رۆژنامەی هاوڵاتی شەپۆلی هەڵاتن لەنێوەندی لاواندا بەهێز دەكات
Wednesday, 18/03/2009, 12:00
چەندان هەفتەو مانگ و سال تیپەرین و رۆژنامەی هاولاتی، لە زنجیرە باس و خواسیكی بیتام و بیكەلكی خەتی پان بەولاوە، هیچی تری پیشكەش بە خەلكی نەكرد، جگە لەوەیش، هاولاتی جاریك بە جەبەروتی تالەبانی دەمانترسینیت و جاریكی تریش، بە بچووككردنەوەی داخوازیە كۆمەلایەتیەكان، جەماوەر لەبەردەم دەستەلاتدا بچووك دەكاتەوە. وە ئەوەی زیاتر لە هەرچی پیویستە یاد بخریتەوە، رۆلی هاولاتیە لە هەولداندا بۆ دامركاندنەوەی لاوان بە شیوەی جیاواز، ئەمەیش لەلایەك بە هاندانی لاوان بۆ دیالۆگ دروستكردن لەگەل دەستەلاتدا لەبری بەردەوامبووون لە خەبات و تیكۆشان، وە لەلایەكی تریشەوە بە خەریككردنیانەوە بە چەند باسیكی بیبایەخەوە كە جگە لە لەبیربردنەوەی باسە كۆمەلایەتیە گرنگەكان، هیچ ئامانجیكی تری لە پشتەوە نیە، وەك: گەورەكردنی ئەو باسانەی كە پەیوەندیان بە ئافرەتەوەیە، ئەمە هەروەك ئەوەی پیاوان هیچ گیروگرفتیكیان نەمابیت و ژیانیكی ئاسوودە بگوزەرینن و بیكاری و هەژاری و نەخۆشی و حەشیشەو خۆكوشتن، ژیانی لێ تاڵ نەكردبیتن. وە بەم شیوەیەیش هاولاتی دەیەویت سەرچاوەی سەرەكی گیروگرفتە كۆمەلایەتیەكان لەبیر خەلكی بباتەوەو بیشاریتەوە كە بەشیكی گەورەی ناكۆكیە خیزانیەكانی نیوان ژن و پیاو، دەگەرینەوە بۆ نەبوونی و كەمدەرامەتی و هەژاری لە سایەی دەستەلاتەكەی تالەبانی و بارزانیدا. وە هاولاتی نەك هەر دەیەویت بیرمان بباتەوە كە ژن چەوساوەی دەستی سیستمیكە نەك پیاو، بەلكو دەیەویت تۆوی ناكۆكی لەنێو خەلكیدا بچینیت و شەرەكە شۆر بكاتەوە بۆ ناو هەموو خیزانیك و بەوەیش دەستەلات بكاتە جەبەروتیك كە كەس نەتوانیت لە ئاستیدا بجوولیتەوە، ئەمەیش میتودیكی كۆنی دەستەلاتە، بەتایبەت هەركات جەماوەریكی تورە لە سەرشەقامەكاندا بینران، ئیتر ئەو كاتە دەستەلات هەموو شیوازیك بەكاردینێ بۆ پارچەكردن و تیكدانی ریزە یەكگرتووەكانیان. رۆژنامەی هاولاتی چاكترین داردەستی دەستەلاتە بۆ شكاندنی ئەو یەكگرتنە. دەنا لە مەسەلەی ئافرەتدا، هاولاتی ئەوەندەی خودی دەستەلات خۆی، باس لەو مەسەلەیە ناكات. وە هەتا هاولاتی ووشەیەكی جوان بۆ مەسەلەی ئافرەت ریكدەخات، ئەوان هەزاران ووشەو شیعرو گۆرانی و بابەت بۆ ئافرەت دەرازیننەوەو لە رادیۆو تەلەفزیۆن و رۆژنامەكانیانەوە، پەخشی دەكەن. واتە ئەگەر ئەمە مەترسیەك بوایە بۆ سەر دەستەلات، ئەوا هەرگیز گویمان لینەدەبوو باس لە ئافرەت بكرایەو چالاكیەكی زۆریش لە پیناوەدا ریكبخرایە.
سەرباری ئەمانەیش، هاولاتی بە چاندنی تۆوی بیهودەییەوە خەریكەو لاوان بەرەو دونیای بێ هیوایی بەكیش دەكات. ئەمەیش بە بلاوكردنەوەی ئەو زنجیرە باسانەی وجودیەت وەك فەلسەفەیەكی نموونەیی دەناسینێن، فەلسەفەیەك كە بەتایبەت گەنجان لە كونجی بێ هیواییدا دەتاسینیت. وە هەر لەو ریگایەیشەوە، بەجووتە لەگەل دەستەلاتدا، ئەو نەخۆشیە سایكۆلۆژیانە برەو پیدەدەن كە ژیانیكی ئابووری ناهەموار باكگراوندە میژووییەكەیەتی و دەرئەنجامەكانیشی لاوازكردنی تاكە لەبەردەم هیزی دەستەلاتداو دواجاریش خۆ بیئاگاكردنیان لە ژیان و گوزەرانی خۆیان، وە لەباشترین حالدا، هاندانیان بۆ كۆچكردن بەرەو ئەوروپا لەبری هاندانیان بۆ هیرش كردنە سەر دەستەلات، ئەمە هەروەك ئەوەی ریگەچارە، جیهیشتنی وولات بیت. بە تایبەت هاولاتی هەولئەدات ئەوروپا لە لاوانی كوردستان بكاتە بەهەشتیكی نموونەیی بێ وێنەو بەمەیش رەویكی هەمیشەیی و كۆچیكی بەردەوام بكاتە باو لەناو لاواندا، وە هەر بەو ریگایەیش ئەو كەفوكوڵە شۆرشگیریە دامركینیتەوە كە نێوەندی لاوانی گرتۆتەوە.
هاولاتی هەولئەدات، یاخیبوونی كۆمەلایەتی لە شیوەژیانی ئەم چەرخە، بگۆریت بە یاخی بوونی تاك لەم یان ئەو نەریت و ئەم یان ئەو بەهاو پیوەری كۆمەلایەتی. ئەمە لەكاتیكا هەموو جۆرە یاخی بوونیكی لەوجۆرەیش، لەدواینجاردا، گەیشتنە بە كونجی قەناعەت و سەرشۆركردن بۆ توانای دەستەلات. چونكە دواینجار، ئەوە هیچی لیناكەویتەوە، جگە لە پەنابردن بۆ حەشیشەكیشان یان خۆكوشتن یان راكردن بەرەو دەرەوەی وولات، وە لە هەموو حالیكیشدا، دەستەلات سوودمەندە لە دەرئەنجامەكانی. یاخی بوونی تاك هیچ شتیك لە ژیانی كۆمەلگا ناگۆریت. وە تەنیا هیوایەك كە لەبەردەم خەلكیدا بیت، یاخی بوونی جەماوەریە لە دەستەلات نەك یاخی بوونی تاك لە بەهاو پیوەرە كۆمەلایەتیەكان. برواننە میژوو: چەند دەیەیەك لەمەوبەر ئافرەت بەبێ پەچە نەیدەتوانی بەشەقامەكاندا تیپەریت، وە تەنانەت لەدیهاتەكاندا، شوورەیی بوو پیاوان بەبێ كڵاو بینە ناو كۆرو كۆمەل. ئەوەتا ئیستا پەچە پۆشین بۆتە سەمەرەی زەمانە. بەلام گۆرانی ئەم بەها كۆمەلایەتیە، هیچی لە ژیانی كۆمەلگا نەگۆریوەو ئافرەتیشی لە چەوساندنەوە دەرباز نەكردووە. ئیتر بۆ دەبیت باسەكانی هاولاتی لەبارەی ئافرەتەوە، واتای رزگاركردنی ئافرەت بیت لە چەوساندنەوە؟ وە ئایا هاولاتی دەتوانیت لەم جیهانە بەرینەدا، جیگایەكمان نیشان بدات كە ئافرەتی تیا رزگاربووبیت لە چەوساندنەوە؟ ئەوەتا لە وولاتانی دیموكراسیدا، ئەو ئازادیەی هاولاتی بۆ ئافرەتانی كوردستانى دەخوازیت، گەیشتۆتە ئاستی خۆكوشتن و خۆبیهۆشكردنی ئافرەتیش بە خواردنەوەو حەشیشەكیشان. وە تەنانەت ئەو ئازادیە رێ ئەدات بە ژن و ژن خیزانیش پیك بهینن، وە تا ئیستایش ئەمە بەرزترین ئاستی جیهیشتنی نەریت و بەها كۆمەلایەتیە كۆنەكانە. بەلام ئەمە ئافرەتی لە چەوساندنەوە رزگار نەكردووە، بەلكو بەپیچەوانەوە چەوساندنەوەی ئافرەتی قوولتر كردۆتەوە. وە هەر ئەوە نیشانەیە بۆ ئەوەی راكردن لە پیوەرو بەها كۆمەلایەتیەكان، دەربازبوون نیە لە چەوساندنەوە. ئەم رەخنەیەش بۆ كۆمەل، سۆفیگەریتی و تەئەمولی وجودیانە دووپات دەكاتەوە، ئەمەیش بەو واتایەی كە گرفتی هەرە گەورەی فەلسەفەی وجودییش، پەیوەندییە بە زاتەوە. ئەمەیش هەموو مەنهەجیەتیك لە باس و لیكۆلینەوەدا دەخاتە چوارچیوەی حەزو ئارەزووی شەخسییەوە، جا ئیتر یان ئازادیەكەی سارتەر، یان پالەوانە بیهودەكەی كامۆ، یان مەسیحیەتەكەی كیركگەر، وە یان مرۆڤە بەرزەكەی نیتشە، دەبنە جیگای باس. وە ئەمە تەنانەت لە تەئەمولی (خۆش) ی فەلسەفیشمان دوور دەخاتەوەو لە سایكۆلۆژیەتی هەریەكە لەو نووسەرانەمان نزیك دەخاتەوە كە گەلیك لە لیكۆلەرەوەكان نەك بە فەیلەسەف، بەلكو بە فەلسەفەلێدەر (تفلسف) ناویان دەبەن.
بیهودەیی، ئازادی تاك، ئەخلاق، سێكس، نەبوو (العدم)، من (أنا)، یەئس، مردن، باسە فەلسەفییەكانی وجودیەتن. ئەمەیش تیكرا لە تاك و حەزەكانی تاك و وەهمەكانی تاكدا دەسووریتەوە. بە پیچەوانەوە، زانست جیهانیكی واقیعی دەبینیت نەك وەهمی، بۆیە زانست دەكەویتە ناكۆكی لەگەل ئەم كەلەپوورە، تەئەمولی زات، ئیتر هەر لە نیتشەوە تا بە كامۆو سارتەر دەگات. وە ئەوەی رۆژنامەی هاولاتیش برەوی پیدەدات، هیچ نیە جگە لە رەخنەی تاك لە ئەخلاقی تاك، وە سوورانەوەی تاكیش لەو سنوورەدا، هیچی لیناكەویتەوە جگە لە بیهودەیی. ئەمەیش هیچ نموونەیەك پیشكەش بە لاوان ناكات جگە لە هەولیكی سیزیفیانە كە دواجار بەرەو ملكەچ بوونیان دەبات لەبەردەم دەستەلاتدا، دەستەلات لەو هەوڵە سیزیفیانەدا بەهیز دەبیت و جەماوەریش لاواز. ئەو لاوازبوونە هیچ شتیك بەدوای خۆیدا ناهینیت تەنیا لاواز كردنی لاوان و پەنا بردنیان نەبیت بۆ حەشیشەو خۆكوشتن و هەلاتن، وە تا ئیستایش ئەمە گرنگترین رۆلی رۆژنامەی هاولاتیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست