وەزیرە ، یاخود ئەندامى پەرلەمانە ، چیتریشە ؟
Monday, 30/03/2009, 12:00
كوردستان كە بڕیار بوو ببێت بە مۆدێلێك بۆ بەغداد كەس نەیزانى ئەم مۆدێلە چ مۆدێلێكە باشە یا خراپە ؟ كە باشە بۆ كوردستان هەر لە خراپ و وێرانە و پێشێلى یاسا ئەناڵێنێت ؟ ئەى بۆچى ڕۆژانە و ساڵانە هەر گلەیى و گازاندە شیعارى ئەم میللەتە داماوەیە ؟ زۆر باسى دیموكراسیمان بۆ ئەكەن ، بەڵام هەر خۆشیانن ژێرپێى ئەخەن !! زۆر باسى دزى و بە تاڵان بردنى سەروەت و سامانى ئەم میللەتە كرا !! كەسیش لەسەرى دادگایى نەكرا ! زۆر باسى گەندەڵى كرا ، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیاد بوندا !! لە پەرلەمان زۆر یاسامان دەركرد ، بەڵام هەر یاسایە و بوونى هەیە ناشزانرێ بۆكێ و بۆچى دەركران ؟ زۆر باسى شەفاف بونى بودجە كرا ، بەڵام ئێستاش كەس نازانێ چەندە و چۆن دێت و چۆن ئەڕوات ! ئەمەیە مۆدێلە جوانەكەى كوردستان ، ! لە پێنج ساڵى تەمەنى حكومەتى بەغدا تا ئێستا شتێكى وا سەرنجڕاكێشیان لە مۆدێلەكەى كوردستان بەرچاو نەكەوت ، كە بیانەوێ ئەمانیش چاو لە ئێمە بكەن و وڵاتەكەیانى پێ بنیات بنێنەوە ،،، بۆیە ئەبێ ئێستا ئێمە چاو لە ئەوان بكەین ، چونكە لەو ماوە كورتەى تەمەنى حكومەتى بەغا چەندین كاربەدەستى گەورەى حكومەت لەسەر دزی و گەندەڵى ڕاكێشى دادگا كران و لێپێچینەوە و سجنیش كران ! كەچى ئێمەى داماو لە ماوەى 18 ساڵى حكومڕانى وڵاتمان لە فەقیروهەژارەكان زیاتر كەسێك نەهاتە بەردەمى دادگا ، بۆ ساتێك گەندەڵكارێك یا دزێكى بەرپرسى باڵاى وڵاتیان نەهێناو لە داد بیكەن بە پەندێك بۆ ئەوانى تریش و ڕووڕەشى بەردەم ئەم میللەتەى بكەن ! مۆدێلێكى تر كە كەس نازانێت ئەم مۆدێلە لە چ وڵات و سەردەم و نەتەوەیەكەوە بۆمان هاتووە و بە جێماوە ! بونى چەندین پۆستە لە كەسێدا ، وە لە ماڵەوە دانیشتنى هەمان چەندین كەسیشە كە خەبات و ماندوبوون و لێوەشاوەیى تێدا وجودى هەیە ، لێرە لە كوردستان تا ئێستا هەندێك بەپرست هەیە نازانى پۆستەكەى چیە و چەند پۆستى هەیە ، كە بتەوێت لە بابەتێكا ناوى بهێنى نازانى چۆن ئاماژە بە پۆستەكەى بدەى ! نمونە " كاكە حەمەى حاجى محمود ، یەكێكە كە ناڕازیە لە بەڕێوەبردنى كاروبارى ئەم وڵاتە ، كەچى خۆیى سكرتێرى حیزبە ، وە ئەندام پەرلەمانیشە ، لە هەمان كاتا وەك وەزیریش لە كۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزیران دائەنیشێت ، بۆیە دەكرێ ئێستا بڵێن ئەم كابرایە ، وەزیرە یاخود ئەندامى پەرلەمان چیتریشە ؟؟؟ كاك مەلا بەختیار ، ئەندامى مەكتەبى سیاسیە ، سەرۆكى ڕێكخراوە دیموكراتیەكانە ، نوێتەرى سەرۆكى هەرێمە لە ناوچەى خانەقین و دەوروبەرى ، وتەبێژى مەكتەبى سیاسى ى ن ك ... !!!!!! ئیتر ئەمە نمونەی دوو بەرپرسى وڵاتن ئەم چەند پۆستەیان لە حیزب و حكومەت هەیە ! ئەى ئەگەر بە پۆستى بەرپرسانى تریشا بڕۆین و دوایش لە فەراغێك بگەڕێن بۆ ئەوەى گەنجێكى لێ دابنێن ، ئەبێ لە كوێ دەستمان كەوێ ؟ پاوانكردنى دەسەڵات لەوە زیاتر چى ؟ ئەبینین دەیان كەس لە ماڵەوەیە هاوشان و هاوخەباتى حیزبە بەڵام بێئیشە ، لەو لاشەوە بە چەندین پۆستى دیار یەك كەس هەیە و بەرَێوەى ئەبات ، ئەى ئەمەش خۆى گەندەڵیەكى ترى ئەم حیزب و دەسەڵاتە نیە ؟ ئیتر با چیتر خۆمان نەخەڵەتێنین و كوردستان بە زۆر نەكەین بە مۆدێلێك كە خۆمانى پێبشارینەوە لە زۆرێك لەو بابەتگەلانە ، چونكە ئەمڕۆى كوردستان پێویستى بە گۆڕانێك هەیە ، ڕیشەكێشى هەموو گەندەڵیەكان بكات ، نەوەك بە وتەیەكى كورد كۆتاى بە هەموو كێشەكان بهێنین ، بێئەوەى هیچ گۆڕانێك بەدى بكەین .
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست