لە دوای مەرگت
Friday, 23/02/2018, 0:05
سەیرێکی وێنەکە بکە و پاشان بیر بکەرەوە لە مرۆڤ کە خەڵکی هەر کوێیەکە گرنگ نیە؟ بەڵام دەشێت بەشێک بێت لە ژیانی هەموومان لە هەر کوێیەک بین.
گرنگ نیە خەڵکی چ وڵاتێکە؟ و ناسنامەکەی چیە ؟ بەڵام مرۆڤ لە هەموو جیهان بە داخە بۆ مەرگی منداڵێک ،لاوێک ،گەنجێک ، خەفەت ئەوەیە ئێمە دابەش دەکەن و بێبەش دەکەن لە هەستە مرۆیەکانمان بە ناوی نەتەوە و ئاین و نیشتیمانەوە لە کاتێکدا خۆیان بۆکارێکی خۆێان دەبن بە یەک گروپ و کۆمپانیا لە پێناو چەوساندنەوەی مرۆڤەکانی تردا تا دەگاتە کوشتنی گەنجێک لە پێناو مەرامەکانی خۆیاندا،، با هەستمان زیندوو بێت لە بەرانبەر هەر خوێن پژاننێکدا لە دژی ئەوانی دەیانەوێت ژیان ناشرین بکەن ،، جا با خەڵکی هەر ووڵاتێک بن ،، لە هەر شوێنێک لە جیهاندا منداڵێک بکوژرێت بیر لەوە دەکەمەوە دەبێت کەی سەرەی منداڵەکەی من بێت ،، لەبەر ئەوە هاوسۆزم لەگەڵ هەر منداڵێک و مێردمندڵێکی جیهاندا کە بە ناحەق خۆێنیان دەڕژێت،،ئەم هۆنراوەیەم پێشکەش بەو گیانە پاکە کە لە وێنەکەداەدایە.
(لە دوای مەرگت).
دڕندەیی
خودا و
نیشیمان و
سەرمایە
لە پژانی خۆێنی مێشکی تۆی گەنج
لە زەمەنی نەمانی مانا بۆ ڕەوشت
بۆ مرۆڤ بونت تەنها لە پێناو ژیاندا
لە سەردێڕی هەواڵەکان
لە وتاری ئەم هەینیەی مینبەری هەموو مزگەوتەکان
لە یەککشەمەی کەنیسەکان
لە دوای نۆشینی پێکی سەری ساڵ و ڤەڵەنتاین و ئاهەنگەکان
دەبێت بە مانشێتی دەستەی مافی بێ ڕەوشتان
کوشتنی گەنج
هیوا بەخشە بۆ هیوای بەردەوام بوونی ژیان
لە پێناو ژیانی دڕندەکان
....
لە دوای مەرگت
تۆ
بویتە بەشێکی نەشیاو
لە فەرهەنگی پیسی ئێمەی دڕندە
بویتە بەشێک لە داڕمان
لە بێتوانای بەردەوام بونمان
پێش ئەوەوی بەشێک بی لە
تف و نەعلەت لە مێژومان
خۆمان دۆڕاند
پێش ئەوەی تۆ
لە دایک بیت
تۆمان سوتاند
بەر لە پێکەنینت بە ڕووی ژیان
خوامان کردە ملوانکەیەک
لەبری ملت
بە فیشەکێک هەڵمانواسی بە تەوێڵیتا
تا نەتوانی بیر کەیتەوە لە ڕابردوی
پڕ لەشەرم و
پڕ لە شکستی مێژوومان
..........
لە دوای مەرگت
تەنها
خۆشەویستی و جوانی ژیان
بوو بە بەشێک
لە یادگاری
بیرەوەری مرۆڤ بونمان
نەمانزانی برینەکان بە مەرگی تۆ
دەبێت بە مانشێتی سەر گۆڕەکان
لە دوای مەرگت ،، تێگەیشتم لە بێ مانای ژیان و بونمان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست