کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مووچه‌ی شه‌ھیدانه‌كه‌ی ته‌حسین شاوه‌یس له‌شه‌ھیدانه‌كه‌ی مامه‌ڕیشه‌ زیاتره

Friday, 03/04/2009, 12:00


ئاماده‌کردنی ئاکۆ محه‌مه‌د شوانیی:
 
 خێزانی مامه‌ڕیشه‌ی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌فسانه‌ی كوردستان، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ یه‌كێتی مامه‌ڕیشه‌ی به‌ پێشمه‌رگه‌ی سه‌ركرده‌ حسێب نه‌كردووه ‌و پارتییش مووچه‌ی شه‌ھیدی سه‌ركرده‌ ده‌داته‌ ته‌حسین شاوه‌یس
 كچان حه‌سه‌ن (نیشتیمان)، خێزانی مامه‌ڕیشه‌ له‌ دیدارێكی لڤیندا نیگه‌رانیی خۆی ده‌رده‌بڕێ له‌وه‌ی كه‌ ھاوسه‌ره‌كه‌ی به‌شه‌ھیدی سه‌ركرده‌ ئه‌ژمارنه‌كراوه‌و خانووی نه‌دراوه‌تێ و تا چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر مووچه‌كه‌ی ته‌نیا وه‌كو پێشمه‌رگه‌یه‌ك بووه‌.
 كچان حه‌سه‌ن كه‌ریمی 45 ساڵ، 25 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ نه‌جمه‌دین شوكر ره‌ئوف (مامه‌ڕیشه‌)، ژیانی ھاوسه‌ریی پێكھێناوه‌و پاش به‌یه‌كگه‌یشتنیان مامه‌ڕیشه‌ نازناوی (نیشتیمان)ی له‌كچان ناو تا ئێستاش ھه‌ر به‌و ناوه‌وه‌ ده‌ناسرێت، له‌م دیداره‌دا ده‌ردی د‌ڵی خۆ ی و چه‌ند نھێنییه‌كی ژیانی ئه‌و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌ی یه‌كێتی ئاشكراده‌كات.
 
 حه‌وت گوند گه‌ڕان بۆ مه‌لایه‌ك
 نیشتیمان باسی له‌وه‌كرد مامه‌ڕیشه‌ چه‌ند جارێك بینیویه‌تی و چووه‌ته‌ دڵیه‌وه‌، له‌باره‌ی دوا یه‌كه‌م دیداریانه‌وه‌، وتی (نیوه‌ڕوانێك ھات بۆ ماڵمان و پرسیاری باوكی كردم، منیش وتم له‌ماڵ نییه‌، دواتر رۆیشت، ئه‌و كاته‌ ھاتبوو بۆ بینینم و تاوه‌كو منیش ئه‌و ببینم، له‌وكاته‌ی ، كه‌ ئه‌و ھات من خه‌ریكی چنینی لفكه‌ بووم) پاشتر مامه‌ڕیشه‌ خه‌ڵكی ده‌نێرێت بۆ داوای نیشتیمان (ئه‌و ده‌یویست ژن به‌ژن بكه‌ین، به‌ڵام باوكم وتی ھه‌ر به‌پێشكه‌ش ده‌تده‌م)
 
 مامه‌ڕیشه ‌له ‌ساڵی 1953 له‌دایكبووه ‌و له‌ 1984 ژیانی ھاوسه‌ریی پێكهێناوه‌، ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ كه‌ بووه، که‌ ژیانی پڕبووه‌‌ له‌ململانێ و سه‌ركێشی، به‌ھه‌مان شێوه‌ چیرۆكی ژنهێنانه‌كه‌شی سه‌رنجراكێشه‌، ئێستاش نیشتیمان ئه‌و رۆژانه‌ی له‌یاده‌ و به‌م جۆره‌ چیرۆكی ماره‌بنه‌که‌ی گێڕایه‌وه‌: (کاتی ماره‌بڕینه‌که‌م، دوای ئه‌وه‌ی حه‌وت گوند گه‌ڕابوون، ئینجا مه‌لایه‌کیان ده‌ستکه‌وتبوو، هاتن منیان له‌ گوندی تاڵه‌بان لای مه‌لا شوکر ماره‌بڕی، دوای ئه‌وه‌ی منی ماره‌بڕی، ڕۆیشت بۆ کاری پێشمه‌رگایه‌تی و تا سێ مانگ نه‌هاته‌وه‌.)
 ھه‌روه‌ھا وتیشی منیان كرده‌ ناو سه‌یاره‌یه‌كه‌وه‌، وتیان با حكومه‌تی به‌عس نه‌زانێت، به‌و شه‌وه‌ منیان برد بۆ تاله‌بان بۆگونده‌كه‌ی مامه‌ڕیشه‌، به‌ڵام دوای‌ یه‌ك سه‌عات مانه‌وه‌ چوار گوندی ترمان كرد . له‌ترسی حكومه‌ت.
 
 به‌عس له‌ژنھێنانه‌كه‌ی ریشه‌ ده‌پرسێته‌وه‌
 دوای ئه‌وه‌ی نیشتیمان و ریشه‌ چه‌ند گوندێك ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی شوێنه‌كه‌یان نه‌زانرێت، بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ له‌گوندی خاڵۆبازیانی ده‌مێننه‌وه‌، رۆژێك پاش جێھێشتنی ئه‌و گونده‌، كۆپته‌رێكی به‌عس ده‌چێته‌ ئه‌و گونده ‌و شوانێك ده‌ڕفێن و لێیده‌پرسن و ده‌ڵێن (راسته‌ ڕیشه‌ ژنیهێناوه؟) شوانه‌كه‌ش ده‌ڵێت: (ئاگام له‌وه‌ نییه‌)‌ پاشتر ئازادیده‌كه‌ن، پاش ئه‌وه‌ی مامه‌ڕیشه‌ له‌شه‌ڕێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ده‌چنه‌ گوندی ھۆمه‌ره‌گه‌ده ‌و له‌وێ دایكی نیشتیمان ده‌چێت به‌دوایدا و واده‌زانێت له‌شه‌ڕه‌كانی ئه‌و كاته‌دا كوژراون. نیشتیمان وتی: ئێمه‌ ھه‌رچه‌ند رۆژه ‌و له ‌شوێنێكدا بووین، ھه‌میشه‌ ماڵمان به‌كۆڵمانه‌وه‌ بووه‌. ده‌چووینه‌ ھه‌ر شوێنێك، خه‌ڵكی به‌تانی و شتی بۆ ده‌ھێناین) ئه‌و خێزانه‌ تازه‌یه‌، پاش ئه‌و رووداوانه‌، بۆ ماوه‌ی ھه‌شت مانگ له‌گوندی تاڵه‌بان ده‌بن، پاش دانوستاندنه‌كانی ئه‌وكاته‌ی به‌عس و یه‌كێتی له‌گوندی شێخ جیری ده‌گیرسێنه‌وه‌. (چونكه‌ كاره‌با و ئاوی ھه‌بوو).
 نیشتیمان ھێمای بۆ ئه‌وه‌كرد ھه‌رگیز له‌و گه‌ڕانه‌ بێزارنه‌بووه‌، چونكه‌ له‌گه‌ڵ دڵخوازی خۆیدا بووه‌. له ‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ دوای ئه‌و ھه‌موو گه‌ڕان و ده‌ربه‌ده‌رییه‌، داوای له ‌مامه‌ڕیشه‌ نه‌كردووه‌ واز له‌پێشمه‌رگایه‌تی بھێنێت، وتی: (نه‌خێر) زۆر ھیلاك بووم، دایمه‌ی خوا ماڵمان تا سه‌عات دوانزه‌ی شه‌و پڕ بوو له‌میوان، شه‌وانیش به‌تاقم و تفه‌نگه‌وه‌ ده‌خه‌وت)
 ئه‌و خانمه‌ پێیوایه‌ ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیی ریشه‌ بووه‌ته‌ ھۆی ئه‌وه‌ی كه‌ (یادگاریی خۆشمان نه‌بێت، به‌ڵام ئێستاش ئه‌وه‌ی له ‌یادناچێت، که‌ تازه‌ منی گواستبووه‌وه‌، سێ مانگ رۆیشت بۆ سنوری ئێران و نه‌ھاته‌وه)‌
 له‌باره‌ی یه‌كتربینیان له‌كاتی شه‌ڕه‌كاندا، ده‌ڵێت: (له‌و ناوچانه‌ی كه‌ ئه‌و له‌شه‌ڕدا بوو، من ده‌چووم بۆلای، ئه‌وكاتانه‌ش مامه‌ڕیشه‌و ھاوڕێكانی پێیانخۆش بوو، ریشه‌ ھه‌موو جارێك ده‌یوت له‌به‌ر تۆ حه‌زده‌كه‌م منداڵمان ھه‌بێت، چونكه‌ من ھه‌ر شه‌هید ده‌بم) له‌باره‌ی بارو گوزه‌رانی ریشه‌وه‌ وتی: (ریشه‌ سه‌پانی خه‌ڵك بوو، دوای شه‌ھیدبوونی ریشه‌، به‌عس باوكیشی گرت و سه‌رنگومی كرد، دواتر دایكیشی مرد)
 دوو ساڵ دوای ژیانی ھاوسه‌ری، مامه‌ڕیشه ده‌کوژرێت، نیشتمان وتی:‌ كاتێك ھه‌واڵه‌كه‌یان پێدام ده‌كوژرێت، ھه‌ردوو چاوم كوێربوون، زۆربه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ خۆی له‌قوڕنا، شه‌وه‌كه‌شی له‌ترسی ئه‌وه‌ی . نه‌وه‌كو ته‌یاره‌ بێت. به‌دزییه‌وه‌ ناشتمان.
 
 ریشه‌ به‌سه‌ركرده‌ نازانرێت
 ھاوسه‌ره‌كه‌ی مامه‌ڕیشه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا مووچه‌كه‌ی تا ساڵی 2007، له‌ده‌زگای شه‌ھیدان له‌سلێمانی وه‌ریگرتووه‌، ته‌نیا 900 ھه‌زار به‌ڵام دواتر له‌سه‌ر راسپارده‌ی د. به‌رهه‌م موچه‌که‌ی کراوه‌ته‌ 2 ملیۆن دینار، ئه‌وه‌ی ئێستا مایه‌ی نیگه‌رانیی نیشتیمانه‌، ئه‌وه‌یه تا ئیستا موچه‌که‌ی‌ وه‌ك پێشمه‌رگه‌ سه‌ركرده‌كان نییه‌، ده‌ڵێن مووچه‌كه‌ی به‌شه‌ھیدی سه‌ركرده‌ نه‌نووسراوه‌، به‌ڵكو مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌كی شه‌ھید، ھه‌روه‌ھا گله‌یی له‌وه‌ش ده‌كات، له‌و خانووانه‌ی بۆ شه‌ھیده‌ سه‌ركرده‌كان دیاره‌ له‌سلێمانی دروستكراون بێبه‌شكرا، دیاره‌ مامه‌ڕیشه‌ به‌سه‌ركرده‌ نازانن، به‌ڵام کامیان کامیان له‌ریشه‌ ئازاتر بوون؟ ئه‌وانه‌ی ئێستا ئه‌و خانووانه‌یان وه‌رگرتووه‌، یه‌كی چوار زه‌وییان وه‌رگرتووه‌، كه‌چی من یه‌ك زه‌ویم وه‌رگرتووه‌، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ ماڵی خه‌زورمدا به‌شمانكرد.
 ناوبراو گله‌یی زۆری له‌تاڵه‌بانی ھه‌یه‌ كه‌ تا ئێستا سه‌ردانی نه‌كردووه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و جاره‌شی ئه‌م چووه‌ بیبینێت پێیان وتووه‌ میوانی ھه‌یه ‌و دواتر وه‌ره‌وه‌، پاشتر چووه‌ته‌ لای ھێرۆخانی ھاوسه‌ری تاڵه‌بانی (نه‌یانهێشت ئه‌ویش ببینم) ئه‌و وه‌ک خۆی ئه‌یوت: (جگه‌ له‌ د. به‌رھه‌م و عوسمانی حاجی مه‌حمود، ھیچ كام له‌ھاوڕێكانی نه‌ھاتوون بزانن ژیانمان چۆنه؟!* داواكاریشه‌ له‌حكومه‌تی ھه‌رێم ئۆتۆمبێلێكی بۆ دابینبكات، تابتوانێت ھاتوچۆی پێبكات.

http://www.kurdsat.tv/wenekan/mamarishe.jpg
 
 مووچه‌ی بكوژه‌كه‌ی، له‌شه‌ھیدانه‌كه‌ی مامه‌ڕیشه‌ زیاتره
 ‌ له‌كۆتایی دیداره‌كه‌د،ا نیشتیمان نیگه‌رانیی خۆی له‌وه‌ نیشاندا كه‌ مووچه ‌و ئیمتیازاتی ته‌حسین شاوه‌یسی بكوژی مامه‌ڕیشه‌، له‌ مووچه‌که‌ی مامه‌ ڕێسه‌ زیاتره‌.

 - چۆن نیگه‌ران نه‌بم ئه‌و كه‌سه‌ی مامه‌ڕیشه‌ی شه‌ھیدكرد، ئێستا له‌ھه‌مان ده‌زگای شه‌ھیدان ناوی ھه‌بێت و مووچه‌و ئیمتیازی زیاتر بێت، دڵم زۆر به‌وه‌ ژانده‌كات و ئازارم ده‌دات.
 به‌وه‌ش كۆتایی به‌قسه‌كانی ھێنا:
چی بکه‌م، ده‌سه‌ڵاتم نییه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە