خۆپیشاندان چەكە قورس و كاریگەرەكەى دەستى ئۆپۆزسیۆن,كەى بەكارى دەهێنێت؟! ئۆپۆزسیۆن لەسەر شەقام غائیبە
Thursday, 23/09/2010, 12:00
ڕۆژنامەنووسێك:
"گۆڕینی ئەم سیستمە گەندەڵە بە بۆڵە بۆڵ و قسەی زل و بریقەدار ناكرێت، بەڵكو بە كاری مەدەنیانەو جوڵاندنی شەقام دەكرێت"
"تاوەكو ئێستا ئەو عەقڵێتە زاڵە بەسەر گۆڕاندا كە پەروەردەی شاخ و شەڕی براكووژین. زاڵ بوونی ئەو عەقڵێتە كە رانەهاتووە لە سەر كاری مەدەنیانە، وای كردووە گۆڕان بەترسێت لە جوڵاندنی شەقام"
ئارام جەمال چالاكوانى بوارى كۆمەڵگەى مەدەنى:
"جووڵاندنى شەقام كارێكى هەروا ئاسان نییە"
"هەموو كات ناكرێت بەو مەتریاڵەى ئێستاوە موجازەفە بكەیت چونكە ئەگەرى زۆرى هەیە دوایى بەگورگانخواردوو بدرێتو خەڵك ئەوەندەى تر بترسێنرێت"
پەرلەمانتارێكى گۆڕان :
"كاتى خۆى هات ئێمە شەقام دەجوڵێنین و باوەڕى تەوامان بە جوڵانى شەقام هەیە."
محمد حكیم ئەندامى مەكتەبى سیاسى كۆمەڵى ئیسلامى:
"هەر سێ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكە موراعاتى بارودۆخى كوردستان دەكەن و هەروەها رەد فیعلى دەسەڵاتیش لەبەرچاو دەگرین بۆیە شەقام زۆر بەكار ناهێنن."
بە بڕواى چاودێرانى سیاسى و نوسەران وڕۆشنبیران لە دواى هەڵبژاردنەكەى 25تەموزى ئۆپۆزسیۆن بە شێوەیەكى جیاوازتر لە پێشو هاتە پێشەوە,چونكە پێشتر ئەو حیزبەكان كە دەبوو ئۆپۆزسیۆن بن پێیەكیان لە حكومەتدابوو پێكەیتریان لەدەرەوەى دەسەڵاتدا بوو سەرنجام ئەم جۆرە یارى كردنە بە زیانى ئەو حیزبانە شكایەوە چونكە دەیانویست لەسەر پەتى دەسەڵات و عاتیفەى شەقام یارى بكەن ,بەڵام دواى هاتە كایەى بزووتنەوەى گۆڕان ئۆپۆزسیۆن هەنگاوێكى تر نا بەرەو پێشەوە ئەوەش پاش ئەوەى كە هەریەكە لە كۆمەڵى ئیسلامى و یەكگرتوو گۆڕان بەتەواوى مۆركى ئۆپۆزسیۆنیان وەرگرت و بەشدارى پێك هیچنانى حكومەتیان نەكرد,بەڵام بە بڕواى چاودێران بەشدارى نەكردن لە حكومەت ماناى ئەوە نییە كە بەشدار نیت لە دەسەڵاتدا,لەگەڵ ئەوەشدا ئۆپۆزسۆن هێشتا نەیتوانیوە هەموو كارتەكان و ڕێگا مەدەنیەكان بگرێتەبەرو بەكارى بهێنێت ,یەكێك لەو كارتانەى ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت بەكارى بهێنێت جوڵانى شەقام و سازدانى خۆپیشاندان و كۆبوونەوەى جەماوەریە لەبەرامبەر كەمتەرخەمیەكانى حكومەت و ئەو سەرپێچى و لادانانەى كە حكومەت لەكاتى كاركردنیدا پێى هەڵدەستێت ,هەروەها دابین نەكردنى خزمەتگوزاریەكان بۆ خەڵك و ناعدالەت لەدابەشكردنى سەروەت و سامانى میللەت ,بەڵام تا ئێستا ئۆپۆزسیۆن نەیتوانیوە ئەم كارتە گرنگ وكاریگەرە بەكار بهێنێت بەتایبەتى لەكاتى تێپەڕاندنى بووجەى 2010 و بەقاچاخ بردنى نەوت و سامانى ژێر زەوى و هێرش ووڵاتانى دراوسێ و تۆپبارنى سنورەكان و تیرۆرى ڕۆژنامەنووسان و سانسۆرى ئازادى ڕادەەربڕین و چەندین دۆسییەى گەورەو گرنگیتر كەئەگەر هەریەك لەو شتانە لە ووڵاتانێكى تردا ڕوویان بدابا ئۆپۆزسیۆن سەرشەقامەكانى كۆنترۆڵ دەكرد و خۆپیشاندان و مانگرتنى گەورە و درێژخایەتى بۆ بەڕێوە دەبرد بۆتیشك خستنە سەر ئەم مەسەلەیەو هۆكارەكانى پشت ئەو نەتوانینە دەپرسین, ئۆپۆزسیۆن و چالاكوانانى بوارى ڕێخكراوەكانى كۆمەڵگاى مەدەنى و ڕۆژنامەنووسان لەو بارەیەوە دەدوێن ,نوسەرو ڕۆژنامەنووس سەباح على قارەمان پێى وایە لە هەموو دونیادا كاری ئۆپۆزسوێن چاودێریكردنی دەسەڵاتە و پێشكەش كردنی پرۆژەیاسا و یاسا دانان و جوڵاندنی شەقام و ئاشكرا كردنی راستیەكان بۆ خەڵك.دیارە بوونی ئۆپۆزسوێنی حەقیقی كە لە دەسەڵاتدا نەبێت لە دوای 25/7/ دەست پێدەكات .ئارام جمال چالاكوانى بوارى كۆمەڵگەى مەدەنى سەبارەت بەو خەمساردیەى هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان دەڵێت ئەم واقیعە كارى زۆرى دەوێتو كار تەنها بەوەندەوە ناوەستێت خەڵك بهێنرێتە سەر شەقامەكان چونكە هێشتا هاوڵاتیانى ئێمە لەوە تێنەگەیشتوون كەخۆپیشاندان بۆخۆى بەشدارییەكى سیاسییەو خۆى لەخۆیدا ئامانجیشە بۆ دروستبوونى هاوڵاتییەكى ئازاد بەڵكو تێگەیشتنى باو تا ئێستاش نەك هەر لەلاى هاوڵاتیانى ئاسایى بگرە هەندێكجار لەلاى نوخبەش ئامانج لەخۆپیشاندان لەدەرەوەى خۆپیشاندانەكەدایەو دەبێت دەستەبەربكرێت، ئەگەرنا، ئەوە ماناى وایە كەهیچمان نەكردووەو شكستمان هێناوە! كەدیارە ئەمەش دواجار بەزیان بۆ بزووتنەوەكە دەشكێتەوە.
محمد حكیم ئەندامى مەكتەبى سیاسى پێى وایە ئۆپۆزسیۆن لەسەر شەقام غائیب نییە و لەوباریەوە دەڵێت "ئۆپۆزسیۆن شەقامى بەكار هێناوە ڕەنگە عەقڵیەتى بەرامبەر عەقڵیەتى دەسەڵات تەقەبولى ئەو گەمەیە نەكات,وەك كۆمەڵى ئیسلامى هەموو كاتێك بۆ مەسلەحەتى شەخسى و حیزبى و تایبەتى خۆمان پەنا بۆ شەقام نابەین چونكە ئەو شەقامە گوێ لە میدیاكانمان دەگرن دەبێت نابێت خەڵكیش چواشە بكرێت دەبێت ڕاستیەكان بگوترێت.
دەسەڵات لە پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆن لە ڕاگەیاندنەكانەوە شەڕى خۆیان دەكەن
بە پێى دەرەنجامەكانى هەڵبژاردنى 25ى 7 یەكێتىو پارتى و حیزبە هاوپەیمانەكانیان توانیان زۆرینەى كورسیەكانى پەرلەمانى كوردستان بۆخۆیان مسۆگەر بكات و لەویشەوە تەواوى شەڕى پرۆژەكانى خۆیى و بەرەنگاربوونەوەى ئۆپۆزسیۆن دەست پێبكات و هەر لەوێشەوە كۆتاى بەهەموو شەڕە یاساییەكان خۆى بهێنێـ و لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و بەكەمترین زەحمەت گەورەتین شكت بەهەموو هەوڵێكى ئۆپۆزسیۆن بهێنێت,پارتە ئۆپۆزیسۆنەكانیش لەبەر ئەوە تەنها 35 كورسیان هەیە تا ئێستا نەیاتوانیوە كەمترین كاریگەریان هەبێت لەسەر بڕیارەكان وئەو یاسایانەى كەلە پەرلەمانى كوردستان دەردەچن ,بۆیە ناچار پەنایانبردووەتەوە بۆ ڕاگەیاندنەكان و لە ڕێگەى ڕاگەیاندنەكانەوە كار لە سەر ڕاى گشتى خەڵك دەكەن .بەبڕواى سباح على قارەمان ئۆپۆزسیۆن نەیوانیوە هیچ كارێك لەپەرلەماندا بكات جگە لە بۆڵەبۆڵكردن بۆ مەسەلەی هەڵسەنگاندنی ئەدای ئۆپۆزسیۆن و پەرلەمانتارەكانی لە ماوەی رابردوودا، دەتوانم بڵێم نە باشە و نە خراپیشە، بەڵام بۆ هەندیەك پرسی تر بەس بۆڵە بۆڵیان كردووە و هەڵوێستیان وەر نەگرتووە.بە گشتی ئەتوانم بڵیم تا ئێستا ئەدای كاركردنی ئۆپۆزسیۆن نەیتوانیوە تینیوێتی خەڵك بشكێنێت، ئەگەر بەم جۆرە بیانەوێت بە بۆڵە بۆڵ و قسەی زل سیستەمەكە بگۆڕن، ئەوە بەڕاستی ناتوانن سەركەوتووبن، بەڵام چاوەڕی دەكەین بزانین لە داهاتوودا كارەكانیان چۆن دەبێت. ئەو كات بە تەواوەتی دەرئەكەوێت كە ئەتوانن سەركەوتووبن. سەبارەت بەكارى ئۆپۆزسیۆن لە هەردوو سەنگەرى پەرلەمان و ڕاگەیاندندا ئارام جمال پێى وایە ئۆپۆزسیۆن لەم قۆناغەدا زیاتر دەتوانێت هەوڵبدات "راى گشتى"یان لەسەر دروستبكات، كەدیارە ئەویش زیاتر لەرێگەى میدیاى بینراوو ئەلەكترۆنىو بیستراوو كەمتریش لەرێگەى میدیاى چاپكراوەوەیە. كە من وەكخۆم پێموایە تاڕادەیەكى بەرچاویش ئەو راى گشتییە دروستبووە بەتایبەتى لەسەر بەقاچاغ بردنەدەرەوەى نەوتو گاز.سەبارەت بەوەى هەرشتێكى بیەوێت دەسەڵات لەپەرلەماندا بە ئاسانى تێدەپەڕێنێت و ئۆپۆزسیۆنیش هیچى پێناكرێت محمد حكیم ئەندام مەكتەبى سیاسى كۆمەڵى ئیسلامى دەڵێت" منیش لەگەڵ ئەوەدام ئۆپۆزسیۆن شەقام بەكار بهێنێت و دەبێت ئۆپۆزسیۆن شەقام بجوڵێنێت بەڵام شەقام هەمووى بەدەست ئۆپۆزسیۆنەوە نییە لە هەموو دونیادشدا شەقام زۆرتر بۆ دەەسەڵات دەجوڵێت هەروەها پەرلەمانتارەكان و پەرلەمانى كوردستان ڕەگدانەوەى شەقامە و ئۆپۆزسیۆن 35 پەرلەمانتارى هەیە واتە %30 شەقام بەدەستەوەیە %70ى شەقام بەدەست دەسەڵاتەوەیە.
هەوڵەكانى بەیاسایی كردنى خۆپیشاندان وكۆبوونەوە گشتیەكان
لەدواى خۆپیشاندانەكەى مانگى سێى 2006ى هەڵەبجەى شەهیدو ئەو شەپۆلە خۆپیشاندانانەى لەمانگى حەوتو هەشتى هەمان ساڵدا بەهۆى قەیرانى سووتەمەنىو كارەباوە هەندێك لەقەزاكانى پارێزگاى سلێمانى گرتەوە، وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى كوردستان لە17/9/2006 دا "پرۆژەیاساى رێكخستنى خۆپیشاندانو كۆبوونەوە گشتییەكان"ى گەڵاڵەكردو لەمانگى ئەیلولى 2008دا لەرێگەى ئەنجومەنى وەزیرانەوە پێشكەش بەخولى دووەمى پەرلەمانی هەرێمى كوردستانیان كرد. لەوێش لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمان، بەئامانجى فراوانكردنى رووبەرى مافو ئازادییەكانى هاوڵاتیان پرۆژەیاساكەى تاوتوێكردو لەدانیشتنێكى پەرلەماندا خوێندنەوەى یەكەمى بۆ كراو بەمەش پرۆژەیاساكە لەپەسەندكردن نزیكبۆوە كەچى لەمانگى 10ى ساڵى 2008دا لەلایەن حكومەتەوە بەشێوەیەكى نایاسایى گەڕێنرایەوە.
لەم میانەیەداو لەروانگەى داكۆكیكردن لەمافو ئازادییەكانى هاوڵاتیانەوە "پەیمانگەى كوردى بۆ هەڵبژاردن KIE"و چوار رێكخراوى ناحكومى تر پرۆژەیاسایەكى نوێیان بەناوى "پرۆژەیاساى رێكخستنى خۆپیشاندان"ەوە گەڵاڵەكردو رۆژى 15/10/2009 پێشكەش بەنوسینگەى سلێمانى پەرلەمانى كوردستانیان كردو دواتر لەلایەن 23 ئەندام پەرلەمانەوە پشتگیریى لێكراو لەرۆژى 17/11/2009 دا لەلایەن سەرۆكایەتى پەرلەمانەوە خوێندنەوەى یەكەمى بۆ ئەنجامدراو ئاڕاستەى لیژنەى یاسایىو ناوخۆو ئاسایشى ئەنجومەنە خۆجێیەكانو مافى مرۆڤو لیژنەى كاروبارى كۆمەڵى مەدەنى كرا بەڵام ئیتر لەو كاتەوە هەتا ئێستا ئەم پرۆژەیاسایە لەپەرلەماندا نەجووڵێنراوە.
ماددەى 3ى یاسای دژە تیرۆر مەترسییەك بۆ ئایندەى ئۆپۆزسیۆن و خۆپیشاندان
"لە ماددەى 3ی یاساى دژە تیرۆردا هاتووە(تێكدان ,ڕوخان ,لەكەڵك خستن یان زیان پێگەیاندن ,بەتەواوى یان بەشێك لە تەلار و دامەزراو و سامانى گشتى,یان ئەو تایبەتیانەى تەرخان كراون بۆ فەرمانگە و بەرژەوەندیە حكومیەكان,بۆ دەسگا گشتیەكان ,بارەگاى ئەو حیزب ,یان كۆمەڵانەى بە یاسا ناسراون ,یەكێك لە دامەزراوەكانى نەوت ,هەر دامەزراوێكى هەرێم ,ئێستگەى وزەى كارەبایی و ئاوى,پرد بەنداو ئاوەڕۆى گشتى یان هەرسامانێك گرنگى هەبێت لە ئابوورى گشتى ,بەمەبەستى تیرۆر كارى بۆ شێواندنى ئاسایش و ئارامى لە هەرێم"
بەپێى ئەو تاوانانەى كەلەم ماددەیەدا ڕیزكراون هیچ خۆپیشاندان و كۆبوونەوەیەكى گشتى بەدەر نابێت و هەمووى دەچێتە چوارچێوەى ئەم تاوانانەوە كەلەم ماددەیەدا دیارى كراون چونكە زۆربەى خۆپیشاندانەكانى هەرێمى كوردستان پێكدادان ڕوو دەدات و هەموو ئەو خۆپیشاندانانش كە دژى دەزگا حكومیەكان كراون بەهۆى دەمەمەوە نەهاتنى بەرپرسان بۆ داخوازیەكانى خۆپیشاندەران,بەزیان گەیاندن بەبەشێكى بیناى ئەو دەزگایە كۆتاى بەخۆپیشاندانەكان هاتووە هەروەكو بەردبانكردنى بیناى پەروەردەى سلێمانى و شكاندنى شووشەى پەنجەرەكانى كە بەپێى ماددەى 3 لە چوارچێوەى تاوانى "لەكەڵك خستنى بەشێك لەتەلارو دامەزراوەى سامانى گشتى "جێگەى دەبێتەوە درێژكردنەوەى ماوى كاركردن بە یاساى دژە تیرۆر بەیەكێك لە سەركەوتنەكانى حیزبە دەسەڵاتدارەكان دادەنرێت كە ئەگەر هاتوو ئۆپۆزسیۆن دەستى برد بۆ جوڵاندنى شەقام دەسەڵایش یاساى دژە تیرۆر بهێنێتە كایەوە و كارى پێبكات چونكە بەبڕواى چاودێرانى سیاسى یەكێتى و پارتى لەكاتى تەنگانەدا دەست بۆ هەموو شتێك دەبەن و یاساناسانیش پێیان وایە هەموو بڕگەیەكى ئەو ماددەیە لاستیكییەو دەسەڵات ئەتوانێت بۆ هەموو جوڵانەوەیەكى سەرشەقام و خۆپیشاندانێك بەكارى بهێنێت..
ترس لە یەكێتى و پارتى لەبەكارهێنانى توندوتیژى دژ بە خۆپیشاندانەكانى ئۆپۆزسیۆن
ترس لە بەڵا ڕێدابردنى خۆپیشاندان وكۆبوونەوە جەماوەریەكان لەلایەن یەكێتى و پارتیەوە واى كردووە كە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان نەتوانن بەباشى ئەم كارتە بەكار بهێنن سەباح علی قارەمان پێى وایە ئۆپۆزسیۆن نەك شەقامی كوردستان بەڵكو دەیانتوانی شەقامەكانی ئەوروپاش بجوڵێنێت، چونكە كوردانی هەندەران زۆربەی هەرە زۆریان لەگەڵ دەسەڵاتدا نین. ئۆپۆزسیۆن ئەیەوێت لە ئاو بدات و پێی تەڕ نەبێت، گۆڕینی ئەم سیستمە گەندەڵە بە بۆڵە بۆڵ و قسەی زل و بریقەدار ناكرێت، بەڵكو بە كاری مەدەنیانەو جوڵاندنی شەقام دەكرێت. كەی ئۆپۆزسیۆن شەقامی جوڵاند و خۆپیشاندانی كرد و دەسەڵات تەقەی لە خەڵك كرد، ئەو كاتە دەسەڵات بەر پرسیار و تاوانبار دەكرێت نەك ئۆپۆزسوێن..بورهان رشید ئەندامى پەرلەمان لەسەر لیستى گۆڕان سەبارەت بە ترسى تۆپۆزسۆن لە نەهاتنە سەرشەقام ووتى :چارەسەركردنى ئەو كێشانە چەندین ڕێگاى دەوێت من چەندەها مەلەف ئاگادارم كە دزى تێداكراوە كە ڕاى گشتى لێى ئاگادار نییە كە یەكێكیان نەوتە بۆ ئەوانە دەتوانین لە چەند ڕێگەیەكەوە حەلى بكەین لە ڕێگەى هەیئەى نەزاهەى عێراقەوە لە ڕێگەى شەقامەوە ئەگەر تا ئێستا تەحەروكمان وەك پێویست نەبووە و ئەوە بۆكاتى خۆى هەڵیدەگرین و لەكاتى خۆیدا بەكارى دەهێنین
گۆڕان ئەم كارتانەى كەى بەكار دەهێنێت.
سەباح على قارەمان نوسەرو ڕۆژنامەنووس پێى وایە ئەو ململانیەى كە نێوان دووهێزەكەى بزووتنەوەى گۆڕاندا هەیە ململانیەى نێوان دوو جۆر عەقڵیەتى كار كردنە بەڵام تا ئێستا هێزو عەقڵیەتە كۆنەكە بزووتنەوەى گۆڕان ئاراستە دەكات "بزوتنەوەی گۆڕان بە گشتی دوو جۆرە عەقڵ لە دەوری كۆبووەتەوە، عەقڵێتێكی شاخ و شەڕی براكووژی، عەقڵێتەكەی تر بریتیە لە چینی ڕۆژنامەنووسان و رۆشنبیران و گەنجانی تازە پێگەشتوو و چینی خوێندەوار، بەداخەوە ئەوەی ئەبینین و چاودێری دەكەین تاوەكو ئێستا ئەو عەقڵێتە زاڵە بەسەر گۆڕاندا كە پەروەردەی شاخ و شەڕی براكووژین. زاڵ بوونی ئەو عەقڵێتە كە رانەهاتووە لە سەر كاری مەدەنیانە، وای كردووە گۆڕان بەترسێت لە جوڵاندنی شەقام و لەوە بترسێت كە ئەوە جۆرە كاركردنە شەڕی براكوژی لێبكەوێتەوە، بەڵام ئەو ترسە لە جێگای خۆیدا نیە چونكە سەردەمی ئەمڕۆ لە گەڵ سەردەمی شاخ و چەند ساڵی ڕابردودا جیاوازە,بەڵام ئارام جمال چالاكوانى بوارى كۆمەڵگەى مەدەنى پێى وایە بۆ وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە من لەتۆ دەپرسم كەئایا ئەركى سەرشانى ئۆپۆزسیۆن چییە؟ هەر ئەوەیە دەبێت خەڵك بهێنێتە سەر جادە یان دروستكردنى هۆشیارییەكى مەدەنییە لاى هاوڵاتیان بەوەى كەمافو ئازادییەكانیان لەم هەرێمەدا چین؟و چۆن وا لەهاوڵاتیان بكرێت ئەو مافو ئازادییانەیان لەژێر سایەى دەسەڵاتێكى سیاسى لەمجۆرەدا بەدەستبهێنن؟ راستتروایە بەو جۆرە سەیرى خۆپیشاندانو بەشدارى سیاسى بكەین كەبەرەنجامى پرۆسەیەكی هۆشیاركردنەوەى مەدەنیەیە نەك خۆپیشاندان بكرێتە هۆكارێك بۆ هۆشیاركردنەوەى هاوڵاتیان .
بورهان رەشید پەرلەمانتارەكەى گۆڕان پێى وایە كاتى خۆى هات ئێمە شەقام دەجوڵێنین و باوەڕى تەوامان بە جوڵانى شەقام هەیە لەو بارەیەوە دەڵێت" بۆ بەكار هێنانى شەقام ئێمە دەرسمان وەرگرتووە لە شۆرششى پرتەقاڵى ئۆكرانیا و ئۆتبۆرگى سربیاو گانماراى جۆرجیاو ئاگادارى جوڵانەوەى خوێندكارانى ئازەرباینجانین و سودى لێدەبینین بەڵام هەموو شتێك كاتى خۆى هەیە.
كاردانەوەى دەسەڵات بۆ سەر شەقام
سەبارەت بە بەكارنەهێنانى شەقام لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە ئارام جمال پێى وایە خۆمان لەناو كایە سیاسییەكەداینو هەست بەوە دەكەین جووڵاندنى شەقام كارێكى هەروا ئاسان نییە, چونكە جەماوەر لەدنیادا زیاتر هەست بەو ناعەدالەتىو غەدرانە دەكات كە راستەوخۆ بەر جەستەى دەكەون وەك نەبوونى ئاوو كارەباو سووتەمەنى، مەرج نییە ئەوەى نوخبەى رۆشنبیرو سیاسی تێیدەگات جەماوەر بەو ئاستە یان تەنانەت نزمتریش تێیبگات، چونكە هەموو كات ناكرێت بەو مەتریاڵەى ئێستاوە موجازەفە بكەیتو ئەو ململانێ قورسو ستراتیژییەى پێبكەیت چونكە ئەگەرى زۆرى هەیە دوایى بەگورگانخواردوو بدرێتو خەڵك ئەوەندەى تر بترسێنرێت، یان لەوپەڕى حاڵەتدا ئینتفازەى خوێناوى لێدروستدەبێتەوە كەپێموایە ئەگەر هۆشیارییەكى سیاسى پێگەیشتووى لەپشتەوە نەبێت دواتر دەبێت هەموومان باجەكەى بدەینەوەو ستەمكاریى دیسانەوە لەبەرگێكى تردا خۆى بەسەرماندا دەسەپێنێتەوە.. سەباح پێى وایە سەردەمی ئەمڕۆ بەهۆی تەكنەلۆجیاوە دوونیای كردووەتە گوندێكی بچووك، كوردستانیش ئێستا بە هۆی تەكنەلۆجیاوە بچوكترین رودا و كارەسات دوونیای لێ ئاگادار دەبێتەوە. بۆیە ئەو ترسە لە جێگای خۆیدا نیە كە گۆڕان لێی دەترسێت. ئەبوایە گۆڕان زۆر بوێرانە لە رێگای عەقڵێتە تازەكەوە شەقامی بجوڵاندایە بۆ هەموو ئەو پرسە گرنگانەی كە باست كردن
سەبارەت بە ترسى ئۆپۆزسیۆن لە جوڵانى شەقام كە هەتا ئێستا ئۆپۆزسیۆن ئەم كارتەى بەكار نەهێناوە و دەستى بۆ نەربردووە بورهان رشید دەڵێت ئەوەى كە تا ئێستا نەمانكردووە مانای بێ باوەڕبوونمان نییە بە جوڵانى شەقام و خۆپیشاندان بەڵام هەموو شتێك پێویستە بە بەرنامە و كاتى خۆى هەیە و هیچ ترسێكیشمان لێى نییە.محمد حكیم پێى وایە ئۆپۆزسیۆن بارودۆخەكەى لەبەرچاو گرتووە هەروەك دەڵێت"من وا تینەگەشتووم لە ئۆپۆزسیۆن بۆ هەموو شتێكى بێ بنەما پەنابەرێتە بەر شەقام شەقام بجوڵێنین ,بەڵام شەقامیش جوڵا بەڵام بینیمان رەد فیعلى دەسەلات چۆن بوو ,هەر سێ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكە موراعاتى بارودۆخى كوردستان دەكەن و هەروەها رەد فیعلى دەسەڵاتیش لەبەرچاو دەگرین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست