وردەكاری ناكۆكییەكانی نێوان كـۆســرەت رەســـوڵ و ئــەرســەلان بــایـــز
Monday, 15/06/2009, 12:00
هەر چەندە ماوەیەكە كۆسرەت رەسوڵ لە ئەرسەلان بایز دڕدۆنگە و پێی وایە كە ئەو كێشەی بۆ دروست دەكات و دەیەوێ نفوزی لە هەولێر كەمبكاتەوە، بەڵام لەسەر ناوی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پەرلەمانی كوردستان كۆسرەت رقی خۆی بەسەر ئەرسەلان بایزدا دەڕژێنێ، تەنانەت دەگاتە رادەی جنێودانیش، بەڵام تاڵەبانی دۆخەكە هێور دەكاتەوە.
یەكێتی كە لە سەرەتاوە لە چەند باڵ و هێزێك دروست بووە، ئێستا كە 34 ساڵ بەسەر تەمەنیدا رەت دەبێ خەریكە ئەو باڵ و هێزە جیاوازانە دەبنە مۆرانە بۆ گیانی و لە هێزێكی كاریگەر و گەورەی گۆڕەپانەكە دەبێتە هێزێكی لاواز و بچوك، كە بڕیارەكانی لە ناوخۆیشیدا هیچ كاریگەریەكی نییە.
كۆسرەت رەسوڵ، یەك لە سەرە كوتلە كاریگەرەكانی ناو یەكێتییە، بە تایبەتی دوای چوونە دەرەوەی نەوشیروان مستەفا و دروستكردنی لیست بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، قورسایی كوتلەكەش لە سنوری پارێزگای هەولێرە و لە هەندێ شوێنی تریش خەڵكی خۆی هەیە.
كۆسرەت رەسوڵ هەر چەندە لە هەڵبژاردنی مەڵبەند و كۆمیتەكانی ناو یەكێتی پشتی تاڵەبانی گرت و پشتی نەوشیروانی بە زەوی دادا، بەڵام هەمیشە دوودڵە و بە گومانەوە دەڕوانێتە رووداوەكان و لەو نێوەندەدا خۆی یەكلا نەكردۆتەوە. بەتایبەتی لەبەر ئەوەی ئەو هیچ كەسێكی لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی نییە و خەڵكەكەی ئەو زۆرتر لە ئاستی ناوەندی و خوارەوەن، ئەمەش لەرووی جەماوەریەوە كاریگەری لەسەر یەكێتی زۆرە، لە وەرگرتنی هەر هەڵوێستێكی ناڕەزاییدا قەڵای یەكێتی دەهەژێنێ، بەڵام لە بەڕێوەبردنی تەكتیكە سیاسیەكاندا بە تەنیایە و تا رادەیەكیش دەستكورتە، بە تایبەتی لە بەرامبەر تەكتیك و موناوەرە سیاسیەكانی تاڵەبانی دا. لەو حاڵەتەدا كۆسرەت هەست دەكات ئەگەر لەگەڵ تاڵەبانی بێت، یان لەگەڵ نەوشیروان بێت، ئەو هەر كەسی دووەم دەبێت، هاوكات نەوشیروان كادیری خوێندەوار و رۆشنبیری زۆر لەگەڵن كە ئەوانە زۆربەیان خەڵكی سلێمانین، هەمووشیان بە نەوشیروانیشەوە بڕوایان بەوە نییە كەسێك هەولێری بێ و بتوانێ سەركەوتووبێ، ئەوە جگە لە وشكی و توندڕەوی نەوشیروان مستەفا، كە لەوەدا كۆسرەتیش كەسێكی نەرم و نیان نییە، بۆیە كۆسرەت دوودڵە لەوەی كە بە تەواوی خۆی بخاتە لای نەوشیروان مستەفاوە. لە هەمانكاتدا دوو دڵە بەرامبەر تاڵەبانیش، چونكە وەك پێشتر گوتمان كۆسرەت توانای سەرلێدەركردنی مناوەرە سیاسیەكانی تاڵەبانی نییە، هاوكات هەست دەكات لە لایەن تاڵەبانی و باڵەكەیەوە پەراوێز دەخرێ لە بڕیارە گرنگەكانی یەكێتی و دامودەزگا گرنگەكانی یەكێتی بە داراییشەوە ئەو هیچ كاریگەریەكی بەسەریانەوە نییە، هاوكات هەستیش دەكات دوای ئەوەی یەك دوو جار هەڵوێستی وەرگرتووە تاڵەبانی دەیەوێ نفوز و كاریگەری ئەو لە هەولێر كەم بكاتەوە و گرنگی بە كەسانی دیكەی هەولێری نێو سەركردایەتی یەكێتی بدات لەوانە عەدنان موفتی و ئەرسەلان بایز، بە پلەی یەك ئەوەی دووەمیان، بەو پێیەی بەرپرسی دەزگایەكی گرنگی ناو یەكێتیە، كە مەكتەبی رێكخستنە و كاریگەری لەسەر رێكخستنەكان هەیە، هەر ئەمەش هۆیەكە كە كۆسرەت رقی لە ئەرسەلان بایز هەڵگرتووە.
ئەرسەلان بایز، زیاتر لە 15 ساڵە بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیە، خەڵكی هەولێرە، بەڵام لە باڵی تاڵەبانییە، پێشتر كە نەوشیروان جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بوو، دانویان لەگەڵ یەكتر نەدەكوڵا، بۆیە زۆر جار نەوشیروان وەكو خاڵێكی سلبی لەناو رێكخستنی یەكێتی لە قەڵەمی دەدا كە كەسێك ماوەی ئەوەندە ساڵە بەرپرسی مەكتەبێكی گرنگ بێ و نەگۆڕدرێ، ئێستا كە نەوشیروان لە نێو یەكێتیدا نەماوە، ئەرسەلان بایز دەستی كراوەتر بووە لە كاركردن، بەڵام كارەكانی بێ كێشە و كۆسپیش نییە، بەتایبەتی كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی، بە گومانەوە سەیری جموجۆڵەكانی دەكات.
كۆسرەت رەسوڵ، هەر چەندە جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، بەڵام لە هەولێر كۆمیتەی تایبەت بە خۆی هەبوو، ئەو كۆمیتانە راستەوخۆ سەر بە خۆی بوون و لە هیچ كاروبارێك نەدەگەڕانەوە بۆ مەكتەبی رێكخستن، كە بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێ رێكخستن بە پێی ریزبەندی و هەرەمی بەرپرسێتی بێ، واتا لە بچوكترین خانەی حیزبیەوە تا گەورەترین دەبێ پێكەوە بەستراوبن، واتا بۆ نمونە كەرت ئینجا كۆمیتە ئینجا مەڵبەند و تا دوایی، بۆیە مەكتەبی رێكخستن بە پشتبەستن بە پەیڕەوی ناوخۆ، ئەو كۆمیتە تایبەتیانەی كۆسرەتی خستە سەر مەكتەبی رێكخستن، ئەمەش كۆسرەتی توڕە كرد و وەك هەوڵێك بۆ لێدانی خۆی لە هەولێر لە قەڵەمی دا.
دواین جار كە كۆسرەت لە ئەرسەلان بایز توڕە بوو و لە ژمارە (174) بەرواری (2009/5/26) رۆژنامەی ئاوێنەشدا هەواڵەكە بڵاو كرایەوە، لەسەر ئامادەكردنی ناوی كاندیدەكانی یەكێتی بوو بۆ لیستی كوردستانی، كە لەگەڵ پارتی 100 ناویان بۆ پەرلەمانی كوردستان ئامادە كردووە، وەك سەرچاوەیەكی ئاگادار روونیكردەوە كە لەسەر هەندێك ناو كێشە و دەمەقاڵە لە نێوان ئەو دوو كەسە دروست بوو، بە تایبەتی لەسەر ناوی (پەروین خان) كە ژنی خهسرەو شێرەیە، كە خوسرەو شێرە لە تەقینەوەی 1ی شوباتی 2004 لە ناو بارەگای مەڵبەندی 3 لە هەولێر گیانی لە دەستدا. ئەو ژنە كە بەكالۆریۆسی لە یاسا هەیە، كاندیدی ئەرسەلان بایز بوو، بەڵام كۆسرەت پێی خۆش نەبوو ئەو كەسە كاندید بكرێ، كەچی ئەرسەلان بایز پێداگیری لەسەر كرد، ئەمەش كۆسرەتی زیاتر توڕە كرد و نەیتوانی دان بە خۆی دابگرێ و بە هەڵچوونەوە قسەی لەگەڵ ئەرسەلان بایز كرد و كە گەیشتە رادەی جنێودانیش، بەڵام دوای ئەوەی پەیوەندی بە تاڵەبانیەوە كرا، تاڵەبانی دۆخەكەی هێور كردەوە، بەڵام تا چەند رۆژێك دوای ئەوە ئەرسەلان بایز زۆر كەم دەچووە دەوام.
سەرچاوەكە لەبارەی ناكۆكیەكانی ئەو دوو كاربەدەستەی یەكێتی زیاتر روونیكردەوە كە لەو ماوەیەدا مەسەلەی یەكلابوونەوەی ئەو كەسانەی كە بۆ كۆمپانیای وشە كار دەكەن جێگای مشتومڕ بوو، كە كۆسرەت رەسوڵ بە پێچەوانەی تەواوی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ دەركردنیان نییە، لە كاتێكدا ئەوانی دیكە جەخت لەوە دەكەنەوە كە نابێ كەسێك لە حیزبێك دا بەرپرس بێ و دەنگ بە لیستێكی ركابەری حیزبەكەی بدات. بەتایبەتی لە كۆبوونەوەیەكدا ئەرسەلان بایز زۆر بە خەستی پێداگیری لە دەركردنی ئەوانە دەكردەوە، ئەوەش دوای ئەوە هات كە لە كۆبوونەوەكە كۆسرەت پێی باش نەبوو ئەو كادیرانەی یەكێتی كە دەنگ بە لیستی نەوشیروان دەدەن، دەربكرێن.
لەلایەكی دیكەوە هەندێ سەرچاوەی ئاگادار باس لەوە دەكەن كە كۆسرەت خۆی بە نیازە ببێتە سەرۆكی حكومەتی هەرێم و رازی نییە بەوەی بەرهەم ساڵح ئەو پۆستە وەربگرێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست