پەیامێک بۆ کاک عوسمانى حاجى مەحموود ئەو پیاوانە بناسە کە متمانەى کوێرانەت پێکردبوون !!؟؟
Monday, 04/05/2009, 12:00
ماوەى چەند مانگێکە کاک عوسمانى حاجى مەحموود دەستى لەپۆستى وەزارەتى ناوخۆ و مەکتەبى سیاسى کێشاوەتەوە ، ئیتر لەوکاتەوە کەس دەنگى نەبیستووە و رەنگى نەبینیوە و کەسیش نازانێ بەتاماى چیە ! چونکە نەبەتەواوى خۆى لەسەر گردەپیرۆزەکە ساغکردۆتەوە ، نە پردەکانى گەڕانەوەشى روخاندووە بۆ ناو مەکتەبى سیاسى ، بەهەرحاڵ بەڕێز کاک عوسمانى حاجى مەحموود کاتێ لەپۆستەکەیدا بوو بەریفۆرمخواز ناسرابوو زۆریش کارى بۆ ئەوکەسانە ئەکرد کەئەو بە ریفۆرمخواز لێیان تێگەیشتبوو ، هەر لەپێشکەشکردنى پۆست و پلە تاکو ئوتومبیل و پارە ، بەڵام بەداخەوە زۆرینەى هەرە زۆرى ئەو کەسانە شایەنى ئەو متمانەیە نەبوون و لەگەڵ دوورکەوتنەوەى کاک عوسمان لەپۆستەکەى ئەوانیش قیبلەى وەلائیان گۆڕى و دواى بەرژەوەندییە شەخسییەکانیان کەوتن لەوانەش :
1. مامۆستا جەلال : راستە مامۆستا کەسێکى هەلپەرستى بێنرخە و تاکە سەروەرى لە ژیانیدا خوێنى براکەیەتى کە بازرگانى پێوە دەکات ، دیارە مامۆستا پێشتر بەئاشکرا ئەیووت من باڵى کۆسرەتم ، بەڵام نەشیدەوێرا بڵێ دژى ریفۆرمم ، بەڵام ئیستا بەئاشکرا ئەڵێ ئەوەى سەر بەریفۆرم بێ لەوەزارەتى ناوخۆ شوێنى نابێتەوە ، رێنمایشى لەسەرووى خۆى وەرگرتووە .
2. لیوا حەمە سەعید : کاک عوسمان زۆر متمانەى پێبوو ، وایدەزانى دڵسۆزى ریفۆرمە ، بەڵام یەکەم کەس بوو کە پشتى تێکرد و چوو بۆلاى بەرزانى ئەحمەد کووردە و وتبووى من لەوەتەى فامم کرۆتەوە مام جەلالم خۆشویستووە .
3. لیوا خۆشەوى : بەڕێوبەرى گشتى GCC : لەم ماوەیەیى پێشوودا و لەترسى ئەوەى لەپۆستەکەى دوورنەخرێتەوە ، چەندین جار سەردانى مەڵبەند و کۆمیتەى پۆلیسى کردووە و نامەى چەند کەسێکیشى بۆ واستەکردن بردووە بۆ بەرزانى ئەحمەد کووردە .
4. عەمید سالار : راگرى کۆلێژى پۆلیس : ئیستاش وەک خەتێکى پاشەکشێ زۆر ئێوارە دەچێتە ماڵى کاک عوسمان ، بەڵام ئەم ئەفسەرە کە بەئەفسەرەکەى نادى چراخان و زیندانى ئینفرادى ئاسایش ناسراوە لەسەر چواردە هەزارەکەى بەبەرتیل وەریگرتبوو ساڵى 1998 ، تائیستا چەندین کەڕەت چووە بۆ ماڵى بەرزانى ئەحمەد کووردە و وتویەتى من هیچ کاتێ ریفۆرم نەبووم و ریفۆرم نابم ، هەروەک چۆن وتبووى من بە شەهادەى خۆم ئەو پۆستەم وەرگرتووە ، ئەمە لەکاتێکدا هەموو شەهادە فەل و لەنگە و ستۆکەکانى بە پارە و بودجەى وەزارەتى ناوخۆ وەرگرتووە کەلەمیسرەوە هاوردەى دەکردن ، هەروەها هەر ئەم عەمید سالارە پەیوەندى کردووە بە کارزان ناوێکى دەزگاى زانیارییەوە و پێى وتووە ئامادەم هەموو زانیارییەکتان لەسەر کۆمپانیایى ئارام بدەمێ ، ئەوانیش لەگەڵ دەزگاى چاودێرى رووبەروویان کرۆتەوە .
5. عەمید کەمال : بەڕێوبەرى کارگێڕى لە پۆلیسى گشتى : ئەم پیاوە کە موالیدى 1970 یە و ئەو پلە بەرزەشى لەسایەى مەحسوبیەتى کاک عوسماندا پێبەخشراوە و لەراستیدا تەنها شایەنى ئەوەیە مفەوەزێکى پلە هەشت بێت ، زۆر بێشەرمانە چۆتە لاى دکتۆر ئەرسەلان بایز و پێى وتووە من هەر جەلالى بووم و مام جەلالم لە منداڵەکانم زیاتر خۆش ئەوێت ، شاهیدى لەسەرە کە چۆتە سکرتاریەتیش و خۆى بە شێخ ئاواتى سکرتێرى مام جەلال ناساندووە شێخ ئاوات بە کارگێڕێکى مەڵبەندى وتبوو ئەم عەمید کەمالە دوو سێ جار تەڵاقى بۆ خواردووم کە هاتوچۆى گردەکە ناکات ، ئیستا لەسایەیى بەجەلالیبوونیدا داواکارى پۆستێکى بەرزە .
6. عەمید فەرەیدوون : بەڕێوبەرى هاتوچۆى سلێمانى : بەهۆى کاک عوسمان و بەناو ریفۆرمبوونیەوە ماوەى نزیکەى چوار ساڵە بەڕێوبەرە و لەپۆستەکەشى زۆر سوودمەند بووە ، سەرەتاى مانگى چوار چووە بۆلاى بەرزانى ئەحمەد کووردە و بە ئامادەبوونى جەمال تاڵەبانى وتویەتى من تاکە بەڕێوبەرم کەلەبرى وێنەیەکى مام جەلال چوار وێنەى مام جەلالم لەژوورەکەمدا هەڵواسیووە ، ئیستا عەسران ئەچێ بۆ مەڵبەند تاکو بڵێن جەلالییە و پۆستە چەورەکەى لەدەست نەچێت .
7. عەقید وشیار : بەڕێوبەرى دوورخراوەى فریاکەوتن : بە مامۆستا جەلالى وتووە ئەمەوێ سەنگەرى خەبات بگوازمەوە بۆ کووتلەکەى کۆسرەت ، هەرچەندە ئەم پیاوە بە رەفتارە لەرادە بەدەر ناشرینەکانى ئابرووى عوسمانى حاجى مەحموودیشى بردبوو ، بەڵام کاک عوسمانیش لەرابەدەر لغاوەکەى بۆ شلکردبوو ، لەسلێمانى بە ملازم موحسن ناسراوە ، هەفتەیەک لەمەوبەر لەگەڵ عقید بەمۆ و کەریم هەژار چووە بۆ لاى دکتۆر خەسرەو لە قەلاچووالان و وتویانە ئێمە بچووکى مام جەلالین و هەرگیز دژى نەبووین .
8. چەند کاسەلێسێکى تر بەجیا و بەکۆمەڵ سەردانى مەڵبەند و مەکتەب رێخستن و دەزگاى زانیاریان کردووە و بەڵێنیان پێداوون کە بەهیچ جۆر و شێوەیەک سەردانى گردەکە نەکەن و تەنها دڵسۆزیان بۆ هێڵى گشتى بێت ، لەوانە عەقید جوامێرى بەشى سەربازى کە دوو کارتۆن بەڵگەنامەى کۆپیکراوى تەسلیم بە بەرپرسێکى دەزگاى زانیارى کردووە و گوایا پەیوەندى هەیە بە گەندەڵیەکانى سەردەمى کاک عوسمانەوە (شاهیدى زیندووى لەسەرە) ، عقید جوامێرچوبوو بۆلاى جەلالى سام ئاغا کە بەڵگە نامەکانى بداتێ وتبووى ئەبێ بە نووسراوى رەسمى ئاراستەم بکرێ و ئەبێ پەیوەندى هەبێ بە شتى داراییەوە ، ئەویش ناچار تەسلیم بە کەمالە قژلوولى دەزگاى زانیارى کردبوو لەقەلاچووالان ، زۆرینەى فەرماندەى کەرتەکان سەردانى کۆمیتە و جەمال تاڵەبانیان کردووە و پەیمانیان داوەتێ هاتوچۆى گردەکە نەکەن ، بەڕێوبەرى ئاگرکوژانەوە عەمید نەجمەدین نامەى مستەفا چاوڕەشى بردووە بۆ بەرزانى ئەحمەد کووردە و کە تەزکیە کراوە بەوەى جەلالیە ، عقید جەمال هەورامى پۆلیسى گشتى ، چوار پێنج نامەى جەمیل هەورامى و حەمەى حەمەسەعى بردووە بۆ لاى بەرزان تاکو لەپۆست و حیمایەکانى بێبەشى نەکات . لە هاتوچۆ نەقیب ئەمین و رائید سالار و رائید ئاسۆ ، چەندین جار سەردانى مەڵبەند و سکرتاریەتیان کردووە و بەدەپەنجە مۆریان کردووە کە جەلالین ، ئەو کەسەى بابەتێکى لە کوردستانپۆستى بەڕێزدا لەسەر نەقیب فەریق بڵاوکردۆتەوە گوایا وەڵامى بەرزانى داوەتەوە زۆر دوورە لەراستیەوە ، چونکە چوارشەممەى پێشوو نەقیب فەریق نەبەزى براى بەرزانى ئەحمەد کووردەى بۆ واستە هێنابوو بۆ لاى بەرزان و زۆر پاڕابووەوە کە لەپۆستەکەى دەرینەکەن بەپاساوى نەبوونى بڕوانامە ، ئەمە بێ لەوەى سەردانى شێخ کامیلى سکرتاریەتى کردبوو بۆ هەمان مەبەست .
9. ئەمانە چمکێک بوون لەو بەرژەوەندچیانەى کە پشت و پەناى کاک عوسمانى حاجى مەحموود بوون و خۆیان بە ریفۆرمخواز دەزانى بەڵام لەگەڵ یەکەم هەڵدێریاندا پشتیان کردە ریفۆرم و پۆستەکانیان هەڵبژارد ، بەڵام بێگومان گۆڕان و ریفۆرم بە سەرکردایەتى کاک نەوشیروان زۆر لەوەگەورەترە بەبێهەڵوێستى چەند هەلپەرستێک بشۆکێت ، سندوقەکانى دەنگدانى داهاتووش راست و دروستى ئەم بۆچوونە ئەسەلمێنن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست