێتی ده‌وڵه‌ت و چه‌مک و زهنییه‌تی دهوڵهتگهراییش لاواز بکات و تا ئه‌و راده‌یه‌ی شتێک به‌ناوی ناوه‌ندێتی ده‌وڵه‌ت نه‌مێنیت. دووه‌میشیان: خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی له‌ناو کۆمه‌ڵگاوه‌یه و هه‌موو کۆمه‌ڵگا له‌خۆوه ده‌گرێت و ئیراده و داخوازی و پێداویستییه‌کانی کۆمه‌ڵگا بنچینه و بنه‌مایه‌تی. سێیه‌مینیشیان: له ده‌سه‌ڵاتی ئۆتۆنۆمیدا ده‌کرێ سنووری به‌ڕێوه‌بردن و دهستڕۆییهکهی له‌سه‌ر بنه‌مای جوگرافیا یان ئه‌تنیک یان ئایینێکی دیاریکراو بێت، به‌ڵام له خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتیدا ئه‌و چوارچێوانه بۆ خۆی به بنه‌ما ناگرێت. بۆ نموونه؛ گه‌لی کورد له ده‌ره‌وه‌ی باکووری کوردستان به ملیۆنان له ئه‌سته‌نبۆل و ئه‌نقه‌ره و ئیزمیر و مێرسین و شاره گه‌وره‌کانی دیکه‌ی تورکیادا نیشته‌جێن، ده‌کرێ له‌و شار و ناوچانه‌شدا له‌سه‌ر بنه‌مای خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتیدا کاروباره‌کانی ژیانی خۆیان رێکبخه‌ن.
له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێز ئۆجه‌لان ده‌ڵێت:" له سیسته‌می خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتیدا، ئه‌وه‌ی گرنگه ئیراده‌ی به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگایه. کۆمه‌ڵگا ئه‌رکه‌کانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی که‌م ده‌کاته‌وه و به‌خۆی خۆی به‌ڕێوه‌ده‌بات. من به‌وه ده‌ڵێم، ناوه‌ند ئه‌رکه‌کانی ڕاده‌ستی کۆمه‌ڵگا ده‌کات. له خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتیدا، دژایه‌تیکردنی ده‌وڵه‌ت بوونی نییه. ده‌بێ کوردان، له ئاسایشه‌وه بگره تا بواره‌کانی وه‌رزش، له هه‌موو گۆڕه‌پانێکدا، بێئه‌وه‌ی پێویستیان به ده‌وڵه‌ت بێت، په‌ره به ڕێکخستنه‌کانی خۆیان بده‌ن. ده‌بێ له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و چاندییه‌وه رێکخستنه‌کانی خۆیان بونیاد بنێن. ئاسایشی ناوخۆ دابین بکه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ش پێویست ناکات چاوه‌ڕوانی ده‌وڵه‌ت بن که ئه‌وانه په‌سند بکات."
به‌ڕێز ئۆجه‌لان بۆئه‌وه‌ی خۆبه‌ڕیوه‌بردنی دیموکراتی باش ببێته مایه‌ی تێگه‌یشتن و بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و سیستمه له ئامه‌ددا پێشنیارێکی به‌و شێوه‌یه‌ی کرد:" "ده‌توانن له ئامه‌د، کۆنسه‌ی شار دابمه‌زرێنن، ده‌بێ کوردان، کۆڵان به کۆڵانی ئامه‌د ڕێکبخه‌ن و بیکه‌نه قه‌ڵایه‌کی ڕاسته‌قینه. بۆنموونه؛ ده‌وڵه‌ت په‌روه‌رده به زمانی دایکی په‌سند ناکات. ئایا مرۆڤ ده‌توانێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌دا چی بکات؟ له دۆخێکی به‌و شێوه‌یه‌دا پێویسته کوردان له هه‌موو کوچه و کۆڵانێک، تیمی تایبه‌ت به زمانی کوردی دابمه‌زرێنن. ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه بکه‌ن، دواتر لایه‌نی یاساییه‌که‌شی پێکدێت... کوردان له چوارچێوه‌ی دیموکراسی و یاسادا، درێژه به خه‌باتی خۆیان ده‌ده‌ن و له‌هه‌موو شوێنێکدا سیسته‌می پاراستنی بنچینه‌یی خۆیان ئاواده‌که‌ن. جه‌وهه‌ری بنچینه‌ییش ئه‌مه‌یه که ئێمه بێ ئه‌وه‌ی ده‌ربازی ژیانی مۆدێرنیته‌ی کاپیتالیزم ببین، مۆدێرنیته‌ی دیموکراتی ئاوا ده‌که‌ین و له‌و پێناوه‌شدا تێده‌کۆشین."
سه‌رۆکی کۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌برایه‌تی کۆما جڤاکێن کوردستان، که‌جه‌که، موراد قه‌ره‌یڵانیش له‌مباره‌یه‌وه وه‌ها ده‌ڵێت:" ئه‌و مودێله‌ی که ئێمه ده‌مانه‌وێت، له ئه‌تنیک زیاتر خۆی ده‌سپێرێته مۆدێلێکی دیموکراتی خۆبه‌رێوه‌به‌ری هه‌رێمی و ئه‌مه به‌بنه‌ما وه‌رده‌گرێت، واته له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌رکه‌کان له‌ناوه‌ندێکدا کۆببنه‌وه، باشتره که له‌گه‌ڵ گه‌ل و هه‌رێمه‌کاندا، ئه‌و ئه‌رکانه دابه‌ش بکرێن. باشتر وایه خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی، وه‌ک مۆدێلێکی دیموکراتی که گه‌ل خۆی پێ به‌ڕێوه‌ده‌بات، مایه‌ی تێگه‌یشتن و هه‌ڵسه‌نگاندن بێت."
به‌ڕێز ئۆجه‌لان وردتر مۆدێلی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی شیده‌کاته‌وه و ده‌ڵێت:" ئه‌و مۆدێلی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتییه‌ی که ئێمه پێشنیاری ده‌که‌ین، پشت به ئه‌تنیکی و سنوری جوگرافی نابه‌ستێت. به‌ڵکو ئه‌م مۆدێله خۆی ده‌سپێرێته جه‌وهه‌ری کۆمه‌ڵگای دیموکراتی. هه‌موو لایه‌نه‌کانی کۆمه‌ڵگا وه‌کو یه‌کێتیه‌کی (یه‌کینه‌یه‌کی) کۆمه‌ڵایه‌تی په‌سند ده‌کرێت. بۆ نموونه؛ گه‌ڕه‌کی 'باخلهر' له‌شاری ئامه‌د هه‌یه، ئه‌و گه‌ڕه‌که ده‌کرێ وه‌کو یه‌کێتیه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی په‌سند بکرێت. ئه‌و که‌سانه‌ی که له‌وێ ده‌ژین، بۆ چاره‌سه‌رکردنی پرسه‌کانی رۆژانه‌یان و مه‌سه‌له جۆربه‌جۆره‌کان، ده‌توانن کۆنسه و ئه‌نجوومه‌نی خۆیان ساز بکه‌ن، به‌و شێوه‌یه یه‌کێتیه‌کانی دیکه‌ی ئه‌و گه‌ڕه‌که له‌ناو ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌دا ده‌توانن نوێنه‌رایه‌تی خۆیان بکه‌ن."
به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ده‌ستنیشانی کردووه که کوردان به‌هۆی هه‌ڵکه‌وته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌وه، بۆ پرۆژه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی گونجاون، هه‌ربۆیه کوردان ده‌توانن پێشه‌نگایه‌تی ئه‌و پرۆژه‌یه بکه‌ن. به ڕێگای پرۆژه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتییه‌وه، کوردان مافی نه‌ته‌وه‌بوون، مافه مێژووییه‌کان، ناسنامه و مافه دێموکراتیکیهکانیان به‌ده‌ستدێنن. کوردان ده‌توانن هێدی هێدی، پرۆژه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی به‌سه‌رتاسه‌ری تورکیادا بڵاو بکه‌نه‌وه.
ئه‌مه‌و رێزدار ئۆجه‌لان لهههوڵدانیدا بۆ خستنه‌ڕووی چوارچێوه‌یه‌کی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی که وه‌ک پرۆژه‌یه‌کی کورد بۆ چاره‌سه‌ری پرسه‌که‌ی ناودێری ده‌کات، له‌میانه‌ی شه‌ش خاڵدا لایه‌نه بنچینه‌ییه‌کانی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی له‌باکووری کوردستان و تورکیا وه‌ها خسته‌ڕوو:"
1. لایه‌نی سیاسی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی؛ له‌م لایه‌نه‌دا ده‌کرێ ئه‌نجوومه‌نێک هه‌بێت، یان کۆنگره‌یه‌کی گه‌ل هه‌بێت. ئه‌م کۆنگره‌یه؛ کۆنگره‌ی جڤاکی دیموکراتییه. ده‌سته‌یه‌کی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌م کۆنگره‌یه‌ش هه‌یه.
2. لایه‌نی یاسایی خۆبه‌رێوه‌بردنی دیموکراتی؛ ئه‌م لایه‌نه گوزارشت له ستاتۆی یاساییانه‌ی پرۆژه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی ده‌کات. کاتالانییه‌کان ئه‌مه وه‌ک 'ستاتۆس' ناودێر ده‌که‌ن. ئێمه‌ش ده‌توانین وه‌کو ستاتۆ(قه‌واره) ناودێری بکه‌ین. ئه‌مه زۆر گرنگه. واتا له‌رووی یاساییه‌وه ستاتۆی کوردان چۆن ده‌بێت؟ ئه‌وه به‌دیار ده‌که‌وێت و پاشانیش له ده‌ستووری بنچینه‌یی و یاساکاندا جێگیر ده‌کرێت. به رێگه‌ی یاساکانه‌وه ناوه‌رۆک و چوارچێوه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی روونده‌بێته‌وه.
3. لایه‌نی ئابووری خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی؛ سیاسه‌تی ئابووری نه‌ته‌وه‌ی دیموکراتی بونیاد ده‌نرێت. پێویسته ئه‌وه ده‌ستنیشان بکرێت که چ شێوه‌یه‌کی ئابووری پێویسته. هه‌روه‌ها سیاسه‌تی خۆی سه‌باره‌ت به به‌نداوه‌کان و سه‌رچاوه‌کانی ژێر زه‌وی و سه‌ر زه‌وی هه‌یه. وه‌کو سیسته‌مێکی ئابووری ئێمه کاپیتالیزم په‌سند ناکه‌ین. له‌وانه‌یه ئێمه نه‌توانین کاپیتالیزم به‌ته‌واوی هه‌ڵوه‌شێنینه‌وه، به‌ڵام ئێمه تا ئاستێک ده‌توانین له‌هه‌ندێک بواری گرنگدا ئه‌و بگۆڕین و سیسته‌می ئابووری خۆمان بونیاد بنێین. له‌م سیسته‌مه‌دا ئابووری گه‌ل هه‌یه، مرۆڤ ده‌توانێت به‌شێکیشی بکاته ئابووری تایبه‌ت.
4. لایه‌نی چاندی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی؛ لایه‌نی چاندی، زمان، په‌روه‌رده به زمانی زگماکی، مێژوو و هونه‌ر له‌خۆوه ده‌گرێت. مرۆڤ چۆن ده‌توانێت په‌روه‌رده به زمانی زگماکی ببینێت؟. سیاسه‌تی زمان بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیموکراتی چۆن ده‌بێت؟ مرۆڤ ده‌توانێت گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌مانه بکات و سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌یی دابڕێژێت. هه‌روه‌ها کوردان چی بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن قڕکردنی چاندی پووچه‌ڵ بکه‌نه‌وه؟ پێویسته مرۆڤ گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش بکات و ده‌رئه‌نجامێک وه‌ربگرێت و قڕکردنی چاندیش نه‌هێڵێت.
5. لایه‌نی دیبلۆماسی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی؛ ئه‌م لایه‌نه په‌یوه‌ندی کورد له‌گه‌ڵ گه‌ل و کۆمه‌ڵگاکانی دیکه یه‌کلایی ده‌کاته‌وه و چوارچێوه‌یه‌کی پێده‌دات. له‌گه‌ڵ کوردانی پارچه‌کانی دیکه و وڵاتانی دراوسێدا په‌یوه‌ندی دروست ده‌کات. ئێمه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگاکانی دیکه‌دا په‌یوه‌ندییه‌کی چۆن ده‌خوازین و چۆن له‌گه‌ڵیاندا بژین؟ لایه‌نی دیبلۆماسی ئه‌مه ده‌ستنیشان ده‌کات.
6. لایه‌نی پاراستنی گه‌وهه‌ری خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی؛ ئێمه ده‌توانین به‌م لایه‌نه بڵێین؛ لایه‌نی ئاسایشیش. واتا لایه‌نی قڕکردن. کوردان چۆن ده‌توانن خۆیان له قڕکردن رزگار بکه‌ن؟ پێویسته ئه‌مه به گفتوگۆ یه‌کلایی بکرێته‌وه. من به ده‌سته‌واژه‌ی 'قڕکردن' باس له‌هه‌موو جۆره قڕکردنه‌کان ده‌که‌م. نه‌ک هه‌ر ته‌نیا جه‌سته‌یی، چاندی و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ش له‌خۆوه ده‌گرێت. ده‌بێت بناخه‌ی خۆپاراستنی گه‌وهه‌ری ئاماده بکرێت. لێره‌دا کۆمه‌ڵگا خۆی خۆپاراستنی خۆی ئه‌نجام ده‌دات. هه‌ڵبه‌ته به‌مه هه‌ر ته‌نیا باسی چه‌کداری ناکه‌م. باس له لایه‌نه چه‌کدارییه‌که‌ی خۆپاراستنی گه‌وهه‌ری، واتا که‌جه‌که و په‌که‌که ناکه‌م، باسی لایه‌نی ئاسایشی گه‌ل ده‌که‌م. مه‌به‌ست له‌م قسه‌یه گوزارشتکردنه له رێکخستنی جڤاکی دیموکراتی و بونیادنانی سیسته‌می ئاسایشی له‌هه‌موو گۆڕه‌پانێکدا. گه‌ل ده‌توانێت گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بکات و به ده‌رئه‌نجامێکی جودا بگات. بۆ نموونه؛ ئایا سه‌ربازی بکه‌ن؟ ده‌بێت گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌مه بکه‌ن. هه‌روه‌ها چۆن جهردهوانێتی هه‌ڵوه‌شێننه‌وه؟ چۆن پرسی جهردهوانێتی چاره‌سه‌ر بکه‌ن؟ پێویستی به گفتوگۆکردنی ئه‌مانه هه‌یه. ئه‌م لایه‌نه‌ی ئاسایشیی خۆپاراستنی گه‌وهه‌ری به‌ڕاده‌ی ئاو و هه‌وا گرنگه. به‌بێ ئه‌مه نابێت. ئایا له سیسته‌می سه‌ربازی ئێستادا، کوردان به‌شدار ده‌بن یان نا؟ له‌ناو سیسته‌می پۆلیسدا به‌شدار ده‌بن یان نا؟ بۆچوونی ئه‌و دامه‌زراوانه سه‌باره‌ت به کوردان چۆن ده‌بێ؟ کوردان خۆیان چۆن ده‌پارێزن؟ پاراستنی کوردان چۆن مسۆگه‌ر ده‌کرێت؟ ئه‌وانه بابه‌تگه‌لێکی زۆر گرنگن."
بێگومان خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی که شێوازی به‌ڕێوه‌بردنه له سیسته‌می کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی شێوازێکی وه‌هایه که له‌ئه‌گه‌ری پهسندنهکردنیشی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورکیاوه، گه‌ل و کۆمه‌ڵگای کورده‌واری ده‌توانن له‌رێگه‌ی داموده‌زگا مه‌ده‌نی و دیموکراتی و شاره‌داری و ئیدارییه‌کانییه‌وه خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت سه‌قامگیر بکه‌ن. واتا ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ لایه‌نی کورددا رێکنه‌که‌وێت و پرسه‌که چاره‌سه‌ر نه‌کات، ئه‌وا کورد چاوه‌ڕێی ده‌وڵه‌ت ناکات و خۆی بێچاره‌ش ناکات، به‌ڵکو خۆی یه‌کلایه‌نه له‌و شوێنانه‌ی تێیدا نیشته‌جێیه خۆی خۆی به‌ڕێوه‌ده‌بات، به‌بێ ئه‌وه‌ی جودا ببێته‌وه. له‌مباره‌یه‌وه موراد قه‌ره‌یڵان ده‌ستنیشانی کردووه که خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی بەواتای ئەوەیە کە لەچوارچێوەی سنوورەکانی دەوڵەتدا پێکەوە ژیانی کو‌لتوور و گەلی جیاوازە و لەبەرامبەر جیابوونەوە، خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی شێوازێکی بونیادنانی یەکێتییەکی ئارەزوومەندانەیە و ده‌ڵێت:" ئێمە به‌مه دەڵێین؛ شێوازی کوردستانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر و دیموکراتییانه، بۆ خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی، بۆ کۆمارێکی دیموکراتی، بۆ نەتەوەیەکی دیموکراتی و وڵاتێکی دیموکراتی تاکه شێوازی یەکیەتی هه‌میشه‌ییه. ئەمە شێوازی جیابوونەوە نییە، بە پێچەوانەوە، شێوازی بونیادنانی یەکێتییەکی ئارەزوومەندانە و دیموکراتییانه‌یه. خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی لە هەمانکاتدا شێوازی دیموکراتیککردنی تورکیاشە."
جێگری سه‌رۆکی کۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی که‌جه‌که جه‌میل بایکیش سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی په‌سند نه‌کرد هه‌ڵوێستی کوردان چی ده‌بێت؟ ده‌ڵێت:" خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی گوزارشت له په‌یوه‌ندی کوردان له‌گه‌ڵ تورکیادا ده‌کات. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی تورک ڕاست هه‌ڵسوکه‌وت بکات، ئه‌وا ئێمه خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتیانه هاوشانی تورکیا به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌ت به‌پێچه‌وانه بوو، ئه‌وکاته خۆمان له‌چوارچێوه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتیدا چاره‌سه‌ری پێشده‌خه‌ین. ئه‌وه‌ی که ئێمه ده‌مانه‌وێ بیکه‌ین ئه‌مه‌یه. ئه‌و سیسته‌مه له‌هه‌مانکاتدا سیستمی کۆمه‌ڵگایه و گه‌لی کورد به ئیراده‌ی خۆی دایده‌مه‌زرێنێت. ئه‌مه‌ش به‌واتای دامه‌زراندنی کۆنفدرالیزمی دیموکراتی دێت. کۆمه‌ڵگای کورد سیسته‌می خۆی له‌ڕووی په‌روه‌رده‌یی، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و به به‌ده‌زگابوونی دیموکراتیانه، ڕێک ده‌خات. له‌سه‌ر بنه‌مای ئیراده‌ی خۆی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت. پێویسته خه‌باتی ئاواکردنی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی و کۆنفدرالیزمی دیموکراتی به‌یه‌که‌وه به‌ڕێوه ببردرێن. ئێمه ئه‌و بڕیارانه‌مان له ساڵی 2007دا له پێنجه‌مین جڤاتی گشتی کۆنگره‌ی گه‌لدا دابوو. بڕیارماندابوو که ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت مل بۆ چاره‌سه‌ری دیموکراتییانه نه‌دا، ئه‌وا ئێمه سیسته‌می دیموکراتیانه‌ی خۆمان له‌سه‌ر بنه‌مای بیرۆکه‌ی ده‌وڵه‌ت- دیموکراسی ئاوا بکه‌ین."
به‌ڕێز ئۆجه‌لانیش به‌رده‌وام جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه که گه‌لی کورد بێ ئاڵته‌رناتیڤ نییه و ده‌ڵێت:" لێدوانه‌که‌ی جه‌میل بایک له‌مباره‌یه‌وه هه‌یه. ده‌ڵێت؛ ئێمه خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی ڕاده‌گه‌یه‌نین، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری په‌سند نه‌که‌ن. ئه‌وه‌تا ڕه‌وشی کۆسۆڤۆ له‌به‌رچاوانه. بۆی هه‌یه ڕووداوی به‌و شێوه‌یه ڕوو بدات. کوردان لایه‌نگیری پێکه‌وه ژیانن، نه‌ک لایه‌نگیری جودا بوونه‌وه. ته‌نانه‌ت ئێمه ده‌مانه‌وێ له چوارچێوه‌ی سنووره‌کانی میساقی میللی‌دا په‌ره به چاره‌سه‌ری بده‌ین. به‌ڵام بڕیاری به‌یه‌که‌وه ژیانی یه‌کلایه‌نه هیچ واتایه‌کی نییه. پێویسته ئه‌م ویسته دوو لایه‌نه بێت و پێداویستییه‌کانی جێبه‌جێ بکرێت. ئه‌گه‌ر به‌یه‌که‌وه ژیانێک هه‌بێت، پێویسته وه‌کو ژیانێکی هاوبه‌ش له ده‌ستووری بنچینه‌ییدا ڕه‌نگبداته‌وه."
سه‌رۆکی کۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی که‌جه‌که موراد قه‌ره‌یلانیش سه‌باره‌ت به پێویستبوونی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی وه‌ک قه‌ڵغانێک بۆ خۆپاراستن له دژی مه‌ترسییه‌کانی زهنییه‌تی تاکلایه‌نه‌ی ده‌وڵه‌تی تورک‌دا ده‌ڵێت:" ئه‌گه‌ر له شوێنێک کولتووری جیاواز هه‌بن و تۆ هه‌وڵی له‌ناوبردنیان بده‌یت، ئه‌وا ئه‌وان ته‌نیا به خۆبه‌رێوه‌بردنی دیموکراتی ده‌توانن خۆیان بپارێزن. هه‌ر بۆیه خۆبه‌ڕێوبردنی دیموکراتی شێوازێکی چاره‌سه‌رییه. ئێمه ده‌مانه‌وێ له‌گه‌ل ده‌وڵه‌تدا ئه‌و کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بکه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تیش نه‌یه‌وێ، ئێمه له‌گه‌ڵ گه‌له‌که‌مان ئه‌وه داده‌مه‌زرێنین. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت بیه‌وێ له‌ناویببات، ئه‌وکاته گه‌لی کوردیش به‌دوای چاره‌سه‌رییه‌کی دیکه‌دا ده‌گه‌ڕێت. وه‌ک ته‌ڤگه‌ری ئازادی و دیموکراتی گه‌لی کورد، له چوارچێوه‌ی پێشخستنی چاره‌سه‌ری خۆماندا، وه‌ک هه‌نگاوی یه‌که‌م ئه‌رک و ئامانجمانه که خۆبه‌رێوه‌بردنی دیموکراتی ڕابگه‌یه‌نین. له‌راستیدا؛ خۆبه‌ڕیوه‌بردنی دیموکراتی، هه‌وڵدانه له‌پێناو په‌لکێشکردنی ده‌وڵه‌ت بۆ چاره‌سه‌رییه‌کی دیموکراتیانه. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت مل بۆ چاره‌سه‌ری نه‌دات، ئه‌وا له‌سه‌ر پێشخستنی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتی به بڕیارین. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت خۆی له چاره‌سه‌ری دیموکراتیانه نزیک نه‌کاته‌وه و ئامانجی له‌ناوبردنی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتیانه‌ی ڕاگه‌یه‌ندراو بێت و بیه‌وێ له‌ناویببات، ئه‌وا ناچار ده‌بین، له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له چوارچێوه‌ی سیسته‌می کۆنفدرالیزمی دیموکراتیدا، چاره‌سه‌ری تایبه‌ت به‌خۆمان پێشبخه‌ین. ئه‌وه چوارچێوه‌ی بنه‌ڕه‌تی چواره‌مین قۆناخی ستراتیژییه. بۆیه ته‌ڤگه‌ری ئازادی گه‌لی کورد، له سه‌ره‌تای قۆناخێکی نوێ‌دا، که‌وتۆته قۆناخێکی هه‌ره مێژوویی له تێکۆشانی خۆیدا. ئه‌مه زۆر گرنگه و له ئاستی قۆناخی شۆڕشێک دایه. سه‌رده‌می قۆناخی ستراتیژی نوێ، ده‌بێته قۆناخێک که له‌سه‌ر بنه‌مای هێزی بنچینه‌یی و ئیراده‌ی خۆی، چاره‌سه‌ری خۆی پێشده‌خات."
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست