د. جاسم خۆشناو، لاورا شڕادەر، دۆستێکی دلسۆرو بە وەفای کورد
Tuesday, 31/07/2018, 7:40
لاورا شڕادەر فێڕارۆ Laura Schrader Ferraro لە 31 تەموزئ 1938 لە شاری "ڤێرچێلی" - ئیتالیا لە دایک بووە، لە 1956 دەست بە کاری رۆژنامەوانی دەکات، لە شاری تۆرینۆ، لە زانکۆ، بەشی یاسا تەواو دەکات. لە رۆژنامەکانی مۆدە، گەشت و جوگرافیا کار دەکات، لەگەڵ هاوسەرگیری لەگەڵ Georg Schrader بە رەگەز ئەلمانی، ناتوڕالیست، دەست بە گەڕانی وولاتان دەکات.
لە سالی 1975، لە کاتی ئاشبەتال، وەک خۆی دەلێ "ئاشنایەتی" لەگەڵ دۆزی کورد پەیدا دەکات. لەو کاتەوە تاکو ئێستا، خەم و ئازارەکانی کوردی خستۆتە هەگبەکەی، بەبێ دابڕان و کۆڵدان، لە داکۆکی لە مافی گەلی کوردستان، لە هەموو پارچەکان، بەردەوامە.
ئێستا بەڕێز خانم لاورا تەمەنی بوو بە 80 ساڵ، لەگەڵ ئەوەشدا چەکی دەستی دانەناوە.... لەم رۆژانە هەوڵمدا قسەی لەگەڵدا بکەم، بەڵام داخەکەم باری تەندروستی رێگەی نەدا، هیوادارم ، لە ئایندەیەکی نزیک، دەرفەتێکیترم بۆ بڕەخسێت و بیبینم و گفتوگۆ بکەین و بتوانم بیرەوەری و یادەوەرییەکانی لای خۆم تۆمار بکەم.
خانم لاورا شڕادەر، کچێک و کورێکی تەمەن 52 و 55 ساڵی هەیە و ئەوانیش وەک دایکیان بوونەتە دەروێشی "کوردایەتی"، بە لایەنە پاک و بێگەردەکە، زۆرجار لەگەڵ من ووتوویانە "ئێمە بە رەچەلەک، لە رێی دایکمانەوە، کوردین...".
ئەوکاتەی لە ئەوروپا، بە تایبەتی لە ئیتالیا، لە هەزاران کەس بە زەحمەت یەکێک دەیزانی کورد و کوردستان چیە و گەلی کورد لە چی مەینەت و دەردەسەری دەژی ئەم بەرێزە وەک قارەمانیك، تێکۆشەرێک و مرۆڤدۆستێک شانی دایە بەر ئەرکێکی یەکجار دژوار و سەخت، لە رۆژە تاریکەکان چرایەکی هەلگیرساند... بە سۆزێکی بی وێنە دەستی بە خەباتکرد، وازی لە کاری پێشووی هێنا و بە نووکی قەلەمە تیژەکەی ئالای بەرگری لە میلەتێکی مەزلوم و چەوساوە هەلکرد.....
|
لاورا لە کۆتایی سالانی 1970 |
ئەوکات، وەک زۆربەی وولاتانی ئەوروپی، تەنانەت هێزە چەپڕەوەکانیش مەیل و سۆزیان بۆ رژێمی بەعسی ئیشتراکی پیشان دەدات، بۆیە نووسین و بڵاوکردنەوەی وتاری بچوکیش ئاسان نەبوو، کەچی لاورا خان "بە دەرزییەک بیرێکێ ئاوی گەورەی لێدەدا"، کۆڵی نەدا، بێ هیوا نەبوو، هەرگیز هەستی بە ماندووبوون نەکردووە...... من وەک ئەرکێکێ ئەخلاقی و مرۆیی کە لە نەورۆزی سالی 1982 لە شاری تۆرینۆ ناسیوومە ئاماژە بەو راستیە دەکەم، کە هەمیشە روو بە خەندە و بەڕێز و دڵێکی گەورەو میهرەبان ئامێزی بۆ کورد کردۆتەوە.
|
وێنەی سەر فەیسبوکەکەی لاورا شڕادەر |
بە قسەی هاوڕێ و دۆستکاننم کە چەند سالێک پێش من گەیشتوونە ئیتالیا، واتە لە دوای ئاشبەتاڵی 1975، بەشێکیان لە شاری تۆرینۆ Torino دەستیان بە خوێندنی زانکۆ کرد..... باسی میهرەبانی ئەم خانمە بەرێزە دەکەن کە ئەویش، لەگەڵ خانەوادەکەی لەم شارە، تاکو ئێستا، دەژیێ.
لە گەڵ هەلگیرسانی شەڕی عێراق – ئێران (لە 22 ئەیلەلی 1980) ژمارەیەک خوێندکاری کورد روویان لە ئیتالیا کرد و 50 کەسێک روویان لە شاری تۆرینۆ کرد.... .. لاورا خان، وەک دایک و خوشکێکی میهرەبان، ئەوانەی لە باوەشگرد...... رێنمایکردن چی بکەن، هانیدان نەترسن، خەبات بۆ گەلەکەیان بکەن.... ئەوە لاورا خان بوون رێگەی پیشاندان چۆن یادی نەورۆز بکەنەوە، لە دەرگای کام دامودەزگا، رێکخراوە ئیتالیەکان بدەن.
لە سالی 1982، لە شاری تۆرینۆ، گۆڤارێکی ئیتالی – سەردینی، ژمارەیەکی تەواوی بۆ دۆزی کورد تەرخانکرد. ئەو کات کارێکی یەکجار گەورەو بێ وێنە بوو.
ئەوە هەر ئەو بوو یارمەتی دەدان لە نووسینی بەیاننامە و کورتە وتار.... لە سالی 1984 خوێندکارانی کورد، بۆ یەکەمجار لە ئیتالیا، بە شێوەیەکی رێک و پێک ئاهەنگی نەورۆز بکەنەوە، پیشانگایەکی گەورەی فۆتۆگرافی لە هۆلێکی بەناوبانگی شارەکە بکەنەوە..... بە سەرپەرشتی لاورا نامیلکەیەک، بە ناوی خوێندکارانی کوردستان و کۆمونەی شارەکە، چاپ بکرێت کە بە کورتی و سادەیی باسی دۆزی کورد کراوە و کۆمەلە شیعرێکی شاعیرانی کورد کراونەتە ئیتالی..
|
نەورۆزی 1984، شاری تۆرینۆ |
لاورا خان، لە چەند رۆژنامەی ئیتالی بەناوبانگی ئیتالی وەکو، مانیفێستۆ، لە ستامپە، لونیتا و لیبێڕاسۆن و.... هتد کاری کردووە، زۆرجار لای من، بە تەلیفۆن و یەکتر بینین باسی کۆسپ و تەگەرەکانی بلاوکردنەوەی هەوال و وتار لەسەر دۆزی کورد بۆ کردووم.
لە کاتی کیمیابارانی هەلەبجە، ئێمەی خوێندکارانی کورد – رەوەندی کورد، لە شاری رۆما خۆپیشاندانمان کرد لاورا خان لە ریزی پێشەوە بوو، 700 کم بە قیتاری بڕیبوو... پەیوەندی بە زۆر رۆژنامەنووس و پەرلەمەنتار کردبوو .... وتارێکی بلاوکردەوە... لە نەورۆزی 1989، بە بۆنەی سالێک بەسەر هەلەبجەی شەهید، لە شاری تۆرینۆ، خۆم ئامادەبووم، کۆنفرانسێکی گەورە لە پەرلەمانی هەرێمەکە سازکرا و لاورا بە باسێک بەشداری تیا کرد.
لە نیسانی 1987 شێرکۆ بێکەس هاتە ئیتالیا و تاکو نۆڤەمبەر مایەوە و پاشان رووی لە سوید کرد... ماوەی چەند مانگێک لە شاری تۆرینۆ مایەوە و لاورا خان بە گەرمی بەخێرهاتنی کرد و رۆژانە کۆلان بە کۆلان دەیبردە لای نووسەرو شاعیرانی شارەکەو کۆڕو کۆنفڕانسی بۆ ئامادە دەکرد.... ئێمەی خوێندکارانی کورد، ئەوکات ئەوەی چالاکوان بوون سەر بە یەکێتی بوون، کۆمەلە هۆنراوەیەکی شیرکۆمان کردە کوردی ....... بە یارمەتی و چاودێری لاورا شڕادەر بەناوی "هاورێک بۆ ئازادی" بلاوکرایەوە.
|
شێرکۆ بێکەس لەتەک لاورا شرادەر، کۆڕێکی شیعر خوێندنەوە، شاری تۆرینۆ 1987 |
شێرکۆ بێکەس، هاورێک بۆ ئازادیی، هۆنراوەی بەرگری کوردی
لە کاتی داگیرکردنی کوەیت لە لایەن رژێمی سەدام ئێمەی چالاکوانی رەوەندی کوردی دەستمان بە زۆر چالاکی کرد، ئێمە بۆ خۆمان چەند دۆسیەو پرۆژە بریارو راسپاردە خستە بەردەم فڕکسیۆنەکانی پەرلەمانی ئیتالی، لاورا خان یەکێک بوو لەوانەی هەمیشە لە ریزی پێشەوە بوو، هەر کات و ساتەک پەیوەندیت پێوەکردبایە هەرگیز روو گرژی پیشان نەدەدا، نەی دەوت کاتم نیە، لە سەفەرم، بە پێچەوانەوە هەمیشە دەیووت هەر کاتەک پێویستان هەبوو تکایە، بە تەلیفۆن، پەیوەندیم، پێوە بکەن ... من لە نزیکەوە ئاگادارم و شاهیدی دەدەم هەر رۆژەی لە شارو و زانکۆو قوتابخانەکان خەریکی کۆڕو کۆنفڕانس بوو..... بە تایبەتی لە کاتی کۆڕەوەکە، لە رۆما لەگەڵمان بوو، لە فلۆڕانس، پیزە، بۆلۆنیا، ڤینیسیا، میلان و شارەکانیتر لەگەڵمان بوو...
لە رۆژانی 22 – 23 نەورۆزی 1990، لە شاری فلۆڕانس، لە پەرلەمانی هەرێمی تۆسکانا، کۆنفڕانسێکی گەورە لە لایەن رەوەندی کورد، بە یارمەتی و چاودێری شارەوانی فلۆڕانس و ژمارەیەک رێکخراوی جیهانی و نێودەولەتی ، سازکرا و بەڕێز لاورا خان زۆر چالاکانە، لە رووی رێکخستن و بە توێژینەوە، بەشداری تیاکرد.
بەڕێز لاورا خان بە هیوای ئەوە بوو سەردانی کوردستان بکات و بە چاوی خۆی ئازادی ئەم گەلە ببینێت، لە دوای راپەڕین، لە 1992 لە رێگەی دۆست و هاوڕێ کوردەکانی، بەو رێگا سەخت و دژوارەی ئەوکات، سەفەری کوردستانی کرد، سەردانی مام جەلالی رەحمەتی و زۆر کەسایەتی ئەکادیمی کرد... لە گەڕانەوەدا کتێبێکی نووسی، بە تەلیفۆن لەگەڵ من لاپەرە بە لاپەرەمان خویندەوەو و پاشان کۆپیەیەکی بۆ رەاونەکردم و رای خۆم بۆ نووسسی... لە سەفەرەکە سەردانی مالی ئەو دۆست و هاوڕێیانەی، بە تایبەتی لە هەلبجە و سلێمانی، قەلادزێ، سەید سادق و .. هتد کردبوو و باسی هەست و سۆزی و میوانداری کوردەکانی، بە گەرمیەوە، گێراوەتەوە.
لە دوای گەرانەوە کتێبێکی بە ناوی "لە رێگاکان بۆ کوردستان"، لە پاشۆی کتێبەکە کۆمەلە هۆنراوەیەکی شیرکۆ بێکەسی بلاوکردۆتەوە. ئەوەش سوپاس بۆ یارمەتی و ماندووبوونی کاک رەفیق موحەمد، کە لە شاری تۆرینۆ زانکۆی تەواو کردووەو لە سەردانەکەی هاوڕێیەتی لاورای کردووە.
|
لاورا شڕادەر، لە رێگاکان بۆ کوردستان، تۆرینۆ 1998 |
لاورا خان زۆر حەزی بە شیعر و ئەدەبی کوردی دەکات، هەر ئەوە بوو لە سالی 1993 کۆمەلە شیعریک، بە ناوی "هۆنراوەی عیشق و ئازادی گەلی کورد" لە سەرتاسەری ئیتالیا، بە ژمارەیەکی یەکجار زۆر، بلاو بکاتەوە کە تاکو ئێستا دەنگێکی گەورەی دایەوەو دەداتەوە.
|
لاورا شڕاسەر، هۆنراوەی عیشق و ئازادی گەلی کورد،1999 |
لاورا خان زۆری پەیوەندی و ناسینی لەگەڵ کوردی باشوربەهێز بوو، لە سالی 1994 کوردانی باکور مەکتەب و نووسینگەیان لە ئیتالیا کردەوەو شالاوی کۆچبەری کورد هەموو وولاتانی ئەوروپی گرتەوە، لە ئیتالیاش رەوندی باکورد رووی لە زیادی کردوو و ئێستا 70٪ رەوەندی کورستانی لە ئیتالیا هی باکورە. لاورا خان دەستی بە لێکۆلینەوەو و توێژینەوەی زیاتر و سیستێماتیک کرد، لە سالی نەورۆزی 1995 کتێبێکی لەسەر رەوشی باکور، لە شاری رۆما، بە چاپ گەیاند.
|
لاورا شڕادەر، ئاگرەکانی کوردستان: شەڕی گەلی کورد لە تورکیا، رۆما، 1993 |
ئەم کتێبە زوو لە بازاڕ فرۆشراو و جارێکیتر لە سالی 1998، بە کەمێک دەستکاریەوە، بە هەمان ناو و تایتل، چاپکرایەوە.
لاورا شرادەر لە کاتی ناساندنی کتێبی کلاودیۆ لۆکەتێللی "ئێمە تەسلیم بوون ناناسین"، چالاکوانی ئیتالی، ی ئینتەرناسیۆلنالیستێکی خۆ بەش کە بەشداری ئازادکرنی شاری رەقای کردووە، شاری تۆرینۆ، ئەپرئلی 2018
باسی بەسرهاتی شەڕڤانێکی ئیتالی، کلاودیۆ لۆکەتێللی، دەکات کە چۆن رەقەیان یازاد کردووە.
Claudio Locatelli, nessuna resa, Torino, Aprile 2018
لە کاتی هاتن و مانەوەیی بەڕیز عەبدوڵا ئۆجالان – ئاپۆ بۆ ئیتالیا (لە 12/11/1998 تاکو 16/01/199) لاورا شرادەر بە بەردەوامی سەردانی رۆمای دەکرد و خەریکی رێکخستنی کۆبوونەوەو کۆنفڕانس بوو، وتاری دەنووسی، بەشداری دیبەیتی تیڤی دەکرد، زۆر موعجیب بوو بە سەرۆک ئاپۆ.
لەکاتی سەردانی بەهەشتیان مام جەلال و کاک نەوشیروان بۆ ئیتالیا، لە رۆژانی 3- 5 /5/1994 سەرادنی شاری تۆرینۆمانکرد لاورا خان چاوی پێیان کەوتوو و لە نزیکەوە قسەی لەگەڵیان کرد.
|
لاورا شرادەر لەگەڵ مام جەلال 5/5/1994 لە ئیتالیا |
لە 15 و 16 تەموزی 1996 من و خانم لاورا شرادەر، لە شاری رۆما، بەشداری بەستنی خولی پەرلەمانی کوردستان لە دەرەوەی وولات کرد... . لە 10 نیسانی ،1998 ، لە شاری رۆما، بە یەکەوە بەشداری کۆنفڕانسێکمان کرد، کەسایەتی و دۆست و شارەزایانی دۆزی کورد لا زۆر وولات هاتبوون و بۆ ماوەی 2 رۆژ وتوێژی تێر و تەسەل کرا.
لە هەموو جارەکان لاورا خان، زیاد لە من، لەسەر ئەرک و گیرفانی خۆی، بە خۆبەشانە، بەشداری لەم چالاکیانەو ئەوانیتر کردووە. من بۆ خۆم زۆرجار هەستم بە نارەحەتی و شەرمەزاری کردووە بەلام لاورا خان، تاکو ئێستا، بۆ دەرمانیش باسی نەکردووەو هەمیشە بە زەردەخەنە و دۆستانە لەگەڵ رەوەندی کورد رەفتاری کردووەو دەکات.
لە کۆتایی سالی 1999 لاورا کتێبێکی، بە ناوی "مافی بوون و ژیان: چیرۆکی کورد و تورک بەیەکەوە بۆ ئازادی"، بە چاپ گەیاند کە تایبەتە بە کوردستانی باکور و بزوتتنەوەکەی، باسی ئەو تورکە ئازا و چاو نەترسانەش دەکات کە کۆمەک و پالپشتی مافەکانی کورد دەکەن.
|
لاورا شڕادەر، مافی بوون و ژیان: چیرۆکی کورد و تورک بەیەکەوە بۆ ئازادی"، تۆرینۆ، نۆڤەمبەری 1999 |
لە کات و سەروبەندی کەوتنی رژێمی سەدام حوسێن رۆژانە و هەفتانە من و لاورا، بە تەلیفۆن، پەیوەندیمان بە یەکەوە دەکرد، لە زۆربەی وولاتانی ئەوروپی رای گشتی لە دژی شەڕەکە بوون و خۆپیشاندان و رێپێوانی ملیۆنی دەکرا.... لاورا رۆلێکی باشی گێڕا لە نووسین و داڕشتنی کۆمەلە بەیان و وتار بەناوی رەوندی کوردی و تەنەنەت یەکێتی نیشتمای کوردستانیش بۆ ناساندنی زۆرتری تاوانەکانی رژێمی بەعسی گۆڕ بەگۆڕ.
لەگەڵ هەلگیرشانی شەڕی نێوخۆی سوریا لاورا شڕادەر، بەو تەمەن و تەندروستیەوە، لە ریزی پێشەوەی بزوتنەوەی ریسواکردنی تیڕۆریستانی داعش و هاوپەیمانەکانیان بوو، بە تایبەتی رژێمی ئەردۆگانی نازی – فاشیست، بە گۆجانەکەی دەستی لە قوتابخانەکان و زانکۆ و گۆڕەپانەکانی ئیتالیا، بە بەردەومی، خەریکی داکۆکی لە شۆڕشی رۆژاوا و باکور کردووە. بە دەیان خوێندکاری زانکۆ بۆ نووسینی تیزی ماستەر و دکتۆرا لەسەر دۆزی کورد پرس و راوێژیان پێکردووە، چاوپێکەوتنیان دەگەڵ کردووەو بلاویان کردۆتەوە.
|
لاورا شرادەر لەگەڵ لەیلا زانا و هونەرمەندی کورد بالدین ئەحمەد لە شاری ڤینیسیا 2009 |
|
پەلکە گولەکان بۆ لەیلا زانا، شاری ڤێڕۆنا، ئیتالیا، 2000، بە زمانی ئیتالی – فەرەنسی لاورا شڕادەر بە نووسین بەشداری تیا کردووە |
وەک دەبینن ئەم خانمە بەرێزە. لاورا شرادەر، زیاد لە 40 سالە خزمەتی دۆزی کورد دەکات، لە هەموو بوارەکان، وەک رۆژنامەنوس، چالکوان، ئافرەت، یاسا ناس و ... و تاد. لە ئیتالیا کەسیکیتر هەبوو، پرۆفئسۆر گەللیتی، 1949 – 2012 یەکێک لە پسپۆرە هەرە ناودارەکانی بواری دۆزی کورد نەک تەنها لە ئیتالیا. سەرەڕای پێشنیار و داواکاری، لە دوای مردنی قوتابخانەیەک یان هۆل یان پۆلێکی زانکۆی بەناو نەکراوە....!!!!
ئەوندەی ئیمە بزانین و ئاگادار بین تاکو ئێستا کورد بە گشتی، بە تایبەتی دەسەلاتی باشور، بە نامەو موناسەباتی رەسمی سوپاسی ئەم خانمە بەڕیزەیان، لاورا شڕادەر، نەکرددوە.
حکومەت و دەولەداری و لۆبی کورد
من لێرە ناچمە سەر چۆنیەتی دروستکردنی لۆبی کوردی لە دەرەوەی کوردستان، بە تایبەت لە ئەوروپا، تەنها ئاماژە بە چەند نموونەیەک دەدەم کە دەکرا، وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانی، سوودی لێوەر بگیرایە و هەنگاوی دروستی بەدوادا هاتبایە:
ئیتالیا و 6 سەفیری کورد
لە دوای کەوتنی رژێمی سەدام حوسێن لە ئیتالیا تاو ئێستا 4 سەفیر، لەسەر پشکی کورد، هاتوونەتە ئیتالیا،
1.ئەلبێرت یەلدا لە کۆتایی 2004 تا 2009 سەفیری عێراق لە ڤاتیکان، لەسەر پشکی یەکێتی، بە قسەی برادەرانی یەکێتی بە کوردیش قسەی نەدەکرد، ئەوەی بۆ کورد خێری هەبووایە لێی دوور دەکەوتەوە. لە ژیانی یەکێتی نەبووەو هێچ رۆلی لە ئۆپۆزیسیۆنی عێراقیش نەبووە بەلام لەسەر راسپاردەی مام جەلال کرا سەفیر.
2. د. سەیوان بارزانی لە کۆتایی 2010 تا کتۆایی 2015 سەفیری عێراق لە ئیتالیا، لەسەر پشکی پارتی، کەسێکی بە توانا و خۆش مەعشەر و قسە زان بوو بەلام بۆ لۆبی کورد. ئەوەندی ئێمە ئاگاداربین دارێکی لەسەر بەردێک دانەنا ..... نەمزانیووە بەدوای ئەو دۆستە کوردانە گەڕابێت کە لە شەوزەنگ و رۆژە سەختەکان لەگەڵ ئازارەکانی کورد دەژیان و بە هەوڵ و تواناکانیان داکۆکیان لە دۆزی گەلی کوردستان کردووە.
سەیوان بارزانی، سەبارەت بە لاورا شڕادەر، لەوانیە عەقیلی پێ نەشکابێت ئەگەرنا پێویستی بە وەرگرتنی رەزامەندی ئەم و ئەو نەبوو بۆ رێکخستنی مەراسیمێکی ریزلێان بۆ ئەو خانمە، یان هۆیەکە ئەوەش بێت کە لاورا شرادەر هەمیشە لەگەڵ برادەرانی یەکێتی پەیوەندی هەبووە....!
3. د.ئەحمەد بامەڕنی، لە دیسەمبەری 2015 تاکو ئێستا، لەسەر حسەی یەکێتی، سەفیری عێراقە لە ئیتالیا، بە قسەی برادەرانی یەکێتی، بە دەیان بەلگەمان لە بەردەستدایە، دەلێن "سەد خۆزگە بە د. سەیوان بارزانی" هەر نەبێت هەموو کات دەرگای کراوە بوو و بە کوردی قسەی دەکرد کەچی ئەم دکتۆرەش تاکو ئێستا، بۆ کورد هیچی نەکردووە .... و تەنانەت، دیسان قسەی برادەرانی یەکێتی، تاکو بۆ بکرێت بە کوردی قسە ناکات ئەوە لە کاتیکە گوایە "دکتۆرای لە زمانی کوردی هێناوە..!".
ئەم دکتۆر بامەڕنیە، لە سالانی 1980 سەردانی ساری تۆرینۆی کردووە و خاتو لاورا شرادەری ناسیووە و نمەکەی مالەکەشی کردووە. لاورا شرادەر، لە نووسینەکانی فەیس بووک بە "هاوڕێی دێرین و خۆشەویشت" باسی دکتۆر بامەڕنی و هاوژینەکەی دەکات.
4. شێخ عومەر بەرزنجی، لەسەر پشکی یەکگرتووی ئیسلامی، لە سەرەتای سالی 2016 تاکو ئێستا سەفیری عێراق لە ڤاتیکان. دەلێن کەسێکی مەجلیش خۆشە، بە کوردیش قسان دەکات ..!!! بەلام کایەی دەسەلاتەکانی زۆر تەسک و دیاریکراوە چونکە لە لایەک سەفیری هەموو عێراق د. ئەحمەد بامەڕنیە و مەکتەبی حکومەتی کوردستانیش لە رۆما وجودی هەیە.... بە کورتی و بە کوردی "گلەیی لێ ناکرێت" و دەستی بە کلاوەکەی گرتووە با نەیبات.
5. ئەلبێرت عیسا، کە لە دایکبووی سلێمانیە، لە کۆتایی سالانی 1970 روویکردا ئیتالیا، لە شاری تۆرینۆ زانکۆی تەواو کردووەو لە نزیکەوە لاورا خان دەناسێ و لە کاتی پێویست پرس و را و راوێژی، بۆ خوێندنیش، بە لاورا خان کردووە.
د. ئەلبێرت عیسا، لەسەر پشکی یەکێتی، لەسەر راسپاردەی مام جەلال کرایە سەفیری عێراق لە دانیمارک. ماوەیەک راگری کۆلێژی علومی سیاسی بوو لە سلێمانی، لەم ماوانە چەند وتارێکی رەخنە ئامێزی لە ئاوێنە بلاوکردۆتەوە کە سەرکۆنەی ئەم دەسەلات و سیستەمەی جووت حیزبی دەکات و کۆمەلە پێشنیارو میکانیزمێک دەخاتە روو. دەیتوانی، لە بەغدا و سلیمانی. قسەیەکی خێر بۆ رێز لێنان لە لاورا شڕادەر بکات.
6.بەکر فەتاح، برای عومەر فەتاح، لە سالانی 1998 تاکو 2005 نوێنەری یەکێتی بوو لە ئیتالیا، ماوەیەک ئەندام پەرلەمانی کوردستان بوو، پاشان کرا سەفیری عێراق، لە سەر پشکی یەکێتی، لە بڕازیل و دوایی بوو بە سەفیری عێراق لە وولاتی سوێد.
ئەم کاک بەکرەش، بە حوکمی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە کوردی باشور لە شاری تۆرینۆ و زۆربەشیان لە رێکخستنەکانی ئەکێتی بوون، ناوەو ناوە سەردانی شاری تۆرینۆی دەکردو لە نزیکەوە لاورا خانی ناسیووە، دیتوانی، بەلای کەمی، لە شاری سلێمانی هەولێک بدات مەڕاسیمێکی رێز لێنان ئامادەبکرێت، یان بەلای کەمی، لە رێگەیی کەنالەکانی یەکێتی، ئەم خانمە بەرێزە بە کورد و خوێندەوارەکان بناسێنرێت.
ئەم شەش سەفیرەو چەندەها بەرپرسی گەورەی باشور دەیانتوانی، وەک رێز لێنانێک، داوەتی سەفارەتی بکەن و سوپاسی بکەن بە داخەوە تاکو ئێستا نەیانکردووە.
لە کوردستان سالانە بە دەیان کۆنفڕانس و میهرەجانی ئەدەبی و فلان و فیسار ساز دەکرێت کەچی نوخبەی کوردی ئەوەی ئاگای لینیە و لەبیری خۆت بردۆتەوە، بەسەر کردنەوەو رێز لێنان لەو دۆست و کەسایەتیانەی لە رۆژانی سەختی خەبات بەرگری و داکۆکیان لە دۆزی کورد کردووە .
كاتەک شێرکۆ بێکەس بەر پرسی دەزگای سەردەم بوو دەیتوانی، زۆر بە ئاسانی، لاورا خان داوەتی کوردستان بکات و رێزی لێ بگیرێت ..... بۆی نەیکرد ئەمە پرسیارە.
میهرەجانی گەلاوێژ سالانە بە دیان و سەدان میوان، نووسەر و دۆستی کورد، لە وولاتانی جیا جیا کۆ دەکاتەوە، مەلا بەختیار کە زوو زوو سەردانی ئیتالیا دەکات رۆژەک لە رۆژان نەیپرسیووەو نەیووتووە ئەرێ لەم وولاتە دۆست و هاوڕێمان هەیە؟ ئەرێ لە رۆژانی سەخت و دژوار کام رۆژنامەنوسس و کەسایەتی و مامۆستای زانکۆ، لە ئافرەت و پیاو، داکۆکیان لە کورد کردووە؟ دەکرا و ئێستاش نەچووە دیدار و کۆرەک بۆ ئەم رۆژنامەنووس و نووسەرو چالاکوانی ئیتالیا بگیرێت.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی سڕکراوی هەرێمی ... ! لە دوای کەوتنی سەدام حوسێن سالانە زیاد لە جارێ سەردانی ئیتالیای کردووە، کردبوویە رێگای سەر کانی یان مزگەوت، بۆ دەرمانیش جاری بە خەیالی نەهاتووە، وەک مالا بەختیار، پرسیاری دۆست و هاوڕیانی کورد بکات.
لە ئۆکتۆبەری 2010 مەسعود بارزانی، بە فەرمی، مەکتەبی نوێنەرایەتی لە رۆما کردەوە، لە مەراسیمەکە یەک دۆستی کورد، یەک مامۆستای زانکۆ، یەک رۆژنامەنووس، یەک کورد یان نوێنەری کوردی ئیتالیا ئامادە نەبوو یان داوەت نەکرابوون ئەوە لە کاتێک د. فواد حوسێن یاوەری دەکردو گوایە لە ئەوروپا ژیاوەو کەمێک بە کولتوری ئەوروپا ئاشنایە.
هەر ئەم کاک مەسعود بارزانیە بوو، لە شوباتی 2011، بە یاوەری دکتۆرە موسەقەفەکەی دیوانی سەرۆکاتەیەتی، د. فواد حوسێن، خەلاتێکیان بە پارەو میکانیزیمی گەندەلی و مافیای سەرگرت. دیسان یەک دۆستی کورد ئامادە نەبوون. پاشان دەرکەوت کە ئەم "خەلاتی ئاشتی ناتۆ" درۆ و تەزویر بوو، ئەو کەسەی خەلاتەگی دایە دەستی سەرۆکی هەرێم، چەند سالێ پێشتر بە تۆمەتی مافیا تۆمەتبار کرابوو، دوایی دادگایکراو ئێستا لە زیندانە. بۆ زانیاری زۆرتر لەسە ئەم خەلاتیە ناتۆ بۆ سەرۆکی هەرێم بڕوانە ئەم لینکە.
لە هەمووی سەیرتر نوێنەری حکومەتی پارتی – یەکێتی لە ئیتالیا خاتون ریزان قادرە کە لە سالی 1987 لە شاری تۆرینۆ دەژیێ و لاورا شرادەر لە نزیکەوە دەناسێ، ئەم رێزان خانە، لە سالی 2005 نوێنەرە، بە فەرمی مەکتەبەکەی بۆ کراوەتەوە. تاکو ئیستا بە نامەیک، بە تەلیفۆنێک، سوپاسی لاورا خان نەکراوە. بەلام لیی ناگیریت لەبەر ئەوەی خوێندەواری نیە.....!!!
مەکتەبێک نەتوانێ لە دۆستێکی دێرینی وەک لاورا شڕادەر بپرسێتەوەو رێزی لێ بگرێت دەبێ چ خێرێکی بۆ کورد هەبێت؟
ئەم نموونانەمان بۆیە هێنایەوە ئاخۆ بە ریشی کام مرۆڤی خاوەن مۆڕال و ویژدان زیندوو رەوایە کەسایەتیەکی وەک بەڕیز لاورا شرادەر ئەوها پشتگوێ بخرێت ؟
ئاخۆ دەولەتداری بونیاتنانی وولاتێکی خۆشگوزەران بەم دەسەلاتەی دوینێ و ئێستای کوردستان دەکریت؟
لە کۆنەوە ووترواو "حەمام بە تڕان گەرم نابێت" و بۆیە ژیان و ئایندەی ئێستای هەرێم لە دەستی ئەم نەخوێندەوارانە بەرەو کارەساتی گەورەترمان دەبات.
پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە دوو لە هاوڕێ نزیکەکانم کە لە شاری تۆرینۆ زانکۆیان تەواو کردووەو تاکو ئێستاش لەوێ دەژێن، کاک جەبار مستەفا باخەوان و خەبات عەزیز شێخ بزێنی، لە سالی 2014 کتیبێکی 100 لاپەڕەیان لە کەرکوک، بە ناوی "ئیتالیەکان ..... دۆستی گەلی کورد" بە چاپ گەیاند کە باسی هەندێک لەم دۆستە ئیتالیانە دەکەن کە لە رۆژانی سەخت لە ریزی پێشەوەی بەرگری و داکۆکی کردن، لە دۆزی کوردستان، بوون. لە کتێبەکە ئاماژە بە رۆل و ماندووبوون و بەرهەمەکانی لاورا شرادەر کردووە.
لاورا خان، لەم چەند سالەی دواییشدا رۆژانە، بۆ ریسوا کردنی رژێمی ئەردۆگانی نازی – فاشیست و پالپشتی لە تیڕۆریستانی دەولەتی ئیسلامی – داعش، شار بە شار و کۆلان بە کۆلان، بە عەساکەی دەستیەوە، دەسوڕیتەوە و هەمیشە مۆڕالی بەرزەو هیوای بە دوا رۆژیکی باشترە بۆ گەلی کوردستان.
لە کۆتایی سالی 2017 کتێبێکی بە چاپ گەیاند کە کۆمەلە شیعرێکی نوێی شیرکۆ بێکەس لە خۆ دەگرن.
|
لاورا شرادەر، شیرکۆ بێکەس، چەخماخەی هەزار گۆرانی، شیعر لە کوردستانەوە، (نۆڤەمبەری 2017 رۆما) |
هەندێ وینە و فۆتۆی لاورا شڕادەر لەکاتی کۆڕ و خۆپیشاندانەکانی ئەم سالانەی دواییدا
|
لاورا شرادەر لەگەڵ موژگان بۆکانی لە شاری تۆرینۆ |
|
شاری تۆرینۆ، لە کاتی پالپشتیکردن لە عەفرین مارسی 2018 |
|
لاورا و کورەکەی، دیێگۆ شڕادەر |
|
لە کاتی کەمپەینی "بەرگریکردن لە عەفرین"، نەورۆزی 2018 |
لە کۆتایی: هەزار هەزار جار پیرۆزبێت 80 سالەی لە دایکبوونت لاورا شرادەر، هیوای تەمەن درێژی و تەندروست باشیت بۆ دەکەین. بمبورە، ئەگەر وەکو پێویست نەمتوانیە باسی چاکە و پیاوەتی و میهرابانیت بکەم، بمورە ناوی هەموو نووسین و کتابەکانتم نە نووسیووە، بمبورە باسی ئەو هەموو سەردان و بەشداریکردنانەتم نەکردووە کە وولات بە وولات، شار بە شار، کۆلان بە کۆلان بۆ داکۆکی لە دۆزی رەوای میللەتێکی مەزلوم و چەوساوە ئەنجامت داوە. .
دلنیابە رۆژێک دێت نەوەی نوێ کوردەواری سەری رێز و نوازشت بۆ دادەنوێنن، لاپەرەی گەش و بە بەهات تۆمار کردووە.
Cara laura, grazie e 1000 auguri per i tuoi 80° anni.
تێبینی:
هەموو ووینەی کتێبەکانی ناو ئەم وتارە لە ئەرشیڤ و مەکتەبەی تایبەتی خۆمەوە وەرگیراوە.
هەندێ وێنەیتر لە پەیجەیکەی بەرێز لاورا شرادەر وەرگیراوە، کۆمەلە وێنەیەکی لاورا خان، هی ئەم 35 سالەی دوایی لە ئەرشیڤەکەم پاراستووە بەلام بەداخەوە لەبەر پەلە پەلی لەم کاتە بەردەست نەبوون.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست