گەرمیان لە ئەنفالى جەستەوە بۆ ئەنفالى ڕۆح
Tuesday, 13/04/2010, 12:00
هەموو ساڵێك لە 14ى4 و لە یادى ئەنفالدا بەیەك شێوە و بەیەك ئاواز كۆمەڵێك لەبەرپرسانى ئەم ووڵاتە بە نمایشى سەدان سەیارەى مۆدیل بەرزو بەكۆمەڵێك حیمایەوە دەچنە گەرمیان ,كۆمەڵێك بەرپرس كە چەند ڕۆژێك پێش گەشتەكەیان بۆ ناوچەى مەرگەساتى گەرمیان یان میوانى ئەنفالچیەك بوون یان ئەنفالچییەك میوانیان بووە یان ئیمتیازیان بۆ ئەنفالچیەك دابین كردووە یان مووچەى كەسوكارى ئەنفالكراوێكیان بڕیوە یان ئەنفالچییەكیان ڕەوانەى دەرەوەى ووڵات كردوو بۆ پاراستنى یان پێشمەرگەیەكى دێرینى نێو مەفرەزەكانى پاش ئەنفالى ناوچەى گەرمیانیان ڕەاونەى ماڵەوە كردووەتەوە لەسەر كارەكەى دەریان كردووە نابڕاویان كردووە یان نامەى پاڕانەوەو لێخۆشبوونیان بۆ ڕزگارى گەورە ئەنفالچیەك نووسیوە یان بەنامەیەك لەسەر هەڵوێستى سیاسى بەنامەیەك چەندین پێشمەرگەى گەرمیانى بۆ زیندانەكان ناردووە,ساڵانە بەرپرسان و دەسەڵاتێك دەچنە گەرمیان كە هەموو ڕۆژەكانى ساڵ بۆ خزمەتى كورد كوژ و ئەنفالچیەكان تەرخاندەكات و تەنها ڕۆژەكەش بە ئەنفالكراوەكان ڕەوا نابینێت و لە یادەكانیشدا خوێ دەكاتە برینەكانیانە و جارێكیتر برینیان دەكولێنێـەوە.
ئێمە خاوەنى دەسەڵاتێكین كە دەكرێت بە دەسەڵاتى خۆى نمایشكار ناو زەندى بكەین دەسەڵاتێك لەگەڵ ئەنفالكراودا دەگرى و لەگەڵ ئەنفالچیدا هەڵدەپەڕێت و پێدەكەنێت كە ڕەنگە هەموو سەرزەوى بگەڕێت دەسەڵاتێكى وەها عەجیب و غەریبت بەرچاو نەكەوێت دەسەلاتَێكى وەها كە بێ شەرم لە بەردەم هەموو بەها ئینسانى و نەتەوەیى و ئەخلاقیەكاندا بێباك بێت .لە هیچ سوچێكى ئەم سەرزەویەدا دەسەڵاتێك نابینیت بەخوێنى شەهیدەكان بەرهەم هاتبێت و بكوژەكانى خۆشگوزەران تیایدا بحەسێنەوە,ئێمە تا ئێستا نەمانبیستووە جوولەكەیەك دەستى هەبووبێت لە هۆلۆكۆستدا هەروەك چۆن نەمانبیستووە حكومەتى جوولەكەش لە نازیەك خۆش بووبێت ,ئێمە تائێستا نەمانبیستووە ئەرمەنییە دەستى هەبووبێت لە قەتڵوعامى ئەرمەنیەكدا لەكاتێكدا سەدان موستەشارى كورد و هەزاران جاشى كورد زمان دەستیان لەو تاوانەدا هەیە بە بێ ئەوەى هیچ پێشمەرگەیەكى دێرنى كەسوكار ئەنفالكراو بڵێت بۆ؟ كەسوكارى شەهیدان و ئەنفالكراوەكان 18 ساڵە ژێردەستەى دەستى دەسەڵاتێكن كە تاوانباران و ئەنفالچیەكانى پەنا داوەو زۆرێكیانى گەیاندووتە پۆست و پلەو پایەیەك كە بە سەد ساڵیتر كەسوكارى ئەنفالكراوەكان ناتوانن پێى بگەن.ژیان و گوزەرەرانى ئەنفالچیەكانى بەڕادەیەك خۆش كردووە كە بەعس پاش ئەنفالكردنى كوردان ئەو ژیانە شاهانەى پێنەبەخشینى كەچى دەسەڵاتى خوێنى شەهیدان و بەرهەمى ئەنفالكراوەكان ئەو خۆشگوزەرانیەى بۆ فەراهەم كردوون,دەسەڵاتێك كە تیایدا موچەى ئەنفالچیە سەدان جار لە مووچەى ئەنفالكراوێ: زیارت بێت ئیتر بە نیسبەت كەسوكارى شەهیدان و ئەنفالكراوەكانەوە چ جیاوازیەكى لە دەسەڵاتى پێشووتر هەیە ؟مەگەر لە زمانەكەدا.
ئەوەى زیاتر نیگەرانیەكانى كەسوكارى قوربانیانى شەهید و ئەنفالكراوەكان زیارت دەكات ئەوەیە كە وەزارەتى شەهیدان بووتە شوێنى بەسوڵكەر كردنى كەسوكارى شەهید و ئەنفالكراوەكان و ئەم وەزارەتە لە مەهامى ڕاستەقینەى خۆى لایداوە و ئیش و كارى بووتە پێدانى مووچەیەكى سواڵكەرانە ,چونكە وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالكراوەكان لەماوەى 18 ساڵ تەمەنى ئەم ئەم دەسەڵاتەدا بوونى هەبووە لە شەش كابینەى یەك لەداوایەكدا كە تا ئێستا نەیتوانوە و یان ڕاستر بلێین نەیویستووە كارى لەسەر بكات تۆمار كردنى داواى یاساییە لەسەر هەموو ئەو كەسانەى بەشێوەیەك لە شێوەكان دەستیان هەبوە لە ئەنفالكردنى خەڵكى كوردستان ,حەق وایە ئێمە بڵێن چەندە شەرمە بۆ وەزارەتێك كە خۆى بە نوێنەرى شەرعى شەهیدان و ئەنفالكراوەكان دەزانێت كەچى هەتا ئێستا جورئەتى ئەوەى نەكردبێت بكوژى شەهیدەكان بداتە دادگا.هەتا ئێستا جورئەتى ئەوەى نەكردبێت لیستى شەهید و بكوژەكەى پێشمەرگەى شەهید و جاشى كوژراو ئەنفالكراو ئەنفالچى لە لیستەكاندا جیابكاتەوە,چەندە شەرمە بۆ دەسەڵاتێك خۆى بەخاوەنى ئەنفالكراوەكان بزانێت و هەموو ساڵێك لەگەڵ كەسوكارەكەیدا یادى ئەنفالكراوەكان بكاتەوە لەكاتێكدا هەزاران لە ئەنفالچیەكانى پەنا دابێ,چەندە شەرمە بۆ دەسەڵاتێك بەرهەمى ئەنفال و خوێنى شەهیدان بێـت كەچى حیمایەى بۆ ئەنفالچیەكان دانابێت,چەندە شەرمە بۆ دادگا ئەوەندە سەربەخۆ و بوێر نەبێت تا كەسوكارى ئەنفالكراوەكان متمانەى پێبكەن و هاناى بۆبەرن و دادگایى بكوژى كەسوكارەكانیان تێدا ئەنجام بدەن .
هەموو ئەو ئازارە ڕۆحى و دەروونیەى كە پاشماوەى ئەنفالكراوەكان لەماوەى ئەم چەند ساڵە چەشتوویانە بەدەستى دەسەڵاـى كوردیەوە هاوتاى ئەو ئازارە جەستییە كە كە بەدەست دەسەڵاـى بەعسەوە چەشتیان بۆیە ئەو ئازارەى كە ئێستا كەسوكارى ئەنفالكراوەكان هەیانە زۆر ناڕەحەترو كاریگەرترە لەو ئازارەى كە كەسوكارە ئەنفالكراوەكانیان چەشتوویانە ئەوانەى ئەنفالكران ئەكجار و بكوژەكەى خۆیان بینى و مردن بەڵام ئەمان هەموو ڕۆژێك بكوژى خۆیان كەسوكارەكەیان دەبین و ناتوانن هیچ بكەن ,هەموو ڕۆژێك بەرهەمى خوێنى شەهید و قوربانیەكانیان دەبینن كە بۆ خۆشگوزەرانى بكوژەكانیان سەرف دەكرێت ڕۆحیان لەت لەت دەبێت و هەموو ڕۆژێك سەد جار رۆحیان دەمرێت لە تا ئەو مەهوو سوكایەتى و تاوانانەى بەرامبەریان دەكرێت لەلایەن دەسەڵاتێكەوە كە خۆیان گەیاندوویانەتە ئەمڕۆ.
-هەڵەبجەى شەهید
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست