کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نەوشیروان مستەفا، فریشتەی فریادڕەسی پارتی و یەکێتی

Wednesday, 25/09/2013, 12:00


بەر لە شەپۆلە هەڵکشاوەکانی ٢٠١١، هەموو چوونە پێشەوەیەک لە بزووتنەوەی شۆڕشگێریدا، خۆکۆکردنەوەیەک بوو بۆ ڕاماڵینی پاشماوەکانی بەعس لە کوردستاندا کە پارتی و یەکێتین. خەمی هەرە گەورەی ئەو دوو حیزبە، دوورکەوتنەوەی خەڵکی بوو لە سندوقەکانی دەنگدان و پەنا بردن بۆ شەقامەکان و دەستەویەخەبوونی هێزە پۆلیسیەکانی دەسەڵات. بە ئاستێک کە لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشە جەماوەریەکاندا لە ناوچەکانی دەوروبەری سلێمانی و هەولێر، پارتی و یەکێتی دەکەوتنە بنەو بارگەخستن بۆ هەر هەڵاتنێکی چاوەڕانکراو. ئەو هێرشە لە سلێمانی کپ دەبووەوەو لە دەرباندیخان سەری هەڵدەدایەوە، لە هەڵەبجە پاشەکشەی دەکردو لە خەلیفان دەهاتەوە پێشەوە. لە هەر یەکێک لەو هێرشانەیشدا، شۆڕشگێران، بە خوێن شەقامەکانیان دەنەخشاند.
ئەم حاڵەتە هەر لە برەوسەندندا بوو، تا نەوشیروان مستەفا، پڕ بە سەرای سلێمانی، کەوتە الله اکبرو تەزبیحات لەسەر شەقامەکانی سلێمانیدا. وەبەم بەم کردارەیشی، سێ ئامانجی گەورەی وەدی هێنا:

یەکەم: بەهێز کردنەوەی هێزە ئیسلامیە پەککەوتووەکان؛
دووهەم: گێڕانەوەی خەڵکی بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان کە خۆی بۆ خۆی، گێڕانەوەی ئیعتیبار بوو بۆ حیزبە دەسەڵاتدارەکان، بۆ پارتی و یەکێتی؛
سێیەم: دابەشکردنێکی برایانەی سامانی نیشتمانی لەگەڵ ئەو حیزبانەدا.

لەو کاتەدا کە شۆڕشگێران، چاونەترسانە، کەوتنە پەلاماری هێزە پۆلیسیەکان، نەوشیروان مستەفا، فریشتەی فریادڕسی پارتی و یەکێتی، کەوتە پێشگرتن بەو بزووتنەوەیەو سوود وەرگرتن لەو خوێنە گەشە بۆ وەدی هێنانی مەرامە تایبەتەکانی خۆی، ئەو مەرامەی ڕۆژ بەرۆژ ئاشکراتر دەبێت، مەرامی دابەشکردنی پارەو دەسەڵات. ئەوەتا هەر دوای بەهێزکردنەوەی پارتی کە خۆی بۆ خۆی بەهێزکردنەوەی یەکێتیشە، بە گفتە درۆینەکانی، لاوە هەرە خوێنگەرمەکانی کوردستانی بەوە دامرکاندەوە کە گوایە ئیتر حیزبەکەی ئەویش لە دەسەڵاتدا بەشداری دەکات و بەم جۆرەیش ئەو حیزبە، ڕی لە گەندەڵی دەگرێت. ئەمە لە کاتێکا کە ئەو حیزبەیش دەبێتە ئەڵقەیەکی تر لە ئەڵقە گەندەڵەکانی دەسەڵات و ئەوەی لە سامانی نیشتمانی، بە حیزبەکانی تر قووت نەدەچوو، ئەمان بە ئاسانی و بە پشتیوانی چەماوەرە چەپڵەلێدەرەکەیان، لووشی دەدەن. دەسەڵاتی داهاتوویش، هەروەک دەسەڵاتی ڕابووردوو، دەسەڵاتی دابەشکردنی سامانی نیشتمانیە لە نێوان سەرکردەکانی چەند حیزبێکدا، ئەو سەرکردانەی خاوەنی هەموو کۆمپانیاکانی کوردستانن، ئەو سەرکردانەی بە گیرفانی خاڵیەوە دابەزینە ناوشارو ئێستا سەرمایەدارە هەرە گەورەکانی کوردستانن، ئەو سەرکردانەی بە شەرعیەتی پەرلەمانی، شەرعیەت دەدەنە سەرمایە بێشمارەکەیان و داگیرکردنی ئەو هەزاران دۆنمە لە زەوی و گردە پڕ لە چراخانەکانیان. وە ئیتر بە ناوی ئەو جەماوەرەوە کە هەڵی بژاردوون، ڕێکەوتننامە مۆر دەکەن، پرۆژە دادەمەزرێنن، زەوی داگیر دەکەن، کارگەی چیمەنتۆ لەگەڵ سەرمایەدارە هەرە گەورەکان دادەمەزرێنن، ئەو سەرمایەدارانەی لایەکیان تاڵەبانیەو لاکەی تریشیان شەخسی نەوشیروان خۆیەتی.
سەرکردەکانی حیزبی گۆڕان کە هەر هەمان سەرکردە گەندەڵەکانی یەکێتین، بەم کردارەی ئەمجارەیان، توانیان شەرعیەتی جەماوەری بدەنە سەرمایەکەیان و دەسەڵاتە سەرمایەداریەکەی یەکێتی و پارتی کە ئەمجارە، خۆشیان دەبنە بەشێکی ڕەسمی ئەو دەسەڵاتە، ئەو دەسەڵاتەی لە هەر دڵۆپە خوێنێکی خەڵکی، هەزاران دۆلار دەچنێتەوە، لە هەر دڵۆپە ئارەقێکی ناوچەوانی کرێکاران و جووتیاران و فەرمانبەران و کاسبکاران، دەیان بیناو کارگە، بەناوی ئاوەدانکردنەوەی کوردستانەوە، بە ئاسمانا دەبەن. وە هەر ئێستا ئەوان هەموویان بە نەوشیروانیشەوە، لە سەرمایەدارە هەرە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن و بە سەدان ملیۆن دۆلار، لە سامانی نیشتمانی، کۆ دەکەنەوە. وە هەر ئەمەیش بوو پلانەکانی نەوشیروان، فریشتەی فریادڕسی پارتی و یەکێتی ئیسلامیەکان. بۆیە چاوەڕێی هیچ ناکەین، گەڕانەوەی زووبەزووی خەڵکی نەبێت بۆ سەر شەقامەکان و دەست پێکردنەوە لەو جێگایەدا کە تێیدا وەستان.

بەرەو هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئەو سەرمایەدارانەی، لە سامانی نیشتمانی، ملیۆنان دۆلاریان گردکردۆتەوە!
بەرەو هێرشێکی نوێ بۆ داگیرکردنەوەی ئەو گردانەی موڵکی گشتین!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە