هەمووساڵێك لە ساڵیادی هەڵەبجەدا دەسەڵات دەیەوێت گەمژەمان بکات
Sunday, 17/03/2013, 12:00
ئەنجام دەرانی کارەساتی هەڵەبجە تەنها بەوە ڕازی نەبوون کە کارەساتەکەیان خوڵقان بەڵکو دەیانەوێت هەتا هەتایە لەسەر ئێش و ئازاری برینەکانی ئەو کارەساتە بژین. لەبواری ئابوریدا هەمیشە هەڵەبجە وەکو دەخیلەیەك بووە بۆ دەسەڵاتی کوردی لەڕووی سیاسیشەوە هەرکاتێك تێ یان بگیرێت لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا هەڵەبجەو ئەنفال وەکو کراسەکەی عوسمان بەکار دەهێنن. بەڵام لە کارەساتەکەی هەڵەبجە ناخۆشترو کارەساتبارتر ئەوەیە یەکێتی و پارتی ٢٢ دووساڵە درۆ دەفرۆشن بە خەڵکی ستەمدیدەی ئەم شارە بریندارە و دەیانەوێت جەماوەری ئەم شارە گەمژە بکەن.ئەوە چەندەمین جارە نێچیرو هاوشێوەکانی ئەو قەوانە سواوە لێ دەدەنەوە کەوا هەڵەبجە دەکەنە پارێزگا خەڵکی هەژارو داماوی هەڵەبجەش باوەڕیان پێ دەکەن. یاخود ئەوە چەندەمین جارە بەڵێنی قەرەبووی کەس و کاری شەهیدان دەکەنەوە و بریندارەکانیش چارەسەر دەکەن بەڵام تاکو ئێستا یەکێك لەو بەڵێنانە نەچۆتە بواری جێ بەجێ کردنەوە. بەڵێنی بوون بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە نەوەك لە دەسەڵاتی نێچیرو عیماد دا نیە بەڵکو مسعود بارزانیش ناتوانێت بریاری وا بدات چونکە ئەو بڕیارە سیادیەو تەنها حکومەتی ناوەندی و لەڕێگەی بەرلەمانی عێراقەوە ئەو بڕیارە دەدرێت ئیتر بۆچی نێچیرو عیماد دەیانەوێت خەڵکی هەڵەبجە گەمژەو چەواشە بکەن. دواترخەڵکی هەڵەبجە کوا کێشەی بە پارێزگا بوونی هەڵەبجەیان هەیە بۆچی شارێك ئەگەر پارێزگا نەبێت ناتوانرێت خزمەت بکرێت؟ ئێمەی هەڵەبجەیی کێشەی بوون بە پارێزگا بوونمان نیە بەڵکو تەنها کێشەی خەڵکی هەڵەبجە ئەوەیە ڕێزیان لێ بگیرێت بە قەبارەی کارەساتی شارەکەیان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت لە خزمەتگوزاری و بوژاندنەوەو ئاوەدانکردنەوەی شارەکەیان. لە نێچیرەڤان دەپرسین لەجیاتی ئەوەی ٥ ملیۆن دۆلار بۆ ڤیستیڤاڵی ئەو شارە دەدەیتە بەرپرسە دزەکانی دەوروبەرت و بەهەدەر دەڕوات لەگەڵ ٢٥ ملیۆنەکەی تەلەفزیۆنی روداوو کەبەهەردوکیان دەکاتە سی ملیۆن بکرێتە خەرج بۆ دوو بارە ئاوەدان کردنەوەی هەڵەبجە لە هەموو بوارەکاندا باشتر نیە لەم درۆ شاخدارانەی کە بەرامبەر خەڵکی ئەم شارە دەیکەن.من شتێکتان پێ دەڵێم دەکرێت کۆمەڵێك لە کاسەلێس و دەست و پێوەندی خۆتان کە کەمینەیەکی بچوکن لەو شارەدا باوەڕتان پێ بکەن ئەی چی لە هەزارانی وەکو من دەکەن کە درۆکانتان تا دەروازەی شار لای من تێپەڕ ناکات . دەکرێت وەلای هەندێك خەڵکی هەژارو نەدارو پیرو پەك کەوتە بە بەڵێنی درۆو یان بە موچەی ٥٠ هەزاری بۆ خۆتان ڕابکێشن ئەی چی دەکەن لە %٨٠ ی خەڵکی ئەم شارە کە ڕۆشنبیرو خوێندەوارو سەرسەختەو بە ئێوە ماڵی نابێت.
من دڵنیاتان دەکەم کە ئێوە تەنها یەك دوو ساڵرۆژێکی تر دەتوانن پێ ی گڵاوتان بخەنە دەروازەی ئەو شارە کارەساتبارە دواتر تەنها مەگەر لە شاشەی کەناڵە سێبەرەکانی خۆتانەوە سەیری ساڵڕۆژی ئەو کارەساتە بکەن. من دڵنیام بورکانی ڕق و تووڕەیی خەڵکی ئەو شارە بەجۆرێك لەجۆش دایە تەنها چاوەڕی یەك چەخماخەیە ، هەڵەبجە لە ڕابوردوودا سەلماندوویەتی کە هەرگیز چۆك بۆ زوڵم و ستەمی هیچ دکتاتۆرێك نەوی ناکات. هەڵەبجە هەمیشە پێشەنگ و سەرقافڵە بووە لە ڕاپەڕین و بەرخودان و قوربانی داندا. لە کاتێکدا سەدام و دارو دەستە سەرکوتکەرەکانی بە زەبرو زەنگ خەڵکی کوردستانیان بێ دەنگ و سەرکوت کردبوو هەڵەبجە هەموو بەهارێك ڕاپەڕینی جەماوەری ئەنجام دەداو بۆ ماەی ڕۆژو دوو ڕۆژ ناو شاریان کۆنترۆڵ دەکرد. هەرئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە جوگرافیای قوربانیەکانی کوردستان زیاتر لەم شارەدا چڕ بۆتەوە. ڕاپەڕینەکانی ١٩٨٢ و ١٩٨٧کە لایەك لەو شارە بوردومان کراو گەڕەکی کانی عاشقانیان لەگەڵ زەویدا تەخت کردوو بەدەیان خەڵکی ئەم شارەیان شەهید کرد لەوانە ٧٢ کەسی بێ گوناه و سڤیل لەسەر بازگەی بامۆك زیندە بەچاڵ کران کارەساتی ١٩٨٨ و ووردە خۆپیشاندانی تر لە ساڵەکانی ١٩٨٤ و ١٩٨١ کە قوتابخانەکانی هەڵەبجە ساڵانە وەکو نەریتێك خۆپیشاندانیان ئەنجام دەدا. لە کۆتایدا بەدەسەڵاتی هەردوو بنەماڵە دەڵێم دەکرێت تا کاتێکی کورت لە ڕقو توڕەیی خەڵکی ئەم شارە بەدوور بن بەڵام هەرگیز ناتوانن گرەو لەسەر گەمژەیی و بێ دەنگی ئەم شارە بکەن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست