کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


با رێز بگرین لە رۆژى 16ى سەرماوەز، رۆژى خوێندكار

Thursday, 03/12/2009, 12:00


بزووتنەوەى خوێندكاریى ئێران بە بوونى مێژوویەكى پرشنگدار، ویژدانى وشیارى لاوانى تێگەیشتوو و مافخوازى وڵات بووەو لە هەموو كاتێكدا بەڕووى دەسەڵاتە ملهوڕو سەرەڕوكانى پاشایەتىو كۆمارى ئیسلامیدا هاتوەتەوەو، بەم چەشنە هێزى بزوێنەرى رووناكبیرانو ئازادیخوازانى ئێران بووە. بەگژداچوونەوەكانى ئەم بزووتنەوەیە لە هەموو كاتێكدا هێزو باوەڕى خەڵكى وەزاڵە هاتوو لە دەسەڵاتی دیكتاتۆرى ورووژاندوەو هاندەرێك بووە بۆ ورەپێدان بە جەماوەر. هەر بۆیەش رێژیمە ئیستبدادىییەكان هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا بە سەركوت، ئەشكەنجە، ئێعدام، بێ ماف كردنیان لە خوێندنو تەنانەت داڕشتنى پیلان بۆ ئینشقاقو جیایى لە ناویانداو بێهێز كردنو لەناوبردنیان بەربەرەكانى لەگەڵ كردوون، بەڵام بە خۆشی یەوە هیچكام لەو پیلانانە نەیانتوانیوە ئەم رۆڵە ئازاو تێگەیشتوویانەى گەل بە چوكدا بێننو سەریان پێ نەوى بكەن.
بە دواى راگەیاندنى ئاكامى بە ناو هەڵبژاردنى دەیەمین دەورى سەرۆك كۆمارى لە 23ى پووشپەڕى ئەمساڵدا، بۆ جارێكى دیكە هێزى خوێندكارى بوو بە هێزى بزووێنەرى پێكهاتەى رێپێوانە میلیونییەكانى لاوانو خەڵكى وەزاڵە هاتوو لە شەقامەكانى تاران، هەر بۆیەش زیاتر لە رابردوو كەوتە بەر هێرشو زەبروزەنگى رێژیم. لەم رۆژانەدا كە دێموكراسیخوازانى ئێران یادى 16ى سەرماوەز رۆژى خوێندكار دەكەنەوە، خوێندكارانى ئێران لە ژێر بێ بەزیانەترین زەختوزۆر دانو لە راستیدا دانشگاكانیان كردوەتە زیندانى خوێندكاران. هەر لەو مانگانەى دواییدا چەندین خوێندكاریان شەهید كردووە، زیندانەكانیان لەوان ئاخنیوەو رۆژ نیە كۆمەڵێك لە خوێندكارە شۆڕشگێڕەكان لە دانشگا دەر نەكرێن یان بانگ نەكرێنە بنكەكانى دامو دەزگا داپڵوسێنەرەكانو هەڕەشەیان لێ نەكرێ. رێژیم هەموو هەوڵى خۆى دەدا بۆ ئەوەى بەڵكوو بتوانێ پێش بە دژكردەوەى خوێندكاران لە رۆژى خوێندكارى ئەمساڵدا بگرێ و، لە لایەكى دیكەوە خوێندكاران لێبڕاون كە لەو رۆژەدا بە سازدانى رێپێوانو دروشم یادى هاوڕێ شەهیدو ئێعدام كراوەكانیان بكەنەوە، پشتیوانىو وەفاى خۆیان بۆ خوێندكارە بەندكراوەكان دووپات بكەنەوەو تووڕەیىو بیزارى خۆیان بە دژى رێژیمى دواكەوتووى كۆمارى ئیسلامى قاتڵى هاوڕێ ئێعدام كراوەكانیان دەرببڕن.
خوێندكارە تێكۆشەرو ئازادیخوازەكان!
ئێستا كاتى ئەوە هاتووە كە بۆ راكێشانى پشتیوانى هەرچى زیاترى نەتەوەكانى مافخوازى ئێران لە بەرنامەیەكى رووندا پشتیوانى خۆتان لە مافى نەتەوەكان رابگەیەنن. رەنگە گونجاوترین شێوەى دیاریكردنى مافى سیاسیى ئەو نەتەوانە دامەزراندنى حكوومەتێكى دێموكراتێكى فیدراڵى بێ لە ئێران. حكوومەتێكى ئەوتۆ لە چوارچێوەى قانوندا باشترین زامنى پاراستنى مافى ئەو نەتەوانەیە كە زۆرترینو زوڵم لێكراوترین بەشى حەشیمەتى ئێران پێكدێنن. لە راستیدا دێموكراسیش بە بێ لە بەرچاو گرتنىو ئەو مافانە وشەیەكى بێ ناوەرۆك دەبێو نەتەوەكانى ئێرانیش هەر لەو پەراوێزەدا دەهێڵێتەوە.
ئێمە لە ساڵیادى رۆژى خوێندكاردا رێز دەگرین لە هەموو خەباتو قوربانیدانەكانى ئەم رۆڵە نیشتمانپەروەرانە، پشتیوانى خۆمان لە بەربەرەكانى ئەوان رادەگەیەنین. سڵاو دەنێرین بۆ ئەو خوێندكارە بە ورانەى كە ئێستا لە زیندانە بەدناوەكانى رێژیمدانو، كردەوەكانى رێژیمى كۆمارى ئیسلامى ئێرانو هێزە سەركوت كەرەكانى دەرحەق بە داخوازە رەواكانى خوێندكاران مەحكووم دەكەین.
سەركەوێ خەباتى ئازادیخوازانەى خوێندكارانو هەموو چینو توێژەكانى كۆمەڵ بە دژى دیكتاتۆرى كۆمارى ئیسلامى
نەمان بۆ رێژیمى دژى ئازادى كۆمارى ئیسلامى


*حیزبى دێموكراتى كوردستانى ئێران
كۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتكێشانى كوردستانى ئێران
پارتى ئازادیى كوردستان
10/9/1388
2009-12-01

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە