کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕونكردنەوەیەك لە سێ بنەماڵەى ئاغاى گڵاڵییەوە

Sunday, 12/04/2009, 12:00


بۆ خزمانى گڵاڵی و ڕای گشتی و سەرجەم هاوڵاتیان و تیرە وعەشیرەتەكانی كوردستان

دوابەدوایی بڵاوبونەوەی كتێبێك بە ناونیشانى"هۆزی گڵاڵیی، لە مێژووى بزوتنەوەى رزگارى خوازى كوردستاندا، تێروانینێكى كۆمەڵایەتى و سیاسى"، كە لە لایەن كەسێكەوە نووسراوە بەناوی (ئازاد وەلی)، بەڵام لە ناونیشانى كتێبەكەوە ئەم برادەرە كەوتوەتە هەڵەیەكى زۆر گەورەوە، چونكە گڵاڵى هۆز نییە بەڵكو عەشیرەتە، دواتر كەسێكی وەك (ئازادى وەلی)، ئاستی رۆشنبیری و خوێندەواری لەو ئاستەدا نییە بتوانێت باس لە عەشیرەتێك بكات كە مێژوی ئەم عەشیرەتە لەكۆنەوە تا وەكو ئێستا خاوەنی چەندین زاناو پیاوی ناودارو خاوەنی چەندین هەڵوێستی نیشتیمانی و نەتەوەییە، ئەم عەشیرەتە زیاتر لە دە هەزار خێزان خۆی بەخاوەنی دەزانێت چەندین تیرە و هۆزێك لە خۆ دەگرێت، مێژوونوسێكى وەكو(عەباس عەزاوى) لە كتێبەكەیدا باسى رۆڵ و مەزنى ئەم عەشیرەتە دەكات لە سەردەمى تەتەر و مەغۆلەوە تاوەكو ئەمرۆ ددان بە رۆڵ و گەورەى ئەم عەشیرەتەدا دەنێت لە ناوچەكەدا، خۆى لەو سەردەمەدا كە تێدا ژیاوە چاوى بە تۆفیق ئاغاى گڵاڵى و حاجى حەمە ئاغاى گڵاڵى كەوتووە زانیارى لەوانەوە وەرگرتووە.
ئازاد نە ئاگاداری مێژووشەوەو نەگڵاڵییەكانیشس بەباشی دەناسێت تاوەكو بێت باس لە مێژوی ئەم عەشیرەتە بكات، دواتر پاش خوێندنەوەی ئەم كتێبە بۆت دەردەكەوێت جگە لە تێكدانی مێژوی عەشیرەتەكە هیچی تر نییە، دانانی زانیاری ناراست و هەڵەی گەورە، شێواندنی مێژووى عەشیرەتێك جێ بێدەنگی نیە، شێواندنی مێژوو بەو مانایەیە كە نەزانانە و بێئاگایانە و بەبێ هیچ سەرچاوەیەكی مێژووی كۆمەڵێك خەڵكی نەخوێندەوار دەكاتە دكتۆر و كۆمەڵێك كەس دەكاتە پیاو ماقوڵ و كۆمەڵێكى تر بچوك دەكاتەوە و بە ناو و نازناوى ناشرینەوە باسیان دەكات و تانەو تەشەر لە هەندێكیان دەدات، دواتر فەرامۆش كردنی چەندین بنەماڵەی بەگزادەی گڵاڵی لە باشور و رۆژهەڵاتی كوردستان، تەنانەت دانانی كۆمەڵێك وێنە كە خۆشی نازانێ ئەمانە كێن و ناویانی بە هەڵە هێناوە. لە بەرامبەردا زەق كردنەوەی ناوی چەند كەس و بنەماڵەیەك كە هەندێكیان جێگەى گومانن گڵاڵى بن، لە بەرامبەریشدا ناوزراندنی چەند بنەماڵیەكی بەگزادەى رەسەن.
ئەم كتێبە پرە لە هەڵەی خوازرا و نەخوازراو ، پاشان باسكردنی چەند بەرپرسێكی حیزبی و حكومی لە كتێبێكی مێژوییدا كە باس لە عەشیرەتێك بكات، هیچ پەیوەندییەكى بە عەشیرتی گڵاڵییەوە نییە.
بەگزادەی گڵاڵی خاوەنی چەندین كەسی خوێندەوار و شارەزا و مامۆستای زانكۆ و ئەندازیار و نوسەر و شاعیر و ڕوناكبیر و سەركردەی سیاسی و عەسكەرییە، بەڵام هەریەك لەمانە خویان لەو ئاستەدا نەدەبینی كە باس لە مێژوی ئەم عەشیرەتە بكەن نەوەك هەڵیەكی مێژوی ئەنجام بدەن و هەقی خوێ بەم عەشیرەتە نەدەن نەمان زانی (ئازاد وەلی) لە بری هەموو بەگزادەی گڵاڵی ئەم كارە دەكات و خوێ دەخاتە بەر رەخنەی توندو دەبێتە هۆى ئەوەى كە گڵاڵییەكان بێزار بكات .
لە هەموو عەشیرەتێكدا بەگزادەكان خۆیان بە خاوەنی راستەقینەی ئەو بنەماڵیەن، چونكە لە رێگەی خوێنەوە خزمن، زۆر تیرە و هۆزی تر خۆیان داوەتە پاڵ ئەم عەشیرەتە و هۆگری و تێكەڵی بون و خزمایەتی لە نێوانیاندا دروست بووە، ئێمە لەلایەن خۆمانەوە داوای لێبوردن لە هەموو ئەوكەسانە دەكەین ناویان یاخود ناوی بنەماڵەكانیان لەم كتێبەدا هاتوە و رەنگە ڕاو سەرنجەكانی ئێمە بەشێوەیەك بێت گشتگیرانە قسەمان لەسەر ئەم كتێبە كردبێت، هەموو ئەم رەخنانە ئاراستەی (ئازاد وەلی) و سەرجەم ئەو كەسانەى كە پشتگیرى ئازادیان كرد بۆ نوسینى كتێبێكى بێماناى لەم جۆرە نەك كەسانی تر، بەگزادەی گڵالی هەمیشە لە خزمەتەوە بەگزادێتی خۆی سەلماندوە و ماڵ و حاڵمان لەخزمەت كەس و كار و شۆرشەكان و خەڵكدابووە، بەڵام بەرپرس دەبین لە ئاست مێژوى بنەماڵەكەماندا لە بەرامبەر هەموو كارێكدا كە مێژوو دەشێوێنێت .
ئەم عەشیرەتە خاوەنی زانای وەك خەلیفە عوسمانی كوری ئەحمەد ئاغای گڵالییە كە زانا و شارەزایەكی ئاینی بوە و تاوەكو ئێستاش دەستنوسەكانی پارێزراەوە و خاوەندی كتێبی ناوازەیە كە تاوەكو ئێستاش بڵاو نەكراونەتەوە، شاعیری وەك ئینج ئاغای گڵاڵی و كەسایەتی وەكو حاجی مەحمودی ئالان و أحمد ئاغای گڵاڵی كە خاوەنی یەكەم قەتابخانەى خوێندن بووە لە پەنجاكانی سەدەی رابوردو، هەروەها توفیق ئاغای گڵاڵی كە سەركردایەتی سوپای گڵاڵی بووە لە شۆرشی شێخ محمودی نەمر.
دواجار ئەوەی ئازاد باسی لێوەدەكات ئێمە نین ، بەڵكو ئەو كەسانەن كە بەرگرى لە ئازاد دەكەن، بۆیە ئێمە داواى ئەوە لە ئازاد وەلى دەكەین كە بە زووترین كات ئەو كتێبە كۆبكاتەوە لە بازاردا، ئەگەر بێت و كوینەكاتەوە ئەوا ئێمە هەموو رێگەیەكى یاسایى دەگرینە بەر بۆ كۆكردنەوەى ئەو كتێبە، بۆیە داواكارین لە هەموو هاوڵاتیان و عەشایەرى ناوچەكە و كوردستان و هەموو خزمانى گڵاڵى كە ئەم كتێبە وەك سەرچاوە سەیر نەكەن و پشتى پێنەبەستن بۆ وەرگرتنى زانیارى دەربارەى ئەم عەشیرەتە.
لەگەڵ رێزى
1- خەلیفە عوسمان ئەحمەد ئاغا گڵاڵى
2- ئەحمەد یاوەر ئاغا گڵاڵى
3- محەمەد داودى ئاغا گڵاڵى

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە