بیرەوەرى بە وەكالەت
Wednesday, 08/09/2010, 12:00
من نەسیاسەتوان و نە شرۆڤەكارێكى رووداوە سیاسیەكانم و سەر بە هیچ حیزبێكیش نیم، بەڵام، وەكو دەڵێن: كەسى وا هەیە بەردیش بەجواب دێنێ..! پیاو بەدەست خۆى نیە و ناتوانێ لە ئاست هەندێك رووداواندا بە كەڕوڵاڵى بمێنێتەوە..! دواى ئەو هەراوهۆریایەى كە كابرایەك بەناوى (قانعى فەرد)ەوە لە رۆژنامە و گۆڤارەكان نایەوە، حەزم چووە خوێندنەوەى نووسین و دیمانە و راگەیاندنەكانى و كە تێگەیشتم كتێبێكیشى لەسەر جەلاڵ تاڵەبانى داناوە بەناوى بیرەوەریەكانى، بەدوایدا لە كتێبخانەكان دا گەڕام و لەم و لەوم پرسى كەچى پێیان گۆتم: كاكە ئەم بیرەوەریانەى مام جەلال بە فارسى نووسراوە و لە ئێرانیش چاپ و بڵاوكراوەتەوە و لێرە بە زەحمەت دەست دەكەوێ..!
كاتى خۆى و دواى راگەیاندنى بەیاننامەى یازدەى ئادار و رێكەوتنى بارزانى و سەددام لەسەر ئۆتۆنۆمى بۆ كوردستانى عێراق و پاش هاتنەوەى مام جەلال و جەماعەتەكەى بۆ ناو پارتى، دیسان بەهەمان شێوە زانیم كە مام جەلال كتێبێكى بە زمانى عارەبى بەناوى كوردستان چاپ و بڵاوكردۆتەوە لە دەرەوەى كوردستان، زۆرم پێ سەیر نەبوو بەڵكو پێشم خۆش بوو لە روانگەى ئەوەى كە ئەو كابرایە دەیەوێ كورد و مێژوو و خەبات و كێشەكەى بە گەلانى دیكە بناسێنێ، بەتایبەتى گەلانى عارەبى كە بەشێكى زۆرى كورد و كوردستانیان لەبن دەست دایە. بەڵام بەدەست خۆم نیە كە ئەو كتێبەى گوایە بیرەوەریەكانى ژیانى سیاسیەتى بەفارسى نوسراوە و لە وڵاتێكى دیكەدا چاپ و بڵاوكراوەتەوە بۆم هەزم ناكرێ و زۆر پرسیاران لەلام دێنێتە كایەوە. ئەو كابرایە دەبێ سیقەى بە نووسەرانى وڵاتەكەى خۆى نەبێ یان لەلاى كەم بێ بەزمانى كوردى باسى بكرێ، یان ئەوەندە حەز لە ناوبانگ دەكات بۆیە دەیەوێ خوێنەرانى جیهانى دەرەوە بیناسن..؟
جارێ ئەوەى من زانیبم و خوێندبمەوە، بیرەوەرى ئەوەیە كە كەسەكە خۆى تێیدا ژیاوە و بەدەستى خۆى دەینووسێتەوە، چونكە دیارە بەخۆى لە هەموو كەسێك زێتر و باشترى دەزانێ و كەس نیە بتوانێ وەكو ئەو بیانگێڕێتەوە، لەبەر ئەوەى بیرەوەرى هەر تەنیا گێڕانەوەى رووداوەكان نیە بەڵكە راو تێبینى و سەرنج و هەڵسەنگاندنى كەسەكەش لەخۆ دەگرێت. ئەوەى كە من زۆرم پێ سەیرە ئەوەیە كە كەسێكى وڵاتێكى دیكەى غەیرى كوردستان یان عێراق، كە مام جەلال ناسنامەكەى هەڵدەگرێ، بێ و بتوانێ بگاتە مام جەلال. دەبێ ئەوە چ كەسێك بێ..؟ ئاخر نزیكترین هەڤاڵ و برادەرى هاوخەبات و سەنگەرى پێشمەرگایەتیى ئەم پیاوە، دەیان رۆژ و هەفتەى دەوێ تا دەتوانێ (ئەوە ئەگەر هەر بتوانێ) بۆ ماوەى چەند خولەكێك لەگەڵ مام جەلال دا دانیشێ. باشە كەسێك كە بیرەوەرى دەیان ساڵەى سیاسەتوانێكى وەكو مام جەلال بنووسێتەوە، دەبێ چەند رۆژ و هەفتە و مانگى بوێ و لەگەڵیدا دانیشێ و بخوا و بخواتەوە، تا دەگاتە ئەو هەموو زانیاریانەى مێشكى پیاوێكى ناسراوى وەك مام جەلال هەڵیان دەگرێ، كە لەو بڕوایەدام ئەوەندە كەم نین كە لە یەكدوو دانیشتنان دا و سەرپێیانە پێیان بگات، بەتایبەتیش كە دەڵێن تەنیا بەرگى یەكەمى كتێبەكە لە هەزار لاپەڕە پترە..! خۆ دەبێ مام جەلالێكى سەرۆك كۆمار و سەرۆكى حیزبێكى دەسەڵاتدارى ئەم كوردستانە پڕ لە نەوت و گازە، كە دەزانم زۆریش حەزى لە لاسایى كردنەوەى سەددام هەیە لە بەخشینەوەى پارە و خانى و سەیارە بەوانەى كە بەشان و بازوویدا هەڵدەڵێن..! دەڵێم دەبێ پارەیەكى چاكیشى دابێتە ئەو (قانعكارە) تا ئەو كارە قوڕسەى بۆ راپەڕێنێ، چونكە ئاشكرایە كە مام جەلال هەر خۆى رایگەیاندبوو كە ئیدى هێزى سەرۆكایەتى كردنى عێراق و حیزبەكەى نەماوە و بەتەمایە لێى دانیشێ و وردە وردە بیرەوەریەكانى بنووسێتەوە، بەڵام دیارە كە ئەو پیاوەى دەست كەوتووە و بووەتە هۆى ئەوەى كورسیى سەرۆكایەتیەكان و نەسریەكانیشى لەدەست نەچێ، ئەوا قەى چیە با پشكێكى بداتە ئەویش، كابرا قوتابیە و گەڕانى وڵاتانى دنیاى دەوێ تا دەگاتە (حەقیقەتەكان)، خۆ كوڕە هەژارێكى ئەو كوردستانە نیە بە هەزار (نارى عەلى) ئەگەر زانیاریەكى چنگ كەوێ بۆ خوێندنە شڕەكەى..!؟
لەوەشم پێ سەیر و سەمەرەتر ئەوەیە كە مام جەلال هەر خۆى لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەى كە دیاربوو بە تۆبزى پێیان كردبوو و چەند كەسێكى هەڵبژێردراوى تەلەفزیۆنەكانى هەولێرى تێدا ئامادەكرابوون، خۆى لە وەڵامى پرسیارێكدا گوتى: من هەر لە ئەوەلەوە لەو كەسە بە گومان بووم، وەك بڵێى تەنیا جارێكى دیتیە و ئیدى لەو دیتنەشى پەژیوان بۆتەوە.
من پێم وایە ئەو شتە بەو شێوەیە نیە كە ئێستا باسى لێوە دەكرێ. ئەو مام جەلالە بە ئاشكرا دیارە كە عوقدەى مەلا مستەفاى هەیە و ئەو عوقدەیەى هەر ماوە و لە قەبریشدا وازى لێ ناهێنێ و هەر دەیەوێ بە خەڵك بڵێ كە خۆى سەرقافڵەى سیاسەتى كوردى بووە و ئەگەر ئەو مەلا مستەفایە نەبووایە، ئەوا زووتر كۆمارێكى بۆ كوردستانى عێراق پێك دەهێنا..! خۆ هەموومان قسەكانى سەردەمى شەڕى یەكێتى و پارتیمان لەبیرە كە مام جەلال و راگەیاندنەكەى چیان بە بارزانى و بنەماڵەكەى كرد. ئەو مام جەلالە من بیناسم نایەوێ هەتا ماوە كەسێكى دى لەخۆى زێتر لە گۆڕەپانەكە بە ئیستراحەت بجوولێتەوە یان هەر مێژووەكەشى بە زیندووێتى بمێنێتەوە. ئەو لایەنى مەسعوود بارزانیى مسۆگەر كردووە كە وەكو منداڵێكى سەیر دەكات و ترسى دەست لەبن دەست هەڵدانى ئەوى نیە، بۆیە هێشتا هەر پڕ دەداتە ئەوەى كە هەندێ جاران (بەتەوسەوە) ناوى بە جەنەڕاڵ بارزانى دێنێ..!
ئەو كابرایە بە پەیڕەوكردنى سیاسەتى نانەوەى دووبەرەكى خۆى هێشتۆتەوە و هەر لەسەر ئەو ستراتیجیەتەش دەمێنێتەوە، خووێك بەشیرى بیگرى بەپیرى لێى لانادەى، بۆیە بەبێ سەرسەرانێ ئیستراحەت ناكات، ئەگەر نا بۆ رێگە دەدات كابرایەكى (لایدە) هێرش بكاتە سەر كابرایەكى، با خراپەشى هەبووبێ، ئەمڕۆ رەمزى كورد و خەباتە درێژەكەیەتى..؟ دیارە هێشتا یەكێكى دیكەى لە ئاست بارزانى نەدۆزیوەتەوە یان پەیدا نەبووە سەرسەرانێى لەگەڵدا بكات لەبەر ئەوە هەر بەو عوقدەیەوە خەریكە.
ماوەیەكە مام جەلال بە ئیستراحەت و بەبێ گێچەڵ و شەڕوشۆڕ دانیشتووە، مەعقوول نیە هەر وا بڕوا چونكە مۆمەكەى بەرەو كزى دەچێ و ژیلەمۆیەك ناوە ناوە پفى لێ نەكەى دەكوژێتەوە. چۆن دەبێ ئەوها بێ بەربەرەكانێى ئەم و ئەو دابنیشێ و یەكێتى كەرت و پارچە بێت و پارتیش بەهێزتر..؟!
بۆ ئەوەى باش مام جەلال و سیاسەتە ماكیاڤیلیەكەى بناسن، ئەوەتان بۆ دەگێڕمەوە كە كابرایەك لە دەمى مام جەلالى گێڕایەوە و خۆى لەوێ بووە كە مام جەلال لە كۆبوونەوەیەكدا كە لە شەقلاوە كراوە و ئەو كات هێشتا شەڕ لەنێوان یەكێتى و پارتیدا هەڵنەگیرساوە و گوتوویەتى: كوڕینە ئەگەر بزانم درۆیەك تەنیا بۆ نیو سەعات كار دەكات دەیكەم و لێى پەشیمان نیمە..!
ئەوەم كاتێك هاتەوە بیر كە مام جەلال لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەى هەولێرێ واى نیشان دا كە ئەو (قانعە) بە پیاوێكى خراپ دەزانێ، تەنیا جارێك بۆ ئامادەكردنى دكتۆراكەى سەرى لێداوە و داواى یارمەتیى كردووە..!
لە كۆتاییدا هەر ئەوەندە دەڵێم ئەگەر كوڕە كوردێك بیەوێ دكتۆرایەك لەسەر مام جەلال و مێژووەكەى وەربگرێت، ئەوەندە بۆى بە پەرۆش دەبێ و كاتى خۆى بۆ تەرخان دەكات..؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست