کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەسعود بەرزانى هەڕەشە لە زیندووەكان و داواى لیبوردن لە قوربانیەكانى شەڕى ناوخۆ دەكات

Friday, 16/07/2010, 12:00


دكتۆر فایەق گوڵپى:
داواى لێبوردن لە قوربانیانى شەڕى ناوخۆ هێندە سوك و ئاسان نییە بە سەرپێیەوە باسى لێوە بكرێت
قادر نادر:
هێشتا كەسوكارى قوربانیەكانى شەڕى ناوخۆ چاوەڕوانى بوونبوەكانیانن"
"مەنتیق نییە لەوكاتەى داواى لێبوردن لەبنەماڵەى قوربانیان دەكات هاوكات درێژە بەكوشتنى دەنگە ئازادەكان دەدرێت ,بێ ئەوەى تاوانبارەكان دەستگیر بكرێت".
پێشمەرگەیەكى دێرینى پارتى :
پاتى خۆى بۆ شەڕ ئامادەكردبوو بەڵام هیچ لایەنێك ئامادەنەبوو شەڕى لەگەڵدا بكات
داواى لێبوردنەكە مەسعود بەرزانى جارێكیتر گاڵتە كردن و سوكایەتیكردنە بە كەسوكارى قوربانیەكانى شەڕى ناوخۆ و خودى قوربانبەكانیش"

"پێش داواى لێبوردن هیچ نەبێت چارەنووسى ئەوانە دیارى بكات كە لە شەڕى ناوخۆ چارەنوسیان دیار نییە"

"ئەو هەڕەشەو گوڕەشەیەى ئەم دواییەى خودى مەسعود بەرزانى و مەكتەب سیاسیەكەى دەلالەت لەوە دەكات كە ئەو قسەیە و ئەو بەڵێنە ڕاست نییە كە دەیدات بۆ دووبا نەبوونەوەى شەڕى ناوخۆ"
*****-*-*-*-*-*-**-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*

مەسعود بەرزانى داواى لێبوردنى لە كوژراوەكان كردوو هەڕەشەى لە زیندووەكان كرد
لەماوەى كەمتر لە هەفتەیەكدا مەسعود بەرزانى لە دوو وتاری خۆیدا لە پەرلەمانى كوردستان و كۆنگرەى سێیەمی یەكێتى نشتمانى كوردستاندا زۆر بە توندى هێرشى كردە سەر میدیاى ئەهلى و ئۆپۆزسیۆن .مەسعود بەرزانى یەكەم جار لە 29ى5ى2010 لە پەرلەمانى كوردستان وتارێكى خوێندیەوە بەشى هەرە زۆرى وتارەكەى تەرخان كرد بۆ هێرش كردنە سەر ئۆپۆزسیۆن و میدیاى ئازاد بە شێوەیەك زۆر بەتوندى هەڕشەى لە میدیاى ئازاد و ڕۆژنامەنوسان و ڕۆشنبیران و لایەنە ئۆپۆزسۆنەكان كرد بەجۆرێك زۆربەى شارەزایانى بوارى سیاسى لێدوانەكانى مەسعودبەرزانى و بەیاننامەى مەكتەبى سیاسى حیزبەكەى بەهەوڵدان بۆ ئاگر خۆشكردنى شەڕى ناوخۆ ناو زەند كرد بەجۆرێك جگە لە پارتى تەواوى لایەنە سیاسى و ئەكادیمیەكان ڕۆشنبیریەكان لە ڕێگەى بەیاننامەوە ناڕەزایەتیان دەربڕى لەبەرامبەر ئەو نەفەسە شەڕنگێزانەى پارتى و پێیان وابوو ئەوەى پارتى و بەرزانى دەیڵێن بۆنى شەڕى ناوخۆى لێدێت .پاش 3 ڕۆژ جارێكیتر مەسعودبەرزانى لە ڕۆژى 1-6-2010 لە كۆنگرەى سێى یەكێتى نیشتمانى كوردستان لە دووەم وتارى خۆیدا ئەگەر چى جارێكیتر بەشێكى وتارەكەى بۆ هێرش كردنە سەر میدیاى ئازاد و ئۆپۆزسۆن تەرخان كردبوو لەهەمانكاتدا بۆ جارێكیتر سەرۆكى پارتى لەبەردەم ئەندامانى كۆنگرەى سێ یەكێـتى داواى لێبوردنى كرد لە كوژراوەكانى شەڕى ناوخۆ,هەروەها بەڵێنى دا كە جارێكیتر شەڕى ناوخۆ دروست نەبێتەوە,چاودێرانى سیاسى و ڕیكخراوەیی پێیان وایە بارزانى ئەمە یەكەم جارى نییە كەبەڵێنى وا دەدات .

بەرزانى داواى لێبوردنى لە نیوەى یەكێتى كردو هەڕەشەى لە نیوەكەیترى كرد
ئەم داواى لێبودنەى مەسعود بەرزانى تەنها بۆ یەكێتیەكانى ناو یەكێتى بوو,بۆ دڵ ڕاگرتنى ئەوانەیە كە ئێستا لەناو یەكێتیدا ماونەتەوە نەك بۆ ئەوانەى كە لەیەكێتى جیابوونەتەوە,چونكە هەر لەهەمان ووتاردا بەناو ڕاستەخۆى هێرشى كردە سەر میدیاى ئازاد و ڕۆژنامەنوسە سەربەخۆكان بەگشتى و ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتى بزووتنەوەى گۆڕان.قادرنادر چاودێرى سیاسى و ڕەوشى مافى مرۆڤ لە هەرێمى كورستان داواى لێبوردنەكەى بەرزانى لە جێگەى خۆیدا نییە ئەوەش بۆ دوو خاڵ دەگەڕێنێتەوە پێى وایە 1-بارزانى لەگەرمەى وتنى كەداواى لێبوردن لەبنەماڵەى قوربانیانى شەڕى ناوخۆ دەكات بەڵام هەرلەهەمان كاتدا جاڕى شەڕێكیتر دژ بە قەڵەمە ئازادەكان چەندین ساڵە داوە.كە لە گرتن و سوكایەتیەوە تا دەگاتە تیرۆركردنیان دەگرنە بەر .خۆ ئەگەر ناڕەزایەتییە بەرفراوانەكانى (ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیر و ئازادیخوازانى ناوەوەو دەرەوە لەلایەك و ئیدانە بەردەوامەكانى ناوەندە مرۆڤ دۆست و ڕۆژنامە و پەرلەمانە ئەورووپیەكان نەبوایە ئەوا ژمارى تیرۆرە سیاسیەكان گەڵێك زۆرتر دەبوو .2-لەكاتێكدا بەرزانى داواى لێبودن دەكات كەچى هەر چەند ڕۆژێك پێشوتر لە ڕاگەیاندن و مەكتەبى سیاسیەكە و خودى خۆشى لەسەر تیرۆرى شەهید سەردەشت كە ڕەخنەو پەنجەى تاوان بۆ پارتى درێژكرا زەنگى یەكەمى شەڕى ناوخۆیان لێدا (شەڕى ڕاگەیاندن وەك ئامادەكارى بۆ شەرى سەربازى دژ بە بزووتنەوەى گۆڕان) كە ئەگەر فشارە دەرەكى و ناوخۆیەكان نەبوایە ئەوا جارێكیتر شەڕى ناوخۆ سەرى هەڵدەدایەوە؟
محمد حەمە ڕەزا كە پێشمەرگەیەكى دێرینەو پێشتر پارتى بووە ئێستا وازى هێناوە و مامۆستایە لە پەیمانگاى هونەرەجوانەكان پێى وایە پارتى هەموو كاتێك بۆ شەڕى ناوخۆ ئامادەیە " سەبارەت بە داواى لێبوردنى مەسعود بەرزانى لە قوربانیەكانى شەڕى ناوخۆ داواى لێبوردنەكە جارێكیتر گاڵتە كردن و سوكایەتیكردنە بە كەسوكارى قوربانیەكانى شەڕى ناوخۆ و خودى قوربانبەكانیش لەبەر ئەوەى مەسعود بەرزانى چەند ساڵێك پێش ئێستا لەكاتى شەڕەكانى ناوخۆى كوردستان بۆ گەرم كردنى شەڕەكان بۆ زیاتر گەرمكردنى شەڕى براكوژى زۆر بە شانازیەوە باسى ئەو كەسانەى دەكرد كە خۆیان بەكوشت دەدا بە شەهیدى پارێزەرى شەرعیەت و ئەزموونەكەمانى لەقەڵم ئەدا زۆر شانازى پێوە ئەكردن پاش فەرەیەك "
چەند ساڵێك پێش ئێستا هەرخودى بەرزانى لەڕاگەیاندنێكیدا ووتى "من بەشەرمەوە باسى قوربانیەكانى شەڕى ناوخۆ دەكەم "كەواتە پلەیەك ئەو شەهیدانەى دابەزاندو كردنى بەقوربانى شەڕى ناوخۆ ئێستا كە دەڵێت من داواى لێبوردن لەكەسوكارى ئەو قەوربانیانەدەكەم كەواتە ئەو قوربانیانە بە هەڵە دراون بەكوشت ئەوانە خوێنیان بەهەدەر چووە لەسەر دەستى بەرزانى و ئەمسالەكانی
بەڵێنەكەى بەرزانى لە كۆنگرەى 1ى تا كۆنگرەى 3ى یەكێتى
لە كۆنگرەى سێى یەكێتى نیشتمانى كوردسان لە وتارێكیدا مەسعودر بەرزانى بەڵێنیدا كە جارێكیتر شەڕى ناوخۆ دووبارە نابێتەوە ووتى" هیچ هێزێك ناتوانێت بەرەو ئەوەمان راكێشێت،‮ ‬كە دیاریدەی‮ ‬شەڕی‮ ‬خۆكوژی‮ ‬دووبارە بێتەوە،‮ ‬لێرەدا جێگای‮ ‬خۆیەتی‮ ‬نەهامەتیەكانی‮ ‬شەڕی‮ ‬خۆكوژی‮ ‬بەبیر خۆمان بهێنینەوە،‮ ‬ئەم شەڕە،‮ ‬شەڕێكی‮ ‬نەخوازراو بوو،‮ ‬كە بەسەرماندا هات و فەترەیەكی‮ ‬ناخۆشی‮ ‬مێژووەكەمان بوو،‮ ‬نابێ ئەو لاپەڕانەی‮ ‬مێژوو دووبارە ببنەوە"
سەبارەت بەم بەڵێنە سیاسەتمەردا و چاودێرى سیاسى دكتۆر فایەق گوڵپى وتى مەسعود بەرزانى ئەوە یەكەم جارى نییە ئەو بەڵێنە بدات ,پێشتر چەندین جار ئەو بەڵێنەى داوە بەڵام نەیبردووەتە سەر و هەر ماوەیەك دواى بەڵێنەكەى شەڕى ناوخۆ ڕویداوە وەك بیر هێنانەوەیەك لە كۆنگرەى یەكى یەكێتى كە لەساڵى1992 لە سلێمانى بەسترا بەرزانى ووتى "ئەو ڕۆژە ڕۆشت كە جارێكیتر شەڕى براكوژى ببینن شەڕى نێوان هێزە كوردیەكان ببینین "بەڵام دواتر شەڕى نێوان پارتى و حسك,پارتى و یەكێتى,پارتى پەكەكە هەموو ئەو شەڕانەمان بینى "
سەبارەت بە بەڵێندان بۆ دووبارە نەبوونەوەى شەڕى ناوخۆ و براكوژى پێى وایە هیچ گرەنتیەك نییە بۆ ئەوەى پارتى شەڕى ناوخۆ هەڵنەگیرسێنێت ئەگەر بەرژەوەندى بكەوێتە مەترسیەوە هەمیشە ئامادەیە دەست بۆ چەك ببات "ئەوە بەڵێنێكى ڕزیوە لە حەفتاكانەوە لە نێوان ئەو دوو بنەماڵەدا ئەو بەڵێنە دراوە بەتایبەتى پاش بەیاننامەى یازدەى ئازار هەروەها حەفتاكاندا لە هەشتاكاندا لە نەوەدەكاندا لەدواى هەر جەولەیەكى شەڕى ناوخۆ ئەو بەڵێنانە دراون لەسەر زاربەڵام دواتر شەڕەیان دەست پێكردووەتەوە ,وە هەرخودى ئەو هەڕشەو گوڕەشەیەى ئەم دواییەى خودى مەسعود بەرزانى و مەكتەب سیاسیەكەى دەلالەت لەوە دەكات كە ئەو قسەیە و ئەو بەڵێنە ڕاست نییە,خۆ ئەگەر لایەنى بەرامبەر وەڵامى بەیاننامەكەى پارتى بدایەتەوە ئەوا شەڕى ناوخۆ دروست دەبوو چونكە پاتى خۆى بۆ شەڕ ئامادەكردبوو بەڵام هیچ لایەنێك ئامادەنەبوو شەڕى لەگەڵدا بكات وە من هەرگیز باوەڕ بەو بەڵینانە ناكەم لەهیچ كات و شوێنێكدا ,لەبەر ئەوە هەر ئەوان دژى ئازادى دژى كرانەوە هەركاتێك بزانن پێوست بەشەڕە دەكات ئەوا گوێى پێنادەن و شەڕى ناوخۆ هەڵدەگیرسێنن .
كەسوكارى وونبووەكانى شەڕى ناوخۆ چاوەڕوانن و بەرزانیش بێوەڵامە
قادر نادر پێى وایە هێشتا كەسوكارى قوربانیەكانى شەڕى ناوخۆ چاوەڕوانى بوونبوەكانیانن و ئەمە دووەمجارە بەرزانى دەڵێت داواى لێبوردن لە قوربانیانى شەڕى ناوخۆ دەكەم بەڵام لە پراكتیكدا تا ئێستا هیچ زانیارى و دۆكۆمێنتێك ,لەسەر وونبوونى سەدان قوربانى ئەو شەڕە بەدەست نادات كەلە نێوان هەردوو لایان ڕویداوە,لە كاتێكدا بنەماڵەى قوربانیان بە چەندین شێوەى ناڕەزایی و یاداشت داواى چارەنووسى ڕۆڵەكانیان دەكەن ,بۆیە لەتەك ئەو داوایەى بەرزانى وەك بەرپرسى یەكەمى كوردستان دەبێت وەڵامى بۆ ئەم داوایە هەبێت چونكە زۆرینەیان تا ئێستا ژن و ماڵیان هەیە و لە چاوەڕوانى هەواڵێكیان دەژین و هەندێ ڕێگا یاسایان لێ گیراوە . هەر سەبارەت بە پێشمەرگە بێسەروشێنەكانى یەكێتى لە شەڕى ناوخۆ مامۆستاكەى پەیمانگا محمد حەمە ڕەزا ووتى"بەڕەئى من بەتەنها داواى لێبوردن بەس نییە مادام ئەو هەڵەى كردووە, ئەگەر قوربانیانى شەڕى ناوخۆ شەهیدن ئەوا ئێمە شانازیان پێوە دەكەین پێش هەموو كەس كەسوكاریان شانازیان پێوە دەكەن بۆچى داواى لێبوردن؟ ئەگەر شەهیدیش نین ئەو داواى لێبوردن لەكەسوكاریان دەكات كەواتە بەهەڵە بەكوشتى داون كەواتە خوێنى ئەو شەهیدانە هەمووى لە ئەستۆیاندایە,وە بەتایبەتى پێش داواى لێبوردن هیچ نەبێت چارەنووسى ئەوانە دیارى بكات كە لە شەڕى ناوخۆ چارەنوسیان دیار نییە,من بە نوونە دەیهێنمە بە یەك وەجبە 131 پێشمەرگەى یەكێتى لە هەولێر بێسەروشوێن كران لە دواى 31ى ئاب كە بە فرمانى مەسعودبەرزانى خۆیان تەسلیم كرد و هەر بەفرمانى خۆیشى درانە دەستى موستەشارێك و تا ئێستاش بێسەروشوێن.كەسوكارى هەموو ئەو بێسەرو شوێنانەى شەڕى ناوخۆ ڕۆشتنە بەردەم پەرلەمان و داواى ئاشكراكردنى چارەنووسى پێشمەرگە بێسەرو شوێنەكانیان دەكرد,دیار لەگەڵ یەكێتى ڕێككەوتن و ئەو مەسەلەشیان دیزبە بەدەرخۆنە كرد وەڵامیان نەدانەوە

بەرزانى كار لەسەر عاتیفەى كەسوكارى قوربانیانى شەڕى ناوخۆ دەكات
دكتۆر فایەق گوڵپی پێى وایە بەرزانى بۆیە لە كۆنگرە داواى لێبوردن لە بنەماڵەى شەهیدانە دەكات كە لەشەڕى ناوخۆ شەهید بوون چونكە یەكێك لەو پێكهاتانەى كە لەشەڕى ناوخۆ ئەندامامى شەهید بوون یەكێتییە سەیریش دەكات ئێستا میللەت و ئۆپۆزیسۆن لەجەبهەیەك لەبەرامبەریدا دروست بووە ئەویش ئەیەوێت دۆستێك بۆخۆى دروست بكات ,بۆئەوەى دڵى بنەماڵەى شەهیدەكانى یەكێتى بۆلاى خۆى ڕابكێشێتەوە ئەوەش تەكتیكێكە بە بڕواى من,چونكە نە وەك مەبدەئ من بڕوام پێیەتى كە جارێكیتر ئەو ئەوشتە نەكاتەوە ئەوشتەى وەكوتەكتیك وای نەوەك بڕیارێكى سیاسى و هەڵسەنگێنراو بیرلێكراوەو بەرنامەبۆ داڕێژۆاو بۆ ئەوە ئەوەى جارێكیتر ئەو شتە دووبارە نەكاەوە .قادر نادریش پێى وایە ئەگەر بەرزانى دەیەوێت داواى لێبوردن لە گەڵ و بنەماڵەى قوربانیان بكات دەبێت وەك باوكێكى بەخشندە لاپەڕەیەكى نوێ لەگەڵ گەلەكەى هەڵبداتەوە ,ئەگەرنا مەنتیق نییە لەوكاتەى داواى لێبوردن لەبنەماڵەى قوربانیان دەكات هاوكات درێژە بەكوشتنى دەنگە ئازادەكان دەدرێت و ژمارەى بنەماڵەى قوربانیەكانى زیاتر دەكات بێ ئەوەى تاوانبارەكان دەستگیر بكرێت.
داواى لێبوردنەكەى بەرزانى داوایەكى سەرپێى بوو
سەبارە بە شێوازى داواى لێبوردنەكەى لە قوربانیانى شەڕى ناوخۆ چاودێرانى سیاسى پێیان وایە داواى لێبوردن بەو شێوەیە نابێت, "دكتۆر فایەق گوڵپى داواى لێبوردن بەو شێوەیە نابێت چونكە ئەو مەسەلەیە هێندە سوك و ئاسان نییە بە سەرپێیەوە باسى لێوە بكرێت پێویستە داواى لێبوردن لە دروشمەوە بكرێتە بەپراكتیك چونكە لەكاتى تێكۆشانى گەلى كوردا لە باشورى كوردستان چ یەكێتى چ پارتى لەكاتى تێكۆشانەكاندا كۆمەڵێ هەڵەى كوشندەیان كردووە زۆرێك لەو هەڵانە تاوان وخیانەتە لە نەتەوە و میللەتى كورد ,تاوانەكانیش لەسەر ئاستى میللەتى كورد لەسەر ئاستى تاكەكانى كورد لەسەر ئاستى كوردانى پارچەكانیترى كوردستان ئەنجامدراون لەبەر ئەوە ئەو مەوزووعە بابەتێكى ئاوا ئاسان نییە لە وتارێكى سەرپێی لە كۆنگرەیەكدا ئیتر بڵێى كۆتاى هات ئەوە پێویستى كۆنگرە وكۆنفرانسدا ئەو تاوانانەى كە كردویان یەكێك لەوانە شەڕى ناوخۆیە لە نێوان یەكێتى و پارتیدا ئەوە بەشێكى كەمى ئەو تاوانانەیە تاوانە گەورەكانە لەبەر ئەوە بۆكەسانێكبیانەوێت كێشەكان چارەسەر بكات ,كێشەكەش هەر ئەوە نییە بەڵكو كێشەكەش ئەوەیە كە كۆمەڵێكَ خەڵك بوونەتە كوێخاى كور و دەمڕاستى كورد كە هەندێك ئیش دەكەن لە ئیشى داگیر كەرەكان خراپترە لەبەر ئەوە مەسەلەى داواى لێبوردنى مەسعود بەرزانى لە وتارێكدا بە شێوەیەكى سەرپێى لەماوەى دەقیقەیەك تاوانەكان گەلى كورد بەوە خۆش نابێت چونكە تاوانەكان زۆر لەوە گەورەترن ئەوە كافى نییە .
تاوانبارانى شەڕى ناوخۆ لە نێوان دادگایى و لێبوردنى میللەتدا
سەبارەت بە ڕێگە چارەى ئاشت بوونەوەى بەرپرسانى شەڕى ناوخۆ و میللەت و قوربانیەكانى شەڕى ناوخۆ بە بڕواى دكتۆر فایەق دوو ڕێگە چارەیان لەبەردەمدایە یا ئەوەتانێ یەكێتى و پارتى و ئەو هێزانەى بەشدار بوون بێت كۆڕو كۆبونەوەیەكى بەرفراوان ساز بكەن لەگەڵ خەڵكدا ئاشت بنەوە ئەو لایەن و گروپ و كەسانەى زیانیان كردووە بەشدایبكەن لەو كۆبوونەوەنەدا وە بڕیارى پێكەوە كە جارێكیتر شتى وا دووبار نەبێتەوە ئەو كات ئەتوانین ئاشتى لە نێوان گەڵ و ئەم دەسەڵاتدارانە دروست بێت ,ئەگەر نا دەبێت گەلى كوردستان ڕۆژێك لە ڕۆژان دادگاى خۆى هەبێت سزاى ئەوانە بدات كە ئەو تاوانانەیان كردووە دەرحەق بەگەلى كورد چ شەڕى براكوژى بێت چ شەڕ دژى پارچەكانیترى كوردستان بێت چ یەشدارى تاوانى ئەنفال و كیمیاویبارن بێت چ ئەو تیرۆركردانە بێت لە پێش ڕاپەڕین ودواى ڕاپەڕیندا ڕوویدا.

تێبینى/ئەم بابەت لە ژمارە 28ى گۆڤارى (ڕێگا مەگەزین)بڵاو بووەتەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە