فڕۆكە جەنگییەكانی تورك زیاتر لە (35) گوندییان كۆمەڵكوژ كرد
Thursday, 29/12/2011, 12:00
فڕۆكە جەنگییەكانی تورك لە گوندی (رۆبۆسكی) سەربە (قلابان)ی شەڕناخی باكوری كوردستانیان بۆمباران كرد، بەپێی یەكەمین ئامارەكان تا ئێستا تەرمی پارچە پارچەبووی (35) كەس دۆزراوەتەوە و گومانیش لە زیادبوونی ژمارەی قوربانییان دەكرێت.
كاتژمێر (8 ـ 9)ی شەوی رابردوو دوای كشانەوەی سەربازانی سوپای تورك لە گوندی (رۆبۆسكی) لەكاتی گەڕانەوەی زیاتر لە "50" كۆڵبەر كە لەسەر سنوورەكانی هەرێمی باشووری كوردستان و باكوری كوردستاندا كاریان دەكرد بوونە ئامانجی فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای تورك و زیاتر لە كاتژمێرێك دەخرێنە بەر بۆمبارانەوە، بەپێی ئامارە بەراییەكان تاكو ئێستا تەرمی پارچە پارچەبووی (35) هاوڵاتی كورد دۆزراوەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە رزگاربووێك بەناوی (سەروەت ئەنجو) بە كەناڵەكانی راگەیاندنی راگەیاندووە؛ دەڵێـت:"لەكاتی گەڕانەوەماندا لە سنووری هەرێمی باشووری كوردستانەوە بۆ ناوەوەی سنوورەكانی باكوری كوردستان فڕۆكە جەنگییەكان(جێتەكان)ی تورك هاتن و دەستیان كرد بە بۆمباران و راستەوخۆ ئێمەیان كردە ئامانج. لەبۆردمانەكەدا بۆنێكی زۆر تووند بڵاوبووەوە، زۆربەی زۆرمان سووتان و تەنیا پێنج شەش كەس خۆمان گەیاندنە بەر تاشە بەردە دوورەكانی ناوچەكەوە و رزگاربووین، زۆربەیان لەبن تاشە بەردەكاندا گیانیان سپارد".
شایانی باسە دوێنێ شەو لەبەر تاریكییەكی زۆر گوندنشینان نەیانتوانی بوو بە تەواوی ناوچەكە بگەڕێن و بگەنە دوا ئەنجام، بۆیە گومان لەزیادبوونی ژمارەی قوربانییان دەكرێت. هەروەها تا ئێستا توانراوە ناسنامەی "ساڵح ئەنجو ـ یوكسەل یورەك" ئاشكرا بكرێت، ئەمە و (15) ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن(ئەمبوڵانس) گەشتوونەتە ناوچەكەوە و ژمارەیەك برینداریان گواستۆتەوە بۆ نەخۆشخانەكانی شەڕناخ، كە لەوانە تەنیا ناوی دوو بریندار دەست دەزگاكانی راگەیاند كەوتوون ئەوانیش (محەمەد عەلی تۆسون، سەرحەد یورەك).
جێگای ئاماژەیە دانیشتوانی ئەم گوندە یەكێك بوون لەو كۆمەڵە خەڵكەی بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو گەریلایانەی لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی تورك و حكومەتەكەی ئەردۆگانەوە لە دۆڵی تەیاران بە چەكی كیمیایی كۆمەڵكوژ كرابوون گوێیان بە هیچ هەڕەشە و رێگرییەك نەدا و چوونە ناوچەكانی شەڕەوە و چەندین تەرمی گەریلایان دۆزییەوە كە بەگشتی ژمارەی تەرمی گەریلا گیان فیداكردووەكان "36" كەس بوون. ئەمەو دەوڵەتی تورك لەماوەیەكی زۆر كورتدا چەندین كۆمەڵكوژی كوردی ئەنجامداوە كە هەندێكیان لەناو كۆمەڵگەی جیهانی و ناوخۆییشدا ئاشكرا كراون، كەچی رای گشتی جیهانی نێو دەوڵەتی خۆیانیان لە كەڕ كردووە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست