لەوەزارەتى ناوخۆى سلێمانى ریفۆرم قڕانە
Saturday, 18/04/2009, 12:00
لەپاش دەست لەکارکێشانەوەى کاک عوسمانى حاجى مەحموود ، ئیتر مەڵبەندى یەکى رێخستن و کۆمیتەى پۆلیس لە سلێمانى بەهاریکارى هەندێ چڵکاوخۆر و کاسە لێس کەوتنە خۆیان تاکو بە پلانەکانیان پەلامارى ئەفسەرە ریفۆرمخوازەکان بدەن و لەشوێنەکانیان دووریانبخەنەوە ، هەڵمەتەکەش بە سەرپەرشتى مامۆستا جەلال دەستیپێکرد کە دەمێک بوو ئاواتخواست بوو کە عوسمانى حاجى مەحموود نەمێنێت تاکو ئەمیش لە ئاوى مەنگدا راوبکات ، بەداخەوە زۆر لەوانەى لەکاتى پۆستەکەى کاک عوسماندا سوێندیان بەسەرى دەخوارد هــــەر زوو قیبلەى وەلائیان وەرگیڕاو و کەوتنە دەست و قاچ ماچکردنى دەسەڵاتدارانى نوێ ، وەک شێرە بەفرینە پاشەڵ رەنگاورەنگەکەى کۆلێژى پۆلیس کە ناوبانگى هەیە بەوەى کێ لەسەرەوە بێت ئەم شانى بۆ ئەتەکێنێ ، ئەوانى تریش وەک بەڕێوبەرى ئاگرکوژانەوە و فەرماندەى کەرتەکان .. ئەمانە کێ لەپشت مێزێکى پۆست بەرزەوە لە وەزارەت دابنیشێ ئیتر بێ یەک و دوو پێڵاوى بۆ دائەنێن چونکە زۆر سوودمەندن لە پۆستەکانیان ، لیوا رزگار کە پیاوێکى سەرکەوتوو بوو لە پۆستەکەیدا لەهیچ سڵى نەدەکردەوە لەبەرئەوەى لەسەر ریفۆرم حساب بوو زوو دوورخرایەوە و عەمید ئاراسى بەناو جەلالیان هێنایە شوێنى ، کە ناسراوە بەوەى پیاوێکى هەلپەرستى ماستاوچییە ، لە رەگەزنامە کاتێ بەڕێوبەر بوو ئەوەى بیزانیبایە بەرپرسە و شتى بەدەستە بۆخۆى رەگەزنامە یان پێناسەکەى بۆ دەبردە ماڵەوە ، عەمید فەرەیدوون لە بەڕێوبەرى هاتوچۆ دوورخرایەوە و عقید شوانى ئاسایش هێنرایە شوێنى ، ئەم عەقید شوانە کەسێکى وەک على عبداللەى ناو پارتى بوو لەئاسایش کەس ناوى نەبیستبوو ، تەنها بەوە ناسراوە کە مێبازێکى عەجایبە لەگەڵ ئەوەى پسپۆڕیشە لەبوارى پۆزلێدان و لووت بەرزیدا ، ئەم شوانەیە پێشتر خۆى بەریفۆرم دەزانى تاکو وەک هەمووان لەبیریانە [شەقازلە] بەناوبانگەکەى خوارد و ئیتر تەواو تەمێ بوو ، ئیستا بەحساب کاندیدى باڵى کۆسرەتە ، شەو و رۆژ لاى بەرزانى ئەحمەد کوردە کەوتووە ، تەنانەت پێى وتبوو کاک بەرزان با کەس بەوە نەزانێ کەئەبم بە بەڕێوبەرى هاتوچۆ نەبا لێم تێکبدەن ، کابرایەکە زۆر ئەنازێ بەوەى کە چەند مانگێک زیندانى سیاسی بووە ، لەراستیشدا ئەم کوڕە لە هەرزەکاریدا بەهەڵە لەلایەن ئەمنەوە گیراوە ، ئیتر هەر دار و شەقێک ناوى دووکەسى لەخۆوە وتووە ، زۆرێک لەهاوڕێکانى کە لەدواى گرتنى ئەمەوە گیران ئیستاش بێسەروشوێنن ، بەڵام ئەم لەبەرئەوەى هاریکارى ئەمنى زۆر کردوو زیندانەکانى بۆ پڕکردن لەکەسى بێتاوان زوو ئازادکرا ، ئیتر ئەم گرتنە شانۆگەرییە پاش راپەڕین بۆى بوو بەخێر و بەرەکەت ، وا ئیستاش کووتلەچێتى و کاسەلێسى بۆ باڵەکەى کۆسرەت کردى بە بەڕێوبەرى هاتوچۆ ، عەقید نەوزاد کە ئەفسەرێکى ترى ریفۆرمخوازە گوازرایەوە بۆ بەڕیوبەرى پۆلیسى قەزا و ناحیەکان ، کە پۆستێکى شکلیە و هیچ قورساییەکى نیە ، عقید محمد تاهیر تەنها لەبەرئەوەى جێى متمانەى کاک عوسمان بوو و ناسراوە بەوەى ریفۆرمخوازە ، وا مەڵبەند بەتەمایە حەشوەى لێببەستێت بۆ دەروەى سلێمانى ، عەمید کەمال کە ریفۆرخوازێکى ترە لە گشتى پۆلیس پەراوێزخراوە و هیچ پۆستێکى نیە لەگەڵ ئەوەى خاوەنى دوو بڕوانامەى بەکالیریۆسە لە یاسا و ئابووریدا ، هەروەها بەنیازن بەڕێوبەرى رێگاوبانى دەرەوە لە هاتوچۆ نەقیب فەریق بگوازنەوە بۆ دەرەوەى ئەو دەزگایە بەو پاساوەى مامۆستا جەلال وتویەتى فەریق دەرچووى کۆلێژى زانستە مرۆڤایەتیەکانە بەشى فەلسەفە ، ئەم تایبەتمەندێشتیەش لە هاتوچۆ پێویستمان پێى نیە ، راستدەکەن ئاخر شەهادەى ئەوانى تر زۆر جوانە تا پێویستیان بە شەهادەکەى ئەم نەبێ ؟! عقید شێردڵ بەهەمان شێوە لەگەڵ چەند ئەفسەرێکى تردا گواسترانەوە بۆ فەوجى فریاکەوتن تەنها لەبەرئەوەى هاتوچۆى مەڵبەند و کۆمیتەیان نەدەکرد ، نەقیب کەریم هەژار تەنها لەبەرئەوەى هێڵى گشتیە و خۆى بەجەلالى دەزانێت بەدەیان پۆستیان بۆ پێشنیار کردووە جارێ ئەڵێ بابیرى لێبکەمەوە .
ئەوەى رۆژنامەى هاوڵاتى لەپێگەکەیدا بڵاویکردۆتەوە کە ئەفسەرەکانى ئاسایش و پۆلیسى سەر بەریفۆرم لە پۆستەکانیان دووردەخرێنەوە ، هەواڵێکى تەواو راستە ، هەمووشى بەو ئاراستەیەیە کە لە دەرئەنجامى هەڵبژاردنە چاوەنواڕکراوەکان تۆقاون و لەوە دەترسن کە ئەم ئەفسەرانە قورسایى خۆیان بەکاربهێنن ، هەڵبەتە مانگە شەو سەر لەئێوارە دیارە و ئەوان بیانەوێ و نەیانەوێ لیستى سەربەخۆى کاک نەوشیروان براوەیە چونکە سەنگەرى میللەتەکەى خۆى هەڵبژاردووە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست