داواکاری منداڵانی شەهیدان لەوەزارەتی شەهیدان
Sunday, 04/10/2009, 12:00
*لەکاتێکدا کە بەشێکى زۆری دانیشتوانى هەرێمى کوردستان بەدەست کێشەی نیشتەجێبون ونەبونی خانوەوە دەناڵێنن،بەڵام ئەم کێشە سەرەکی و هەنوکەییە تەنهاو تەنها هاوڵاتیانى هەرێمى نەگرتوەتەوە،بەڵکو توێژى هەرە ئەکتیڤى کۆمەڵگەش کە قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆکانیشە ئەمڕۆ بەدەست نەبونی [بەشی ناوخۆیی و کەمى دەرماڵە] و پێداویستیەکانی خوێندنەوە دەناڵێنن....
بەتایبەت زانکۆ ئەهلیەکانی کوردستان کە لەساڵی پار بڕیاردرا کوڕوکچی شەهید لەوێ ئەتوانن بخوێنن بەڵام بەکەم وکورتیەکى زۆرەەوە کەچەندین کێشەى بۆ مناڵە شەهیدەکان دروست کردووە ،گەورەترین کێشە کەتا ئێستا ئێمە لێى ئەترسین نەبونی [بەشی ناوخۆییە] بۆ خوێندکارو قوتابیە شەهیدەکان کە هەندێکیان کچن، وە لەلایەکى ترەوە نەبونی دەرماڵە بۆمان کە دووەم کێشەى سەرەکییە چونکە وەک دەزانین کە مناڵی شەهید لەچینی هەژارن،ڕەنگە زۆرێکیان نەتوانن تەنانەت بچنە ناو کافتریاکانی زانکۆ لەبەر بەرزی نرخی شتەکانی ناو کافتریا....
ساڵی پار دەستی چەندین کەسمان ماچ کردوە تا لە شوێنێکی تەنگدا جێیان کردینەوە،دواترچەندجارێک ئەم کێشانەو چەندین کێشەى ترمان خستوەتە بەردەمى وەزارەتى شەهیدان ،ئێمە چەند قوتابیەک هەریەک لە نوێنەرانی مناڵە شەهیدەکان بە نوێنەرایەتی لە هەریەک لە زانکۆکانی [ئیشق، دیجلە،جیهان،سابیس] کە پێکەوە لەشارى هەولێر چوینە وەزارەت کەناوو ژمارەی فۆڕمى شەهید و داواکاریەکانمان خستە بەردەستیان ،بەڵام بەداخەوە لەوێ بەچەند قسەیەکی بریقەدار دڵیان خۆشکردین چونکە پێش وادەی [دەنگدان] بو ئێمەش قەناعەتمان بە قسەکانیان کرد بەڵام بێ ئەنجام ،،،
ئەمساڵیش بەهەمان شێوەلەڕێی زانکۆوە [م. ابراهیم]ی بەرپرسی منداڵە شەهیدەکان لە دیوانی وەزارەت ئاگادار کردەوە لەکێشەکە کە،، بەڵام وەزارەت وتبویان ئێمە تەنها پارەی خوێندنەکەیان بۆ دەدەین،خۆیان بچن خانو بگرن یان خۆیان پارەی داخلیە ئەهلیەەکان بدەن، کاتێک نیشتەجێبون کە لە بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆ ئەهلیەکان ساڵانە ئەگاتە نزیکەی [1000]$.
بەداخەوە بۆ هەڵوێستی حکومەت و دەسەڵات کاتێک بڕیارێک دەردەکەن ناڕواننە لایەنی ئیجابی و سلبیەکان،بەداخەوە بۆ ئەوەی بەم شێوەیە ڕێزى خوێندکارو قوتابیان و خانەوادەی شەهیدان دەگرن،کاتێک ئەوان بەحوکمی خوێنی شەهیدان لەو پلەو پایەدان....
ئێمە حەقێکى شەرعی و قانونی خۆمانە کە هەموو کارێکمان بۆ بکەن بەبێ هیچ بەرپەرچێک،چونکە ئەگەر کەسوکاری ئێمە لەپێناوى خاک و نیشتمان و ئەواندا شەهید نەبونایە ئەوا ئێستا کەسوکارى ئێمە لەوشوێن و ئەو پلەو پایەدا دادەنیشتن وە ئێمەش پێویستمان بەوە نەدەبو کە منەتی هیچ لایەک هەڵبگرین...
بۆیە لەکۆتاییدا داواکارین کە کێشەکانمان بۆ چارەسەر بکەن چونکە ئێمە بێدەنگ نابین هەتا مافی هەموو کەسوکاری شەهیدان و مناڵانی شەهیدان وەرنەگرین،وە نامانەوێت هەموساڵێک یەخەی وەزارەت بگرین بۆ ئەم کێشانە چونکە بەردەوامبونى ئێمە لەگەڵ هاوکاری ئەوانە تا ببینە نەوەیەکی پێشکەوتو بۆ خزمەتکردنى وڵات و نیشتمان بۆیە داواکارین شوێن و دەرماڵەمان بۆ دابین بکەن،،وە داواکارین لە هەموو مناڵە شەهیدەکان کەداوای مافی شەرعی و قانونی خۆیان بکەن،چونکە کەسوکارە شەهیدەکانی ئێمە ناسنامەی میللەتی کوردن،،، ئەوە کەسوکارە شەهیدە سەربەرزەکانی ئێمەن کە ئەوانیان لەوپلەو پایە بەرزەدا داناونن.
[داواکاری و ناڕەزایی کوڕو کچە شەهیدەکان لەوەزارەتی شەهیدان]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست