بە بەشداری چاودێری كوردۆساید و چەندین لایەنیتر خۆپیشاندان دژ بە داخستنی دەتەپە لە سلێمانی بە ڕێوەچوو
Friday, 18/12/2009, 12:00
سلێمانی: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (17/12/2009) بە بەشداری نوسینگەی باشووری كوردستانی چاودێری كوردۆساید - ناوەندی چاك و چەندین لایەنیتر و جەماوەری شاری سلێمانی، خۆپیشاندانێك دژ بە داخستنی دەتەپە (پارتی كۆمەڵگای دیموكراتی) لە سلێمانی بە ڕێوەچوو، كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر دادگای دەستووری توركیا بە بڕیارێكی سیاسی بڕیاری داخستنی ئەو پارتە كوردیەیدا...
خۆپیشاندانەكە كاتژمێر (2) بەجۆش و خرۆشێكی پڕ لەحەماسیی نەتەوەییەوە و لەژێر لێزمەی باراندا، لەبەردەم باخی گشتییەوە دەستی پێكردوو بەشداربووان بەدەم دروشمی (دەتەپە هەمووكوردت لەپشتە، بژی دەتەپە، باكوور باشوور ڕۆژ هەڵات یەك نەخشەیە و یەك ووڵات...) و چەندین دروشم و سرودی نەتەوەیی ترەوە لە شەقامی مەولەوییەوە چوونە بەردەركی سەرای شاری سلێمانی و لەوێش لەلایەن لیژنەی ئامادەكاری خۆپیشاندانەكەوە و بەڕێزان (محەمەد پێنجوێنی نوێنەری كۆنگرەی نەتەوەیی و شێركۆ بێكەس و ...) چەند كەسایەتی و لایەنێكی ترەوە وتاری پرۆتستۆیی دژ بەو بڕیارە نایاساییەی دادگای توركیا خوێندرانەوە، كە ناوەرۆكی وتارەكانیش گوزارشت بوو لە پیشاندانی یەك هەڵوێستی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان و دەربڕینی هاوسۆزی گەلی باشووری كوردستان بۆ گەلی باكوور و ناڕەوایی بڕیارێكی لەو چەشنە كەدژ بە پارتێكی كوردی خاوەن جەماوەر دراوە...
جێگەی باسە بەڕێز ئەحمەد تورك هاوسەرۆكی پارتی كۆمەڵگای دیموكراتی، لەڕێگەی تەلەفونەوە پەیامێكی سوپاسگوزاری ئاراستەی جەماوەری بەشداربووی خۆپیشاندانەكە كرد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست