فەیلەسوفەكانى دەسەڵات
Monday, 04/04/2011, 12:00
هەر ڕوداو یان كێشەیەك ڕوبەڕوى میللەت دەبێتەوە باشتر وایە تەماشاكردن و لێكدانەوەیەكى زانایانەی فەلسەفیانەى ڕوون لەو ڕوداوەدا هەبێت كە هەمومان تێبگەیەنێت لە ڕێڕەو و ڕێگاو هەنگاوەكان و ئاڕاستەكانى ئەو ڕوداوە ،بێ بوونى فەلسەفە یان بەهارات و داو دەرمانى فەلسەفە كە بۆن و تامێكى فەلسەفی بە لێكدانەوەكان بگەیەنێت یان زانایانە تەماشاكردن نەبێت بۆ ڕوداوەكە ئەوا ئەو ڕووداوە ئەمانخاتە كەموكورتیەكى خۆییەوە، لەسەر هێڵی بیركردنەوە و فكرى بێهۆش و بەپەلەو لەخۆوە بڕیاردان دەمانجوڵێنێت ،بێ گومان ڕێبوارانى سەر ئەو جۆرە هێڵانە هەرگیز نە دەبنە زانا و نە فەیلەسوف و نە ڕۆشنبیر بەڵكو دەبنە نەزان و تاریكبیر و چەواشەكار،كە هەموو خێرو شەڕیان لە ئەنجامى كاردانەوەوە دێت، یان شەڕگەرم دەكەن یان خۆ بە كۆیلە ئەكەن بۆ كەسانێك كە وەك خواى خۆیان سەیریان دەكەن و ئەیانەوێت خەڵكانێك بگەوجێنن بە بەهانەى ڕۆشنبیر و لێكۆڵەر و فەیلەسوفەوە، ئەمە بەتەواوى نیشاندەر و پێناسەى ئەو كەسانەیە ڕۆژانە لە ڕاگەیاندنى دەسەڵاتى كوردریدا بوونیان هەیە...
پێویستە باوەڕی تەواومان بەوە هەبێت گەل زۆرینەى برسیە بۆ مافەكانى، زوڵم لێ كراوە بە زوڵمێكى گورگانە بەڵام لە پێستى مەڕدا، مەحرومە لە ژیانى بە واتا ژیان بە حوكمى حەرامكەرانى ژیانەوە، تەنانەت هەندێكى لاڵ كراوە لە قسەكردن ، ئەمە ئەو كەسانە ناگرێتەوە كە لە سایەى بڕیاردەرەكانى حەڵاڵ و حەرامى مافەكانى خەڵكدا بوونەتە تێرێك لە ماف، ئەم تێریەشیان بێ بەرامبەر نییە بەڵكو بە كۆیلایەتى كردن كڕیویانە، بەڵام ئەم جۆرە تێرانە كەمینەیەكن رۆژ لە دواى ڕۆژ بەرەو لەناوچون دەڕۆن...
ئەوەى لەماوەى ئەم چەند مانگەدا ڕوویدا لە تونس و مێرو ئەوەى ڕوو دەدات ئێستا لە چەند وڵاتێكدا ڕوودەدات لە بەكوردستانیشەوە وئەوەشی لەمەو دوا ڕوودەدات، ئەمانە سەركردەو باڵا دەستەكان توشی شۆك ناكات بەو ڕادەیەی ئێمەى خەڵك توشی شۆك ئەكات كاتێك دەبینین و بەهۆش دێینەوە لە چ زەلیلیەك و زوڵمێكدا ژیاوین و قبوڵمان كردوە، تەنانەت دەبینین هەندێكمان تەنها خەمى پەیداكردنى نانى ڕۆژانە بووە بەڵكو هەندێكیش هەن لە ئاستێكى ماددى لەوە نزمتردا دەژین، بەڵێ توشی شۆك دێین كە چۆن چەند ساڵە قبوڵ ئەكەین و هیچ ناڵێین بەڵام ڕەنگە تاوانى ئێمەش نەبووبێ كە بێدەنگ بووین، بۆنمونە ئێمە ڕۆژانێك خۆمان ترساوین و ڕۆژانێك ترساندوینیان بەوەى ئەگەر داواى ماف بكەین و بڕۆینە سەر شەقام زیانى بۆ كوردایەتى وكەركوك و حاڵە ناسكەكەى كوردستان ئەبێت، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا هۆشیارین و دەزانین ئەوانەى تا ئێستاش باس و خواسی كەركوك و كوردستانمان پێ دەفرۆشن هەر ئەوانە خۆیان هۆكارو دروستكەرى ئەو ترسانەبوون، مەگەر خۆیان نەبوون لەگەڵ ڕزگاركردنى كەركوك لە پرۆسەی ئازادی عێراق یەكەم ئیشیان لە كەركوك زەردو سەوزیان جیاكردەوە تەنانەت ئەنجومەنى گەڕەكەكانیش دوو ئەنجومەن بوون،ڕوو لە بەناو ڕۆشنبیرەكانیان ئەكەم و ئەڵێم بۆ ناپرسن چەند ساڵە هەڕەشە لەسەر كەركوكە و تۆپبارانى سنورەكانى كوردستان ئەكرێت هێزى پێشمەرگە ناجوڵێنن بەڵام لەبەر دارو بەری بینای حیزبێك سلێمانى پڕدەكەن لە پێشمەرگە و زێرەڤانى،بۆ ناپرسن ئەگەر موزایەدەى سیاسی نییە چییە واى لێیان كردووئێستا باسی كەركوك گەرم بكەن مەگەر تا ئێستا كەركوك لەسەر كوردستانبووە و ترسی نەبووە وا لەناكاوترسی بۆ دروست بوو؟ئەى بەناو ڕۆشنبیر و لێكۆڵەرەوەكانى سەر ڕاگەیاندنەكانى دەسەڵات بۆ خۆتان لە گێلی داوەو باسی كەمینەو زۆرینە ئەكەن؟!! ئایا خۆتان نازانن لە مێر و تونس و لیبیا و یەمەن و شوێنەكانی تریش دەسەڵات زۆرینە بووە بە پێی هەڵبژاردنە پڕ تەزویرەكان كە مەگەر تەنها خۆتان بڕواتان پێی هەبێت، بەڵام بۆ كاتى گەل جوڵا ئەو بەناو زۆرینانە دەنگیان نامێنێت؟!!بۆ لە خۆتان ناپرسن دەسەڵاتێك چارەسەری كارەباو ئاو و قیرو سوتەمەنى وهەموو ئەو شتە سەرەتاییانەى ژیانى پێ نەكرێت لەكوێ دەتوانێت ئامانجى گەورەى گەلێك هەڵبگرێت؟!!سەرۆكێك كە نیوەى كوردستانەكەى فەرامۆش كردبێت و تەنها لە پڕوپاگەندەى هەڵبژاردن بیری بكەوێتەوە ساڵی جارێك ڕێی لێ بكەوێت یان شەش ساڵ سەرۆك حكومەتی كوردستان بوبێت و ڕەمزى كورد كە شارى هەڵەبجەیە و سەركردەكانى جیهان زۆرینەیان دیویانە ئەو نەیدیبێت، بەناو ڕۆشنبیرەكانى سەر ڕاگەیاندنى دەسەڵات بۆ ناپرسن ئایا ئەمە كوردایەتی حكومەتدارێتى گەلێكى پێ ئەكرێت؟!!هەزاران پرسیار هەیە كە وا باشترە پێش ئەوەى دەمتان لە گەلەكەى خۆتان گەرم بێت و هەمووی بكەنە خۆفرۆش و دەستبكەنە چەواشەكارى لەخۆتانى بكەن، ئەگەر سەربارى ئەوانەش حەقتان بەخۆتان یا لەسەر ئەو ریتمە بەردەوامبن ئەوا بەڕاستى جوڵێنراونەتە سەر هێڵێك مەگەر خۆتان ناوی لێ بنێن چونكە ئێمە ووشەیەكمانلا نییە بۆ وەسفی، كە ووشەتان بۆ دۆزیەوە ئەوا ئێوە ئەبنە جۆرێكى تازەى فەیلەسوف و بیرمەندەكان..
لە زۆر كۆنەوە ڕاستیەك هەیە، ئەویش ئەوەیە كە: هیچ كەس ناتوانێت قەدەغەى شتانێك بكات لە هەژارەكان ، چونكە ئەوان هیچیان نییە جگە لە هەژاری ...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست