ملهوڕی پارتی لەچی یەوە سەرچاوەی گرتووە
Friday, 21/03/2014, 12:00
گەمژەگەلێکی زۆر لە کۆمەڵگای کوردیدا بە وای بۆ دەچن کەوا پارتی و بنەماڵەی بارزانی بەهۆی تێکوشان و مێژوو ڕابوردویان خاوەنی دەسەڵاتی سیاسی و حیزبی ژمارە یەکن لە هەرێمی کوردستاندا، بێ ئەوەی هیچ لێکدانەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی بۆ هەل و مەرج وبارودۆخی پارتی و کۆمەڵگای کوردی بکەن . لە هەموو کۆمەڵگایەکدا ئاستی هوشیاری سیاسی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی دەتوانێت دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانی ووڵات دیاری بکات واتە سیستەمی دیموکراسی و دیکتاتۆری زادەی ووشیاری یان گەمژەیی خودی کۆمەڵگایە. هەرێمی کوردستان کە دەکاتە باشوری کوردستانی گەورە ٢٣ ساڵی ڕەبەقە ئازاد کراوەو دەسەڵاتێکی کوردی بنەماڵەیی بەڕێوەی دەبات ، هەردوو حیزبی بنەماڵەیی یەکێتی و پارتی لە ساڵی ١٩٩١ وە دەسەلاتی ئەم هەرێمەیان پەنجا بە پەنجا لەنێوان خۆیاندا دابەش کردووە. لە دوای شەڕی ناوخۆو کارە ساتی ٣١ی ئاب و لەشکر کێشی تورکیا بۆ سەر کوردستان لەکۆتایی ساڵی ٩٧ دا بە زەبری ئەمەریکا بە ناچاری ڕێککەوتن. لەدوای داگیر کردنی هەولێر لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە ٣١ی ئاب و تەسلیم کردنی بە بنەمالەی بارزانی لەو بەروارەوە ئیتر پارتی ئەو شارەی کۆنترۆڵ کردووەو ناهێڵێت هیچ حیزبێکی کووردی نفوزی سیاسی و سەربازی لەو شارەدا هەبێت.دوای زیاتر لە سەد دانیشتن لە نێوان هەردوو حیزبی دەسەڵاتدا بۆ یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی هەولێرو سلێمانی بەڵام پارتی ئامادە نەبوو یەکێتی بچێتەوە هەولێرولەئەنجامدا تەنها چەند وەزارەتێکی خزمەتگوزاری لەوانە کارە باو تەندروستی و شارەوانی پلاندانان و کشتوکاڵ و پیشەسازی یەکیان گرتەوە بەڵام وەزارەتە سیادی و ئەمنی یەکان هەروەکو خۆیان مانەوە لەوانە وەزارەتی دارایی ، وەزارەتی ناوخۆ وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی داد .
پارتی بنەماڵە هەرگیز حەزی لە دەساەڵاتی شەراکەت نیەو ئەو تۆزقاڵە بەناو شەراکەتەش کە لەگەڵ یەکێتی دا هەیبووە بەناچاری و بۆ چەواشە کردنی ڕای گشتی دەرەکی و ناوخۆیی بووە ئەگینا نەك شەراکەت پەنجا بە پەنجا نەبووە بەڵکو شەراکەتی ئاغاو عەول بووە.
دەشێ بپرسین ملهوڕی پاری و بێ منەتی لە جەماوەرو حیزبەکوردستانیەکان لە کوێ وە سەرچاوەی گرتوە؟
پارتی بنەماڵە کۆمەڵێك هەل و مەرجی سیاسی کۆمەڵایەتی ئابوری بۆ دەستە بەر بووە کە بۆتە هۆکارو فاکتەری بەهێز کەوا کاری لەسەر بکات و ملهوڕی و دەسەڵاتی خۆی بەسەر کۆمەڵگاو تەنانەت حیزبە کوردیەکانیشدا بسەپێنێت لەوانە.
١/ هەل و مەرجی سیاسی.
بەداخەوە هەل و مەرجی جیۆسیاسی هەرێمی کوردستان لەبەرژەوەندی پارتی و بنەماڵەی بارزانی بوو، دابەش بونی عێراقی نوێ بەسەر سێ پێکهاتەی سوننەو شیعەو کورددا ودواتر دابەش بونی بەسەردوو جەمسەری ئەمەریکاوئیسرائیل و عەرەبی سوننەو تورکیا لەلەیەک وڕوسیاو چین و ئێران و سوریە لەلایەکی تر دەسەڵاتی هەرێمی دابەشی ئەودوو جەمسەرەکرد. پارتی بە حوکمی هاوسنوری و هاو بەرژەوەندی لەگەڵ تورکیادا خۆی لە سەنگەری ئەمەریکادا بینیەوە هەروەها یەکێتیش بەحوکمی هاوسنوری و هاوپەیمانی لەگەڵ ئێران و شیعەکاندا خۆی لە سەنگەری دووەمدا بینیەوە.لەڕووی سیاسی یەوە پارتی پشتی بە تورکیا ئەستورەوبەدەیان پەیمانی سیاسی و ئەمنی و سەربازی و هەواڵگری وئابوری لەگەڵ ئەو وولاتەدا هەیە و ئەتوانم بڵێم زۆنی زەرد واتە پارتی و قەڵەمڕەویەکی لە ژێر ئینتیدابی تورکیادان و ئەگەر پارتی بنەماڵە توشی هەر قەیرانێکی سیاسی یاخود ئەمنی ببێت ڕاستەوخۆ تورکیا وەکو هاوینی ساڵی ١٩٩٧ بۆ پاراستنی پارتی بنەماڵە لە لەناوچون دێتە ناو کوردستانەوە بۆ پارێزگاری لە بنەماڵەی بارزانی.
٢/ هەل و مەجی کۆمەڵایەتی.
لە شانسی پارتی و بنەماڵەی بارزانیدا کوردستانی باشور لەسەردەمی ڕژێمدا زیاتر لە نیو ملیۆن جاش و ئەمن و ئیستخبارات و موخابەرات و سەربازی هەبوو لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ دەرپەڕاندنی ڕژێمی بەعس لە هەرێمی کوردستان لەسەدا ٩٥% ی ئەم ملیشیایانە لە ترسی یەکێتی و تۆڵەی جەماوەری کوردستان لەسەر کارەساتی هەڵەبجەو ئەنفال لەو بەکرێ گیراوانە هەرهەمویان چونە باوەشی پارتی و بنەماڵەی بارزانی. ئەمەش بووە هۆکارێك کەوا پارتی بنەماڵە ببێتە لانکێکی گەرم و گوڕ بۆ ئەو تاوانبارانەو بەرگری لێکردنیان دواتر بونە هێزێکی قین لەدڵ بەرامبەر بە جەماوەرولەلایەکی تریشەوە بونە قەڵغانێکی بەرگری بۆ پارتی بنەماڵە، تەحسین شاوەیس وحەمەخانی حاجی داراو
قاسم ئاغای کۆیە و عەلی قلاب و عەباسی باڵوڵ ئاغاو شێخ جەعفەری پارێزگاروئەمانە مشتێك لە نمونەی خەروارێکن.
لەلایەکی ترەوە کۆمەڵگای کوردی تابورێکی دورودرێژ لە مرۆڤی نەخوێندەوارو گەمژەی تێدایە کە تەنها مەعیدەو چاویان کاردەکات و بەهیچ شێوەیەك بە مێشکیان بیر ناکەنەوە واتە نە خیانەت کردن و نە شۆڕشگێڕی لەلای ئەوان مانایەکی نیە بەڵکو ئەوان تەنها میلیشیای چەکداری زۆرو پارەی دزراوی نەوت دەبینن، ئەوەیش بۆتە خەیرێک و قازانجێکی گەورە بۆ پارتی بنەماڵە . لە ڕووی چینایەتیشەوە کۆمەڵگای کوردی هێشتا سیستەمی عەشیرەتگەرایی وشێخایەتی و ئاغایەتی بەسەریدا زاڵە هەرئەوەیش بوو کە سەدام حسین لە هەشتاکاند سودی لەم پێکهاتەیە وەرگرت و زۆربەی شێخ و ئاغاکان و سەرۆک خێڵەکانی کوردی کردە موستەشارو دەروێش و کۆیلەکانیشیانی کردە جاش ، کە ئەمڕۆ پارتی بنەماڵەیش هەمان ڕێچکەی سەدامی گرتووەو بەری نادات.
٣/ هەل و مەرجی ئابوری.
پارتی و بنەماڵەی بارزانی جگە لە هەل و مەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە لەبەرژەوەندی ئەواندا بووە لەلایەکی ترەوە بەرژەوەندی ئابوری کوردستانیش بەحوکمی جوگرافیاوە بەهەمان شێوە لەبەرژوەندی ئەواندا بووە . هەمومان دەزانین هەرێمی کوردستان خاوەنی هیچ دەریاو بەندەرێك نیە ئەوەی هەیەو نیە تەنها ئەو دەروازەیەیە کەهەرێمی کوردستان دەبەستێت بە تورکیاوەو لەوێشەوە بۆ ئەوروپا ئەو دەروازەیەش دەروازەی ئیبراهم خەلیلە.
پارتی لە دوای ڕاپەڕین و لە سەرەتای نەوەدەکاندا بە هۆی ئەوەی کە ئەم دەڤەرە زیاتر لە چوارچێوەی قەڵەم ڕەوی ئەودا بوو دەستی بەسەر ئەم خاڵە سنوریەدا گرت و بە سەدان کارمەندی خۆی لە ئاسایش و کارمەندی گومرگی تێدا جێگیر کرد. پارتی هەر لەسەرەتای نەوەدەکانداو بەهۆی دەرامەتی لە ڕادەبەدەری بازرگانی ئەم خالە سنوریە بیری لە ماڵ جیایی لەگەڵ یەکێتیدا دەکرد لە بەر ئەوە هەمیشە بۆ دەرفەتێك دەگەڕا کە کوردستان بکات بە دوو ئیدارە و ئەو ملیۆنەها دۆلارەی کە لەو خاڵە سنوریەدا دەستی دەکەوت تەنها بۆ ئیدارەو قەڵەمڕەوی خۆی سەرف بکات نەوەك بۆ سلێمانی هەولێر کە ئەوکات ڕژێمی بەعس ئابڵوقەی ئابوری خستبووە سەرو جەماوەری کوردستان بە قەیرانێکی دارایی زۆر قورسدا تێدەپەڕی. پارتی لە دوای شەڕی ناوخۆوکارەساتی ٣١ی ئاب ئیتر بەتەواوی لەگەڵ ڕژێمی تورکیادا پەیمانی ستراتیژی ئاغاو کۆیلەی مۆر کرد ئیتر لەو بەروارەوە پارتی بنەمالە ئەوەندە وەلای بۆ ڕژێمی تورکیا هەیە ئەوەندە وەلای بۆ نەتەوەی کوردو خاکی عێراق و کوردستان نیە.
پارتی بە هاوکاری کۆمپانیا بازرگانیەکانی ڕژێمی تورکیا هەرێمی کوردستانیان کردە بێژنگ و هەرچی سەروەت و سامانی نەوت و گاز هەیە هەمویان هەڵکۆڵی و لەگەڵ تورکیادا لە بازارەکانی جیهاندا هەرزانفرۆش کرد کەبە هۆی دزینی ئەو دەرامەتەی نەوت کە بە ملیارەها دۆلار مەزەندە دەکرێت ئێستا پارتی بنەماڵە لاسایی میرنشینەکانی کەنداو دەکەنەوە لە دەوڵەمەندیداو لە وکڕینی سەروەت و موڵکی بێ شومار لەئەوروپاو ئەمەریکاو جیهاندا. هەربەهۆی ئەم پارە زۆرەوە بەشێوەیەکی نایاسایی وەلای خەڵکی گەمژە دەکڕن و ئەوەی ئیرادەی خۆیانی پێ بفرۆشێت ئەوان بە هەرزان دەیکڕان لەسەر بۆ دجەی حکومەتی هەرێم تەنها لە ٢٠١٣ دا پارتی ٢٧ هەزار بیست و حەوت هەزار گەمژەی لەکوردستان خانەنشین کردووە بەبڕی جۆراو جۆر لە خانەنشینی ١٠٠ هەزاریەوە هەیەتی تاکو خانە نشینی یەک ملیۆنی .ئەمەش بۆتە هۆی کۆکردنەوەی وەلای تابورێکی گەورەی کۆمەڵگا بۆ بەرژەوەندی بنەماڵەکەی خۆی لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا.
ئەم خاڵانەی لای سەروە باسمان کردن خاڵگەلێکی دیارن و پارتی بە ڕاستەوخۆ سودی لێ بینیون بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەرێمدا بەڵام چەد هۆکارێکی تر هەن ئەمانە پەیوەندی بە پارەو سەروەت و سامانەوە نیە بەڵکو پەیوەندی بە سلوکی واتە هەڵسوکەوتی خودی پارتیەوە هەیەو بەرامبەر بە جەماوەرو حیزبە کوردیەکانی تری هەرێمی کوردستان بە یەکێتی و ئۆپۆزیسیۆنیشەوە .
ڕاستە پارتی بەهۆی دەست بەسەرا گرتنی ئابوری هەرێمی کوردستان لە پارەی نەوت و بۆدجەو گومرگەکانەوە توانیویەتی لە بەرژەوەندی خۆیدا بەکاری بهێنێت لە کڕینی وەلای حیزبە بچوکەکاندا واتە دوکانە حیزبیەکاندا لەشێوەی ئەو ٢٦ حیزبەی کەهەموو جار مەسعود بارزانی پێداگری لەسەر بەشداربونیان دەکات لە کۆبونەوە نیشتمانیە چارەنووس سازەکاندا چونکە دەزانێت کڕینی دەنگی هەریەکێك لەو حیزبانە بۆ بەرژەوەندی خۆی لەکاتی پێویستیدا لە بیست گەڵا واتە دووملیۆن دینار تێ ناپەڕێت ئەو پارەیەش کە دەنگەکانی پێ دەکڕێت هەر پارەی میللەتە.
سیفەت گەلێکی تر هەن کە پارتی لە سەرەتای دروست بونیەوە تا کو ئێستا بەکاریان دەهێنێت بەرامبەر بە نەیارەکانی خۆی و هەمیشە سودی لێ بینیوە لە بەهێز بونیدا کەئەمە بەشێکیانن.
خیانەتکردن.
پارتی ئەو حیزبەیە کە هەرگیز لە خیانەتکردن نەسڵەمیوەتەوە ولە هەرکاتێکدا ڕوبەڕوی قەیرانی ستراتیژی و لە ناوچون بوبێتەوە بە بێ دوودڵی و بێ سڵەمینەوە وەکو ڤیتۆیەك پەنای بۆ بردووە هەروەکو ئاشبەتاڵی ٧٥ لەسەردەمی بارزانی باوکداو کارەساتی هەکاری و٣١ی ئاب و لەشکر کێشی ساڵی ٩٧ ی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستانلە سەردەمی بارزانی کوڕدا، کەچی ئەم خیانەتە مێژووی یانە نەوەك هەر سەرەکۆنە نەکراوە لەلایەن جەماوەرەوە بەڵکو پارتی پێ بەهێز بووە.
بێ شەرمی و ڕووئەستوری پارتی.
پارتی جگە لەوەی کە خیانەتی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەنجام دەدات شەرم نایگرێتو ناسڵەمێتەوە لەسەرووی ئەوەیشەوە بە کاری نیشتمانپەروەری بە خەڵکی کوردستانی دەفرۆشێتەوە.
ئەمەش هێزێکی تری داوەتە پارتی کەوا هەمیشە پشتی بەو ڤیتۆی خیانەتە بەستووە واتە پارتی هەمیشە ترسی لە ناوچونی نیەو خیانەتکارێکی نەمرە من پێم باشە لەجیاتی ئەوەی کە بڵێن بارزانی نەمر بڵێن پارتی نەمر چونکە بەڕاستی پارتی نەمرە.
پارتی حیزبێکی پراغماتی یە.
پارتی لەبەر ئەوەی ترسی لە شەرم و خیانەت نیەو باکی بە برسێتی و هەژاری و تیاچونی جەماوەری کوردستان نیە دڵی بۆ دەستکەوتە نیشتمانی نەتەوەیی یەکان ناسوتێت بۆ بەرەو پێش چونی خۆی و بەهێزبونی پێگەی لە ناوخۆ ناوچەکەدا بە دەیان قەیرانی خوڵقاندووە و دواتر بە میللەت باجەکەی داون و یاخود بە حیزبە شەرمنە کوردیەکانی چارەسەر کردووە ، لەوانە قەیرانی نەوت و گاز قەیرانی بۆدجە قەیرانی هێزی پێشمەرگە قەیرانی جیابونەوە هەرهەموو ئەم قەیرانانە خۆدی بارزانی دروستی کردوون و حیزبە کوردیەکان و جەماوەر لێ یان بێ ئاگان کەچی کاتێک کە ناویان قەیرانە میللەت باجەکەی دەدات و برسی دەبێت و موچەی دە بڕرێت وحیزبە کوردیەکان وەزیرەکانیان دەکێشنەوەو ئەندام پەرلەمانەکانیان ناچنە هۆڵی کۆبونەوەکانەوە کەچی کاتێك کە قەیرانەکە چارەسەر دەکرێت تەنها سەرۆکی پارتی و بنەمالەی بارزانی تیایدا سود مەند دەبن و ناویان هەیە.
واتە هەرکاتێك پارتی ڕوبەڕوی ناڕەزایەتی جەماوەری ناوخۆیی بوبێتەوە بە قەیرانێکی دەرەکی جەماوەری پێ سەرقاڵ کردووە تاکو بڵێت ئێمە هێشتا مەترسی دەرەکیمان لەسەرە جارێ وەختی ناڕەزایی نیە واتە بەدروستکردنی قەیرانی دەرەکی نارەزایەتیە ناوخۆیی یەکانی کپ کردۆتەوە . پارتی تەنها جەماوەر ناخەڵەتێنێت بەڵکو حیزبە بچوکەکانیش دەخەسێنێت و حیزبە گەورەکانیش دەگەمژێنێت. ئەگەر سەرنجی خەڵەتاندنێکی بزوتنەوەی گۆڕان بدەین لەلایەن دەسەڵاتی پارتیەوە.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠ ی پەرلەمانی عێراقدا بزوتنەوەی گۆڕان ٨ کورسی هێناو بەپێ ئیستحقاقی ئینتیخابی وەزارەتێکی بەردەکەوت با وەزیری بێ وەزارەتیش بوایە کەچی مەسعود بارزانی زۆر بێ شەرمانە بە نوری مالیکی وتبوو ئەگەر پۆلیسێك بۆ گۆڕان دابمەزرێنن ئێمە بەشداری حکومەت ناکەین دواتر لە بۆ نەیەکدا نوری مالیکی زۆر بە ڕاشکاوانە ئەو ڕاستیەی دەربڕی ، کەچی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوە خولێکی پەرلەمانی عێراق تەواو بوو لە هەموو هەڵوێست و قەیرانەکانی مەسعود بارزانی و مالیکیدا هەمیشە ئەندام پەرلەمانەکانی خستۆتە خزمەتی پارتیەوەو بەناوی هەڵوێستی نیشتمانیەوە کار بۆ پارتی دەکات.
یاخود ئەوە نزیکەی ٦ مانگی ڕەبەقە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواو بووە گۆڕان وەکو براوەی دووەمی هەرێم خاوەنی ٢٤ کورسی پەرلەمانە کەچی بنەماڵەی بارزانی تەنها لەبەر ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری نەکات لە کابینەی نوێدا ئەوەتا نایانەوێت حکومەت پێك بێت کەچی بزوتنەوەی گۆڕان بێ دەنگی هەڵبژاردووەو ڕێز لە دەگدەرانی خۆی ناگرێت ناترسێت لەوەی کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا وەکو یەکێتی نیشتمانی جەماوەرەکەی سزای بدەن.
ئەگەر ناوەرۆکی ووتارەکەم لەچەند دێڕیکدا کورت کەمەوە ئەو ملهوڕیەی کە پارتی دەستی داوەتێ و بۆی چووەتە سەروسودی لێ بینیوە تەنها گوێ نەدان و بێ منەتیە لە ڕای شەقام و جەماوەرو نەبونی ترس لە ئۆپۆزیسیۆن و چاوشۆڕ پێ کردن و بێ دەنگ کردنیان بە پارەو ئیمتیازات لە پارەی دزراوی نەوتی میللەت . یەک هەڵوێستی حیزبە کوردیەکان بە ئۆپۆزیسیۆنیشەوە بەرامبەر بە قەیرانەکانی بارزانی لەگەڵ مالیکیدا کە ئەمە گەورەترین دەستکەوتی سیاسیە بۆ بنەمالەی بارزانی بەرامبەر بە حکومەتی ناوەندی.
لەبەر ئەوەی من دوباتی دەکەمەوە ئەگەر میللەت لەخەوی گەمژەیی ڕانەچڵەکێت و ووشیار نەبێتەوەو حیزبە کوردیەکانیش چیتر بێ دەنگی نەشکێنن و شەقام نەجوڵێنن و ڕووبەڕووی پارتی و بنەماڵەی بارزانی نەوەستنەوەو سنورێك بۆ زوڵم و ستەمی ئەو بنەماڵەیە دانەنێن ئەوا پارتی و بنەماڵەی بارزانی بۆ دەیان ساڵی تر حاکمی کوردستان دەبن . بەهۆی قۆرخ کردنی تەواوی جومگەکانی دەسەڵاتداری هەرێمەوە لە هەڵبژاردنەکانیشدا حیزبی ژمارە یەك دەبێت جا هیوادارم هۆشداریەکەم جێگەی خۆی بگرێت بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان بەفیڕۆدانی کات لەبەرژەوەندی ئەودا نیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست