ئەحمەدتورك و نەوشیروان لە دیاربەكر و سلێمانیەوە بەرامبەر مەسعود و ئۆردۆغان لە هەولێرو ئەنقەرە
Friday, 27/03/2009, 12:00
29 ى ئازار لە دیار بەكرو چەند مانگێكیتر لە سلێمانى گەورەترین رووبەڕوو بوونەوەی مەدەنیانە و چارەنووسسازییە بۆ میللەتى كورد لە باكورو باشور ئەو ڕوبەڕووبوونەوەیەش خۆى لە هەڵبژاردندا دەبێنێتەوە,هەڵبژرادنى دیموكراسیانەو مەدەنیانە بۆ خۆى تابوتىمەرگى هەموو سیستمێكى تۆتالیتارییە,ئەوەى دەستەڵاتى مافیاى و دیكتاتۆرانەى یەكێتى و پارتى قائیم كردووە هەڵبژاردن نییە وەك ئەوەى زۆرێك خەڵك بە هەڵە لە هەڵبژاردن تێگەتوون و پێیان وایە هەڵبژاردن لە سود و قازانجى دەستەڵاتە,نەخێ تەواو بە پێچەوانەوە بوونى هەڵبژاردن هەر چوارساڵ جارێك بۆ خۆى لەقكردنى كورسى دەستەڵاتدارانى یەكێتى و پارتییە هەر ئەمەشە وا دەكات لە ماوەى 17 ساڵدا بە ناچارى یەكیێتى و پارتى دوو هەڵبژاردن بكەن و توانانى قوبڵكردنى دەرەنجامەكەشیان نەبێت.
ئەوەى من دەمەوێت لەبارەیەوە بدوێم دیارى كردنى دووبەرەیە لەم هەڵبژاردنانەدا كە كاریگەرى زۆریان لەسەر یەكترى هەیەو شكستى هەریەكەیان ماناى شكستى ئەویتریانە و بە پێچەوانەوە,ئەو دوو بەرەیەش بەرەى دیاربەكرو سلێمانى بەسەركردایەتى ئەحمەد تورك و نەوشیروان مستەفا و بە پشتوانى خەڵكى هەژارو ئازادیخوازو نیشتمانپەروەر لەبەرامبەر بەرەى ئەنقەرە و هەولێر بە سەركردایەتى ئۆردۆغان و مەسعود بەرزانى و بە پاڵپشتى پارەو چەك و میت و پاراستن.
بە بڕواى من هەڵبژاردنى ئەم جارە چارەنووسسازە, ئەگەر ئێمەى كوردانى باكور و باشور بمانەوێت بۆیەكجارى لەدەست جەورو ستەم و مافیاى توركى و كوردى ڕزگارمان بێت ئەوا دەبێت سلێمانى و دیار بەكر هاوپشت و هاو خەباتى یەكتر بن چونكە دۆڕانى سلێمانى ماناى دۆڕانى كوردە لە باكورو باشور و هەروەها دۆڕانى دیاربەكریش مانانى دۆڕانى باكورو باشوورە.
چۆن؟
-ئەگەر سلێمانى لە هەڵبژاردنەكاندا بباتەوە ماناى ئەوەیە ڕێكەوتننامەى ستراتیژى نێوان پارتى و یەكێتى هەڵدەوەشێتەوە لەگەڵ ئەمەشدا ئۆتۆماتیكى ڕێكەوتنە خیانەتكارانەكەى نێوان توركیا لەگەڵ یەكێتى و پارتیش هەڵدەوەشێتەوە,ئەمەش بۆ خۆى دەبێتە هۆى نەمانى گەورەترین مەترسى لەسەر باكورى كوردستان,چونكە سلێمانى وەك سەنگەرێكى دژ بە توركیا وەهایە و هەتا ئێستاش خەڵكى سنورى پارێزگاى سلێمانى لەگەڵ ئەوەدا نین ببن بە كلكى ئەو تەورەى كە دەیانەوێـت درەختى سەوزى باكورى كوردستانى پێببڕنەوە ئەویش لە پێناوى 80 كۆمپانیاكەى بنەماڵەى بارزاانى و ئاڵوگۆڕە بازرگانیەكانى بنەماڵەى تاڵەبانى.
-ئەگەر سلێمانى بدۆڕێت و هەولێر بیباتەوە, ماناى ئەوەیە ڕێكەوتننامە ستراتیژیەكەى نێوان یەكێتى و پارتى پێ دەنێتە قۆناغى هەرە مەترسیەوە كە ئەویش بێدەنگكردنى خەڵكى كوردستان لەبەرامبەر جێبەجێكردنى ڕێكەوتنى توركیا و هەرێمى سەوزو زەرد بۆ لەناوبردنى پەكەكە و دواتر سڕینەوەى ناسنامەى نەتەوەیەك لە باكورو و پاش ئەوەش كۆنترۆڵكردنى دیاربەكر كە وەك جەبهەى پشتەوە وەهایە بۆ پارێزگارى كردن لە هەرێمى باشورى كوردستان,هەتا ئێستاش گەورەترین لەمبەر لەبەردەم توركیا بۆ داگیركردنەوەى ووڵایەتى موسڵ هێزە خەسیو میلیشاكەى یەكێتى وپارتى نییە بەڵكو دیاربەكرو كوردانى باكورى كوردستانە كەتوركیا ناتوانێت بیناخاتە پشتى جەبهەكەو بێتە ناو باشورى كوردستان چونكە ئەوكاتە لەوە ئەترسێت كە دیاربەكر ڕاپەڕێت و لە پشتەوە سوپاى توركیا تێ: بشكێنێ.
_ئەگەر دیاربەكر بیدۆڕێنێت ,ماناى ئەوەیە كێشەى میللەتى كورد دەچێتە قۆناغی دژوارو ناڕەحەتەوە ئەو مافانەش كە هەتا ئێستا بەدەست هاتوون هەمووى لە كیس دەچێت و كێشەى كورد لە باكور دەچێتە حاڵەتى متبوونەوە,لەم حاڵەتەشدا توركیا خۆى یەكلاى دەكاتەوە بۆ مەسەلەى باشورى كورستان و بەهەموو شێوەیەك تواناى دەست تێوەردانى ئەبێت و سلێمانى و هەولێرو دهۆك وەك دیاربەكر ئەخاتەوە ژێر كۆنترۆڵى خۆى,بەڵام داگیر كردنەوەى ئەمجارەى بە هەمان شێوەى دەوڵەتى عوسمانى نابێت بەڵكو ئێستا پێویستى بە جەندرمە نییە چونكە ئەوەى جەندرمەو سوپاى توركیا ویستبێتى لەلایەن میلشاكانى یەكێتى وپارتیەوە بۆى جێبەجێ كراوە,ئەم جارەیان لەداگیركردنى زمان و فەرهەنگ و كلتور و هۆش و عەقڵى كوردانى باشورەوە دەست پێدەكاتەوە.
-ئەگەر دیاربەكر بیباتەوە ماناى ئەوەیە توركیا گیرۆدەى كێشەى كوردانى باكورى كوردستان دەبێت و نایپەرژێتەوە سەر باشور و ناتوانێت گوشار دروست بكات و دەست لەمەسەلەى كەركوك وەربدات,نەك ئەوە بەڵكو ناچار دەبێت بەتەواوى و بە عەمەلى دەن بنێت بە مافە ڕەواكانى كوردانى باكور و چیتر نەتوانێت نكوڵى بكات لە بوونى كێشەیەك بەناوى كێشەى كوردانى باكور ,ئەمەش بۆخۆى زیاتر توركیا توشى كێشەو قەیران دەكات.
بە پێى ئەو دەرەنجامانەى لەو گریمانانەى سەرەوە پێى دەگەین ئەوەیە كە دۆڕانى سلێمانى ماناى دۆڕانى دیاربەكرو بردنەوەى هەولێرو ئەنقەرە بەپێچەوانەشەوە بردنەوەى سلێمانى و دیار بەكر ماناى دۆڕانى هەولێر و ئەنقەرە,بۆیە پێویستە خەڵكى سلێمانى و دیار بەكر لە پێناوى بڕێك دینارى بریمەر و لیرەىئەتاتوركى كێشەیەكى گەورەى سەدان ساڵ لەبیر نەكەن و نەیدەنە بەر ڕەشەباى تۆفانى مافیاى توركى و كوردى چونكە هەتا ئێستاش لە هەر چوار پارچە داگیر كراوەكەی كوردستاندا یەك كێشەی هەیە ئەویش ئەوەیە كە لە لایەن دەستەڵاتێكى مافییایەوە داگیر كراوە و بەڕێوە دەبرێت,لە ڕۆژهەڵات مافیاى ئاخوندەكان و لە باكور مافیاى ئەتاتۆرك و لە ڕۆژئاواش مافیاى ئەسەد و لە باشوریش نۆكەرو بەكرێگیراوى ئەو سێ مافیایە.
تێبنى/ ناو هێنانى شارى سلێمانى وەك ڕەمزێكە بۆ هەموو ئەوانەى لەگەڵ چاكسازیدان,بۆیەش ناوى سلێمانیم هێناوە چونكە قورساى لیستى نەوشیروان لە سنورى پارێزگاى سالێمانیدایە. ناو هێنانى شارى دیار بەكریش وەك ڕەمزێكە بۆ هەموو ئەوانەى كە لەگەڵ (دەتەپە)ن ,ئەوەش ئاشكرایە دیار بەكر چەقى قورساى كوردانى باكورە هەڵەبجەى شەهید
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست