بۆ کاک ئارام ئهحمهد عهلی: مەبەستتان لە برایەتی هەموو چین و توێژەکان چییە لە کوردستان؟
Tuesday, 02/10/2012, 12:00
لە ووتارە بڵاو کراوەکەتاندا لە کوردستانپۆست: (گۆڕانی بنەڕەتی لە کوردستاندا چۆن دەکرێ؟) باس لەوە دەکەن بۆمان گوایە (لە کوردستان دەستوور نیە، تا زۆرینەی خەڵکی کوردستان بە هەموو ئایدیاو چین و توێژەکانەوە، لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە).
پرسیارەکەمان ئەوەیە ئایا ئەگەر دەستوورێکی لەو جۆرە هەبوو ئیتر هەموو شتێک بە برایانە دابەشدەکرێت لە نێوان هەموو ئەندامانی کۆمەڵگادا؟ ئەی بۆچی لە ئیسپانیاو یۆنان کە خاوەنی کۆنترین دەستوورن لەسەر زەوی، چین و توێژەکان لە شەڕێکی تونددان بەرامبەر بە یەکتر؟ ئایا بەلای بەڕێزتانەوە ئەو شەڕە ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دەستوور بۆ ئەوە دانەنراوە هەموان لەسەر سفرەیەک کۆببنەوەو ئیتر چیتر ئەم مرۆڤ بەشی ئەویان نەخوات، بەڵکو بۆ ئەوە دانراوە کە سنوورێک بکێشێت لە نێوان بەشی هەژاران و پشکی سەروەرەکان لە سامانی نیشتمانی کە هەمیشە پشکی شیرە؟
کاکە ئارامی ئازیز!
هەرگیز نامانەوێت لە هەوڵ و کۆششی ئێوە کەم بکەینەوە، بەڵکو دەمانەوێت بپرسین: بۆچی دەستووری هیچ ووڵاتێک لەم جیهانەدا چارەسەری گیروگرفتی نێوان چین و توێژەکانی پێنەکراوە بە دەستوور، کەچی ئێمە وا چاوەڕوان بین کە گوایە لە کوردستان دەستوورمان نیە بۆیە چین و توێژەکان برایانە ناژین؟ وە ئایا هیچ دەستوورێک هەیە ئێمە شارەزای نەبین و ئەو کارەی پێ ئەنجام درابێت؟
کاکە ئارام!
ئەو چین و توێژانەی بێ شیو سەر ئەنێنەوە، هەرگیز ناتوانن بە دەستوور ببنە برای ئەو چین و توێژانەی لە چراخانەکانیاندا، بە گۆرانی و دانس و پێکە خەستەکانیانەوە، ڕۆژ دەکەنەوە. ئەوە یاسای ژیانە، یاسای کۆمەڵگای سەرمایەداری. ئەو یاسایەی ڕێمان ئەدات دوژمنەکانی خۆمان هەڵبژێرین، بەڵام هەرگیزاو هەرگیز ڕێمان نادات وەک یەک سوود لە سامانی نیشتمانی وەربگرین.
نە دەستوورە بێ دەستوورەکەی تاڵەبانی و بارزانی و نە دەستوورە درۆینە چاوەڕوانکراوەکەی کاکە نەوە، لەم ژیانە پڕ مەینەتیەمان دەرباز ناکات. نە دەستوورەکەی یۆنان و ڕۆمای کۆن، نە دەستوورە مەلەکیەکان یان کۆماریەکانی ئەمڕۆ، بۆ ئەوە دانەنراون ژیان و گوزەرانێکمان بۆ بڕەخسێنن چوونیەک، بەڵکو بۆ ئەوە دانراون چین و توێژەکانی سەرەوە، بە ئارامی سەر بکەنە سەر سەرین و تا دەم بەیان، باسکی کچۆڵەکانمان لە ملیان بئاڵێنن، چین و توێژەکانی خوارەوەیش، تا دەم بەیان لە جێگاکانیاندا تل بدەن و لە ترسی خاوەن قەرز و کرێی خانوەکانیان، چاویان نەچێتە خەو.
هاوڕێی ئەزیزم! ئەوەیە ئەو دونیایەی دەستوورەکەی دەسەڵاتداران بۆیان دروست کردووین. دەسا بڕووخێ ئەو دونیایە بە هەموو دەستوورەکانیەوە. ئێمە دونیایەکمان دەوێت، وەک یەک تیایا بریاردەربین، وەک یەک تیایا سوودمەند بین لە سامانی نیشتمانی. نە تاڵەبانی و نە بارزانی و نە کاکەنەوەی برا بچکۆلەیان، ناتوانن ئەو ژیانەمان بۆ بڕەخسێنن. ئەوان هەریەکە بە گردو شاخێکەوەن کە ملیارات دۆلار نرخەکەیەتی. ئیتر چ دەستوورێک دەتوانێت ڕزگارمان بکات لەو ئەهریمەنانە؟
بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێریی یەکلا کەرەوە بە فریامان دەکەوەێت نەک دەستوورە ئەستوورە ناوەڕۆک بۆشەکان.
سڵاوی هاوڕێیانەم قبوڵ بکەن
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست