کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كشەى مام جەلال و فشەى ئەوان ، یەكێتى بەرەو كام گۆڕان ؟!!

Sunday, 15/03/2009, 12:00


لە جیابوونەوەى كاك نەوشیروان مام جەلال ووتى "ئەوەى لێمان ئەكاتە فشە ، ئێمە لێیدەكەینە كشە " لە ووتەكانى ئەو كاتەى مام جەلال شتێك بەدى ئەكرا ، كە یەكێتى بەرەو مەركەزیەت و كۆپى كراوى پارتى هەنگاو ئەنێت ، چونكى ئەزموونى پارتى دیموكراتى كوردستان لە سەرەتاى دروست بونیەوە ئەم هەنگاوەى پەیڕەو كردووە و هەموو كات مەركەز واتە سەرۆك و چواردەورەكەى بڕیار دەرن و ئەبێ ئەندامەكانیشى پابەند بن ، كەواتە مەركەزیەت لە ناو پارتى واى لە پارتى كردووە لە ساحەى ئەمڕۆ بە تاكە هێز ناوببرێ و ئەندامەكانیشى قسە لە قسەى سەرۆك و سەروى خۆیان نەكەن ، ئیتر با سەیرى گۆڕانەكانى ئێستا بكەین و بپرسین ، ئاخۆ ئەوانەى دەستیان داوەتە ئەو گۆڕانە تا چەندە باوەڕ وایە حیزب وحكومەت بكەن بە دڵى خەڵكى ؟ ئەم برادەرانە بە ئاوازە كۆنەكەى ناو حیزب هەنگاو ئەنێن كە هەموو یەكێتى داواى چاكردن و بە دامەزراوەكردنى یەكێتى ئەكات ، هەموو یەكێتى لە خەمى یەكڕیزى یەكێتى دایە ، هەموو یەكێتى لە دژى تێكدانى ناویەكێتین ! كەواتە ئەوگۆڕانەى ئەیانەوێ بیگۆڕن ، بە چونەدەرەوەى ئەوان ناگۆڕێ و چارەى ناكرێت، چونكە پێش ئەوەى ئەم هەڵایە وابتەقێتەوە بەرژەوەندى شەخسى و پۆست و پارەو دەسەڵات لە پێشەوەى هەنگاوەكان سەریان دەرهێنابوو ، لە ناو مەكتەبى سیاسى و خوارەوەش باسى قۆرخكردنى یەكێتى دەكرا لە لایەن چەند كەسێكى دیارەوە ، كەواتە پێش ئەوەى دەستلەكاركێشانەوە ڕابگەیەنرێت بازاڕێكى تر بووە و دواتر گۆڕا بە ڕاكێشكردنى سۆزى خەڵكى ، نەوەك بەرەو ئەوگۆڕانەى دەیانەوێ بیگۆڕن ، با بیریشمان نەچێت ئەوانەى ئێستا لە یەكێتى داواى گۆڕان ئەكەن ، هەر ئەوانەشن تا هەنوكە لە هەموو گەندەڵیەكان بەرپرسیارن و شەریكى بازرگان و خاوەنى باڵەخانە و سەیارەى مۆدێل بەرزى جام ڕەشن هەر ئەوەشە خەڵكى ئاسایى دەیهێنێتە بەرچاوى خۆى و بەراوردى ئەكات بە كەسانى تر كەچى ئەبینێت فەرقى نیە ! كەواتە ئایا ئەوانە فریادرەسى ئەم كۆمەڵگەیەن كە ڕۆژانە خەڵكى هاواریان لێ بەرزئەبێتەوەو داواى چاكسازى و شەفافبوون لە بودجەو ئیشوكارەكان لە حیزب ئەكەن ؟ یاخود كۆمەڵێك ئیمتیازى شەخسیش خۆیان مەڵاسداوە و ئێمەى چاوبەستراو دووبارە بەهەڵەدا ئەبەنەوە بۆ هەندێ مەرامى تر ؟ ئیتر ئەگەر لەم دیدانەوە سەیر بكەین كۆمەڵێك شتى لێكجیاواز بەدى ئەكرێن و بە گۆڕان ناویان ناوە ، چونكە دەكرێ ئەوانەى ئەم شیعارانە بەرزئەكەنەوە ڕێگاى تر بگرنە بەر نەوەك بە دەستلەكاركێشانەوەیەك خۆیان لە هەموو گلەیى و گازاندەكانەوە بە دوور بگرن ، چونكە ئەوانەى لە حیزبەكانى تریش داواى گۆڕان ئەكەن هەموویان دەسەڵاتیان هەبووە و دەست كراوە بوونە بەڵام بۆچى نەیانكردووە ؟ ئایا ئێستا لە دەرەوەى دەسەڵات ئەیانەوێ چى بكەن و چۆن بیگۆڕن ؟ ئەگەر شەرى وەرگرتنى پلە و پایە و پارەى زیاتروبەرزكردنى باڵەخانەوسەیارەى زیاترە با میللەتەكە ئەمجارەش 18 ساڵى تر چاوەڕێ نەكا هەر بە بەڵێنەكانى پێش هەڵبژاردن ، ئەگەریش ڕاستە و هەنگاوەكانى گۆڕانى ڕیشەیى لە هەگبەى هەركەسێكدایە بۆى هەیە لە سندوقەكان جێگاش نەبێتەوە ئەوەندە زۆر دەنگ بهێنن ، بەڵام ئەم دەستلەكاركێشانەوە زۆر سیناریۆى بە لێڵى تێدا بەدى ئەكرێ ! چونكە لە برى ئەوەى ئەمانە پۆستە كاریگەرەكان وەرگرن كە بۆیان پێشنیار ئەكرێ و لەوێوە هەنگاوەكانى خۆیان بەرەو چاكسازى و گۆڕان بنێن ، بەڵكو بە پێچەوانەوە داواى دەركردنى هەندێ لە كەسانى پۆستى بەرزى ناو حیزب ئەكەن ! كەچى ئەوەى لە ناوحیزبیش لە گەرمەى كارەكانى دایە ، ئەمانیش هەر داواى چاكسازى و گۆڕان ئەكەن ، كەواتە لێرەدا ، لە شەڕى پارەو دەسەڵات و قۆرخكردنى دەسەڵاتى زیاتر هیچى تر نیە و شتێكە ناچێتە قەلبى گۆڕانەوە ، بەڵكو خۆیان ئەخەنە ژێر چەندین ڕەخنەى ترەوە ! ئیتر دوا مەرجى ئەوانەش (یان دەست لەكاركێشانەوە یان ئەوەى ئەمانەوێ دەبێ وابێ) ئەم داوایەش هەموو جەمسەرەكانى یەكێتى ئەترسێنێت ، چونكە كە قبوڵ نەبێ هەمووان بەشدار بن كەواتە هەر كێ بێت دەیەوێ دەسەڵاتەكان بە هەمان شێوەى پێشوو بۆخۆى و جێپێگەى خۆى بەكار بهێنێت ، هەر ئەمەشە واى كردووە زۆر بە گەرمى بەدواى هاتنەوەیان نەبن و خەمێكى جدى لە ماڵئاوایى كردنیان نەخۆن ، بەڵكە لە برى ئەوە مام جەلال بەرەو بڕیارى مەركەزى زیاتر هەنگاو بنێت ، دواى بەیەكجارى ماڵئاواى كردنى دەنگە ناڕازى بووەكانیش جارێكى تر كەسێك نەبێت هەوڵى تێكدانى یەكێتى بدات ، وە ئەگەر كەسى تریش لە دواى ئەمانەوە هەنگاوى هاوشێوە بنێت ، ئەوا وەك پێشتر كشەى لێبكەن و لە یەكێتى بچێتە دەرەوە ، دوا گۆڕاِنیش ئەگەر یەكێتى لە دەنگە ناڕازیەكان پاكرایەوە جارێكى تر كەس جورئەتى ئەوە ناكات قسە بكات و لە ئۆرگانەكان بە ئارەزووى خۆیان ڕەخنە بگرن و بڵێن با پیرو نەخۆشەكان كورسیەكانیان چۆڵبكەن ، كەواتە لەوە بەدوا یەكێتى وەك پارتى هەمیشە لە مەركەزەوە بڕیارەكانى ئەچەسپێنێت و جارێكى تر كەسێك ناتوانێت قسە لە قسەى هەمان سەرۆكى سەوزیش بكات ، وە یەكێتیش وەك زۆرێك لە سیاسیەكان و خەڵكى ئاسای بیروبۆچونیان وایە ، ئەمجارە نوێ بوونەوە و تۆكمەبوونى زیاترى لێ چاوەڕوان دەكرێت ، لە دەرەوەى یەكێتیش ئەگەر لیستى جۆراوجۆریش هەبێت ، وەك چۆن پارە زۆر لە هەڵبژاردنەكانى بە ئاقار گەیاندووە ، بە دڵنیاییشەوە خەڵكى هەر هەمان دەردوپەتاى جارانیەتى و بە برسێتى وەستێنراوە تاكو لە پڕێكەوە تێر بكرێت و بكڕدرێت ، ئەوەى دەشمێنێتەوە ئەوانەن كە بە جدى لە دواى بەدیلى ئەم دەسەڵاتەن ئەوانیش بێپارە و بێ هێزو لیواو كۆماندۆن ، كەچى لە پاى ئەمانەش هەیە باكى چەك و بە ئیمتیازى شەخسى نیە بەڵام بەداخەوە كەمن ئەوانە . [email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە