کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


روونكردنەوەیەك لە مەكتەبى سیاسى بزووتنەوەى دیموكراسیخوازانى كوردستانەوە

Saturday, 30/01/2010, 12:00


جەماوەرى كوردستان
حیزب و لایەنە سیاسییەكان
رۆژى 26 /1/ 2010 لە كاتى كۆبوونەوەى ئاسایى سەركردایەتى چەند كەسێكى دەرەوەى حزب و بە هەماهەنگى سێ لە بەشداربووانى كۆبوونەوەكە بە پێى پلانێكى پێشوەخت لە شارى سلێمانییەوە هاتبوون و بە شێوەیەكى زۆر ناشیرین هەڵیان كوتایە سەر بارەگاى هەولێر و هاتنە ژوورى كۆبوونەوە، بەمەبەستى درووستكردنى شەڕو ئاژاوە، تاوەكو ئاسایش دەست بەسەر بارەگاكەدا بگرێ، بەڵام كە ئاسایش هات و لە كێشەكە گەیشت هەر زوو ئەوانەى لە دەرەوە هاتبوون دەرى كردنە دەرەوەو بارەگاكەى تەسلیم بە سكرتێرى حزب كردەوە، ئێمە سوپاسیان دەكەین و هەڵوێستیان لە ئاست بەرپرسیاریەتى دابوو..
بەڕێزان .. لە دواى ئەم رووداوە ئەم چەند برادەرە بە ناوى سەركردایەتى كاتى بزووتنەوەى دیموكراسیخوازانەوە روونكردنەوەیەكیان بڵاوكردۆتەوە كە سەرلەبەرى دوورە لە راستی، بۆیە ئێمە رایدەگەیێنین كە بزووتنەوەى دیموكراسیخوازان سەركردایەتییەكى هەڵبژێردراوى هەیە و (هاوڕێ حاجى مەلا سەعید) سكرتێریەتى كە خودى ئەو برادەرانەى ئەم كارەشیان كرد دەنگیان پێداون، دیارە لە روونكردنەوەكە چەند بیانویەكیان هێناوەتەوە، كە هێندە كرچ و كاڵە شایەنى وەڵام دانەوە نییە، تەنها ئەوە دەڵێین تاكە كێشەى ئەو برادەرانە لە دواى بڵاوبوونەوەى پرۆژەى بە یاسایى كردنى بودجەى ئەحزاب ئەوەیە ئومێدیان بە حزبایەتى كردن نەماوەو دەیانەوێ چەند كەسانێك لەدەورى خۆیان كۆبكەنەوەو لە شوێنێك جێگەى خۆیانى پێبكەنەوە. ئەو قسەو قسەڵۆكانەى لەسەر دەست بە سەر داگرتن و ناشەفافى دارایى حیزب دەیكەن هیچ بنەمایەكى نییە چونكە لەو سێ برادەرە دووانیان ئەندامى مەكتەبى دارایى بووینەو ئاگایان لە وردو درشتى داهات و خەرجى دا هەیە، ئەمە جگە لەوەى هەر لەو كۆبونەوەیەدا راپۆرتى دارایى خوێنرایەوە هێندە شەفاف بوو تاكە قسەیەكیشیان لە سەرى نەبوو، هەموو كاتێكیش ئامادەین هەر كەناڵێكى راگەیاندنیش بیەوێ تەواوى وردەكارى دارایى دیموكراسیخوازانى دەخەینە بەر دەست، بەداخەوە ئەو برادەرانە هیچ شتێكیان پێعەیب نییە و زۆر بێشەرمانە بە ناوى خەڵك و هەندێ شوێنەوە لەو روونكردنەوەیەدا رایانگەیاندووە كە گوایە لەگەڵ ئەوانن، لە كاتێكدا تەنها لە یەك دوو مەڵبەند چەند پۆلیسێكیان بەناوى مەڵبەند كۆكردۆتەوە، روونكردنەوەى مەڵبەندى گەرمیان و بیتوین و پشدەریش لەمبارەوە ئەو راستییە دەسەلمێنێ كە كێیان لەگەڵە، ئەو هەموو خاڵەش كە لەسەر هاوڕێ شوكرەڵڵا ریزیان كردووە زۆر دوورە لە راستییەوە و لە كاتى هەڵبژاردنەوەى سەركردایەتى و مەكتەبى سیاسى متمانەى تەواوى ئەندامانى سەركردایەتى بەدەست هێناوە بە دەنگى ئەو برادەرانەشەوە. هەر كارێكیش كرابێ لە بەر رۆشنایى پەیڕەوى ناوخۆ و بە شێوەیەكى دیموكراتیانە بڕیارى پێوەر گیراوەو لە كۆنووسى كۆبوونەوەكان تۆمار كراوەو ئیمزاى تەواوى ئەندامانى سەركردایەتیشى لە سەرە.
بەڕێزان نیگەرانى ئێمە لەوە نییە چەند كەسێكى لەو جۆرە لە حیزب دوور كەوتوونەتەوە هێندەى نیگەرانى ئەوەین كە دۆخى حزابەیەتى گەیشتۆتە ئەو ئاستە. ئەگەرنا دیموكراسیخوازان چەند جارى تریش دووچارى كێشەى لەو جۆرە بۆتەوەو تێیپەڕاندووە، بۆیە لێرە هاوڕێیان و خەڵكى كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە كە ئێمە بەردەوام دەبین لە خەبات و تێكۆشانى خۆمان و داواش لە حكومەتى هەرێمى كوردستان دەكەین كە بە پێى یاسا مامەڵە بكاو ڕێ لەو دیاردانە بگرێ.


مەكتەبى سیاسى
بزووتنەوەى دیموكراسیخوازانى كوردستان
28 /1 / 2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە