مەرگى سەردەشت بیماندەڵیت جارێكیتر ڕۆمانى غەزەلنووس و باخەكانى خەیاڵ بخوێننەوە
Tuesday, 25/05/2010, 12:00
"هیچ شتێك لە زیندووكردنەوەى حیكایەتى لاشەیەك ترسناكتر نییە "*
لە دواى شەهید كردنى ڕۆژنامەنووس سۆرانى مامەحەمە وە ئیتر زانیمان تیرۆر ئەوە نییە لە دەرەوە بۆمان دەنێردرێت بەڵكو ئەوەیە لەناوخۆى خۆمانەوە لە پاڵماندایە هەربۆیە ئێمەى ڕۆژنامەنووسان لەبرى ئەوەى ڕوو لە بەغداد بكەین و دەستى تاوان بۆ ئەوان درێژ بكەین بەڵام دەستى تاوانمان بۆ سنورى هەرێمى كوردستان ڕاكێشا ,زۆر كەس پێیان وابوو نەدەبوو لە دۆخێكى ئاڵۆزو فرە كوێخای و فرە هێزى ئەمنى وەك كەركووكدا پەنجەى تاوان بۆ بەرپرسانى كورد ڕاكێشین بەڵام لەبەر ئەوەى ئێمە چاوەكانمان بۆ خۆمان دەبینێت نەك حیزب و سەرۆك و بەرپرسان لەبرى ئێمە شتەكان ببینێت ڕوانینەكەمان ڕاست دەرچوو چونكە زۆرى نەبرد تیرۆر گەشتە سلێمانى و هەرهەمان ئەو دەزگا ئەمنیەى حیزبێكى كوردى كە تیرۆرى سۆرانى مامە حەمەى لە كەركوك ئەنجام داو بۆ چوویە سەر و هەنگاوى یەكەمى بەسەر كەوتووى بڕى خۆى گەیاندە سلێمانى و لە پلانێكى داڕێژراودا هەوڵى تیرۆركردنى ئەحمەد میرەى سەرنووسەرى لیڤینی دا بەڵام خۆشبەختانە ئەو پلانە پۆچەڵ كرایەوە بەڵام ئەم دۆسییە و وەك سەفقەیەكى سیاسى لە نێوان هێزەكانى كوردستاندا دیزە بەدەرخۆنە كرا هیچ دەزگایەكى ئەمنى بەرپرسیاریەتى نەخرایە سەرشان و لێپرسینەوەى لەگەڵدا نەكرا.هەنگاوى سێیەمى هەرهەمان دەزگا لە پایتەختى هەرێمى كوردستان بوو بەڵام ئەمجارەیان بە ڕۆژى ڕووناك و بەربەرچاوى هەموو خەڵكەوە هەر هەمان دەزگاى ئەمنى سەردەشت عوسمانى ڕۆژنامەنووس خوێندكارى زانكۆ دەڕفینێت و پاشان تێرۆرى دەكات,بۆیە بە بڕواى من ئەوەى قۆناغەكەى گەیاندە ئەمڕۆ بێدەنگى ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران و شەقامى كوردی بوو لەبەرامبەر تاوانەكانى پێشوو نەك بەهێزى ئەو دەزگا ئەمنیەى كە زۆر بێباكانە هەموو ئەو كارە تیرۆرستیانەى كردووە و بێباكانە لە پلانى جێبەجێكردنى پلانەكانیتردایە چونكە هیچ هێزێكى سیاسى و عەسكەرى و هەواڵگیرى ناتوانێت خۆى ڕابگرێت لەبەرامبەر هەڵبرشینى دەنگى ناڕەزایی خەڵك.
بەختیار على لە ڕۆمانى غەزەلنوس و باغەكانى خەیاڵدا دەنوسێت "هیچ شتێك لە زیندووكردنەوەى حیكایەتى لاشەیەك ترسناكتر نییە "ئەوەى ئەمڕۆ میدیاى ئازاد دەیكات ئەوەى ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆكان دەیكەن زیندووكردنەوەى حیكایەتى هەموو ئەو لاشانەیە كە نەخۆیان و نەهیچ كەسێك دەزانێت چۆن و لەكوێ بۆچى كوژران؟ئەوە میدیاى ئازادە دەیەوێت لاشەكان لە ژێر خاك دەربهێنێت و جارێكیتر بەدەنگیان بهێنێـەوە تاوەكو حیكایەتى چۆنیەتى كوشتنى خۆیانمان بۆ بگێڕنەوە,ئەوەى ئەمڕۆ میدیاى ئازاد دەیكات حیكایەتى ژیانى پڕ لە ناخۆشى و چەرمەسەرى و نەبوونى و هەژارى سەدان هەزار مرۆڤى ئەم ووڵاتەیە كە لە ڕێگەى قەڵەمەكانیانەوە دەیانەوێت لەلاشەیەكى كوژراودا حیكایەتى مەرگى خۆیان بنووسنەوە ,ئەوە ڕۆژنامەنووسە ئازادەكانن كە وا لە مردووەكان دەكەن لە زمانى خۆیانەوە حیكایەتى مەرگى خۆیانمان بۆ بگێڕنەوە ئەو ڕۆژنامە سەربەخۆكانن حیكایەتى مەرگى ڕۆژانەى پاشماوەى ئەنفالكراوەكانمان بۆ دەگێڕێتەوە هەر لەزمانى ئەوانیشتەوە حیكایەتى مەرگى ئەنفالكراوەكان و ئەوانەى ئەنفالیانكردن و ئەوانەشى ئێستا خەریكى ئەنفالكردنى ڕۆحی پاشماوەى ئەنفالكراوەكانى گەرمیانن.
لەدرێژەى ئەو مەترسیانەى كە چەند ساڵێكە ڕوبەڕووى ڕۆژنامەنووسانى كوردستان دەبێتەوە لەم ڕۆژانەدا لە سنورى ئیدارەى هەرێمى كوردستاندا هەوڵێك لە ئارادابوو بۆ ئەوەى سیناریۆى كوشتنى ڕۆژنامەنووس سۆرانى مامە حەمە دوبارە بكرێتەوە,بەڵام ئەمجارەیان لە سنورى سلێمانى و لە ژێر دەسەڵاتى ئاسایش حكومەتى هەرێمدا كە 18 ساڵە بە قسە باق و بریقەكانیان لەمەڕ ئازادى ڕۆژنامەنوسى مێشكى سەرى هەموومانیان بردووە,
چەندین ساڵە سەقامگیرى ئەمن و ئاسایشمان پێدەفرۆشنەوە بەڵام هەموو ڕۆژێك تیرۆر بە شێوەى جیاواز و بەڕەنگى جیاواز تەقە لە دەرگاى ماڵى ڕۆژنامەنووسان دەدات ,لەتازەترین هەوڵیاندا بۆ تیرۆكردنى رۆژنامەنووسان و كپكردنى دەنگى میللەت و ئازادیخوازان كارەكتەرى غەزەلنووسم بەبیر هاتەوە كە ڕۆماننووسى گەورەى كورد بەختیار على لە ڕۆمانى "غەزەلنوس و باغەكانى خەیاڵدا " هەر زوو مەترسى ئەم تیرۆرەى بۆ باسكردووین كە لە پیشمانەوەیەو بەرەو روومان دێت ئەوەى خستە بەرچاومان ویژدانى هەر قەڵەمێك بە پارەى دەسەڵات نەكڕدرێت ئەوا جەستەى خۆى و قەڵەمەكە بەر فیشەكە ژەنگاویەكان دەدرێن,ئاخر سۆرانى مامە حەمە و سەردەشت عوسمان جگەلە خوداو ویژدان و قەڵەمەكەیان خاوەنى هیچ شتێكیتر نەبوون بۆیە هیچ هێزێك نەیتوانى بیانكڕێت گرانى و گەورەى نرخى خوداو ویژدان و قەڵەم لەلاى سۆران و سەردەشت واى كرد كڕیارەكانى خوداو ویژدان و قەڵەم نەتوانن بیانكڕن هەربۆیە بیریان لە شەهیدكردنیان كردەوە و بە دڕندەترین شێوە سەردەم تیرۆریان كردن .
كاتێك چەند كەسێك بە ئاشكرا و لە ناو شارى هەولێردا كارى فڕاندن و تیرۆركردنىخوێندكار و ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان دەدات ئیتر ئەوەى پێى دەوتێت ئازادى و ڕۆژنامەنووسى و سەقامقیرى ئەمن و ئاسایش هیچ نییە جگە لە وەهمێكى بەتاڵ هیچ نەبووە جگە لە سەرابێك كە ئێمە 18 ساڵە لە تینویەتیدا شوێنى كەوتوین و هەر پێى نەگەشتین .
ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆكان ویژدانێگن گەرمتر لە گەرماى گەرمیان,كاتێك دەنوسن ئازارى هەزاران ژنانى پاشماوەى ئەنفالە ,ئازارى نەبوونىو هەتیووى هەزاران منداڵى پاشماوەى ئەنفالە,ئازارى بێكەسى و بێدەرەتانى هەزاران پیرەژن و پیرە پیاوى پشت كۆماوەى بن دیوارە قوڕینەكانى هەموو گوندەكانى كوردستانە , میدیاى ئازاد كاتێك دەنوسێت زریكەى هەزرانى منداڵى برسیە كە باوكى لە نەبوونى ناتوانێت قتوویەك شیرى بۆ بكڕێت, میدیاى ئازاد كاتێك دەنوسێت هاوارى ئازارەكانى دەست و پەنجەى قڵیشاوى كرێكارەكانى كوردستانە, كاتێك دەنوسێت ئاخ و ئۆفى سەدان پێشمەرگەى كۆنى پاك و بێگەردى كوردستانە كە ڕۆژانە بۆ عومرى بابردویان دەستایان لەبەرى پشتەێنەكەیان گیر كردووە,میدیاى ئازاد كاتێك دەنوسێت كاتێك دەنوسێت ڕۆحى زیندووى خالید گەرمیانیە و داواى لێدەكات لە عەزابى پەشیمانى ڕزگارى بكات , میدیاى ئازاد كاتێك دەنوسێت ئازارى كەركوكى فرۆشراوە كە لە باڕەكانى هەولێرو سلێمانى و ئەقەرە و بەغداد مامەڵەو سەوداى پێوە دەكرێت ئەگەر نوسینەكانى نێ, پەڕەكانى ڕۆژنامەى ئازادو سەربەخۆ ویژدانى ئەوانە و ئازارەكانیان بێت,بێویژدانییە لە ئاست ئەم تیرۆرەدا بێدەنگ بین...
بەختیار على هەر لەو ڕۆمانەدا دەنوسێت"زۆر ئاساییە لە كوشتى كەسێكدا بەشدار بیت ,بەڵام ئاسای نییە كوژراوێك لە خەو هەستێنى"ئەوەى ئەمڕۆ میدیاى ئازاد دەیكات و دەستى داوەتێ خەریكێتى لە خەو هەستاندنى هەموو كوژراوەكانى ئەم ووڵاتەیە لەماوەى یەك سەدەدا ,لەخەو هەستاندنى ئەوانیش بۆ ئەوەیە حیكایەتى چۆنیەتى مەرگى خۆیانمان بۆ بگێڕنەوە ناو ناونیشانى ئەو كەسانەمان پێبڵێن كە دەستیان لەكوشتنیاندا هەبووە كەسانێك كە نەیاسا و نە دادگا و نەویژدان و نەشۆڕش و نەشۆرششگێڕان كەسیان نەیانوێراوە ناویان بهێنن بەڵام دوێنێ سۆرانى مامە حەمە ناویهێنان ئەمڕۆ سەردەشت عوسمان ناویبردن و سبەى هەموومان ناویان دەبەین لە ڕێگەى زیندوكردنەوەى قوربانیەكانەوە ئەو حیكایەتەمان بۆ دەگێڕێتەوە ئەمەش گەورەترین مەترسیە كە زۆر مەترسیدارترە لە كوشتنى مرۆڤەكان لەم ڕۆژگارەى ئێستادا.
....................................................................
* بەختیار على
هەڵەبجەى شەهید
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست