مەسعود بارزانی دەیەوێت بمان ترسێنێ و گەمژەیشمان بکات
Friday, 17/04/2015, 2:41
کێ ئەوەندەی بارزانی خیانەتی لەم میلەتە کردووەو بەردەوامیشە لەخیانەت کردن باسی دەست کەوتەکانی گەل و نیشتمان دەکات ، ئاخر سەرۆک پێمان ناڵییت کام دەست کەوت ئەمەی کە ئێستا بەرهەم هاتووە هەرهەمووی بەرهەمی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانە و بەرهەمی خوێنی ئەنفال و هەڵەبجەیە بەرهەمی زیاتر لە بیست هەزار پێشمەرگەی شەهیدە باشە جەنابت چ نەخشێکت هەیە لەم خەبات و خوێنەدا.تۆ دەڵێ ی کەوا دوژمنانی گەلەکەمان دەیانەوێت ئەم دەست کەوتە لەبار بەرن باشە من لێتان دەپرسم دوژمنانی گەلەکەمان کێن مەگەرتورک و فارس و عەرەب نین ، پەیوەندی تۆو تۆرکیا پەیوەندی ماسی و ئاوە. لەگەڵ عەرەبیشدا هاوبەشە دەسەڵاتن و لەگەڵیاندا حکومەتت پێك هێناوە ، لەگەڵ فارسیشدا ئەوە حەز دەکەم خەڵکی کوردستان شاهیدی ئەو پەیوەندیانە بن ئێوەو حیزبەکەتان سی ساڵی ژیانتان لەئێران بەسەر بردووەو ئەگەر ڕژێمی ئێران نەبوایە ئەو چونە چون دوای ئاش بەتاڵ ئیتر گەڕانەوەتان نەدەبوو. کەواتە ئەوە ئێوەن دۆستی دوژمنەکانی کوردن نەوەك خەڵکی کوردستان هیوادارم بە م لێ دوانانە نەمان ترسێنی.
یان جەنابت دەڵێ ی کەسانێك پەیدابوون بە شێوازێکی نوێ بانگەشەی شەڕی ناوخۆ دەکەن من لە جەنابت دەپرسم ئەوە عەلی عەونی یەکەی جەنابت بوو بۆ یەکەم جارو بۆ ترساندنی دەنگە بوێرەوکان و حیزبە کوردیەکان هاتە گۆ و لادانی جەنابت لەسەر کورسیەکەی بە خەتی سورو دواتر ڕودانی هەر ئاڵۆزیەک لە هەرێمی کوردستان ڕوو بدات لە ئەنجامی هەڵنەبژاردنەوەی جەنابت خستەئەستۆی لایەنە کوردیەکان ئەگەر ئەمە ترس و هەڕەشە نیە ئە ئاخۆ ئەبێت چی بێت.بەڕێز سەرۆکی هەرێم ڕاستە تۆ دەتوانی هەرەشە بکەیت و حیزبی کۆیلەو خەڵکی کۆیلە گەمژە بکەیت بەڵام دڵنیابە هەرگیز ناتوانی مرۆڤە بوێرەکان ڕۆشنبیرەکان بترسێنی و گەمژە بکەیت. باسی دوو ئیدارەی دەکەیت توخوا لێت دەپرسم کوردستان لەوەتەی هەیە لەدوای ڕاپەڕینەوە هەتاکو ئێستا هەر دوو ئیدارە نەبووە باشە بوون و نەبوونی هەموو حیزبەکوردیەکان لەهەولێرو دهۆك چی لەمەسەلە دەگۆڕێت ئەگەر حەیدەر شەشۆ لە سلێمانی بوایە نوەك هێزی حەذی شەعبی دروست بکردایە ئەگەر لۆریەك تەقینەوەی پێ بوایە جەنابت ئەیتوانی بیگرێت ئەگەر بەرلەمان لە سلێمانی بوایە دوو ئەندام پەرلەمانە دەروێشەکەی تۆ ئەیانتوانی بۆکس لەعەلی حەمەساڵەح بەن دیارە نەخێر تۆ لە سلێمانی چیت بەدەستە یان حیزبە کوردیەکانی تر لەهەولێرو دهۆك چیان بەدەستە . باشە کاتێك بە فعلی جەنابت کوردستانت کردووە بەدوو ئعیدارە بۆ پێت ناخۆشە بە نووسینیش خەڵك ئەو قسەیە بکات.
تۆ داڵدەی دەیان موستەشارو ئەمن و ئیستیخباراتی سەردەمی ڕژێمت داوەو لە دادگایی کردن دەیان پارێزی و دیواخانانەو موچەی چەند ملیۆنیان دەدەیتێ کەس ناوێرێ باسیان بکات لەو لایشەوە دوو سەد هەزارێکی دەستکورتانە دەدەنە کەس و کاری شەهیدان ئەگەر ئەمە خیانەت نیە ئەی چی یە. هەرچی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە بەتاڵانتان بردووەو هەرهەموو لە بانقێکی مافیایی ڕەشی بەریتانیا قایم کردوەو مەگەر تەنها خۆت و زاواکەت و ئاشتی هەورامی بزانێت بڕەکەی چەندەو چی لێ دەکرێت ئایا ئەمە خیانەت نیە؟ لە ساڵی ٩٧ وە سێ سەربازگەی تورکت بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەت و دژی پەکەکە لە شیلادزێ و زاوێتە ئامێدی جێگیر کردووە ئایا ئەمە خیانەت نیە؟ بەڕێز سەرۆکی هەرێم جەنابت هەموو پێوەرەکانی خیانەت و گەندەڵی دیکتاتۆریت تێپەڕاندووە ئەوە حیزبە کۆیلەکانی کوردستانن بەڵێت بۆ دەکەن و دەیانەوێت بارودۆخەکە بۆ جەنابت هێور بکەنەوەو جارێکی تر بتکەنەوە بەسەرۆکی هەرێم ئەگینا تۆ بە هیچ شێوەیەك شانسی ئەوەت نیە نەک سەرۆکی هەرێم بیت بگرە هیچ ڕۆڵێکت هەبێت لە نەخشەی سیاسی هەرێمدا
باشە جەنابت باسی دیموکراسی نیشتمان نەتەوەو مافی مرۆڤ دەکەیت باشە ماوەی سەرۆکایەتی بەڕێزت دوو ساڵ لەمەوبەر تەواو نەبوو دواتر دوو ساڵی تریان بۆ درێژ نەکردیتەوە ئەی ئیتر لەوە زیاتر ئەتکی دیموکراسی تۆ دەڵێ ی من هەر گیز نامەوێت ماوەی سەرۆکایەتیم بۆ درێژ بکەنەوە و ڕابوردووی سیاسی خۆم بۆ کورسی لەکەدار ناکەم منیش دەڵێم وەڵا ڕاست دەکەیت دەی فەرموو بە کردەوە بیسەلمێنەو واز لە کورسی سەرۆکایەتی بهێنە.نە بەیاسا نە بەعورف نە بە حیلەی قانوونی نە بەسوڵحی عەشایەری ماوەکەت بەسەر چووەو درێژ ناکرێتەوە ئایا ئەوە خەڵکی کوردستانن شەڕ دەفرۆشن بانگەشەی شەڕی ناوخۆ دەکەن یان جەنابتی..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست