كۆمەڵەى قوربانیانى كیمیاویبارانى هەڵەبجە لە نێوان دیارنەمانى فڕۆكەوانەكەو 253ملیۆن دیناردا
Tuesday, 04/05/2010, 12:00
یەكێتى و یەكەم شكستى لە كۆنگرەى یەكیتى زانایانى ئاینیەوە پاش ئەو شكستەى كە بەسەر یەكێتیدا هات لە كۆنگرەى یەكێتى زانایانى ئاینى كە لە كۆى 31 ئەندامى سكرتاریەت تەنها 2 ئەندامى یەكێتى دەرچوون ئەم ئەنجامەش زەنگێكى خەرتاناكە بۆ سەر یەكێتى و پاشەڕۆژى بۆ ئەنجامى هەڵبژاردنى ڕێكخراوە پیشەیەكانیتر كە زۆربەیان وادەى كۆنگرەیان بەسەر چووە كاتى ئەوە هاتووە كە كۆنگرەى نوێ ببەستن ئەگەر چى پاش یەكگرتنەوەى ئیدارەى هەولێرو سلێمانى زۆربەى ڕێكخراوە پیشەییەكان كۆنگرەكان و هەڵبژاردنەكانى پێشوتریان بە تەوافووق بووە بەڵام بەهۆى جیابوونەوەى بزووتنەوەى گۆڕان لە یەكێتى سەركەوتنى لە سنورى جێنفوسى یەكێتى بە ڕادەیەكى بەرچاو بەجۆرێك كە گۆڕان بووتە هێزى یەكەم لە سنورى سەوز ,پارتى چیتر ئامادە نییە لەگەڵ یەكێتى لیستى هاوبەش دروست بكات بەتایبەتى پاش دەركەوتنى ئەنجامى هەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى عێراق,یەكێتى بۆ ئەوەى لە هەڵبژاردنى كۆمەڵەى قوربانیانى كیمیاویبارانى هەڵەبجە تووشى ئەو شكستە نەبێتەوە كە لە كۆنگرەى یەكێتى زانیانى ئاینى بەسەرى هات هەوڵى دواخستنى كۆنگرەى سێى كۆمەڵەى قوربانیان دوابخات.
یەكێتى بۆ كۆنگرەى كۆمەڵەى قوربانیانى كیمیاویبارانى هەڵەبجەى دواخست پاش ئەوەى دڵنیابوو كە ناتوانێت سەركەوتن بەدەست بهێنێت لە كۆنگرەى سێى كۆمەڵەى قوربانیان یەكێتى لە ڕێگەى ڕێكخستەكانى و كەسە نزیكەكانى خۆى لەناو كەسوكارى شەهیدانى هەڵەبجە هەستان بە كۆكۆدنەى ئیمزا و داوایان لە پارێزگارى سلێمانى كرد بۆ دواخستنى كۆنگرەى كۆمەڵەكەیان,پارێزگارى سلێمانیش هاوكارى كردن و كۆنگرەى كۆمەڵەكەى دواخست بۆ كاتێكى نادیار لە هەمانكاتدا لەسەر ئاستى جەماوەریش دەنگۆی ئەوەیان بڵاو كردووەتەوە كە ئەندامانى دەستەى باڵاى كۆمەڵەى قوربانیان ئیختلاسیان كردووە و خزمە نزیكەكانى خۆیانیان ناردووە بۆ دەرەوەى ووڵات بۆ چارەسەر هەروەها ناسنامەى تەزویریان دروست كردووە بۆ ئەوانەى سەربەخۆیانن,لوقمان عبدالقادر سەرۆكى كۆمەڵەى قوربانیان لەو بارەیوە ووتى ئەو بڕیارە لە جێگەى خۆیدا نییە و پێمان وایە ئەوە بڕیارێكى سیاسییە بەڵام ئێمە پیوە پابەند دەبین و هەروەها ئێمە پێمان خۆش بوو كۆنگرەكە دواخرا چونكە لەكاتى بڵاوكردنەوەى ئەو دەنگۆخراپانە لەسەر ئێمە لەلایەن ئەو برادەرانەوە زیانى هەبوو بۆ ئێمە كۆنگرەمان ببەستبا بۆیە ئێمە داواى یاسایمان لەسەر ئەو كەسانە تۆمار كردووە كە تەشهیور بوهتانیان بۆ ئێمە هەڵبەستووە و چاوەڕوانى ئەنجامەكەى دەكەین كە بەدڵنیایوە لە بەرژەوەندى ئێمە دەبێت بۆیە حەز دەكەین كۆنگرە بكەوێتە دواى ئەنجامى بڕیارى دادگا ئەوكاتە ئەوان هیچیان بەدەستەوە نامێنێك وەك چەكێك دژى ئێمە بەكارى بهێنن..
كۆمەڵەى قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە لە ڕیكخراوێكى مەدەنیەوە بۆ رێكخراوێكى ئیمتیازى لەسەرەتاى دامەزراندیەوە ئەم كۆمەڵەیە ناوى "كۆمەڵەى بەگژاچوونەوەى چەكى كیمیاوی بوو"ناوێكى گشتگیربوو بۆ بەگژاچوونەوەى بەكار هێنانى چەكى كیمیاوى و كاركردن بۆ هەموو ئەوانەى لە كارەساتى كیمیاویبارنەكەدا زەرەرمەندبوون بە ماڵو بەگیان بەڵام كۆمەڵەى قوربانیانى كیمیاویبارانى هەڵەبجە كە ئێستا خۆى بە میراتگرى شەرعى كەسوكارى قەربانیانى كیمیاویبارانى هەڵەبجە دەزانێت سەرەتا بەناوێكى تروە بووە بەڵام بۆ مەبەستێكى سیاسى و حیزبى ناوەكەى دەگۆڕدرێت دكتۆر فایەق گوڵپى دامەزرێنەرو كەسى یەكەمى كۆمەڵەكە لەسەرەتاى دروستبوونیەوە ووتى كاتى خۆى من و مامۆستا ئاوات و سیروانى على ڕەزا ئەو كۆمەڵەیەمان دروست كرد بۆ ئەوەى ببێتە جوولانەوەیەكى مەدەنى نەتەوەیى و بەو ئاراستەیە كاربكات بۆ بەرژەندى نەتەوەى بێت بەڵام حیزبەكان لە بەرژەوەندیاندانەبووە ئەم كۆمەڵەی بەو ئاراستیەدا بڕوات,بۆیە هەستان ناوەكەیان گۆڕى و ڕیكخراوەكەیان بچوك كردوە بۆ بەكارهێنانى بەشێكى كەم لە خەڵكى هەڵەبجە سەرەتاى كارەكەش بە گۆڕینى ناوەكەى بوو لە كۆمەڵەى بەگژاچوونەوەى چەكى كیمیاوى بۆ كۆمەڵەى بەرگرى لە مافەكانى بنەماڵەى شەهیدانى كیمیاویبارانى هەڵەبجە.
یەكێتى شەڕى بەدەستهێنانەوەى كۆمەڵەى قوربانى دەكات لە دروست بوونى ئەم ڕێكخراوەوە لەسەرەتاوە هەتا ئێستا پۆستى سەرۆكى كۆمەڵە لە دەستى یەكێتیدا بووە یان لەدەستى كەسێ:ى نزیكى سەر بە ئەو حیزبەدا بووە بەڵام لە كۆنگرەى دووەمى كۆمەڵەى قوربانیانى كیمیابارنى هەڵەبجە كاندیدەكانى یەكێتى نەیاتوانى سەركەوتن بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەى پۆستى سەرۆكى كۆمەڵەكە بەدەست بخەنەوە كە لە كۆنگرەى یەكەمى ئەم ڕێكخرەوەدا لەدەستیاندا بوو بۆیە بەقسەى دەستەى باڵاى كۆمەڵەى قوربانیان ئەوانەى ئێستا كێشەو گرفت بۆ بەستنى كۆنگرە دروست دەكەن كەسانێكن كە پێشتر نەیانتوانیوە متمانەى كەسوكارى شەهیدان بەدەست بهێنن و بۆ ئەم جارەش دڵنیان كەناتوانن متمانەى خەل:َ بەدەست بهێنن بۆیە هەوڵێ پەكخستنى كۆنگرەیاندا ئەو تۆمەتانەش ئەسلڵو ئەساسى نییە ئێمە بە دەنگى كەسوكارى شەهیدان بووینە ئەندامى دەستەى باڵاو متمانەى كەسوكارى شەهیدانمان بەدەست هێناوە و هیچ فرت و فێڵكمان نەكردووە بەقسەى ڕیبوار ئەحمەد لە كۆنگرەى دووەمى كۆمەڵەى قوربانیانى كیمیابارنى هەڵەبجەدا فرت و فێڵێكى زۆر كراوە بۆیە ئەو برادەرانە توانیان سەركەوتن بەدەست بهێنن هەرئەو كاتە من لەناو هۆڵى كۆنگرەكەدا ڕەخنەم لەم میكانیزم و فرت ەو فیڵە گرت بەڵام گوێیان پێنەدام و لەماوەى كەمتر لە سەعاتێكدا هەموو شتێكیان لە نێوان خۆیان حەل كرد,بەبڕواى ئەوانەى كە ئێستا گللەیان لە دەستەى باڵاى كۆمەڵەكە هەیە و پێیان وایە سەرۆكى كۆمەڵەى قوربانیان كەسێى نزیكى پارتیەو , پۆستى سەرۆكى كۆمەڵەى قوربانیانى بۆ بەرژەوەندى سیاسى بەكار هێناوە,سەرۆكى ئەو كۆمەڵەیش تەئكید لەوە دەكاتەوە كە هیچ پەیوەندیەكى بە حیزبەوە نییە و ئەو لەسەر مەسەلەى فڕۆكەوانەكە هاتووەتە دەنگ هەروەك خەڵكیانیتر بەڵام هەركات باسى فڕۆكەوانەكە دەكەین ئیتر وا دەزانن تەوجیه كراوین لەكاتێكدا خەڵك هەیە گللەیمان لێدەكەن كە هەڵوێستى توندمان نەبووە.
یەكێتى ڕاپۆرتەكانى دیوانى چاودێرى دارایى سلێمانى دژ بە نەیارەكانى بەكار دەهێنێت دیوانى چاودێرى دارایی لە ساڵى 1998 بە پێشنیارى جەلال تاڵەبانى سەرۆكى هەرێم"ئیدارەى سلێمانى" دامەزرا,مەبەست لە دامەزراندنى ئەم دەزگایە سنور داركردنى ئەو گەندەڵیەگەورانە بوو كە لە ئیدارەى ئەوكاتى سلێمانى گەشتببوە ترۆپك,ئەم دەزگایە كارى پشكنین و سەیركردنى هەموو ئەو مەلەف و نوسراو بەڵگەنامانەیە كە لە دەزگاو دامەزراوە حكومى و ڕێكخراوە ناحكومیەكان كە نەسریە لە حكومەت وەردەگرن,بۆئەوەى ووردبینى هەموو كارەكانى ئەو دەزگایانە بكەنەوە ڕاپۆرتى خۆیان لەبارەیەوە بەرزبكەنەوە بۆ شوێنى مەبەست,ئەم دەزگایە كە لەسەر پێشنیارى تاڵەبانى پێكهێنراوە و هەر بۆخۆشى سەرۆكێكى بۆ دیارى كرد ئێستا كارى ئەم دەزگایە ڕەهەندێكى سیاسیانەى وەرگرتووە بەرپرسەكان بەگشتى و تاڵەبانى بەتایبەتى هەوڵدەدەن ئەم دەزگایە بەكار بهێنن بۆ تەسفیە حسابانى نێوان خۆیان و بەرپرس و نەیارەكانى دژ بەخۆیان...
تاریق ڕەمەزانى فڕۆكەوان لەبەرامبەر ڕاپۆرتەكانى دیوانى چاودێرى دارایی
پاش ئەوەى كۆمەڵەى قوربانیانى هەڵەبجە لەسەر ئازادكردنى تاریق ڕەمەزانى فرۆكەوان لەلایەن تاڵەبانیەوە هەڵوێستیان وەرگرت بەقسەى ئەندامێكى ئەو كۆمەڵەیە یەكێتى لە ڕێگەى مەڵبەندەوە كێشەو گرفتیان بۆ دروست دەكات و تۆمەتیان دەداتە پاڵ ,ئەندامێكى كۆمەڵەى قوربانى ووتى هاتنى دیوانى چاودێرى دارایی بۆ ووردبینى كردن لە سەر كۆمەڵەكەى ئێمە ئەوەندەى لە لێكۆڵینەوەیەكى سیاسی دەچوو ئەوەندە لە ووردبینى و كارى دیوانى چاودێرى دارایی نەدەچوو چونكە هەڵسوكەوت و پرسیارەكانى لیژنەكە دیاربوو مەبەستێكى سیاسی لە پشت هاتنەوەكەیانەوەیە بۆ كۆمەڵەى قوربانیان ئێمە پێمان وایە دیوانى چاودێرى دارایی ئێستا بۆ مەبەستێكى سیاسى بەكار دەهێنرێت و لە مەهامى ڕاستەقینەى خۆى دوركەوتووەتەوە...
یەكیتى و پارتى ململانییە لەسەر بەدەست هێنانى كۆمەڵەى قوربانیان د.فایەق گوڵپى چاودێرى سیاسى و یەكێكە لە بنەماڵەى شەهیدان لە هەمانكاتدا پێى وایە بەهۆى گەورەیى كارەساتى كیمیاویبانكردنى هەڵەبجەوە دەنگدانەوەى بە هەموو دونیادا و ناساندنى بە جینۆساید واى كردووە كە كۆمەڵەى قوربانیانى كیمیاویبارنى هەڵەبجە پێگەى بەهێز بێـت تا ئەو ڕادەیەى كە یەكێتى و پارتى بیر لەوە بكەنەوە كە لە ڕێگەى كەسە نزیك و گوێڕایەڵەكانى خۆیانەوە لەو كۆمەڵەیەدا بتوانن ئەو كۆمەڵەیە وەك چەكێكى قورس و كاریگەر دژ بەیەكتر بەكارى بهێنن دكتۆر پێى وایە ئەو ململانیەى ئەو كەسانە دەیكەن زەرە بە خەڵكى هەڵەبجە و دۆسیەى هەڵەبجە و سومعەى هەڵەبجە دەدات.ڕێبوار ئەحمەد كە یەكێكە لەو كەسانەى بەشدارى كردووە لە هەڵمەتى ئیمزا كۆكردنەوەى كردووە بۆ دەربڕینى ناڕەزاى بەرامبەر بە دەستەى باڵاى كۆمەڵەى قوربانیان , پێی وایە ئەوەى ئێمە دەیكەین بۆ بەرژەوەندى خەڵكو كەسوكارى شەهیدانە و هیچ پەیوەندێكى بە حیزبەوە نییە و حیزب لە پشت ئێمە وە نییە ئەو بەسەر سوڕمانەوە دەڵێت ئایا داواكردنى ماف و حەقى كەسوكارى شەهیدان و بەعەدالەت دابەشكردنى ئیمتیازات بەسەر تەواوى كەسوكارى شەهیدان مەرامى سیاسیە یان مەرامێكى عەدالەتخوازى,بە پێچەوانەى قسەى ڕێبوار ئەحمەد لوقمان عبدالقادر سەرۆكى كۆمەڵەى قوربانیان دەڵێت كەسەكان خۆیان تەعریفى خۆیان دەكەن,ئەوانەى ئەو هەڵایانە دروست كردووە كەسانێكن حیزب لە پشتیانەوەیە,مەرامێكى سیاسی لە پشت كارەكەوەیانە نەك بەرژەوەندى كەسوكارى شەهیدان و هەڵەبجە ئەگەر ئەوان بەرژەوەندى هەڵەبجە و كەسوكارى شەهیدانیان دەوێت بۆ لەسەر ئازادركردنى فڕۆكەوانەكە (تاریق ڕەمەزان)بێدەنگ بوون و هیچ هەڵوێستێكیان نەبوو؟
كۆمەڵەى قوربانیانى كیمیاویبارانى هەڵەبجە لە نێوان دیارنەمانى فڕۆكەوانەكەو 253ملیۆن دیناردا پاش بڵاو بوونەوەى دەنگۆى ئەوەى كە بە پێى ڕاپۆرتى دیوانى چاودێرى دارایی-سلێمانى دەستەى باڵاى كۆمەڵەى قوربانیانى كیمیاویبارانى هەڵەبجە تۆمەتبار كراون بە دیارنەمانى 253ملیۆن دینار و پێشتریش بەرپرسێكى باڵاى یەكێتى لە هەڵەبجە لە كۆبوونەوەیەكى فرواندا ئەوەى بە ئامادەبووان ڕأگەیاندبوو كە كۆمەڵەى قوربانیان ئیختلاسى ماڵى تێدا ڕوویداوە پێیستە ڕوونكردنەوە بدەن لەو بارەیەوە,ئەو بەرپرسە داواى ڕونكردنەوە كردبوو لە دەستەى باڵاو داواى ئەوەى لێكردبوون كە ڕاپۆرتى دیوانى چاودێرى دارایان تەسلیم بكەن بەڵام لوقمان عبدالقادر سەرۆكى كۆمەڵە ووتى ئێمە بەهیچ شێوەیەك ئامادە نەبووین ئەو ڕاپۆرتە پیشانى حیزب بدەین چونكە حیزب مەرجەعى ئێمە نییەو ئەوان بۆیان نییە تەداخول بكەن تەنها دیوانى چاودێرى دارایی و حكومەت بۆیان هەیە لێپرسینەوەمان لەگەڵدا بكەن و داواى ڕونكردنەوەمان لێبكەن.
ئەندامێكى كۆمەڵەى قوربانیان كە ئامادەنەبوو ناوى بڵاوبكرێتە ووتى ئەوەى هەردوولایان دەیكەن كارێكى ناڕەوایە بەشێكیان لەبەرامبەر مەسەلەیەكى نەتەوەى و ئەخلاقیدا بێدەنگ بوون كە ئەویش ئازادكردنى بكوژى هەڵەبجەیەكانە و ئەیانەوێت لە ڕێگەى قسە كردن و هەڵوێست وەرگرتن لە دیارنەمانى چەند دینارێكەوەى خۆیان بە دڵسۆزى كەسوكارى شەهیدان پیشان بدەن و لە هەمانكاتدا بەشەى كەیتریش لەبەر ئەوەى قسەیان كردووە و هەڵوێستیان هەبووە لەسەر ئەو مەسەلەیە ئیتر نابێت هیچ كەس لە گوڵێك كاڵتریان پێبڵێت ,بۆیە من باوەڕم وایە هەردوولایان تاوانیان هەیەو پێویستە دادگا ئەو مەسەلیە یەكلایبكرێتەوە هەروەها داوا لە كەسوكارى شەهیدان دەكەم كە بەقسەى هیچ لایەكیان هەڵنەخەڵەتێن چونكە هەردوولایان بۆ بەرژەوەندى سەخسى و حیزبى هەوڵ ئەدەن پێش بەرژەوەندى كەسوكارى شەهیدان ,ئەو ئەندامەى كۆمەڵە ووتى ئازادكردنى تاریق ڕەمەزان و دیارنەمان یان خراپ بەكار هێنانى 253 ملیۆن دینار ئەگەر وابێت بڵاو بووەتەوە هەردووكیان تاوانن و نابێت لە ئاستیاندا بێدەنگ بین,بەڵام بەداخەوە كەسوكارى شەهیدان دابەش بوون بەسەر ئەم دوو لایەدا و ناتوانن ڕاستیەكان ببینن ئەگینا هەردوولایان شایەنى ئەوەن دادگایبكرێن
[email protected] تیبینى:
ئەم رابۆرتە لە زمارە 8 كۆفارى فشاردا بلاو بووەتەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست