کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سکاڵایه‌ک دژی په‌رله‌مانتاره‌کانی لیستی ده‌سه‌ڵات

Thursday, 03/02/2011, 12:00


به‌ڕێزان په‌رله‌مانتاره‌کانی لیستی ده‌سه‌ڵات
هیوادارم له‌ به‌نده‌ی موخلیستان تووڕه‌ نه‌بن، چونکه‌ من به‌ نیازم سکاڵایه‌ک دژی ئێوه‌ به‌رز بکه‌مه‌وه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌کو دڵسۆزێک باسی کردووه‌ بۆم که‌ ئێوه‌ مانگی جارێ ده‌س به‌رز ئه‌که‌نه‌وه‌ بۆ ده‌نگدان له‌ سه‌ر یاسایه‌ک که‌چی موچه‌تان پێنج ملیون دیناره‌ جگه‌ له‌ نه‌سرییه‌، به‌نده‌ش ڕۆژانه‌ سه‌دان جار ده‌س به‌رزئه‌که‌مه‌وه‌
بۆ ڕێکوپێکخستنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێله‌کانی سه‌ر جاده‌، که‌چی موچه‌که‌م ته‌نها سێسه‌د هه‌زاره‌

من ده‌نگم به‌ ئێوه‌ دا بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ محامی خه‌ڵک، نه‌ک محامی حکومه‌ت. ئه‌گه‌ر ئه‌پرسن چۆن، به‌نده‌ بۆتان ڕوون ئه‌کاته‌وه

١− ئێوه‌ وه‌فدێکتان ته‌شکیل کرد ،چون بۆ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ لیستی عه‌ره‌به‌کان ده‌رباره‌ی پێکهێنانی حکومه‌ت له‌ به‌غدا و به‌رنامه‌یه‌کی نۆزده‌ خاڵیتان له‌ هه‌گبه‌دا بوو ده‌رباره‌ی داواکارییه‌کانی کورد. ئێوه‌ له‌ ژوری کۆبونه‌وه‌دا بون له‌ گه‌ڵ عه‌ره‌به‌کان، به‌یه‌ک ته‌له‌فۆنی کاک مه‌سعود بۆ د. فواد، ڕیسه‌که‌تان بووه‌ خوری، وازتان له‌ به‌شێکی داواکانی کورد هێنا. نه‌تان پرسی ئه‌گه‌ر ئێمه‌ مه‌رجه‌عین بۆ وا سوکمان ئه‌که‌ن
٢− تا ئێستا نه‌تان پرسیوه‌ کام لایان شه‌کری شکاندووه، فازیل نه‌بی یان د. به‌رهه‌م، چونکه‌ کاک فازیل وتی
ئه‌وه‌ی ئه‌ڵێت -به‌غدا کوردی پابه‌ند کردووه‌ که‌ ڕۆژانه‌ ١٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بفرۆشێت، ئه‌گینا له‌ بودجه‌که‌مان ئه‌بڕن- شه‌کری شکاندووه‌. که‌چی دوکتۆر به‌رهه‌م پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ به‌غدا فه‌رموی نا واڕێککه‌وتوین که‌ ڕۆژانه‌ ١٠٠ هه‌زار به‌رمیل بفرۆشین
٣− ئێمه‌ تا ئێستاش نازانین تا ئێستا بودجه‌ی ساڵی پار چۆن سه‌رف کراوه‌، پێم وایه‌ ئیوه‌ش نازانن، چونکه‌ وه‌زاره‌تی مالییه‌ی هه‌رێم ته‌نها لیسته‌یه‌کی سه‌رفیاتی بۆتان ناردووه‌، که‌ به‌ هی دوکاندارێك ده‌چێت، ئه‌وا هه‌ر باسی بودجه‌ی ته‌خمیینی ساڵی تازه‌ ناکه‌م، که‌ ئێمه‌ وا چوینه‌ مانگی دووه‌، به‌ڵام له‌ به‌ر پشووی جه‌نابتان دواخرا.
٤− ئه‌وه‌ هه‌ر باسی کاره‌با ناکه‌م ،نه‌ك ببێته‌ چاوه‌وه‌، جونکه‌ بۆم ده‌رکه‌وتوه‌ که‌ هه‌مو حکومه‌ته‌که‌ به‌و بودجه‌ زه‌به‌للاحه‌وه‌ به‌ قه‌د کاک ئه‌حمه‌د ئیسماعیلێکتان بۆ ناکڕێ له‌ بواری چاره‌سه‌رکردنی کاره‌با، خوا ده‌س به‌ باڵایه‌وه‌ بگرێت ئه‌وا خه‌ریکه‌ به‌شێک له‌ کاره‌بای که‌رکوکیش دابین ئه‌کات
٥− به‌ر له‌ سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌چه‌ند مانگێک، گه‌رمه‌ی گه‌نگه‌شه‌کردنی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان بوو، له‌ پڕ ڕه‌شنوسه‌که‌ چوه‌ ئاو، یان مه‌له‌فه‌که‌ی پێچرایه‌وه‌ و خرایه‌ سه‌ر ڕه‌فته‌کان، بۆ خه‌ڵکی کوردستانتان ڕووننه‌کرده‌وه‌ بۆ وازتان لێهێنا، به‌ڵام من پێتان ئه‌ڵێم،له‌ ئه‌نجامی فشاری مالیکی و تورکیا بوو،له‌ سه‌ر پارتی، ئێوه‌ی به‌ حیساب نوێنه‌رانی خه‌ڵكن ده‌نگتان لێوه‌ نه‌هات. هه‌رچه‌نده‌ به‌نده‌ به‌ باشێ زانی، چونکه‌ به‌ خۆڕایی وشه‌ی که‌رکوک، یان شارک که‌رکوک ،که‌ یه‌که‌مجار وه‌کو پایته‌خت ناوزه‌د کرابوو، دوایی له‌ ڕه‌شنووسه‌که‌ ده‌رهێنرابو
٦− له‌ به‌غدا، ڕۆژ به‌ ڕۆژ سوپای عێراق پۆشته‌ و په‌رداخ ده‌کرێت، که‌چی هێشتا لای خۆمان هێزی پێشمه‌رگه‌ یه‌کی نه‌گرتۆته‌وه‌،. ئه‌وه‌ باسی موجه‌ی پێشمه‌رگه‌ هه‌ر ناکه‌م، که‌ هێشتا وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق ئاماده‌ نیه‌ موچه‌کانیان بۆ سه‌رف بکات هه‌رچه‌نده‌ مافی خۆمانه‌، به‌ڵام له‌ به‌شی بودجه‌ی هه‌رێم پێنج ساڵه‌ موچه‌یان ده‌درێتێ
٧− ئه‌ی کێتان ده‌زانێ پشکی کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان که‌ له‌ کوردستان نه‌وت ده‌رئه‌هێنن چه‌نده‌، ڕه‌نگه‌ بڵێن ئه‌وه‌ عیلاقه‌ی به‌ ئه‌منی قه‌ومی کورده‌وه‌ هه‌یه‌، نابێ که‌س پێی بزانی،من ئه‌پرسم ئه‌ی ئه‌و دو هه‌زار ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازه‌ تورکییه‌ی که‌ له‌ هه‌شت بنکه‌ له‌ بادینان دانراون، زیانی نییه‌ بۆ په‌زه‌که‌،که‌ ڕۆژانه‌ جاسوسی به‌ سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ و دام و ده‌زگاکانی کورده‌وه‌ ئه‌که‌ن
٨−له‌ هه‌مو وڵاتێکی دیموکراتی، یاسای پارته‌کان هه‌یه‌ به‌ قه‌ولی عه‌ره‌ب -قانون الاحزاب-به‌ڵام لای ئێمه‌ مانگ به‌ مانگ، ساڵ به‌ساڵ دوای ئه‌خه‌ن، چونکه‌ ئێوه‌ به‌ زیانی پارتی و یه‌کێتی ئه‌زانن، له‌ کاتێکدا ئێوه‌ ده‌ڵێن ئیمه‌ زۆرایه‌تین له‌ په‌رله‌مان
٩− ڕۆژانه‌ باس له‌ دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی ده‌کرێت، وه‌کو دراوی لێهاتووه‌، ڕۆژانه‌ ته‌عامولی پێ ئه‌کرێت. به‌ڵام ڕۆژێک نه‌مبینی ئێوه‌ ده‌ستبه‌رزکه‌نه‌وه‌ بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ وه‌زیرێک، نه‌مبینی یان نه‌م بیست مه‌سئولێکی گه‌وره‌ له‌ سه‌ر گه‌نده‌ڵی موحاسه‌به‌ بکرێت. ئه‌گه‌ر موحاسه‌به‌ش کرابێت، ئه‌وا پاش چه‌ند مانگێک هه‌ر هه‌مان مه‌سئول به‌ پله‌یه‌کی به‌رزتر له‌ شوێنێکی تر دامه‌زراوه‌
١٠− قه‌د ڕۆژێ ئه‌و پرسیاره‌تان له‌ خۆتان کردووه‌، که‌ ئه‌گه‌ر سنوره‌کانمان لێ دابخرێ، عه‌جه‌با توانای ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ته‌نها بۆ هه‌فته‌یه‌ک خۆراکی هاوڵاتییان دابین بکرێت، مه‌به‌ستم زیاتر ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی گونده‌کانه‌. ئێوه‌ زۆربه‌ی خه‌ڵکی دێهاته‌کانتان به‌ پۆلیس، پێشمه‌رگه‌ سه‌رباز دامه‌زراندووه‌، ده‌ستی کار له‌ لادێکاندا نه‌ماوه‌.
زۆربه‌ی ئه‌و پرۆژه‌ کشتوکالییانه‌ی که‌ له‌ هه‌ندێ لادێ دروستکراوه‌، هی مه‌سئوله‌کانن یان پشکی ئه‌وانی تێدایه‌، جاڕی سولفه‌ی عه‌قار که‌ قه‌رار وایه‌ گونده‌کانیش بگرێته‌وه‌، هه‌ر له‌ ئێسته‌وه‌ کۆمه‌ڵی مه‌سئول خۆیان بۆ حازرکردووه‌، دلنیام که‌مترین دێهاتی سودی لێ ده‌بینێ
١١− به‌ به‌ر چاوی هه‌موتانه‌وه‌ ده‌زگای پاراستن، ڕۆژنامه‌نوسێکی گه‌نج، ته‌له‌به‌ی زانکوی له‌ ناو جه‌رگه‌ی هه‌ولێر رفاند -مه‌به‌ستم زه‌رده‌شت عوسمانه‌،پاشان پڕڕ ناو ده‌میان له‌ گولله‌ کرد، له‌سه‌ر یه‌ک وتار. که‌چی ئێوه‌ فززه‌تان لێوه‌ نه‌هات. من ئه‌پرسم کوا دادگای سه‌ربه‌خو، ئه‌ی بۆ دادگای هه‌ولێر ده‌یگوت ئیمه‌ سه‌ربه‌خۆین
بۆیه‌ که‌مالی سه‌ید قادرمان به‌ ٣٠ ساڵ زیندانی کرد
١٢− له‌ به‌رئه‌وه‌ی ئێوه‌ مادده‌ی ١٤٠تان خستۆته‌ خواری خواره‌وه‌ی ئه‌وله‌ویاته‌کانتان له‌ به‌غدا، بۆیه‌ منیش له ئاخیر خاڵدا باسی ئه‌که‌م ،زیاتر له‌ حه‌وت ساڵه‌ هه‌ر فه‌له‌ستین فه‌له‌ستینتانه‌، باسی ئه‌وه‌ ئه‌که‌ن ئه‌گه‌ر
جێبه‌جێ نه‌کرێت، دۆ و دۆشاو تێکه‌ل ئه‌که‌ن، خه‌ڵکی که‌رکوکیش هه‌ر له‌ مه‌ینه‌تی دان، ته‌عریب هه‌ر به‌رده‌وامه‌
له‌ به‌ر حیزب حیزبێنه‌ ناپه‌رژێنه‌ سه‌ر موحاسه‌به‌کردنی مه‌سئوله‌ گه‌نده‌ڵه‌کان له‌ که‌رکوک، پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌، بۆ تورکومان توانی ناحیه‌ی پردێ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ سه‌ر که‌رکوک، بۆ ئێوه‌ نه‌تانتوانی ناحیه‌ی له‌یلان بگه‌رێننه‌وه‌ سه‌ر که‌رکوک که‌ ته‌نها چاره‌کێک له‌ که‌رکوکه‌وه‌ دووره

به‌نده‌ ئاماده‌یه‌ سکاڵاکه‌ی بکێشێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ چالاکانه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌س به‌رزکه‌نه‌وه‌ بۆ واژۆکردنی کۆمه‌ڵه‌ یاسایه‌ک بۆ خزمه‌تی خه‌ڵکی کوردستان، ئه‌و کاته‌ نه‌ک هه‌ر سکاڵا به‌رزناکه‌مه‌وه‌، به‌ڵکو قۆلی خۆشم ئه‌بڕم، جونکه‌ دلنیا ئه‌بم که‌ له‌ هه‌ر چوارریانێک ترافیک لایت دائه‌نرێ و پێویست به‌ ده‌س به‌رزکردنه‌وه‌ی به‌نده‌ ناکات. وه‌کو
پۆلیسێکی هاتوچۆ‌
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە