بارزانى و بازرگانى
Tuesday, 16/10/2012, 12:00
لەوانەیە زۆرجار ڕووداوى مێژوویى یان كارەساتێك دەبێتە هۆى بەدیارخستنى كەسایەتییەكان هەم لە ڕوانگەى بیروبۆچوونەكانى و هەم لە ڕووى ئاكار و كردارى.
ئەگەر بێمە سەر ئەێلى مەسەلەكە لەوانەیە پێتان سەیربێت كە دەستەواژەى بارزانى و بازرگانى بۆ؟
من لێرەدا دەمەوێت ئەوە باس بكەم كە بۆ هێندە خەڵك باسى گەندەڵى و دزى و تاڵانكردن دەكەن كە گوایە بنەماڵەى مسعود بارزانى وان!؟ ئایا خۆى لە خۆیدا ئەمە بوختانە بۆیان هەڵ دەبەستن!؟ یان ڕاستییەكى واقیع بینانەیە، كە هەم لە ئەرزى واقع ڕوودەدات، هەمیش ئەوانە بە بنەماڵە هەر خەریكى كۆكردنەوەى سەروەت و سامان بوون جا بە هەر شێوەیەك بێت. بەڵام ئەوەى لە ئەرزى واقع دەگوزەرێت ئەمەیە كە ئەو بنەماڵەیە هەر خەریكى بازرگانى كردن بوون بۆ كۆكردنەوەى سەروەت و سامان جا بە هەر ڕێگیایەك بێت. جا لەسەر حیسابى میللەتى كورد بێت یان بە بازرگانى كردنى كاڵاى ناشەرعى بێت.
من لێرەدا دەمەوێت شتێكتان بۆ بگێڕمەوە ئەویش چۆنیەتى بازرگانى كردنى بنەماڵەى مسعود بارزانییە كە چۆن بۆ كارى بازرگانى دەست بۆ هەموو شتێك دەبەن. لەم گێڕانەوەیەدا من دەمەوێت ئەمە دەربخەم كە بنەماڵەى بارزانى هیچ كارێكیان بەسەر كارى سیاسى نەبووە تەنها ئەوەنەبێت كە لەڕێگەى سوودفەوە بوون بە سیاسى، ئەگەرنا ئەوان خۆیان لە بنەڕەتا هەر بازرگان بوون.
مێژووەكە وا دەڵێ:
دوابەدواى هەرەس هێنانى شۆڕشى ئەیلوول، كە هەموو خەڵك دەزانێ كە وەكو كاروپیشەى خۆیان شۆڕشەكەیان كردە قوربانى هێلانە گەرمەكەیان، پاش چەندین ساڵ لە خەبات و تێكۆشان و لەدەستدانى سەدان شەهید و خاپوور بوونى سەدان گوند و شارۆچكە، تەنیا ماڵوێرانى بۆ خەڵكى كوردستان مایەوە. ئەوانیش بۆخۆیان وەك بەرزەكى بانان بۆى دەرچوون و چون لە كەرج لێى دانیشتن وەكو ئەوە وابوو نەبایە و نە باران. بۆ ماوەى چەندین ساڵ ئەو پارە و سەروەتەى كە لە شۆڕشى ئەیلوول دەستیان كەوتبوو كە ئەمەش دیسان موڵكى ئەم میللەتە هەژار و داماوە بوو ئەمیشیان خوارد. بۆیە مسعود بارزانى بۆ مانەوەى خۆی و بنەماڵە و دەست و پێوەندەكانى داوا لە دەوڵەتى ئێران دەكات بۆ ئەوەى ڤیزەى ئیسرائیلیان بۆ وەرگرێت، ئەوانیش لەڕێگەى كونسیلیەى ئیسرائیل ڤیزەى بۆ وەردەگرن و پاشانیش مسعود دەچێتە ئیسرائیل، لەوێش دەبێتە میوانى دۆستێكى كۆنى باوكى. دوا بەدواى میواندارى و ڕێزلێنان خاوەن ماڵ بە مسعود دەڵێ بۆچى هاتووى، ئەویش دەڵێ لە ڕاستیدا ئێمە وەكو بنەماڵەى مەلا مستەفا هیچ كارێكمان نییە بیكەین، بە تەواوەتى وازمان لە كارى سیاسى هێناوە و دەستمان لێ هەڵگرتووە، ئەگەر بتوانن ئیشێكم بۆ بدۆزنەوە بەڵكو بنەماڵەكەمان بژیێنین. ئەو هاوڕێیەى باوكى دەڵێت باشە ئێوە لە چ ئیشێك شارەزان هەتا كارگەیەكتان بۆ بكڕم بیهێنم لەلاى خۆتان بەگەڕى بخەن. لە وەڵامدا مسعود دەڵێ كارگەى چى، خۆ بنەماڵەى ئێمە هیچ خوێندەوارییەكى وایان نییە تاكو بتوانن كاروبارى كارگە بەڕێوەببەن، ئێمە تەنها لە كارى ئاژەڵدارى شارەزاین و هیچى تر نازانین. ئەویش لەبەر خاترى دۆستایەتییەكەى لەگەڵ باوكى لەسەر داواى مسعود هەڵدەستێت 300 چێڵ (مانگا) یان بۆ دەكڕێت و مسعود پارەى بەشێك لە حەقەكەى دەدات و دوو بەشى ترى پارەكەى دەمێنێت و ئەویش بە زەمانەتى ئەو دۆستەى باوكى دوایى بە قست ئەو پارەیە بدات.
بەڵام قەدەر وا ڕێدەكەوێت كاتێك ئەو مانگایانە دەگەنە یەكێك لە بەندەرەكانى دەوڵەتى ئێران، هەر لەو سەروبەندەدا شۆڕشى ئیسلامى ئێران دەستى پێكرد بە ڕابەرایەتى ئیمام خومەینى و بارەكە لەوێدا زۆر نالەباربوو ماڵى مسعودیش تەنانەت نەبوونە خاوەنى یەك مانگاش. ئەوە هەتا ئێرە ئەم ڕاستییەبوو كە مسعود بارزانى بە ئیعتارفى خۆى دەڵێ ئێمە وازمان لە سیاسەت هێناوە، بۆیە هەر بۆ مانەوەى خۆیان، خۆیان هاویشتە نێو ڕێبەرانى شۆڕشى ئیسلامى ئێران و چەك و تفاقیان لێوەرگرتن دژى شۆڕشى كوردى ڕۆژهەڵات دەستیان كرد بە قەتڵو عامیان، جا من مەبەستم لەم ڕاستییە ئەوەیە كە با خەڵكى چیتر باسى دزى و گەندەڵى ماڵى مسعود نەكات چونكە ئەوان بەڕاستى بە دانپیانانى خۆیان وازیان لەسیاسەت هێناوە و حەزیان لە بازرگانییە جا بە هەر جۆرێك بێت.
پەیامى بەندەش ئەمەیە زۆر بەڕێزەوە بە مسعود دەڵێم توخوا ڕێز لە ئیرادەى ئەم گەلە ستەم دیدەیە بگرە و چیتر مەیانفرۆشە بە مستێ دۆلار و بۆ مەبەستە گڵاوەكانى خۆت بەكاریان مەهێنە، ئەگەر زۆر حەزت لە پارە و دۆلارە بڕۆ واز لە كورسى و دەسەڵات بێنە و پارەیەكى باشیشتان كۆكردۆتەوە، بڕۆنەوە گوندەكەی خۆتان هەر كارى بازرگانى و ئاژەڵدارى بكەن، كەسیش كارى بە ئێوە نییە با ئەم میللەتە داماوە ڕێگاى سەرفرازى و ئازادى بۆخۆى هەڵبژێرێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست