نووسەرێکی تورک: کاتی ئەوە هاتووە کە رۆڵی ئۆجەلان ببینین
Wednesday, 13/10/2010, 12:00
نووسەری ڕۆژنامەی حوریەت و ڕۆژنامەی پۆستا،'' محەمەد عەلی بیراند'' دانی نا بەوەی کە ڕۆژنامەوانانی تورک ساڵانە دەربارەی پەکەکە، هەواڵی دروستکراو بڵاو دەکەنەوەو ڕای گشتی هەڵدەخەڵەتێنن. بیراند ووتی: ئەوەی سەرنج راکێشە ئەوەیە کە ئەو کەسانەی خۆیان ئەو هەواڵانە دروست دەکەن، دوای ماوەیەک بەو سیناریۆیانەی خۆیان باوەڕ دەکەن و شرۆڤەی لەسەر دەکەن.
نووسەری ڕۆژنامەی حوریەت و ڕۆژنامەی پۆستا، '' محەمەد عەلی بیراند'' لەکاتی هێرشەکەی جۆلەمێرگدا کە تێیدا 9 کەس گیانیان لەدەستدا وتبووی، دەوڵەت چی بڵێت ئێمە باوەڕیان پێ دەکەین و دواتریش ڕایگەیاندبوو کە ژیتەم دەیانەوێت بیکوژن، لە نووسینەکانی ئەمڕۆی خۆشیدا لەسەر مژاری لەناوبردنی پەکەکە قسەی کردووە.
بیراند لە نوسینەکانی ئەمڕۆی خۆیدا بە ناوی ''نابێت ئێمە خەو ببینین، پەکەکە بەو شێوەیە لەناو نابرێت'' دەڵێت: بەو وتانەی کە دەڵین ئێمە پەکەکە بە شێوازێکی سەربازی لەناو دەبەین، هەتا ئێستا هەر گەلیان هەڵخەڵەتاندووە. ئەوە هەرگیز پێک نایەت.
محەمەد عەلی بیراند تیشک دەخاتە سەر مژاری لەناوبردنی پەکەکە کە لە چاپەمەنیەکاندا جێی زۆر گرتووەو ووتی: زۆربەی ئەو هەواڵانە ئێمە خۆمان دەیهێنین و چاکیان دەکەین.
بیراند ڕادەگەیەنێت کە ئەو هەواڵانەی لە ڕۆژنامەو تەلەفزیۆنەکاندا دەردەکەون لە ڕاستیەوە دوورن، بۆ نموونە، لە سەردانەکانی وەزیران، قسەکانی سەرۆکوەزیر و هەندێ قسەی تایبەتی کەسانی حکومی، بەشێکی راست بوو، بەشێکی دیکەشی دروستکراو بوو، ئێمە خۆمان چاکمان دەکردو دواتریش خۆمان باوەڕ بەو سیناریۆیانە دەکەین.
بەڵام ئەوەی زیاتر جێی سەرنجە، ئەوەیە کە سیاسەتمەداران، پۆلیس و سەربازانی ئێمەش، لە چوارچێوەی ئەم سیناریۆیانەدا، وا باوەڕ دەکەن کە بەو شێوەیە دەتواندرێت پەکەکە لەناو ببرێت.
بیراند هەروەها لە نووسینێکی خۆیدا دەڵێت: بە ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور، بە پشتگیری بارزانی یان بە ناردنی هەندێک لە بەڕیوەبەرانی پەکەکە بۆ سوێد یان بۆ وڵاتانی دیکە، پەکەکە ناتواندرێت لەناوببرێت. هەربۆیە پەکەکە پارتێکی سیاسی ناونەتەوەییە.
وەکو ڕێبازی لەناوبردنی پەکەکەش، بیراند ئەم پێشنیازە دەکات: پەکەکە کە بە ملیۆنان لایەنگر و پشگیری هەیە، تەنیا دەتواندرێت بەرێگای لەباربردنی ئەو پشتیوانییە، لەناو ببرێت.
بیراند لە کۆتایی نوسراوەکەیدا دەڵێ: ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کە هاوڵاتیانی کوردی خۆمان، وەک مرۆڤ تەماشا بکەین و ڕێگای سیاسەتیان لەبەردەم بکەینەوەو موخاتەبیان بگرین. کێ چی دەڵێ با بیڵێ، ئیدی پێویستە ئێمە رۆڵی ئۆجەلان ببینین. ڕێگای هەرە ڕاستیش ئەوەیە. ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کە لەوە زیاتر یەکتر فریو نەدەین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست