کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەیرە كە داوا لە PKK دەكەن چەك دابنێت

Saturday, 29/08/2009, 12:00




كێ هەیە حەز لە چەك و ماڵوێرانى و شەڕو كوشتارو ئاژاوەو خوێنڕشتن بكاتەوە؟ تەنها مەگەر ئەوانەى دووچارى نەخۆشیی دەروونى بوونەتەوەو كەسانى ئاسایی و تەندروست نین.
ئەى كێن ئەوانەى بەناچارى پەنا بۆ چەك و خەباتى شاخ و چەكدارى دەبەن و بەرخۆدان ژیانە دەكەنە دروشمى بەرەنگاربوونەوەو بەرگرى كردن لە بوون و مانى نەتەوەیەكى ژێردەستەو خاك داگیرو ماف زەوتكراو؟، هەڵبەتە ئەوانەن كە خۆیان لە هەموو خۆشییە رووكەشەكانى ژیان دادەماڵن و رێگاى نەمرى دەگرنەبەر.
بەرپرس و گەریلاكانى پارتى كرێكارانى كوردستان لە باكوورى نیشتیمانى داگیرو دابەشكراودا، رێك خاوەنى جۆرى دووەمى ئەو وتانەى سەرەوەن، ئەوان بۆیە چەكیان هەڵگرتووە، چونكە دوژمنێكى دڕندەو چڕنووك بەخوێن، تەڕو وشك پێكەوە ئاگردەداو، باكى بەكەس نییە، بۆیە خەباتى شاخیان گرتۆتەبەر، چونكە هیچ دەرگاو دەروازەیەكى دیكە شكنابەن، تا لێیەوە خەبات بۆ دۆزى رەواى بەشێكى فراوانى نەتەوە ژێردەستەكەیان بكەن. ئەوان بەدەر لەهەموو شۆڕشە چەكدارییەكانى كورد ئافرەتیان كردە خاوەنى بوونى خۆى و خەبات و دۆزى خۆى.
ماوەیەكە گورزى گەریلاو خەباتى ئاشتیخوازانەو جەماوەرییانەى گەل لە باكوورى كوردستان و فشارى نەخشەرێگاى ئۆجەلانو ژمارەیەك فاكتەرى لاوەكى دیكە، سەرانى حزبی فەرمانڕەواى توركیایان ناچارى دركاندنى چەندین وادەو بەڵێنى جۆراوجۆر كردووە كە دەكرێ بەشێوەیەكى لۆژیكی و واقعبینانەو بابەتییانە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت و پێشوازى لەهەر هەنگاوێكى ئاشتیخوازانە بكرێت بۆ چارەسەركردنى پرسى كورد لە باكوورى كوردستان، بەڵام ئەمە نەك بەو واتایەى كە بە بزەیەكى فریودەرانەى سەرانى حزبی فەرمانڕەواى رژێمى توركیا ئیدى فریو بخۆین و پێمان وابێ ئەردۆغان و گول و حزبە ئیخوانییەكەیان دار عەساكەى حەزرەتى موسایان بەدەستەوەیەو بە (كون فەیەكونێك) زوڵم و ستەمى نزیكەى پێنج سەدەى فەرمانڕەوایەتى ئالى عوسمان و كەمالیستە مۆدێرن و تاسەر ئێسقان شۆفێنیستەكانى توركیا چارەسەر دەكرێن و چیتر پێویست بە خەباتى چەكدارى ناكات و دۆخەكە وا دەخوازێت، هەرچى گەریلایەك هەیە لە شاخەوە بێنەوە شارو چەكەكان رادەستى ژەنەڕاڵە رەگەزپەرست وقین لە دڵەكانى رژێمى توركیا بكەن و سەركردەكانیش ئەوانەى لێبوردن نایانگرێتەوە روو لە وڵاتانى سێ بكەن و ...تاد، وەك ئەوەى ئەوانەى بۆ دۆزى رەواى گەلەكەیان خەباتى چەكدارییان هەڵبژاردووە، دزو جەردەو پیاوكوژو چەقۆكێش و كەسانى (قاشقونج) بن و دەوڵەت بەزەیی پێیاندا بێتەوەو لێیان ببوورێت!!
سەیرە خەڵكانێكى بە حیساب سیاسەتمەدار ئەوجۆرە داوایانە لە كۆنسەى سەرۆكایەتى پارتى كرێكارانى كوردستان بكەن و لە كەناڵە راگەیاندنەكاندا بانگەوازى لەوجۆرە بڵاوبكەنەوەو نوقڵانەى بە كۆتاهاتنى یەكجارەكى قین لە دڵى و دەسەڵاتى ستەمكارانەى رێژیمى توركیا بە گوێى خەڵكیدا بدەن و گەیشتبێتنە ئەو بڕوایەى كە بەڵێ بە چەك دانانى گەریلاو چۆڵكردنى شاخ و دەسبەرداربوونى خەباتى چەكدارى، ئیدى پرسى كورد لە توركیا چارەسەر دەكرێت!!.. بڵێى ئەم داوایە خەونێكى ئەرخەوانیی زیندەخەوانە نەبن و خاوەنەكانیان لە خەیاڵ رۆچوونێكدا بە بیریاندا گوزەرى نەكردبێت؟!
ئاخر ئەوەتا ژەنەرالأ ئیلكەر باشبوغ سەرۆكى دەستەى ئەركانى سوپاى توركیا رۆژى 26/8/2009 بەوپەڕی راشكاوانەوە رایدەگەیەنێت: (هەموو جۆرە دانوستان و رێككەوتنێك لەگەڵ PKK رەتدەكەینەوەو رێگەنادەین زمانى كوردى یەكێك بێت لە زمانە فەرمییەكانى توركیا). ئەمە قسەى من نییە، قسەى سەرۆكى دەستەى ئەركانى سوپاى توركیایە، ئیدى چۆن و بە چ ئەقڵێك روو لە پارتى كرێكارانى كوردستان دەنرێت چەك دابنێن و (هەنگاوە ئاشتیخوازییەكانی توركیا رەتنەكەنەوە!!). ئەرێ گەلۆ ئەوە كێیە هەنگاوى ئاشتیخوازانە رەتدەكاتەوە، PKKەو گەریلاو خەباتى جەماوەرییانەو دیموكراسییانەى باكوورە، یان ژەنەڕاڵە رەگەزپەرست و حزبە ناسیۆنالیستە شۆفێنیستەكانى توركن؟
دەسەڵاتێك رێگە لە زمانى زگماكى نەتەوەیەكى مەزن بگرێت، ئیدى چۆن دەكرێ و دەشێت لەهەمبەریدا چۆكدابدرێت و چەك رادەستى بكرێتەوە؟
دەبێ چ گەرەنتییەك لە پەیڕەوو پیادەكردنى بەڵێنە بریقەدارە بەراییەكانى حزبى فەرمانڕەوادا هەبێ بۆ چارەسەركردنى پرسى كورد لە باكوورى كوردستان، تاكو ئێمە لێرەوە داواى چەكدانان و قەبوڵ كردنى ئاشتییەكى درۆزنانەیان لێبكەین؟
كۆنسەى سەرۆكایەتى پارتى كرێكارانى كوردستان زۆر لەوە دووربینترو هۆشیارو چاوكراوەترن كە خۆڵیان لەچاوبكرێت و بیر لە دەسبەرداربوون لە شۆڕشێكى مەزن بكەنەوە كە هێندەى نەماوە بەرى رەنجى قوربانییە بێئەندازەو گیانبازییەكانی بێتەبەرو گەل بە ئامانجى رەواى خۆی بگات.
27/8/2009


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە