ڕێكخراوەكانی بواری جینۆساید و ئەنفال لەگەلأ وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان كۆدەبنەوە
Tuesday, 29/12/2009, 12:00
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (23/12/2009) لە شاری هەولێر بەئامادەبوونی نوێنەرانی زیاد لە (10) دە، ڕێكخراوی بواری جینۆساید و ئەنفال و بە بەشداری نوێنەری نوسینگەی باشووری كوردستانی (چاودێری كوردۆساید چاك) كە سەرجەمی ڕێكخراوەكان لە بواری جینۆساید و ئەنفالدا كاردەكەن لەگەڵ وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان كۆبوونەوە.
لە سەرەتای كۆبونەوەكەدا كە كاتژمێر (10)ی سەرلەبەیانی لەهۆڵی كۆبوونەوەی وەزارەتی ناوبراو بەڕێوەچوو، بەڕێوەبەری نوسینگەی وەزیر (شوان مەحمود) وتەی بەخێرهاتنی پێشكەش كردو باسی لەوەكرد كە "ئامانجیان لە ڕێكخستنی ئەم كۆبوونەوەیە دروست كردنی پردی پەیوەندی و هەماهەنگیە لە نێوان وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان و ڕێكخراوەكانی بواری جینۆساید و ئەنفالە.."، پاشان دەرگایی بەڕووی ڕێكخراوەكاندا كردەوە كە كورتەیەك لەكارو چالاكییەكانیان لەماوەی ڕابردوودا باس بكەن.
دواتر وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان بەڕێز (د.مەجید) باسی لەوەكرد كە ئەوان وەك وەزیری نوێی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان "هەردەم دەرگایان واڵایە بۆ سەرجەم ئەو ڕێكخراوانەی كە كار لەسەر پرسی جینۆساید و ئەنفال دەكەن و خزمەت بە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفال و كیمیاباران دەكەن، ئیتر ئەمە چ بە تاك تاكی ڕێكخراوەكان بێت، یان بە كۆبوونەوەی لەمشێوەیە بێت...".
نوێنەرانی نوسینگەی باشووری كوردستانی (چاودێری كوردۆساید چاك) (سەربەست نەریمان و كاروان سالار) كە ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون، وێڕایی دەڕبڕینی خۆشحاڵیان بۆ ئەو هەنگاوە پێویستەی كە وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان ناویەتی تاوەكو لە نزیكەوە گوێ لە ڕێكخراوەكان بگرێ بۆ پێشنیار و سەرنجیان بۆ خزمەتكردن بە كەسوكاری قوربانیان... هاوكات تیشكیان خستە سەرئەوەی كە چاودێری كوردۆساید ڕێكخراوێكی چالاكی بەرفراوانە لە ناوخۆی كوردستان و ئەوروپاش، بۆیە گرنگە كە وەزارەتەكەیان هەماهەنگی زیاتریان لەگەڵدا بكات تاكو هەردولا پێكەوە زیاتر خزمەت بكەن، لەم مەیدانەشدا چاودێری كوردۆساید لەوەی توانیویەتی بیكات تاكو ئێستا درێخی نەكردوە و لەتواناشیدایە كاری زیاتر ئەنجام بدات، وە هاوكات نوێنەرانی چاودێری كوردۆساید، ئەوەشیان خستەڕوو كە كاری جدی بكرێت بۆ دەرخستنی چارەنووسی بێسەرو شوێنەكانی كە لەماوەی ڕابردوودا چاودێری كوردۆساید هەوڵیدا لەڕێی پەرلەمانی كوردستانەوە چارەنووسیان ڕوون بكاتەوە و بەڵام پەرلەمان هیچ وەڵامێكی نەبووە تاكو ئێستا!؟ هاوكات داواشیانكرد كە گرفتی مۆڵەتی چاودێری كوردۆساید لە كوردستان كە بەهەڵواسراوی ماوەتەوە تا ئێستا چارەسەر بكرێت.
لەبەرامبەر ئەم خواستانەی نوێنەرانی چاودێری كوردۆسایددا (د.مەجید) بەڵێنیدا كە: "زیاتر هەماهەنگی ڕێكخراوەكان بكات و بەردەوام گوێ لە ڕاو بۆچوونەكانیان بگرێت و هەوڵی كاری هاوبەش بدەن پێكەوە بەتایبەت لەگەڵ چاودێری كوردۆسایددا... " وە بەڵێنیشیدا كە هاوكاری جدی بكات بۆ یەكلا كردنەوەی كێشەی مۆڵەتی چاودێری كوردۆساید لەكوردستان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست