ژیانمان لەمەترسیدایە
Monday, 09/08/2010, 12:00
ژیانمان لەمەترسیدایە
بۆ نێردەى نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق
رێكخراوى لێبوردنى نێَودەوڵەتى
رێكخراوى رۆژنامەنوسانى بێسنور
كونسوڵگەرى وڵاتانى ئەوروپى لە هەولێر
تیمى ئاوەدانكردنەوەى هەرێمى سەر بەباڵیۆزخانەى ویلایەتەیەكگرتووەكانى ئەمریكا لە هەولێر
رێكخراوەكانى بەرگرى لە ئازادى بیر و را و مافى مرۆڤ
پەرلەمانى كوردستان
ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى كوردستان
ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق
راى گشتى كوردستان
بابەت/ ئاگاداركردنەوە لە هەڕەشەى كوشتن
گۆڤارى لڤین لە ژمارە 134 بەروارى 1/8/2010 چاوپێكەوتنێكى (عیرفان قانعى فەرد) خوێندكارى دكتوراى لە زانكۆى هارڤارد بڵاوكردۆتەوە ، لەو چاوپێكەوتنەدا باس لەتێزى دكتۆراكەى دەكات و لەسەر مێژووى هاوچەرخى كورد وەستاوە و هەندێك بۆچونى خۆى لەو بارەیەوە بڵاوكردۆتەوە، لەناویاندا دەربارەى (مەلا مستەفاى بارزانى) كە یەكێك لە سەركردە سیاسیەكانى كوردستان.
گۆڤارى لڤین وەك كارێكى رۆژنامەوانى ئاسایى ئەم دیدارەى ئەنجام داوە و بەرپرس نییە لە بۆچونەكانى قانعى فەرد كە لەو چاوپێكەوتنەدا هاتون و ئەگەر كەسێك بەویژدانەوە بابەتەكە بخوێنێتەوە هەست بەوە دەكات كە لڤین بێلایەنانە مامەڵەى لەگەڵ ئەو بابەتە كردووە.
كەچى دوابەدواى بڵاوبونەوەى ئەم دیدارە خۆمان و گۆڤارەكەمان بەراستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ كەوتوینەتە بەر شاڵاوێكى توند و هەڕەشە ئامێزى پارتى دیموكراتى كوردستان و بەچەندین شێوازى جیاواز و لەچەندین رێگەوە فشاریان هێناوەتە سەرمان.
بەرێزان چەند رۆژێكە پارتى دیموكراتى كوردستان بەسەرۆكایەتى مەسعود بارزانى، سەرۆكى هەرێمى كوردستان هەڵمەتێكى پڕ لە توندوتیژىو تەشهیر و تۆقاندنیان بەرامبەر بە گۆڤارى لڤین دەستیپێكردووە و بەچەند شێوازى جیاواز هەڕەشەى كوشتنو تۆڵەكردنەوەو دەست نەپاراستنیان كردووە.
رۆژى (4/8/2010) بەیاننامەیەك بەناوى (چیتر چاوەڕێ ناكەین) دژى گۆڤارى لڤین و رۆژنامەنوسەكانى ناوى بڵاو كراوەتەوە لەم بەیاننامەیەدا بە ئاشكرا هەڕەشەى كوشتنمان لێكراوە و بەپێی بەیاننامەكە "ئەگەر تۆبە نەكەین ئەوا دەستمان لێناپارێزن".
ئەم بەیاننامەیە لە ژمارە (3542)ى رۆژى (5/8/2010) رۆژنامەى خەباتى ئۆرگانى رەسمى پارتى دیموكراتى كوردستانیشدا بڵاوكراوەتەوە.
هەروەها رۆژى (3/8/2010)یش بەهەمان شێوە بەیانامەیەكى دیكە بەناوى "هۆشدارینامە" دەرچووە و بەئاشكراو لەچەندین جێگەدا هەڕەشەى كوشتنمان لێكراوە.
رۆژى هەینی بەروارى 5/8/2008 لەسنورى پارێزگاى هەولێر و دهۆك بەشێكى زۆر لە مامۆستایانى ئاینى سەر بە پارتى دیموكراتى كوردستان لەوتارى رۆژى هەینیدا و لەبەردەم هەزاران كەسدا كە بۆ نوێژى هەینى ئامادەبوون هێرشیانكردۆتە سەر گۆڤارى لڤینو بەوە تۆمەتباریان كردوین كە تەشهیرمان بە موقەدەساتو پیرۆزییەكانى ئیسلامو رەمزەكانى كردووە، لەكاتێكدا ئەم بابەتە بەتەواوى دوورە لە راستیەوە. هەندێك لەو مەلایانە راستەوخۆ هانى خەڵكەكەیان داوە كە هێرش بكەنە سەرمانو لێمان قبوڵ نەكەنو بێدەنگمان بكەن.
هەروەها رێكخراوى یەكێتى زانایانى ئیسلامى لە بەیاننامەیەكدا داوایان لە لڤین كردوە لەسەر بڵاوكردنەوەى ئەو چاوپێكەوتنە"داواى لێبوردن بكات"، چەند گەنجێكى پارتیش لە بەیاننامەیەكدا نوسیویانە" ئەگەر داواى لێبوردن نەكەن دەستتان لێناپارێزن".
ئەوەى جێگاى هەڵوەستە لەسەركردنە لەكاتێكدا هەموو لایەك داواى جیاكردنەوەى دین لە دەوڵەت دەكەن. پارتى دیموكراتى كوردستان مینبەرى مزگەوتەكان بەكاردەهێنێت بۆ مەرامى سیاسی و لەرێگەى مەلاكانیەوە فتواى بێدەنگكردنى رۆژنامەنوسانو راوبۆچونى جیاواز دەدەن لەكۆمەڵگادا.
بەرێزان هەموو ئەو فتواى كوشتنانە تەنیا لەسەر بڵاوكردنەوەى چاوپێكەوتنێكى رۆژنامەوانییە كەتیایدا راى جیاواز لەبارەى هەندێ روداوى مێژووییەوە وتراوە سەبارەت بە مەلا مستەفاى بارزانى.
تاوانى گۆڤارى لڤین تەنیا ئەوەندەیە كە رێگەى داوە كەسێك كە خوێندكارى دكتۆرایە لەسەر تێزى دكتوراكەى لە گۆڤارى لڤیندا هەندێ بۆچوونى شەخسی خۆى بڵاوبكاتەوە.
ئایا بڵاوكردنەوەى بۆچوونى كەسێك دەبێتە مایەی حەلاڵكردنى خۆێنمان لەلایەن پارتى دیموكراتى كوردستانەوە؟!!. ئایا لەدونیاى دیموكراتیدا كەس لەسەر بڵاوكردنەوە و دەربڕینى بۆچونەكانى هەڕششەى مەرگى لێدەكرێت؟
ئەوەى جێگەى سەرنجى ئێمەیە رێكخستنەكانى پارتى دیموكراتى كوردستان لە سنورى پارێزگاى سلێمانى ئەم "نامەى تیرۆر"انە بەئاشكرا لەبازاڕ و لەناو گەڕەكەكاندا دابەش دەكەن ، كەچى دامو دەزگاكانى حكومەتى هەرێم تەنها تەماشاچینو سەیریان دەكەن.
بەڕێزان بەپێویستى دەزانین هەموو لایەك ئاگاداربكەینەوە كەبەهۆى ئەو بارودۆخەى پارتى دروستى كردووە ئازادى رادەربرینو راگەیاندنى ئازاد لەمەترسیدایەو رۆژنامەنوسانى لڤینیش لەبەردەم هەڕەشەى ئەم هەڵمەتە نادیموكراتیەى پارتیدان.
داوا لەهەموو لایەك دەكەین كە لەرێگەى فشارى دیبلۆماسى و مەدەنییەوە رێگە لەم سنوربەزاندنەى پارتى بگرن و سنورێكى بۆ دابنێن تاوەكو هیچ كەس هەست بەوە نەكات كە دەتوانێت دەنگى ئازاد بكوژێت و بوارى ئازادى بەرتەسك بكاتەوە.
هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە كە ژیانو سەلامەتى رۆژنامەنوسانمان لەئەستۆى پارتى دیموكراتى كوردستاندایە. كە جگە لەوەى لەرێگەى مزگەوتەكانەوە فتواى لەدژداوین بەچەندین شێوازى دیكەش خەڵكیان هانداوە كە هێرش بكەنە سەرمان.
بۆیە داوا لەهەموو لایەك دەكەین بەپەلە تەدەخول بكەن لەوەستاندنى ئەو هەڵمەتەى كە پارتى دژى ئازادی بڵاوكردنەوەو بیرورا دروستیكردووە.
ئێمە نیگەرانین لەم هەڵمەتەى پارتى دیموكراتى كوردستان و بە وریایەوە مامەڵەى لەگەڵ دەكەین ، بەتایبەتى كە پێشتر و لەساڵى 2007 گۆڤارى لڤین وەك یەكێك لەمیدیا سەربەخۆكانى كوردستان كەوتە بەر پەلامار و یەكێك لە رۆژنامەنوسەكانى بەناوى (سۆرانى مامەحەمە) لەبەردەم ماڵەكەى خۆى لە شارى كەركوك تیرۆر كراو هەتا ئێستاش بكوژەكانى نەدۆزراونەتەوە.
هاوپێچ//
كۆپیەك لە بەیاننامەى یەكێتى زانایان
كۆپیەك لە بەیاننامەیەك بەناوى هۆشدارینامە
گۆڤاری لڤین
سلێمانی-هەرێمی كوردستان
2010/8/9
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست