رونكردنەوەیەك لە گۆڤارى لڤینەوە لەسەر راگەیاندنێكى دیوانى سەرۆكایەتى هەرێم
Wednesday, 07/10/2009, 12:00
سەبارەت بەرونكردنەوەكەى دیوانى سەرۆكایەتى هەرێم لەسەر مانشێتى سەرەكى ژمارە 104 ى گۆڤارەكەمان بەناونیشانى" موچەى مانگێكى سەرۆكى هەرێم 400 هەزار دۆلارە"
ئێمە وەك گۆڤارى لڤین لەسەر ئەو رونكردنەوەیە ئەم تێبینیانە دەخەینە بەردەم راى گشتى كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان:
1. باسكردن لە موچەى سەرۆكى هەرێمى كوردستان بە پێى یاسای رۆژنامەگەرى كوردستان و بە پێى یاساى سزادانیش نە تەشهیرە و نە قەدەغە، تەنها ئەوەندەیە كە رەنگە وروژاندنى ئەم بابەتە بۆ راى گشتى و پەرلەمان لەلایەن گۆڤارەكەمانەوە بابەتێكى قورس بێت بەلاى سەرۆكایەتى هەرێم و دەزگاكانى راگەیاندنى پارتییەوە ،بۆیە بەو شێوە توندە كەوتنە وەڵامدانەوەى.
2. دیوانى سەرۆكایەتى هەرێم بەشێكى تایبەتى لە بودجەى هەرێم هەیە كە زیاترە لە 5% بودجەى گشتى هەرێم كوردستان و نزیكەى نیو ملیار دۆلارە،
بە پێى یاساى سەرۆكایەتى هەرێمى كوردستان كە لە ساڵى 2005 لەلایەن پەرلەمانى كوردستانەوە دەرچوە موچەى سەرۆكى هەرێم لە ناو ئەم میزانیەیەدایە و دەبێت بە یاسا رێكبخرێت ، بەڵام ئەوەى تێبینى دەكرێت هەتا ئێستا لە پەرلەماندا ئەم یاسایە دەرنەچوە و دیارى نەكراوە كە موچەى سەرۆكى هەرێم چەندەیە؟ كە زانینى ئەمە مافى هەموو هاوڵاتیەكى كوردستانەو لە زۆربەى وڵاتانى دونیاشدا بە دەوڵەتە دیكتاتۆر و سەركوتكارەكانیشەوە موچەى سەرۆكى وڵات هەم ئاشكرایە و هەم بە یاسا رێكخراوە كە بەداخەوە لە هەرێمى كوردستاندا هەتا ئێستا پێشێلى راستەوخۆى ئەم یاسایە كراوە لەلایەن سەرۆكایەتى هەرێم و خودى سەرۆكى هەرێمەوە.
3. سەرۆكى هەرێم بەپێى دەستور و یاسا فەرمانبەرێكى پلە باڵاى دەوڵەت زیاتر نییە كە یاسا ماف و ئەركەكەكانى دیاریكردوە ، لەم روانگەیەشەوە سەرۆكى هەرێم مافى خۆیەتى موچەى هەبێت تەنانەت موچەكەى بەرزترین پلەى موچە بێت لە هەرێمدا ، بەڵام ئەم حاڵەتە نائاساییەى كە ئەمڕۆ عێراق و هەرێمى كوردستانى گرتۆتەوە دەبێت كۆتایى پێبهێنرێت كە موچەى سەرۆك و بەرپرسە باڵاكانى هەزار جار لە موچەى فەرمانبەرێكى ئاسایى دەوڵەت زیاتر بێت.
ئەوەى جێگەى سەرنجى ئێمەیە، رونكردنەوەكەى سەرۆكایەتى هەرێم دەڵێت "سەرۆكى هەرێم هەتا ئێستا یەك دینار موچەى سەرۆكایەتى وەرنەگرتوە" كە ئەمە جێگاى گومانى ئێمە و هەموو هاوڵاتیانى كوردستانیشە؟!، لەبەر دوو هۆ : یەكەمیان ئەوەى كە سەرۆكى هەرێم سەرۆكى بەرزترین دەزگاى دەوڵەتە و بەڕێوەبردنى ئەم دەزگایە جیاوازە لە بەڕێوەبردنى دیوەخان، دوەمیشیان هێشتنەوە و دیارینەكردنى موچەى سەرۆكى هەرێمە بە شاراوەیى و دیارینەكردنیەتى لەلایەن پەرلەمانەوە، هەركاتێك بە پێى یاسا رێكخرا و دیاریكرا ئەو كات سەرۆكى هەرێم دەتوانێت سەربەرزانە بڵێت "من موچەكەم ئەوەندەیە و وەریناگرم و دەیبەخشمەوە بە خەڵكى كوردستان"
4. ئێمە بەلامانەوە سەیرە كە دیوانى سەرۆكایەتى هەرێم لەكاتێكدا بەسەر یاساى سەرۆكایەتى هەرێم و دەسەڵاتەكانى سەرۆكى هەرێمدا بازى داوە كەچى داواى ئیجرائاتى یاسایى بەرامبەر بە ئێمە دەكات، چونكە دیارینەكردنى موچەى سەرۆك بە پێى یاسا لە ماوەى چوار ساڵى رابردوودا و بەخشینى پلەى سەربازى بە نایاسایى كە سەرۆكى هەرێم بە برازایەكى خۆى بەخشیوە نایاسایەكى گەورە و خەرقێكى مەترسیدارى رێوشوێنە ئسوڵی و یاساییەكانى هەرێمى كوردستانە كە جەنابى سەرۆك سوێندى پاریزگاریكردنیانى خواردوە.
5. بەیاننامەكە بەنەفەسى نەفیر عامى شەڕ نوسراوە و دەڵێت " دەبێت تەحەمولى ئەم رەفتارە بكەن" كە ئەمە زمانى رێوشوێنى ئسوڵى و یاسایى نییە و زیاتر لە زمانى هەڕەشەى تۆڵەكردنەوە دەچێت كە ئێمە زۆر بە گومانەوە دەڕوانینە ئەم دەستەواژەیە و پێمان وایە ئەم بەیاننامەیە هەڕەشەى راستەوخۆى تێدایە بۆ سەر ژیان و سەلامەتیمان و لەم روەشەوە هەموو رێكخراوە ناوخۆیى و نێو دەوڵەتیەكان لەم هەڕەشەیە ئاگادار دەكەینەوە و هەر ئەوانیش بە بەرپرسیار دەزانین لە بەرامبەر ژیان و سەلامەتیماندا.
6. وەكو رەچاوكردنى بابەتى بون و ئیتیكى رۆژنامەوانى ئێمە داواى دەسكەوتنى ئەو زانیارییە پەیوەندیمان بە لایەنى پەیوەندیدارەوە كردوە و لەو بارەیەوە پرسیارمان لە سەرۆكى دیوانى سەرۆكایەتى هەرێم د. فواد حسین كردوە بەڵام ئەو پێى راگەیاندین كە نایەوێت لەسەر ئەو بابەتە قسە بكات.هەروەها هەمان پرسیارمان ئاراستەى سكرتێرى رۆژنامەوانى سەرۆكایەتى هەرێم كردوە بەڵام ئەویش بە بیانوى نەبونى كات وەڵامى نەداینەوە.
7. ئێمە بۆ بڵاوكردنەوەى ئەو زانیارییە سەرچاوەى پێویستمان هەیە و پیشوازی لە رێوشوێنى یاسایى دەكەین لەو بارەیەوە و ئامادەى سەلماندنى زانیاریەكانمانین لە بەردەم دادگایەكى عادیلانەدا.
8. ئێمە لە ماوەى كاركردنماندا چەندین بەڵگەنامەو دیكۆمێنتمان لەسەر كارە نایاسایەكانى سەرۆكایەتى هەرێم بڵاوكردۆتەوە بەبێ ئەوەى هەتا ئێستا وەڵامى یەك بابەتى دابێتەوە، وەڵامدانەوەى ئەم بابەتە بۆ ئێمە و بۆ خەڵكیش جێگەى پرسیارە؟ هەر بۆیە بۆ ئێمە جێگەى خۆشحاڵى دەبێت كە بەهۆى بردنى ئەم دۆسیەیەوە بۆ بەردەم دادگا دۆسیەى پێشیلكاریە یاسایەكانى دەزگاى سەرۆكایەتى هەرێم لەبەردەم داداگاكاندا بكەینەوە، هەر لێرەشەو رایدەگەیەنین لە حاڵەتى جوڵانى ئەم دۆسییەدا لە دادگا ئێمە چەند مەلەفێكى یاسایى دیكە لەسەر سەرۆكایەتى هەرێمى كوردستان لە دادگاكاندا دەجوڵێنین.
9. بۆ چەندەمین جارە كە بە پێى راپرسى دەزگا و سەنتەر جیاوازەكان لڤین دەبێتە باشترین گۆڤار و تەنانەت باشترین لەناو میدیاى كوردیدا ، بە پێى نوێترین راپرسی جەماوەریش كە لەلایەن پەیمانگەی كوردستان بۆ پرسە سیاسییەكان ئەنجامدراوە كە رێكخراوێكى ناحكومیە و بارەگا سەرەكیەكەى لە هەولێرە،گۆڤارى لڤین وەكو یەكەمین دەزگاى راگەیاندنى كوردى دەرچوە بۆ راستگۆیى لە هەواڵ و زانیاریەكانى، دیارە ئەمەش بایەخى خۆى هەیە و ئەگەر ئاماژەبێت بۆ شتێك ئاماژەیە بۆ ئەوەى كە لڤین راستگۆیانە مامەڵە لەگەڵ زانیاریەكان دەكات، بەڵام بە جورئەتە لە بڵاوكردنەوەى راستیەكاندا، بۆیە ئەم جۆرە پەرچەكردارانە كاریگەریان نابێت لە سەر ناو و ناوبانگى لڤین و وەك هەمیشە بە راستگۆترین و باشترین و پڕ تیراژترین و پڕخوێنەرترین میدیاى كوردى دەمێنێتەوە.
گۆڤارى لڤین
5/10/2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست