رێككەوتنى ستراتیژى نێوان پارتى و یەكێتى لە بەرژەوەندى كێ دایە؟؟؟
Thursday, 07/05/2009, 12:00
لاى هەر كەس و لایەنێك شاراوە بێت لاى خەڵكانى (ى.ن.ك) شاراوە نیە كە یەكێتى لە چ هەڵ و مەرجێكى سەخت و دژواردا دروست بوو ودرێژەى بەخەباتى سیاسى و چەكدارى دا لە كوردستان پاش هەرەس و ئاش بەتاڵ،هەزاران شەهید و قوربانى داوە لە باشترین و دڵسۆزترین سەركردە و فەرماندە و پێشمەرگە و جەماوەرە بە ئەمەكەكەى، هەر ئەم قوربانی دانەش بووە بەهۆى سەروەرى و سەربەرزى یەكێتى.
هەروەها ئەوەى لە هەموو كەس و لایەنێك روونترە لاى ئێوە مێژووى پڕ لە خیانەت و تاوانى سەركردایەتى ئێستاى (پ.د.ك) و (بنەماڵەى دەست ڕۆیشتووى بارزانى یە) كە هەموو گەلى كوردستان بە راست و چەپ و باش و خراپەوە دەیزانن و ئاگادارن.
جا مەبەستم ئەوپرسیارەیە كە چى واى كردووە كە ئەم دوو هێزە (یەكێتى و پارتى) بگەنە ڕێكەوتننامەى ستراتیجى؟؟ ئەم ڕێكەوتنە لە بەرژەوەندى كێ یە؟ چەندە خزمەت بە بەرژەوەندى گەل و وڵات و پرۆسەى دیموكراتى لە كوردستان دەكات؟ ئەگەر بەراوردێكى خێرا بكەین لە نێوان یەكێتى و پارتى ئەویش بە ئاوەڕدانەوەیەكى وورد بۆ مێژووى دواى ئاش بەتاڵى ساڵى 1975. من جیاوازیەكان بەم شێوەیە دەبینم:
1- پارتى و بنەماڵەى بارزانى چۆكیان بە شۆڕشى كورد دادا وئاش بەتاڵیان كرد. یەكێتیش جڵەوى شۆڕشى گرتە دەست و شۆڕشى هەستاندەوە سەرپێ.
2- سەركردایەتى پارتى زەلیل و دۆڕاو وبێ ئومێد لە ژێر سەركردایەتى بنەماڵى بارزانى هەڵاتن بۆ دەرەوەى ووڵات. سەركردایەتى یەكێتى خۆڕاگر و گەشبین بڕیاردانى هەڵگیرساندنەوەى شۆڕش و گەڕانەوە بۆ كوردستانیان دا بۆ درێژە پیدانى شۆڕشى چەكدارى و سیاسى.
3- بنەماڵەى بارزانى لە سەركردایەتى هەموو كوردى كردە قوربانى پارتى، هەموو پاراتیشى كردە قوربانى بنەماڵەى دەسڕِۆیشتووى بارزانى.بەڵام سەركردایەتى یەكێتى دەیان لە سەركردەكانى كردۆتە قوربانى بۆ گەل و ووڵاتەكەى.
4- پارتى و بارزانى بەرامبەر بە دوژمن و داگیركەران هەردەم زەلیل و بێ وورە دۆڕاو، بەرامبەر كورد و هێزە كوردیەكان فس فس پاڵەوان و (نێرەكەرى دەشتى قەراج و كەندیناوە) هەر وەكو (مەلا محەمەدە كۆر) ى ئەندامى كۆمیتەى ناوەندى پارتى لە سەر شاشەى K Tv) (بۆ ئەمەریكاى بەكار هێناوە.هەرچى یەكێتى یە ژمارەى شەهید و داستانەكانى ئاشكرایە.
5- داگیركەرێكى كوردستان نەماوە پارتى و بارزانى جاشایەتى بۆ نەكەن و خوێنى پێشمەرگەى كوردى بۆ نەڕێژن، (قیادەى مۆقت) لە دژى پێشمەرگەكانى كۆمەڵە و حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران، هێنانى حرس جمهورى لە 31ى ئابى 1996 بۆ سەر هەولێرى پایتەخت و یەكێتى، هێنانى سوپاى تورك بۆ كوردستان لە ساڵى 1997 دژى یەكێتى ، شەڕى PKK و جاشایەتى بۆ تورك ......هتد. كەچى یەكێتى بە پێچەوانەوە لە ساڵى 1982 (هێزى پشتیوان)ى ناردە كوردستانى ئێران بۆ بەرگرى لەوان،شەڕى توركى كرد لە ساڵى 1997 زیاتر لە (600) فەرماندە و پێشمەرگەى دڵسۆزى شەهید بوون، دەركردنى سوپاى بەعس لە كوردستان و بەرگرى شارى هەولێر لە 31ى ئاب لە هەولێرى پایتەخت.
6- لە ڕۆژگارى ئەمڕۆشدا هەرچى ڕۆژنامە و گۆڤار و دەنگى ئازاد هەیە لە ناوچەى سنوورى یەكێتى دەردەچن، كەچى بادینان سنوورى پارتى یە كەس مافى ئازادى و ڕا دەربڕینى نیە، ناوچەكانى بارزان و مێرگەسوور ئەوە هەربڤەیە بۆ هەموو كەسێك هەتا بۆ (میللەتى بارزانیش).
7- بەڕێز مام جەلال بەو هەموو تەمەن و ڕیشى سپى یەوە دەبێ تنازل بۆ مسعود بارزانى بكات، تا مام جەلال چەند جارێك نەچووە پیرمام مسعود پێى شوورەیى بوو بچێتە (دوكان) چونكە بە تنازلى دەزانێت،مام جەلال بە ئەزموون و شارەزایى خۆى و بڕوانامە و ڕووخۆشى و سیماى شیرینى و زمان زانی و نوكتە بازى خۆى دەتوانێت لە گەڵ هەموو چین و توێژ و تەمەنێك ڕەفتار بكات، كەچى مسعود بارزانى بەگرژ و مۆنى دەم و چاوى پێى وایە هەیبەت و كەسایەتى بە هێز دەبێت، كە بۆ دیوەخان نەبێت بۆ هیچى تر دەست نادات، سەركردایەتى لە میرات بۆى بەجێ ماوە ئەگەر كوڕى (مەلا مستەفا)ى ڕەحمەتى نەبوایە ئیستا هەر خوا دەیزانى چى بوو و چى دەكرد.
ئەمانە و دەیان جیاوازى تریش كەچى بەڕێز مام جەلال و سەركردایەتى یەكێتى زۆر تنازولى بۆ مسعود و پارتى كرد، ئەنجامەكەى چى بوو ؟ پۆستى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران لەلایەن یەكێتى كە مافى خۆى بوو بەپێى ڕێككەوتن درا بە نێچیر بارزانى پاداشتى نێچیریش ئەوە بوو كە (هۆى یەكنەگرتنەوەى حكومەت كێشەكانى ناو یەكێتى بووە) لە ناو پەرلەمان ئەم ووتە بەنرخەى دا!
ئەندام ولایەنگرانى دڵسۆزى یەكێتى نیشتیمانى كوردستان كێ لە ئێوە متمانە بە مسعود و بنەماڵەكەى دەكات، پاش ئەو هەموو تاوانەى دژى یەكێتى و ئەندامان و لایەنگرانى یەكێتى كردى هەر لە شەهید كردنى (ڕێباز و كوێستانى و كۆمیتەى مێیف و نورى نانەكەلى و حاكم شێرزاد ......و سەدان و هەزاران لە ڕێكخستن و پێشمەرگە و فەرمادەكانى یەكێتى پاش 31ى ئاب و زۆرى تر لە خیانەت و تاوانەكانى. یەكێتى لەبەر بەرژەوەندى گشتى و نیشتیمانى ئاشت بوونەوەى لەگەڵ پارتى ڕاگەیاند و ڕێكەتننامەى ستراتیژى مۆركرد، بەڵام پاراستنى پارتى چى دەڵێ لە غەیرى ئەوەى كە یەكێتى بێ هێزە و ناتوانێت سەركردایەتى حكومەت بكات، لە نێوان خۆیاندا ڕێك ناكەون بۆیە پۆستى سەرۆك وەزیرانیان بۆ (كاك نێچیرڤان بارزانى) بەجێ هێشت.
كێ لە ئێوە لە هەولێر و بادینان و شوێنەكانى ترى ژێر دەسەڵاتى پاراستن و ئاسایشى پارتى دەتوانێت بێ ترس و ئازادانە كاربكات؟ كێ لە ئێوە لە هەڵبژاردنەكانى خوێنكاران و ئەنجومەنى پارێزگاكان لە پاش ڕووخانى ێدام لێتان نەدراوە و سەر و دەست و لاقتان نەشكا بە دەست هێزەكانى پارتى؟ كێ لە ئێوە و دڵسۆزانى كورد بنەماڵەى بارزانى بە ڕێگر نازانێت لە پێش چارەسەركردنى كێشەكانى كورد لە كوردستانى گەورە؟ كێ نازانێ كە ئەم بنەماڵەیە لە بنەماڵەى ێدام تكریتى زیاتر چاوبرسى و خوێن ڕێژن؟
كەواتە رێككەوتننامەى ستراتیژى لەگەڵ پارتى بە ماناى رزگاركردنى لەو بێزارى و تووڕەیى جەماوەرى كوردستان و هێشتنەوەیان وەكو دێوەزمە بەسەر دانیشتوانى كوردستانەوە، بۆیە دەبێت رێككەوتننامەى ستراتیژى مانەوەى بنەماڵەى بارزانى ڕەت بكەنەوە و دەنگى پێ نەدەن و سەركردایەتى ناچاركەن كە چیتر هەڵ و دەرفەتەكانى رزگاركردنى كورد لە دەست بنەماڵەى بارزانى و تاوانەكانى لە دەست نەدات و ڕیزى خۆى یەكبخات و یەكێتى بە لیستى جیاواز دابەزێت لە هەڵبژاردنەكان، یان دەنگدان بە لیستى (گۆڕان) و پێكهێنانى پەرلەمانێكى كارا بۆ ئەوەى ئەندامانى بنەماڵەى بارزانى و سەركردایەتى تاوانبارى پارتى پەلكێش بكرێن بۆ پەرلەمان و داهات و سامانى دزراوى كوردستانیان لێ بستێنرێتەوە وڕووبەڕووى دادگا بكرێنەوە و تۆڵەى هەموو ئەو تاوان وخیانەتەیان لێ بكرێتەوە كە دەرهەق بە كورد و جەماوەرى كوردستان وهێز و كەسایەتى یە نیشتیمانیەكان كردوویانە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست