کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەرلەمان و هەڵبژاردن

Monday, 07/09/2009, 12:00


ساڵى 1307 ز یەكەم پەرلەمان لە فرنسا دروستكرا بەناوى پەرلەمانى پاریس كە پێشتر بە ئەنجومەنى پادشا ناسرابوو, لە شانشینى یەكگرتوو لە ساڵى 1707 دواى یەكگرتنى ئینگلترا و سكۆتلندا كە بە پەیمانى یەكگرتن ناسراوە پەرلەمان دامەزرا, لە ئەڵمانیا لە دواى دامەزراندنى ئیمپراتۆریەتى ئەڵمانى لەساڵى 1871 پەرلەمان دامەزرا, هەروەها زۆربەى ووڵاتانى تر مێژوى پەرلەمانیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدان سالأ, ئەوان لەو كاتانەدا هەستاون بە دروستكردنى پەرلەمان تا دەسەڵاتى تاكڕەویى پادشاو قیێرو ئىمپراتۆرەكان كەم بكەنەوەو چیبر كەنیسە حوكمى ووڵاتەكانیان نەكات, ووردە ووردە توانیان دەسەڵاتى ئایین یەكجارى بنبڕ بكەن و پادشاو سەرۆكەكانیان بونە میللى و هیچ دەسەڵاتێكى بڕیاردانیان لانەما, بەڵكو بڕیار كەوتە دەست نوێنەرانى خەڵك (پەرلەمان) كە لەڕێی هەڵبژاردنەوە نوێنەرەكانیان هەڵدەبژارد, مێژوى هەڵبژاردنیش دەگەڕێتەوە بۆ چەند سەدەیەك لەمەوبەر, یۆنانیەكان و ڕۆمانەكانیش هەڵبژاردنیان هەبووە بەڵام مەرج نیە بەم شێوە مۆدێرنە بوبێت , بۆ یكەمجار (بارۆن دى مۆنتسكۆ و چارلس دى سكۆندت) ى فرنسى ساڵى 1748 لە كتێبى Spirit of Law دا باسى هەڵبژاردنى ئازاد دەكەن بەڵام لەبەر ئەوەى نوسینەكانى دى مۆنتسكۆ لەلایەن كەنیسەوە رقابەى خرابووە سەر نەیانتوانى چاپى بكەن تا ساڵى 1750 (تۆماس نیوجنت) ى بەریتانى وەریگێڕایە سەر زمانى ئینگلیزى و چاپیكرد و دوواتر بۆ چەندین زمانى تر وەرگێڕدرا,
من لێرەدا نامەوێ بكەومە گێڕانەوەى مێژوو تەنها بەراوردێكى بە پەرلەمان و نوێنەرەكانى لەمەڕ خۆمان بكەم, لاى ئێمە چەندین سەدە دواى دروستبون و هاتنەكایەى پەرلەمان و هەڵبژاردن تازە دێین دەسەڵاتى بنەماڵەو سەرۆك زیاد دەكەین و قودسیەتى دەدەینێ , ئەندام پەرلەمانەكانمان هیچیان هەڵبژێرراوو نوێنەرى میللەت نین, بەڵكو لەلایەن حزبەكانەوە دانراون , ئەندامى حزبن یا ناسیاوو خزمى بەرپرسەكانن, لەجیاتى ئەوەى نوێنەرى خەڵك بن, كەس نازانێ كێن و چین و دەرچوى كۆێن و لە هەموى گرنگتر ئایا چیان پێیە پێشكەش بە میللەتى بكەن, من بەش بەحاڵى خۆم لە پەرلەمانتارەكانى پێشوو تەنها 4 یان دەناسم هەنها بە ناو, بەڵام لەو ووڵاتانە بۆ نمونە بریتانیا, لە هەموو شارۆچكەو گوند و ناوچەو سنورى شارەوانیەكان ئەندام پەرلەمان ئۆفیسى هەیە و هەموو كەس بۆى هەیە بچێتە لاى و گلەیى و گازندەى لێبكا و هەركێشەیەكى هەبێت داواى لێبكات بۆى چارەسەر بكات, نمونەیەكیش" زۆرێك لە كوردە پەنابەرەكان كە داواكارى پەنابەرێكەیان دووا كەوتوە, چونەتە لاى ئەندام پەرلەمانى ناوچەكەیان و ئەویش نامەى ناردووە بۆ وەزارەتى ناوخۆ بەشى نشینگەو پەنابەران تا كارەكە بۆ ئەو پەنابەرە ڕاپەڕێنرێ, بێگومان هەموو كاتێكیش نامەكە گرنگى پێ دەدرێ بێ گوێدانە ئەوەى كە ئەم ئەندام پەرلەمانە سەر بە چ لیستێكە جا لیستى دەسەڵات بێت یا ئۆپۆزسیۆن,
هیوادارم پەرلەمانى تازە جیاواز بێت بە بوونى ئۆپۆزسیۆن, یەكەم هەنگاو هەولأ بدرێ ئەو دەستورە دەستكارى بكرێ كە دەسەڵاتى موتڵەقى داوە بەسەرۆك , دەسەڵاتى سەرۆك كەم بكرێتەوە و هەولأ بدرێ لە داهاتوودا بەرنامەیان هەبێت سەرۆك یا نەمێنێ با ببێتە ڕمزێك تەنها بۆ كارى تەشریفات و وەك بەڕێز كمال میراودەلى باسى لێدەكرد مجلسى پیران دابمەزرێ, وەك مجلس شیوخ و ئەمریكا و محلسى لۆرداتى بریتانیا, بۆ پیاچونەوەى بڕیارەكانى پەرلەمان.
ڕەنگە هەندێ لە خوێنەران بڵێن ئەم برادەرە هەر نمونە دێنێتەوە و باسى ئەوروپا و ئەمریكا ئەكات, لەبەر ئەم هۆیانەیە كە ,1- بوونى پەرلەمان و هەڵیژاردن ماناى بوونى دیمكراتیەتە, جا لە ڕۆژهەڵات بێت یا ڕۆژئاوا, 2- زۆربەى ئەندام پەرلەمانەكان و لێپرسراوە حزبى و حكومیەكان هەڵگرى پاسپۆرتى ئەو ووڵاتانەن و شارەزاى یاساو ڕێساكانیانن (هەتا زۆربەیان لەوێ خانەنشین كراون و سۆشیالیش وەردەگرن), 3- ی . ن . ك و بە تایبەت مام جلال شانازى بەوە دەكەن كە ئەندامن لە سۆشیال دیموكراتى جیهانى .... 4- لە هەمووى گرنگتر پەرلەمانى ئێمە دەیەوێ بە گوێزێ بە پەرلەمانەكانى ئەو ووڵاتانە بگاتەوە, گەر هەڵە نەبم پەرلەمانى بریتانى لە ساڵى 2002 یاساى جگەرەكێشانى تاوتوێ كرد, پەرلەمانى كوردستان بە چەند ساڵێك دواى ئەوان ئەو بابەتەیان هەڵبژارد چەندین ڕۆژى پەرلەمانى پێ خەریك كەن, من ناڵێم ئەو بابەتە نابێ باس كرێ بەڵام شتى زۆر گرنگتر بۆ بژێوى خەڵك وەك ئاو, كارەبا, ڕێگاو بان , بێكارى , كێشەى گەنجان , توندو تیژى دژى ژنان .... و هەزارەها بابەتى تر, ئەوان مەبەستیان ژینگە پارێزى بوو, دەبوایە سەیرێكى ناو شارو شارۆچكەكانیان بكردایە كە هەر سوچ و كۆڵانێك زبڵخانەیەكە, !!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە