کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وەڵامی کاک ناسر هەورامی دەربارەی بێدەنگی گۆڕان

Tuesday, 08/10/2013, 12:00








لە ووتارێکیدا لە کوردستانپۆست، کاک ناسر هەورامی دەپرسێت: ئایا ڕاستە گۆڕانخوازانی وەک بەڕێز عومەری سەید عەلی و قادری حاجی عەلی و ئاواتی شێخ جەناب، باس لە گەندەڵی دەکەن و کەچی خۆشیان بە هەمان شێوەی گەندەڵەکان، مانگی ٦،٠٠٠،٠٠٠ ملیۆن دینار وەردەگرن؟ وە دەڵێت: بەڕێزان بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بێدەنگن کە گوایە ئەم درۆیانەتان بۆ هەڵدەبەستن؟

منیش دەپرسم: ئایا کاک ناسر، چاوەڕوانی وەڵامێکی پێچەوانە دەکەیت؟ چاوەڕێیت بڵێن: نەخێر، ئێمە مووچەی وامان نیە؟ چاوەڕێیت ئەوان لە گردەکەی زەرگەتە، هەروەک پێشمەرگەکانی خڕی ناوزەنگ، چایی ونانەڕەقە بکرتێنن؟ چاوەڕێیت لەبەر چراو قوتیلە نەوتیەکان دانیشتبێتن و باس لە ژیانی ئەوانە بکەن کە ئاوی پاکیشیان دەست ناکەوێت بۆ خواردنەوە؟ چاوەڕێیت بەدوای عارەبانە دەستیەکانەوە بن یان بە لای چایخانە دەستگێڕەکانەوە هەڵتروشکابێتن یان مناڵەکانیان لەسەر شەقامەکاندا بنێشت و ڕۆژنامە بفرۆشن یان ژنەکانیان لە فەرمانگەکاندا گسک بدەن یان، یان، یان ... ؟

کاکی برا! زۆر بە هەڵەدا دەچین ئەگەر بەم جۆرە لەمانە تێگەیشتبێتین. بەڵێ، ئەوانیش کە لەم گردەوە دابەزیونەتە سەر ئەو گردەی تر، هەریەکە چەندان مووچەی بەرزو ئیمتیازاتیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە. ئەی بۆ دەبێت نەپرسین: ئەرێ گۆڕان بۆچی تەلەفرزیۆنەکەی ئێوەیش وەک حیزبەکانی تر، لەسەر نانی ئێمە دەبرێت بەڕێوەو مانگی ٦٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ملیۆن دینار (نیو ملیۆن دۆلار) خەرجیەتی لە بودجەی دەوڵەت؟ ئەی مەگەر نازانیت جەماعەت خەریکی دامەزراندنی کارگەی گەورە گەورەن لەسەر حیسابی قووتی ئێمە؟

کاکی ئازیز! زۆر نابات لەگەڵ کۆنە هاوڕێکانیان، پەردە لەسەر هەموو شتێکی یەکتر هەڵدەماڵن ئەگەر ڕێک نەکەون لەسەر پارەو کورسیەکانی وەزارەت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە