کۆسرەت ڕەسوڵ ، پارتی قەڵــس دەکات
Wednesday, 03/04/2013, 12:00
پەندێکی کوردی هەیە ،دەڵێت؛ کۆنە مەشکە ،لەخۆی بەشکە !
پارتی ئەمرۆکە ڕاست وای لێبەسەرهاتوە، هەرکەس باسی شەفافیەت و دزینی داهات و نەوت و بێ یاسایی وکوشتن وخراپەکاری بکات ،ئەگەر ئاماژە بۆ ئەویش نەکەن ، وەک ئەوەی دەڵێن؛ ئەو لە فیتی خۆی تێدەگات وخۆی پێڕا ناگیرێ و دەیکا بەبەزم ، گەروەڵام نەداتەوە ، ژان دەیگرێت ! بەنموونە ؛ مەلا بەختیار بۆ هەر مەبەستێ بووبێ لەوماوەیەدا باسی لەدەفتەرە دۆلارەکانی ژێرخانەکان کرد ، ئیتر قسەکەری سەرۆکی حکومەت .سەفین دزەیی یەکسەر وەڵامی دایەوە !
لەو رۆژانەشدا ، لەساڵیادی کۆڕەوە مێژوویەکەی ساڵی ١٩٩١ی گەلەکەمان ، کۆسـرەت ڕەسوڵ عەلی ، داوای شەفافیەتی داهاتی نەوتی کرد ، تــا لەبانق و سندوقیکی تایبەتدا بپارێزرێ و داهاتەکە چی لێدەکرێت ، دیاربێت.. دیسانەوە، پارتیمان دەست نوێژی شکاند و لەڕێگەی جەعفەر ئیمینکی قسەکەری مەکتەبی سیاسیان، هاتە وەڵام ولێدوانی دا، پێیان وایە؛ گوتەکەی کۆسرەت رەسوڵ ،لەجێی خۆیدا نەبووە ، چونکە مەسەلەی سندوقی داهاتی نەوت بەقسەی کاک جەعفەر بێت ، ماشەڵڵای لێ بێت ،ئیستاکە بەحیساب کاری لەسەر دەکرێت ، تاڕەوانەی پەڕلەمانی کوردستان بکرێت..!
نازانم ، پارتی هەروەک چۆن جەماوەرەکی خۆیان گەمژاندووە و خۆڵیان لە چاو کردوون ، ئیدی پێیان وایە ،خەڵکیدیش گوێ لەو قسانە دەگرن ؟ نازانن بەڵێن وقسەکانی پارتی لای خەڵک ئەرزشی سەلکە توورێکیان نییە ؟!
باشە هەر نێچیرڤان بارزانی نەبوو ، لەچاوپیکەوتنێکی ڕۆژنامەوانی گوتی ؛ یەک فلس لە حیسابی نەوت بزر نییە ! کە بزر نییە ، ئەدی کەواتە ، بۆ بە قسەکەی کۆسرەت ڕەسوڵ ، ئاوا قەڵس و شێتگیردەبن ؟! خۆ کەعبە کەچ نەبوو؟
ئەو قسەی کۆسرەت رەسوڵ ، بەڵگەیە کە داهاتی نەوت تەنیا بۆ بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانییە و کەسی دیکە ، لێی موستەفید نییە..؟! ئەگەر پارتی لف لەو داهاتی نەوتە نادات و ناچێتە گیرفانی چەند کەسیکەوە، دەبوایە جەعفەر ئیمینکی پشتیوانی قسەکەی کۆسرەت رەسوڵی بکردایە و گوتبای دەبێت ؛ لیژنەیەکی تایبەت لەهەموو حزبەکان دروسـت بکرێت ، بـۆئەوەی سەرپەرشتی ڕاسـتەوخۆی ئەو داهاتە بەشەفافی بکرێت ، ئەوکات بۆتان هەبوو بڵێن ؛ فلسێک لەداهاتی نەوت بزر نییە و ئێمە شەفافین ! بەڵام قەیناکە بۆخۆتان بیخۆن ، هەتا پێتان دەخورێت ! ڕۆژێک دادێت وەک ئەو سەرکردە و بنەماڵانەی دیکە کە زۆریان خوارد، دوایش کە جامی ڕقی جەماوەر لێی ڕژا، هیچ دادی نەدان و بەتەن زێڕ و دۆلاریان لەپاش بەجێما کە دەکرا ئەوەی لەپاشیان بەجێما، پێشتر بۆ خەڵکەکەیان خەرج کردبا ، گرفتیان نەدەبوو، هەر لەسەرکورسی حوکم دەبوون! بەڵام وەک ئەوقسـە جوانەی کە دەڵێت ؛ دیکتاتۆرەکان پەند لە میژوو وەرناگرن بە وێنەی مشک ، هەر بەو تەڵەیەوە دەبن ، کەباوک و ئەژدادیان پێوەی بووە ..!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست