لە گەنجێكی هەولێرەوە بۆ فەرهاد پیرباڵ
Thursday, 24/02/2011, 12:00
پیرباڵ گیان دوێنی بینیم لە كەناڵی حزبەكەی خۆتەوە (قەزافی ئاسا)ئەت ووت من هەولێرم، هەولێر منم، من كە لە هەولێرەوە چووم بۆ سلێمانی و دەرتان كردم واتا هەولێرتان دەركرد.
كاك فەرهاد تۆ هەولێر نیت، خۆ تۆش نەبوویت بە قەزافی و سەدام، من پێت دەلێم تۆ هەولێر بوویت، تەواو خۆت بڕیاری خۆت دا لەخەڵك و هەولێر و كوردستان جیا ببیتەوە، من سوێندم بە ناوی تۆوە دەخوارد، هەردەم لەبەرگری كردن دا بووم لێت، هەركاتێك كەسێكی محافزكار یان حزبی یان نەخوێندەوار قسەیەكی ناشرینی پێ بگوتیتایە ئەوا من یەكسەر دەمكوتم دەكرد، دەیانووت كڕیومانەتەوە دەمگوت هەموو كەسێكتان پێ ناكڕدرێت دەیانووت ئەوە بە ئەمری حزب كۆڕەكان دەگێڕێت، دەمگوت درۆ دەكەن، هەتا بەچاوی خۆم بینیم، ئاخ چەند مایەی شەرمەزارییە، ئای چەندە گەنجی هەولێرت بێ ئومێد كرد بەو بچووكیەی خۆت، تۆ ئێستا لە (سەرۆ قادر) دەچیت شێوەت لە حەمە سەعید حەسەن و ئازا حەسیب قەرەداغی دەچێت، تازە تۆ نووسەری گەنجان و خەڵك نیت تۆ قەڵەم فرۆش و جوێن فرۆشێكی چاشی بنەماڵەیت، تۆ ناوت كەوتە ناو زبڵدانەوە.
دەكرا و دەشكرێ هەموو كاتێك ئینسان تۆبە بكات، بە هەڵەكانی خۆیدا بڕواتەوە، ژیان وایە دەرفەت بۆ هەموو كەسێك دروست دەكات كە سەر لە نوێ دەست پێ بكاتەوە ئەو ڕووداوانەی ئەم دوواییەش دەرفەتێك بوو بۆ تۆ كەچی نەتقۆستەوە.
هەموومان دەزانین كە پارتی تۆی نارد بۆ سلێمانی، تۆ چوویت بۆ سلێمانی چونكە ئەمرێكی حزبیت پێ كرابوو، وەزیفەیەكت هەبوو بەجێی بگەیەنیت، تۆ چووبوویت بۆئەوەی بە حسابی خۆت ئەو گەنجانە پەشیمان بكەیتەوە كە لەبەردەم سەران، وەزیفەكەی ترت ئەوەبوو كە بەهەولێر بڵێیت كە ڕامەپەڕن، بەڵام هەیهو هەیهو، تۆ هێشتا وادەزانیت ئەو فەرهادەی جارانیت كە هەولێرت لەگەڵ بێت، تۆ تەنها نەخوێندەوارەكانی پارتیت لەگەڵ و تەنها.
لەكۆتایی دا دەڵێم بریا و بریا وانەبووایا چونكە هەولێر پێویستی بە كەسان و خەڵكانی بوێر و ئازا و چاونەترسە هەولێر 15 ساڵە لێی دەدرێت و لێی دەبرێت لێی دەكڕێت و خەڵكانی وەك تۆش زۆرن خۆیان بفرۆشن. بەڵام ڕوو لە دەسەڵات دەكەم و دەڵێم ئەمشارە پڕە لە سەردەشت عوسمان ها كە ڕاپەڕین و فەرهادەكانیان شاربەدەركرد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست