کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نهێنی دابەزین و سەرکەوتنی نرخی دۆلار لە هەرێمی کوردستان

Monday, 29/06/2015, 14:05


ماوەی چەند مانگێکە دۆلار لە هەرێمی کوردستان لە هەڵبەزو دابەزدایە، جێی خۆیەتی ئەم پرسیارە بکەین و بڵێین: ئەمە بۆ؟
حکومەتی ناوەندی عێراق دەبێت مانگانە پێنج سەد ملیۆن دۆلار بخاتە بازاڕەوە، بەڵام بانکی مەرکەزی عێراقی  تەنها سەد و پەنجا ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەکانی عێراقەوە ، بەمەش ئەزمەی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق دروست دەبێت  واتە لەبەر کەمی دۆلار نرخی دۆلار بەرز دەبێتەوە.
لەم کاتانەشدا بەرپرسە دزەکانی کورد، شیعە و دەسەڵاتدارەکانی دیکە، زۆربەیان بازرگانی دەکەن  لە بانکی مەرکەزی دۆلار بە نرخێکی زۆر هەرزان وەردەگرن، تەندەر دەدەن بە بانکی ناوەندی  بۆ هاوردە کردنی کاڵا لە دەرەوەی ووڵات، بەم تەندەرە بڕێکی زۆر دۆلار دەگۆڕنەوە بە نرخی بازاڕی جیهانی، بۆ نمونە ١١٩٠٠٠ دینار بۆ ١٠٠ دۆلار، ئەگەر هەر بازرگانێکی مافیای دەسەڵاتدار ١٠ ملیۆن دۆلاری بۆ بگۆڕنەوە بە نرخی بازاڕی جیهانی، ئەوا ئەو بازرگانە یەک ملیار و سەد ملیۆن دینار قازانج دەکات، بە بێ ئەوەی لە دەرەوەی وڵات هیچ کاڵایەکی هاوردە کردبێت، واتە تەنها لە جیاوازی دراوەکان ئەمان قازانجێکی زۆر دەکەن، بۆ نمونە لەم دواییەدا دۆلار لەبەرامبەر دیناری عێراقیی ئاوا بەردواردی پێ دەکرا: نرخی بانکی ناوەندی ١١٩٠٠٠ نرخی بازاڕی ڕەش ١٣٠٠٠٠ دینار واتە لە ١٠٠ دۆلار ١١٠٠٠ دیناریان لێی خواردووە.
وەک هەموو دەزانن دەوڵەتی یاسا و قانوونی هەموو وڵاتێک تەنیا پارە  و دراوی خۆی هەیە، بۆ هیچ هاوڵاتیی و کەسێک نییە بەپارەی وڵاتێکی دیکە لە ناو خاکی خۆیدا مامەڵە و کڕین و فرۆشتن بکات، لەمەشیاندا هەرێمی کوردستان دەیسەلمێنێت، کە وڵاتێکە کۆمەڵێک مافیا بەڕێوەی دەبات، بۆیە جگە لە دینار، مامەڵە بە دۆلار و پارەی وڵاتانی دیکەش دەکرێت، ئەمە جگە لە سپیکردنەوە  و هێنان و بردنی ئەو سامان و پارە دزراوەی هەیانە،  لەبەرزبوونەوە و دابەزینی ئەو پارانەشدا قازانجی لێدەکەن، چونکە هەر خۆیانن بڕیار لەسەر رۆژ و کاتی بەرزبوونەوە و دابەزینی ئەو پارانەش دەکەن و لەبەرامبەر دیناری عێراقی یاری پێدەکەن.
وەک وتمان لە بازاڕەکانی هەرێم چەندەها جۆر دراو بەکار دێت بۆ مامەڵە کردن لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکە، واتە یاریکردن بە دۆلار و هەموو جۆرە دراوەکان بەم شێوە  تەنها میللەت زیانی لێدەکەوێت، بە پلەی یەکەم موچەخۆر باجی ئەم هەموو دزییە دەدات.
بەم شێوەیە بازرگان و بەرپرسە خائینەکانی کورد یاری بە گیرفانی هاوڵاتیان دەکەن و نرخی کاڵاکان لە بازاڕ بە ئارەزوی خۆیان بەرزو نزم دەکەنەوە.
ئەمەیە نهێنی دابەزین و سەرکەوتنی نرخی دۆلارە لە هەرێمی کوردستان
ئێمە لە بەردەمی شۆڕشێکدا وەستاوین خۆتانی لێ مەدزنەوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە