کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەیاننامەی گۆڤارى لڤین دەربارەى دەست بەسەراگرتنو سوتاندنى گۆڤارى لڤین

Wednesday, 24/06/2009, 12:00


بەیاننامەی گۆڤارى لڤین دەربارەى دەست بەسەراگرتنو سوتاندنى گۆڤارى لڤین لە شارى زاخۆ و دەست گیركردنى برایەكى خاوەن كتێبخانەى مەتینى یەك لە لایەن ئاسایشى پارتیەوە
دوێنێ رۆژى سێ شەمە بەروارى 23/6/2009 كاتژمێر (1)ى دواى نیوەرۆ هێزەكانى ئاسایشى پارتى دیموكراتى كوردستان لە شارى زاخۆ هەڵیان كوتایە سەر كتێبخانەى (مەتینى یەك)لەو شارە پاش هەڕەشەكردن لەخاوەنى كتێبخانەكە، برایەكى خاوەن كتێبخانەكەیان بەناوى (باوەڕ احمد مقداد بەروارى) تەمەن هەژدە ساڵیان بۆ ماوەى بیست و چوار كاتژمێر دەستگیركرد وە پێیان وتووە كە نابێت جارێكى تر گۆڤارى (لڤین)بفرۆشێتو تەواوى ژمارە (94)كۆڤارى (لڤین)یان لە زاخۆ كۆكردەوەو سوتاندیان.
ئەم روداوە لەكاتێكدا بوو كە دوێنى سەرۆكى هەرێم لەگەڵ ڕۆژنامەنوسانى كوردستان كۆبووە بەڵێنى ئەوەى پێدان كە لەپشت میدیاوە دەوەستێتو هاوكارییان دەكات بەڵام بەداخەوە وتەكانى سەرۆكى هەرێم لەم بارەیەوە تەنها یەك كاتژمێر بڕیان نەكردو هێزەكانى ئاسایش لە شارى زاخۆ دور لە هەموو عورفێكى دیموكراسى هەڵیانكوتایە سەر كتێبخانەى (مەتینى یەك) لە شارى زاخۆ برایەكى خاوەنەكەیان دەستگیر كردو تەواوى ژمارە (94) گۆڤارى (لڤین)یان كۆكردەوەو سوتاندیان.
ئەمە لە كاتێكدا كە گۆڤارى لڤین چووەتە قوڵایى ناخى هەموو تاكێكى كوردەوە لە زاخۆ تا خانەقینو بەشێوەیەكى فەرمى بڵاودەبێتەوەو پابەندى یاساو رێساكانى كارى رۆژنامەگەرییەو هەروەك چۆن ئەخلاقیاتى كارى رۆژنامەنووسى رەچاودەكات زۆر بەچاكیش مافە یاساییەكانى خۆى دەزانێت لە بارەى بڵاوكردنەوەو ئازادى رادەربڕینەوە هەربۆیە هەتا ئێستا لە دادگاكانى كوردستاندا تەنها یەك دۆسیەشى نەدۆڕاندووە، بۆیە ئێمە لە گۆڤارى لڤین وێڕاى بەتوندى ئیدانەكردنى ئەم كارە نادیموكراتیانەى ئاسایشى زاخۆ داواكارین لە سەرۆكایەتى هەرێمو حكومەتى هەرێمى كوردستان لێپێچینەوە لەم بارەیەوە بكاتو هەروەها داواكارین لە سەندیكاى رۆژنامەنووسان هەڵوێستى رونیان هەبێت لەم بارەیەوەو ئەم كارە نایاساییەى ئاسایشى زاخۆ ئیدانەبكەن.
وەكو گۆڤارى (لڤین)یش داوا لە گشت رێكخراوەكانى بوارى ئازادى رادەربڕین لە ناوخۆو دەرەوەى كوردستان دەكەین لەسەر ئەم كارە قێزەونە كە رێگرتنە لە ئازادى وتنو رادەربڕین بێنەدەنگو ئەم كارەى ئاسایشى زاخۆ ئیدانەبكەن.
بە بڕواى ئێمە كۆكردنەوەو سوتاندنى گۆڤارى لڤین لە شارى زاخۆ جۆرێكى ترە لە تیرۆر كە بەرامبەر بە ژیانو دیموكراسیەت و ئازادى رادەربڕین دەكرێت لە كوردستاندا، باشتریشە بۆ حورمەتى حكومەتەكەو پاراستنى ناوبانگى ئەزمونەكە لەبرى دەسگیركردنى فرۆشیارانو كۆكردنەوەو سوتاندنى (لڤین) پەنا بۆ یاسا ببرێت كە هەمیشە خاڵى بەهێزى ئێمەبووە.


-لڤین: گۆڤارێكی سەرەبەخۆ و بێلایەنی سیاسییە، لە مانگێكدا سێ ژمارە لە شاری سلێمانی دەردەوچێـ و لە سەرتاسەری كوردستان بڵاو دەكرێتەوە.
www.lvinpress.com



24/6/2009 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە