جەژنی قوربانە و فرمێسكە دزراوەكان لە نزایەكی ئەم قوربانیەی 1 شوبات ئەگەنە ئاسمان ....
Thursday, 25/10/2012, 12:00
دیسان هەولێرە هەولێر!!
لێرە چڕنوكی گورگ دیارە بە لاشەی پەپوولەیی شەهید و نوزەی دایكێكی غەریبی ئەم هەولێرەیە ئەمڕۆ بۆتە فرمێسكی سەبری یەعقوب بۆ بینینی یوسفە شەهیدەكانی دوێنێی مەڵبەندە سەوزە بەهاریەكەی من و لقە زەردە ئاڵتونیەكەم...ئەمڕۆ لە فەرهەنگی خەونەكانم (شێرە)ئەبینم.. كوڕە شێرە ئەبینم شێرە..باسی چی بۆ بكەم خۆشم نازانم بە كامە گلەیی ڕابگەم كامە ڕاپۆرت وكوڕە كامە داوای بدەمە دەستە پڕنهێنیەكەی ئەوەندە دڵم تووندە خۆ بەس سەبووریم بە ئەودێت ..
.هەر بە پەنجەی خەونەكانم بۆیانباغەكەی(شاخەوان)ەكەم چاك ئەكەم وهەر لە نێو حەوشی مەڵبەندە وێنەیەكی تری لە گەڵ دەگرم ودەڵێم :(قائید) بە خوا ئەمڕۆ قۆزی ..دەبا لەگەڵ (بەهرۆز قەشقەوبەكرجۆلاو مام قادروئاسۆی موعەلیم وخەبات و ووریا)ش بوەستین و بەیەكەوە هەتا زووە وێنەیەكی تریش بگرین....لەگەڵ (یوسف و هێدی)ش نەختێك دەوەستم و باسی بەغدادەكەین ...
ئای كە خۆش بوو !! ئەوانیش دەڵێن: باشە (ئەسعەد)لەكوێیەمنیش دەڵێم (ئەسعەد)لەگەڵ (كاك سەعدی)یە وەك ئێوەیە ئاگای لە مەسئوولەكەی نەبێت ..دەبڕۆن ئەوە (كاك شاخەوان)ڕۆیشت دەبڕۆن ڕاكەن نوقڵی خۆشەویستی لە كۆڵانە قوڕەكان دابەش بكەن بڕۆن ڕاكەن ... (یوسف)دەڵێت: بەخوا گەرجەژنی قوربانیەكان بێت لە یەكی شوباتە وە ئەوە دەبێت پێش (قائید)من بمرم تۆ من ناناسیت؟!منیش دەڵێم كوڕە كوناتناسم من سوعبەتدەكەم دەڕاكە هەتا لەم خەونەم هەڵنەستاوم !!؟؟
دەبێت خەون بێت خۆ ئەوە (دێدەوان)ە پێمدەڵێت: ئەمڕۆ جەژنە (ئەحمەدگەل وساماڵ) بۆ نەهاتوونە !! هەردەستیشم لەنێو لەپی (مەعروف)ە و باسی گلەییەكانی دایكی بۆ ئەكەم و نوزەو ناڵەوشین وڕۆڕۆی دایكی دەبینم كە لەبەردەم ئیمێرجێنسیدا هاواری دەكرد كوا مەعروفەكەم ؟؟!!بابە ڕۆ..وەی بابە ڕۆ كوڕە كوا مەعروفەكەم ..مەعروفیش زۆر بە كپی دەڵێت: (كاك سەعدی وكاك هەرێم) بۆ نەهاتوون؟!!دەوەرەوە هەولێر چیت لە موسڵە بە خوا دەكوژرێیت تۆ ماڵ ومناڵت هەیە دەوەرە هەولێر با جێگاكانمان بگۆڕینەوە من لەگەڵ(كاك سەعدی)دەبم !!!منیش هەربە پێكەنینەوە دەڵێم من بێ كاك (سەعدی) كوجا مەرحەبا.. ئەوە (هاوار وعامر وڕەزا) ش هاتن بەس كاك(عەدنان)یان لەگەڵ نیە قەت نابێت ئەوە چییە؟؟!!تۆ بڵیًی ئەمە كابووسی خەونیًكی ڕەش نەبیًت ؟!!(هاوار)یش هەر بەغەریبی و بە ڕووخسارە پڕ خەندەكەی پیًم دەلیًت:(چۆنی برالە!! دەزانم دەتەویًت چی بڵێیت بەڵیً من نەمهێشت كاك (عەدنان)ئەمڕۆ بیًت.. من نەمهێشت ساچمەكانی تیرۆر شەهیدی بكەن..خۆ ئەگەر ڕۆحیًكی تریشم هەبوایە هەزار جاری تر خۆم دەكردە قوربانی ئەو یەكێًتیە ئەو یەكیًَتیەی كە دوای ئیًَمە هەرخۆمان زامدارمانكرد هەرخۆمان قیمەتیمان نەزانی توخوا بە برادەرەكانم بڵێ با یەكێتی بن تادەگەن بەمن ..پیًَیان بلًێ با بگەڕیًَنەوە ئەوان هەربە یەكیًَتیەوە جوان بوون...) (ملازم محمد)یش بەبێریە سەوزەكەیەوە سڵاوێكمان لێدەكات وهەر لای چایخانەكەی لای ئیدارەش (خەسرەو عوسمان)دەبینیم پێم دەڵێت :لەبیرتە لە92ژوورێكی بچووكمان هەبوولە كۆمیتەكەی شەهیدنووری نانەكەلی ..
كورە مێزە ئاسنەكە وكورسیە دارەكەت لەبیرە ..لەبیرتە لە جەژنی قوربانە بە بەڕازیلیەكەم ماڵە شەهیدانمان بەسەردەكردەوەو نەختێكی تریش بە پێیان دەڕۆیشتین لە بێ بەنزینی ئەوكاتماندا لەبیرتە ژیان قوڕسی ئەوكاتە ئاخۆ دەبێت ماڵی شەهیدان بەسەربكەنەوە وەك جاران ئاخۆ ئێستا شەهید دەبێت كێب ێت!!! ها ها سەیری بكە ئەمڕۆ ئەوهەمووزانكۆو ئەوهەمووئاوەدانیە ئەوەش ڕەنجی خەباتمانە بەس توخوا بیپارێزن دوای ئێمە!!منیش دەڵێم (خەسرەو)گیان هەمووی دەپاریًَزین گەر شیری دایكمان پاك بێت ..منیش ڕاستیەكی نێوئەوخەونەی بۆ باسدەكەم كەلە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەولێر لەگەڵ(كاك سەعدی)وەك و شێتمان لێهاتبوو ڕاماندەكرد بە قاوشەكانە نەماندەزانی كامە (خەسرەوە)شەهید بووە ..كوڕە ئەمڕۆژە كێ شەهید نەبوو!! لەبەردەم دەرگاش (حەسەن پیرە وباسم وزریان)دەبینم دەڵیًم :كاك(سەعدی)نەهاتووە ئەی ئەمڕۆ ئێوە بۆ (دیار)تان لەگەڵ خۆتان نەهێناوە !!؟؟مام(حەسەن)یش جەمەدانیە بە خوێنەكەی چاك دەكات و هەر بە عێدزی دەڵێت: نابێت پیاوێكیش لە ماڵ بمێنێتەوە !!!(ئیدریس سنجاوی)دەبینم.. دەڵێت ڕزە گیان ماڵەوە چۆنن ..سیناریۆی شانۆی(نابۆ تیرۆر) یشی بە دەستەوەیە و دەڵێت:دەترسم پێڕانەگەم ونەتوانم نمایشی بكەم بەس توخوا ئێوە نەوەكانتان فێربكەن كە(تیرۆر)چ ڕەشەبایەكی ترسناكی هێمنە.. فێریان بكەن چۆن تیرۆر جوانی دەكوژێت و گوڵەكان هەڵدەوەرێنێت!!هەر لە پێش دەرگای هۆڵی شەهیدانی 1 شوباتیش (مام موسڵیح و هۆگر وشێخە)ش دەبینم (شێخە)دەڵێت: نازانم چۆن ڕێزو وەفایی ئێوە بدەمەوە كە هاتمە موسڵ بە ڕاستی هاوكارم بوون ئێوە.....منیش ئەوەندە بە ماندوویی موسڵم بیردێتەوە ئەوەندە گرمەی هاوەن وبۆمبم لە مێشك دەلەرزێتەوە دەڵێم :(شێخە)گیان ماڵ ئاوەدان ئێمەی كوڕی یەكێتی لە ماڵە گەورەكەوە فێربووینە بە وەفابین و ڕێزی هاوبیرانی خۆمان بگرین و چیمان پێبكرێت بۆ ئازیزانمانی دەكەین ئەی ئێمە هەردووكمان كوڕی ئەو ماڵەنین!!!تێڕامانم وەك پەلكە زێڕینە بەرەو ڕووخساری شەهیدەكانی ناو هۆڵەكە دەڕوات...ئاسۆی ئاسۆیەكی گەشی ئەمڕۆی ئاسۆكەم بەدیدەكەم دوای هەشت ساڵی تەمەن ...ئەوە زەماوەندە یان شینە ئەوە قاقای پێكەنینە یان قیژەی گریانە ..خوایە ئەوە چییە من تێیناگەم!!! بە كوێرایی چاوی ماندووم (ناسیح ومامۆستا تاریق وبڕوا و اسماعیل وجەعفەر وحاجی لوقمان و عدنان حلاق و علی محمد وحسن حسین وشمس الدین وعبدالله سلیمان وسعید محمد وحسین حاجی وفەریق و هاشم وهیوا)دەبینم هەربە شەهیدی لەنێو بەزمستانی ئەم ڕەشبەڵەكی سەركەوتنە زەماوەند دەگێڕن زەماوەندی سەركەوتن بەسەر تیرۆر زەماوەندی شەهیدبوون....
لەولاشەوە پڕبە دەنگی زوڵاڵیان (جەمشیدو سەڵاح سەلیم وكانەبی عوسمان وحكمت عەزیز وعەلی ڕەشید وهیواو ئارام و جووتیار) هاواردەكەن ودەڵێن :(لە ئاشتییا كۆتری سپی و شنەی بایین لەشەڕیشا پڵنگین وڕەشەبایین)..هەموو شەهیدەكان دەبینم یەكە یەكە دەیانبینم ... دیسان(مەعروف) هەر لەبەردەم دەرگای هۆڵی شەهیدانی 1 شوبات لەگەڵ (شێخە) پێم دەڵێن:سەیریان بكە چەند دڵیان خۆشە بەم جەژنە ئەم شەهیدانە ئەوانەن كە هەربە پێوە شەهید دەبن ئەوانەن كە لەنێو بەهاری ئەم ماڵە سەوزە دەبنە پەپوولە ...منیش دەڵێم با ئێمەش بچینە ژوورەوە (شێخە)دەڕواو (مەعروف)یش لە كابووسی ئەم خەونە هەڵمدەستێنێت وناهێڵێت بهێمە ژوورەوە ...خۆ تەنها لە چاویلكەیەكی شكاوو كراسێكی سپی بە خوێن هیچی ئەوم نەدیت!! فرمێسكێكی ئەوم دیت بەدوای چاوە گەشەكانی دەگەڕاو هۆڕهۆڕ دەگریا..!!
ئای كە خەونێكی ڕەش بوو...بەڵێ ئەمڕۆ 1 شوباتە ئەمڕۆ ژنە پاكیزەكانی بەر لە هەشت ساڵی تەمەن لەسەربەرماڵی عیبادەتدا نوزەی شەوانی غەریبیان بۆ مناڵێكی یەتیم دەگێڕنەوە:(ها كوڕم سەیری تاڵە مووە سپیەكانی پرچی دایە بكە بەڕەنگی خەفەت بۆ ئەمڕۆی گەورەبوونی تۆ سپی بوونە سەیریان كە..!! كە مناڵ بوون ئێوە یەكەم ڕۆژی جەژن بوو ..جەژنی قوربان.. لە جیاتی بۆنخۆشكردنی ماڵەكان ...شەقامەكان...كونج وكۆڵانەكانی شار بە عەتری خۆشەویستی ئیسماعیلێكی فیداكار, بۆ یەكەم وانەی فیداكاری ئێمە بووین بە فیدای شار ,بووین بە قوربانی جەژنی قوربان.. ...نۆ ساڵ بەرلە ئێستا تاریك پەرستان هاتن سەری پەپوولەكانیان بڕی هاتن گوڵەكانیان قرتاند هاتن پێكەنینیان كوشت و خوانی جەژن ونوقڵانەی جەژنیان بە خوێن سووركرد...كۆلارەی دەستی مناڵەكانیان ڕفاند و پەنجەكانیان هەڵوەراند هاتن ئەلبوومی بووكێنی من و بابەیان خستە ناوئاگری كورەی ڕقیان ئەمڕۆبوو شەمشەمەكوێرەكانی جەهالەت لە ژێر عەبای قەزەمەكانی سەردەم شاریان ڕەش كرد ..
ئەمڕۆ بووهاتن چرا سەوز و زەردەكانی ئەم شارە بكوژێننەوە بە فوویی تاریكی ...هەشت ساڵ بەر لە ئێستا یەكی شوبات بوو ..
بابە بۆ دوا جار لەبەردەم ئاوێنەی ماڵەكەمان ڕیشەكانی تاشی و بۆینباغەكەی بەست وگەردنی بەعەتری بەرائەت بۆنخۆشكردو دوا ماچی ماڵئاوایی بۆمان بە جێهێشت كە ڕۆیشت پەیامی ئەو بۆ نیشتمان نمەی باران بوو بۆ خاكێكی ووشك ..كە ڕۆیشت نەگەڕاوە.... )ئەمڕۆجەژنی قوربان نیە ڕۆلە گیان ..ئەمڕۆ قوربانیە بۆ جەژنی سبەی ئازادیمان ...
ئەمڕۆ وانەیەكی تر فێر ئەبین ..فێر ئەبین ببین بە فێرگەی یەكبوون تا بزانین(ئێمە گیانێكین لە دوو جەستەدا وەك شیعروئاوازلەیەك بەستەدا...دونیا ناتوانێت لێكمان كاتەوە مەگەر خوا بۆ خۆی بمانباتەوە..)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست