کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


نامەیەكی سەرئاوەڵا بۆ فەرهاد پیربالأ

Friday, 07/08/2009, 12:00


خۆت واتەنی وەختی ئەوەیە هەموو كەس "خۆی یەكلایی بكاتەوە"، وەك ئەو خۆیەكلاییكردنەوەیەی جەنابتان! بەدڵنیاییەوە هەتاكوو كۆتایی هیچ كەس ناتوانێت لەژێر دەمامكدا خۆی حەشار بدات. جوانترین شت لە مرۆڤدا ئەوەیە كە ڕووی ڕاستەقینەی خۆی پیشان بدات، بۆ ئەوەی منی خوێنەرێك و كتێبفرۆشێك یەكلایی ببمەوە لەگەلأ "بەرهەمەكانتدا". بەم نامەیە ڕای ئەگەیەنم كە سەرجەمی بەرهەمەكانت لە كتێبخانەكەی ماڵەوەمدا دەرئەهێنم و ئەیانبەم لە گۆڕەپانی سەرا لەپالأ كتێبەكانی تردا هەموویان ئەفرۆشم و چیتر ـ لەدوی دواهەمین نوسینت لە ڕۆژنامەی "ڕوداو" بە ناونیشانی (پۆست ئۆپۆزیسیۆن) وە ـ یەك وشەی تۆ ناخوێنمەوە و تەنانەت كەناڵی ئاسمانی "گەلی كوردستان" یش ئەسڕمەوە كە جەنابتان بەرنامەیەكتان تێیدا هەیە!! بەڵام دڵنیام ئەوەی پەیوەندیی بە فرۆشتنی كتێبەكانتەوە هەیە مەگەر خۆت بێیت بیكڕیتەوە دەنا بە حوكمی نزیكیم لەگەلأ خوێنەران دڵنیا نیم كەس لێم بكڕێتەوە. حەز ئەكەم ئەوەت پێ بڵێم كە بە هەڵوێستەكانت خوێنەرانت لە خۆت تۆراند و، پێشنیاریشت بۆ ئەكەم بۆ لەمەو دوا تیراژی چاپی كتێبەكانت كەم بكەیتەوە ـ ئەگەر خۆت بە پارەی خۆت چاپیان ئەكەیت. بەڵام گوێت لێی نییە و لە پارەی خەڵك و حیزب و دەزگاكانی چاپكردنی حیزب بۆت چاپ ئەكەن ئەرخەیان بە و بە ئارەزووی خۆت چۆنی لـێ ئەكەیت بیكە! هەروەها لەسەر قسەی خۆت كە جارێكیان وتت "من بەبێ پارە شت نانوسم" پێشنیارت بۆ ئەكەم كە لەمەو دوا هەر لەو ڕۆژنامەیەی بندەسی خۆت (هەولێر) كە بە پارەی خەڵك چاپ ئەكرێت و بەخۆڕاییش كەس نایهەوێت بنووسە، چونكە من دڵنیام پاداشتی چاكت ئەدەنێ. هەروەها پێیشم باشە لەسەر ئەم شتانە بنووسیت: بۆ نمونە، (31) ی ئاب پێناسە بكە وەكوو دەسكەوتێكی گەورەی نەتەوەیی، یان ئەتوانیت بنووسیت "گەرمیان ئاوەدانە و جەهەننەم نیە" یان زووزوو دووپاتی بكەرەوە كە دەنگت داوە بە (بارزانی) بۆ ئەوەی ئەم ڕووداوە لە بیر نەچێتەوە چونكە خۆت ئەزانی هەر بیریان بچێت ڕەنگە هەوڵەكەت بێسوود بێت و "ڕیسەكەت ببێتەوە بە خوری"!!

مامۆستا فەرهاد! دیتم و خوێندمەوە لە وتارەكەی "پۆست ئۆپۆزیسیۆن" دا بە جۆرێكی بێوێنە كەوتویتە پینەكردنی قسەكانی (24/7/2009) ی سەتالایتی (Ktv) كە سەرجەمی وتارەكەت خۆت واتەنی قسەی "..؟؟.." وتنن!! بەتایبەت لەو جێگایەدا كە ناوی ئەو كۆمەڵە ڕۆشنبیرەت ڕیز كردوە و گوایە ئەم نوخبە ڕۆشنبیرانە "دڵیان نەهاتوە هیچ دیوارێكی هیچ شەقامێكی بە وێنەی ئینتیخابات و پەڕۆ و پاتاڵی شین و سەوز و زەرد و سپى و مۆر پیس بكەن!!"، هەروەها پێت وایە كە بەری ڕەنجی هەموو ئەو نووسەرە سەرازایانە ڕژاوەتە ناو لیستی گۆڕانەوە! ئەمە لە كاتێكدا یەكێك لەوانەی كە بەڕێزت ناویانت هێناوە "شاهۆ سەعید" ە كە بۆ خۆی وتەبێژی لیستی گۆڕانە! هەروەها هەر یەك لە ناوەكانی تریش كە ڕیزت كردوون زیاد لە وتارێكیان لەبارەی گۆڕانەوە لە ڕۆژنامەكاندا نووسی، تۆ بڵێیت هەموو ئەم نووسەرە گەورانە ئاگاداری ئەوە نەبن كە بەری ڕەنج و ماندووبوونیان بەهەدەر ئەڕوات و نەیانزانیبێت كە ئەوانەی سەرەتا كۆمپانیای وشە و دواتر لیستی گۆڕانیان دروست كرد تاقمێكن كە لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێك بوون لە دەزگای داپڵۆسین و گەندەڵی؟!

ئەی كەواتە ئەتەوێت چی بڵێیت كە زۆربەی نوخبە ڕۆشنبیرەكان وتیان (گۆڕان) و (شاهۆ سەعید) یش بوە وتەبێژی لیستەكەیان؟ باشە جەنابتان كە دەڵێن كەسانی ناو لیستی گۆڕان كەسانی گەندەلأ و داپڵۆسێنەر و دیكتاتۆرن و ئێوەش ئەم حەقیقەتە ناشیرین و ئەم واقیعە تاڵە وای لـێ كردوون كە ئاگاداری گەنجان بكەن فریو نەخۆن و بە یاخییێتیی هەتاهەتایی بمێننەوە، ئەی چارەسەر؟ گەنجان چییان بكردایە و چۆن بە یاخییێتی بمانایەوە؟ وەكو تۆ بهاتنایە دەنگیان بدایە بە (مەسعوود بارزانی)؟ تو خوا ئەمە یاخییێتیە؟! باشە كە تۆ نێوانت هێندە لەگەلأ بارزانی خۆشە تو ئەو خودایە یەك پرسیاری ئەو ژنە ڕەشپۆشانەی لـێ بكە كە منداڵەكانیان لە شەڕی ناوخۆدا ون بوون و كەس نازانێت چییان لـێ هات. ئاخر پیاوچاك! باشە ئەگەر ئەوەش ناكەیت شتێكی تر بكە: ئەوە بۆ لێی ناپرسیت: سەروەت و داریی چەندە؟ یان لێی بپرسە ئایا ئاسوودەیە كە بە "گزی" و "تەزویر" ی زۆر لەلایەن لایەنگرانیەوە بوە بە سەرۆكی هەرێم؟؟ بە هەر حالأ، ئەتۆ كە دەنگت داوەتە بارزانی سەربەست و ئازادیت، بەڵام من دڵنیام هەرگیز ئازاد نیت كە بپرسیت كوا چارەنووسی كوڕە گەنجەكانی شەڕی ناوخۆ؟ یان كوا لاشەیان؟ كوا گۆڕەكانیان؟

بە هەر حالأ، تۆ خۆت یەكلایی كردەوە! ئیتر هیچ هیوایەكمان پێت نەماوە.. پێش ئەوەی بەو شێوەیە خۆت یەكلایی بكەیتەوە ئومێدت لـێ ئەكرا، بەڵام ئیتر بەڕووتی كەوتیتە بەر چاومان، وەكو زۆر كەسی تریش كە حەقیقەتیان لەم ماوەیەدا دەركەوت..! ئەوە نەبویت كە چاوەڕێمان لێت ئەكرد..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە